ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

حكومەتی هەرێم كاتی دابەشكردنی مووچەی ڕاگەیاند

خەڵك- بەشی هەواڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بارودۆخی دارایی و دۆخی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكات و نیگەرانی خۆی لە نەناردنی بودجە لە بەغداوە دەردەبڕێت و دەشڵێت: “بەپێی بارودۆخی دارایی، سەرەتای هەفتەی داهاتوو بڕیار لەدابەشكردنی مووچە دەدەن”.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوار شەممە 2020/8/12 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری، سەرۆك وەزیران ، لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی كوردستان و ئەنجامی پرۆسەی گفتوگۆی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی كرا.

ئەنجومەنی وەزیران لە كاتێكدا هەوڵەكانی شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گەڵ حكومەتی فیدراڵی بە باشی هەڵدەسەنگێنێ، بەجۆرێك حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ بیانوویەكی دەستووریی و قانونی و دارایی نەهێشتووەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن و لە پێناو دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ، هەموو مەرجەكانی حكومەتی فیدراڵی كە لە چوارچێوەی دەستووردان قبوڵ كردووە، بەڵام بەداخەوە حكومەتی فیدراڵی زیاتر لە سێ مانگە ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەك وەك مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت كە ئەمەش وای كردووە حكومەتی ھەرێم، نەتوانێت شایستەی دارایی مووچەخۆرانی خۆی خەرج بكات ، بەم هۆیەوە دۆخ و گوزەرانێكی نالەبار بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم دروست بووە، سەرەڕای ناھەمواریی بارودۆخی تەندروستی. ئەمەش لە كاتێكدایە كە بە پێی یاسا بەركارەكانی عێراق، ھەرێم ھاوشێوەی بەشەكانی دیكەی عێراق، مافی خۆیەتی ئەو بەشە مووچەیەی كە بۆی خەرج دەكرا وەریبگرێت و پێویستە جیاوازی لە نێوان ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی عێراق نەكرێ لە خەرجكردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران كە ئەمەش دەستووری عێراق وەك بنەما جێگیری كردووە.

بۆیە ئەنجومەنی وەزیران بە تووندی نیگەرانیی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەو هەڵوێستە نەرێنییەی حكومەتی فیدراڵی دەردەبڕێت و داوا دەكات بە دەنگ هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بێت و كێشەكان لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكات و ڕێز لە ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگرێت و پابەندبوونە دەستوورییەكانی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات. ئەنجومەنی وەزیران لە ھەمانكاتدا ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەری كێشەكان بە شێوەیەكی بنەڕەتی لە چوارچێوەی دەستوور دووپات دەكاتەوە و شاندی باڵای دانووستانكاریشی ڕاسپارد درێژە بە دانووستانەكان بدەن لە پێناوی گەیشتن بە ڕێكەوتن بە تایبەتیش كە لە ماوەی ڕابووردوو ھەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ جێبەجێكردنی پابەندییە دەستووریەكانی لە بواری نەوت و دارایی و ئەوە بەرپرسیارێتی حكومەتی فیدڕاڵیە لە بەرامبەردا ماف وشایستەی دارایی ھەرێم ڕانەگرێت. هەروەها داوا لە سەرۆك كۆماری عێراق و وەزیر و نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات كە داكۆكی لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەن.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بڕیار لە میكانیزم و چۆنێتی دابەشكردنی مووچە بدات بۆ ئەوەی دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت بە پێی ئەو توانا داراییەی لە بەر دەستە.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها هەردوو وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپارد ، بەداواداچوون بۆ گرفت و كێشەی دەروازە سنوورییەكان بكەن لە پێناو ڕێگریكردن لە هەر سەرپێچی و كارێكی نایاسایی كە لەو دەروازانە ئەنجام بدرێت.

کوردستان

شەنگال.. ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو تەقییەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە باكووری شەنگال تەقییەوە.

بەپێی زانیارییەكان، كاتژمێر 9:30 خولەكی‌ ئەمشەو ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لەجۆری ئۆپڵ لە باكووری شەنگال تەقییەوە.

تەقینەوەكە كیلۆمەترێك لە مەزارگەی شێخ شەرەفەدین دوورە و تا ئێستا زیانەكانی ئەو تەقینەوەیە ئاشكرا نەكراوە.

پاش ڕووداوەكەش هێزە ئەمنییەكان گەیشتوونەتە ناوچەكە و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەستیپێكردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

سلێمانی.. مامۆستایانی ناڕازی و ئەنجومەنی فشار و مامۆستایانی زانكۆ هەڵوێست ڕادەگەیەنن

خەڵك – بەشی هەواڵ

مامۆستایانی ناڕازی و ئەنجومەنی فشار و مامۆستایانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە ئاگادارینامەیەكدا ڕایدەگەیەنن، سبەینێ‌ دووشەممە ڕێكەوتی 21/9/2020 كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ لە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا، ئەنجومەنی فشار، مامۆستایانی ناڕازی، مامۆستایانی زانكۆ و پەیمانگاكان، بەیەكەوە لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی هاوبەش ڕادەگەیەنن.

مامۆستا دڵشاد بابانی ئەندامی ئەنجومەنی فشار بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، سبەینێ‌ لەو كۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەدا ڕاگەیەنراوێكدا بۆ ڕای گشتی بڵاودەكەنەوە لە هەمان كاتدا چەند داواكارییەك دەخەنەڕوو.

مامۆستا دڵشاد بابانی وتیشی، لەو كۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەدا بە هەماهەنگی لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی و مامۆستایانی زانكۆ و پەیمانگاكان وادەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری ڕادەگەیەنن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هاوسەری جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم كۆچی دوایی كرد

خەڵك – بەشی هەواڵ

كەمێك پێش ئێستا پرشنگ ڕەشید عەبدولكەریم خێزانی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆچی دوایی كرد.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان