حاكم قادر سەردانی “تۆڕی میدیایی خەڵك” دەكات



حاكم قادر سەردانی “تۆڕی میدیایی خەڵك” دەكات و لە گفتوگۆیەكدا سەبارەت بە دۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و دوایین گۆڕانكارییەكانی بودجەی گشتی فیدڕاڵی دەشڵێت: “هەواڵی ناڕاست لە برەودایە و تاكە ڕێگاش بۆ ڕووبەڕووبونەوەی جێبەجێكردنی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیارییە”.

حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی لە میانی سەردانی بۆ (تۆڕی میدیایی خەڵك) ڕایگەیاند، “پێویستە بە یاسا ئازادی زیاتر بۆ ڕۆژنامەنوسان فەراھەم بكرێت و ئاستەنگ و رێگرییەكانی بەردەم ڕۆژنامەوانان نەهێڵدرێت، چونكە ئازادی بیروڕا و ئازادی ڕۆژنامەوانی پایەكی گرنگی گەشەكردنی كۆمەڵگایەكی دیموكراتیە”.

وتیشی، “پێویستە یاسایی پێدانی زانیاری جێبەجێ بكرێت و حكومەت زانیاری پێویست بدات بە ڕۆژنامەنوسان، تا بتوانرێت ڕێگری بكرێت لەوەی زانیاری ناڕاست بڵاوبكرێتەوە، بەتایبەت كە ئێستا هەواڵی ناڕاست و ئەوەی پێی دەوترێت “فەیك نیوز” لە برەودایە.

لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتییەوە حاكم قادر ئەوەی ئاشكراكرد، “ئێمە وەك یەكێتی لەگەڵ پارتیدا خاڵی هاوبەشمان زیاترە لە خاڵی ناكۆكیی، بۆیە پێویستە گەشە بە خاڵە هاوبەشەكانمان بدەین و كاری پێكەوەیی زیاتر بكەین تا ڕێگری بكەین لەو هەوڵانەی بۆ بچووكردنەوە و لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەدرێن، چونكە قەوارەی هەرێم و حكومەت و پەرلەمانی كوردستان، بەرهەمی خەباتی ڕزگاری خوازی گەلی كوردستانن و دەبێت ئەو هەوڵانە شكستپێبهێنین، كە خەون بە نەمانی قەوارەی هەرێمەوە دەبینن و خاڵە ناكۆكەكان و ململانێكانمان بە گفتوگۆ و دانیشتن و دیالۆگ چارەسەر بكەین چ لەسەر ئاستی ھەرێم و چ لەسەر ئاستی عێراق.”

حاكم قادر باسی لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق كرد و ڕایگەیاند، “ئەم پڕۆژە یاسایەی ئەمساڵ بڕیاری لێدەدرێت جیاوازە و بۆ سێ ساڵە، بۆیە پێویستە بەپێی دەستوور مافەكانی گەلی كوردستانی تێدا پارێزراو بێت، بەڵام ئەو ڕەشنوسەی ئێستا كاری لەسەر دەكرێت، هەندێك خاڵی تێدایە كە دەكرێت لە داهاتوودا ببنە هۆی زیانگەیاندن بە ھەرێمی كوردسان و گەلەكەمان، پێویستە بەشێك لە خاڵەكانی كە لە بەرژەوەندی گەلەكەمان نییە ڕەتبكرێنەوە و ئەركی نوێنەرانی گەلی كوردستانە بە یەك ستراتیژ و بە كاری پێكەوەیی كاربكەن بۆ ئەوەی یاسایەكی بودجە لە عێراق دەربچێت، كە پارێزگاری لە مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان بكات، نەك ستەم لە گەلەكەمان بكرێت، چونكە ھەرێمی كوردستان ھەرێمێكی دەستورییە و ھی تەواوی گەلی كوردستانە”.

 

هەڵبژاردنی توركیا كۆتایی هات و ئەنجامی سەرەتایی ڕاگەیەنرا
پێت هەڵبژاردنی توركیا كۆتایی هات و ئەنجامی سەرەتایی ڕاگەیەنرا
حاجییانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرەو سعودیە بەڕێدەكەون
دوات حاجییانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرەو سعودیە بەڕێدەكەون
پەیوەندیدار