” کۆی حزبە سیاسییەکانی هەرێم دۆخیان خراپە”



سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت؛”کۆی حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دۆخیان خراپە، لەبەر ئەوەی نەمانتوانیوە وەک پێویست خزمەتی خەڵک بکەین.”

 

رێواز فایەق، سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان، ئەمرۆ شەممە ٢٧ـی ئایاری ٢٠٢٣، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ بەشێک لەڕاگەیاندنەکانی حزبەکەی، وتی؛ کاتێک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەشداری کابینەی نۆیەمی کرد، دەیزانی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی پەرلەمانە و دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانیش وەک دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت نییە، بەڵام رێککەوتنێک کرا کە لە پرسە گرنگەکاندا کە رەهەندی نیشتیمانییان هەیە، بە سازان و رێککەوتن و رەزامەندی هەموو لایەک بێت.

 

وتیشی؛ “ئەوەی لە پەرلەماندا ڕوویدا بە تەواوی نایاسایی بوو.

 

ڕێواز فایەق، ئاماژەی بەوەشکرد، “هەزاران جار گوێتان لەو قسەیە بووە ئەوە یەکێتییە کە نایەوێت هەڵبژاردن بکرێت، ئێمە ئەگەر شتێکمان نەکردبێت، توانیومانە لەم خولە ئەوە بکەین کە وەک جارەکانی تر نەڵێن یەکێتی لەبەر ئەوەی دۆخی خراپە دەیەوێت هەڵبژاردن دوابخرێت، چونکە یەکێتی دۆخی خراپ نییە، بەڵکو کۆی حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دۆخیان خراپە، لەبەر ئەوەی نەمانتوانیوە وەک پێویست خزمەتی خەڵک بکەین، ئەوەنییە دۆخی حزبەکانی تر زۆر باشبێت و دۆخی ئێمە خراپ بێت، هەموومان پێکەوە لەبەردەم قەیرانێکیین کە “کەمی متمانەیە بە حزبی سیاسیی.”

 

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکرد، ئێمە هەمیشە “هەوڵەکانمان بۆ ئەوە بووە سازانی نیشتیمانی هەبێت، نەک ئەوەی لە هەڵبژاردن بترسین چونکە یەکێتی هەوراز و نشێوەی زۆری بینیوە، دەشزانین خەڵکی ئێمە و کەسوکاری شەهیدان و ئەوانەی قوربانیان بۆ داوە ناهێڵن یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بکەوێت.”

 

سەبارەت بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی کۆتا دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، ڕێواز فایەق وتی: ئەو رۆژەی کێشەکەی پەرلەمان روویدا، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام هێشتا لە کۆبوونەوەدا بوون، بەڵام کاک هێمن هەورامی داوای کرد برگەیەک بۆ دانیشتنی پەرلەمان زیاد بکرێت، لەگەڵ مونا هاتبوون، منیش وتم رازی نییم چونکە هێشتا هەڤاڵەکانمان نەیانووتووە کۆبوونەوە بکەن.

 

وتیشی: هێمن هەورامی پێی وتووە” جەنابی سەرۆک پێی وتوم و دەبێت دانیشتنی پەرلەمان بکرێت” لەبەردەم ئێمەشدا تەلەفونێکی بۆهات وتی ئەوە جەنابی سەرۆکە و پێم ئەڵێت بیکە، وتم تۆ بیکە و ئێمەش دەزانین چی بکەین”.

 

بە وتەی ڕێواز فایەق، “کورت و پوختی ئەوەی روویداوە نایاسایی و نا پەیڕەوییە، یەکێتی و هێزە سیاسییەکانی تر هەموومان پاکێجێکمان هەبووە و ناکرێت هەڵبژاردنمان لەسەر فەرز بکرێت، یەکێتیش هەر ئەوەی لێ چاوەرێ دەکرێت کە فەرزی ئیرادە قبوڵ نەکات.”

 

ئۆپەراسیۆنی شمشێری حەق، دژی پاشماوەکانی داعش دەستیپێکرد
پێشت ئۆپەراسیۆنی شمشێری حەق، دژی پاشماوەکانی داعش دەستیپێکرد
تانکی سەربان خاوێن بکەنەوە
دواتر تانکی سەربان خاوێن بکەنەوە
ەیوەندیدار