سوپاسی خوای دەوێت شەڕی پارتی و یەکێتی لە یەکتر کوشتنەوە گۆڕاوە بۆ شەڕە بۆکسی پەرلەمان



محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا چەند پرسێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و حیزبەکەی تاوتوێکرد، لە نێوانیان ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییەی نێوان یەکێتی و پارتی لە ناو هۆڵی پەرلەمان.

محەمەدی حاجی مەحمود ڕایگەیاند، “شەڕی نێوان پارتی یەکێتی لە یەکتری کوشتنەوە گۆڕاوە بۆ شەڕە بۆکسی ناو پەرلەمان، شوکری خوای دەوێت.”

سەرۆکی سۆشیالیست ڕەتیناکاتەوە کە لەسەر ئەو هێزەی بڕیارە حزبەکەی دروستی بکات، پەکەکە و حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران سەردانیان کردووە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی تورکیا، محەمەدی حاجی مەحمود بڕیارەکەی هەدەپە بۆ پشتگیری کردنی کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە دژ بە ئەردۆغان بە “هەڵەیەکی گەورە” ناودەبات.

ئەمەی خوارەوە گرنگترین ئەو پرسانەن، کە لەگەڵ سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان تاوتوێکران:

دەنگی ئەمەریکا: ماوەیەک لەمەوبەر وەکو پارتی سۆسیال دیموکرات دەستتان بە ناونووسین کرد بۆ دروستکردنی هێزێکی نوێ. دروستکردنی ئەو هێزە بە کوێ گەشت؟

محەمەدی حاجی مەحمود: ئێمە بەردەوامین و گەر ئیمکانیەتمان دەستکەوت ئەو هێزە دروست دەکەین. بارودۆخی ناوچەکە سەقامگیر نییە، دونیا وایە بە بێ هێز و چەک هیچ ناکرێت. لەهەموو دونیا لولەی تفەنگ سیاسەت ئاراستە دەکات. بۆ نموونە گەر ئەمەریکا بیەوێت لەگەڵ سعودیە دانوستاندن بکات، سەرەتا کەشتی و فڕۆکەی جەنگی دەهێنێت، پاشان سعودیە دەباتە سەر مێزی گفتووگۆ. ئێمە بۆ دروستکردنی ئەو هێزە ناومان نوسیووە و ئامادەکاریمان کردووە، کارە یاساییەکانمان ماوە.

دەنگی ئەمەریکا: دەوترێت پەکەکە وەفدی ناردووە بۆ لاتان و لەسەر دروستکردنی ئەو هێزە بەگومان بووە و داوای ڕوونکردنەوەی لێکردوون؟

محەمەدی حاجی مەحمود: ئەو کەسانەی هەواڵ دەدەنە پەکەکە یان حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، خۆیان بەدوای ئەو شتانەوەن نەک ئێمە. ڕابردووی ئێمە دیارە، بەرگریمان لە پەکەکە کردووە و شەهیدمان داوە و خۆشیان دەزانن. هێزی ئێمە لەسەر کەس مەترسی نییە و بۆ بەرگری کردنە لەکوردستان. سێ ساڵ و نیو لەشەڕی داعش بەشداربووین و دەمانتوانی بەشداریش نەکەین.

دەنگی ئەمەریکا: ئایا وەفدی پەکەکە هاتنە لاتان و داوای ڕوونکردنەوەی لێکردن؟

محەمەدی حاجی مەحمود: ئێمە ڕوونکردنەوە بە هیچ هێزێک نادەین. نە درەنگ هاتووین و نە کەممان کردووە. هیچ هێزێکیش بەدڵسۆزتر لە خۆمان نازانین و ڕوونکردنەوەمان بۆ کەس نەداوە و نایدەین. گەر ئەوان گومانیان هەبێت و بێنە لامان، قسەی خۆمانیان پێدەڵێین.

دەنگی ئەمەریکا: زانیارییەکانی لای ئێمە دەڵێن، وەفدی پەکەکە هاتوونەتە لاتان، وایە؟

محەمەدی حاجی مەحمود: گەر هاتبیشن، قسەی خۆمانمان کردووە.

دەنگی ئەمەریکا: ئەی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران پەیوەندییان پێوە نەکردن لەسەر مەشقکردن بە هێزەکانتان لەلایەن راوێژکارە ئێرانییەکانەوە؟

محەمەدی حاجی مەحمود: ئێمە ڕوونکردنەوە بەهیچ لایەک نادەین. ڕەنگە زۆر لایەن پەیوەندییان پێوە کردبین نەک تەنها ئەوان. ڕەنگە حزبی کوردستانیش پەیوەندییان کردبێت. ئێمە ئێستاش هێزمان هەیە و دوو هەزار چەکدارمان بۆ شەڕی داعش بردە موسڵ. ئێستا سێ هەزار پێشمەرگەمان هەیە. لە جەلەولا حەوت پێشمەرگەمان شەهید بوو. پاشان لە شارەکانی کوردستان چەند ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و تورکی کوژراون، خۆ ئێمە نەمانکوشتوون و دژی ئەوکارەش بووین.

دەنگی ئەمەریکا: ڕەنگە مەترسی حزبە کوردییەکانی ئێران لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت، کە ڕاوێژکاری ئێرانی راهێنانیان بەهێزەکانتان کردبێت. لەوبارەوە ڕات چییە؟

محەمەدی حاجی مەحمود: هەرکەس لە نیەتی خۆیەوە سەیر دەکات. ئێمە میللەتی کورد بەیەک نەتەوە دەزانین، بەڵام هەر پارچەیەک دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتە بکات کە تێیدایە، چونکە پارچە پارچەبوونی کوردستان بووەتە ئەمری واقیع.

دەنگی ئەمەریکا: ئامانجی ئێرانییەکان چییە لە مەشقکردن بە هێزی ئێوە؟ ئەمەریکا و هاوپەیمانان کە سەرقاڵی ڕێکخستنەوەی پێشمەرگەن، نێگەران نیین لە دروستکردنی هێزی تر لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە؟

محەمەدی حاجی مەحمود: پێنج وڵات سەرقاڵی ڕێکخستنەوەی هێزەکانی حەفتاو هەشتان، نوێنەریان هاتنە لای ئێمەش، پێمانوتن هەرکات هێزەکانی حەفتاو هەشتا ڕێکخرایەوە، هێزەکەی ئێمەش کەناومان لێنەناوە، هێزی شەست و ،ئامادەین ڕێکبکەوین، هێزەکانمان یاسایین و هی ئەم وڵاتەن. سەبارەت بە ئێرانیش یارمەتی کورد و هەموو لایەنەکانیان داوە، لەشەڕی داعشدا شەڕیان کرد و چەک و فڕۆکەیان هێنا، ئەوکاتەی داعش گەشتە نزیک ئەبوغرێب، زۆربەی عێراقییەکان بەناوی حەج و سەفرەوە لەدەرەوەی وڵات بوون، ئێرانیەکان هاتن شەڕیان کرد، ئەوان نەبان بەغدا و دیمەشقیش دەگیرا.

دەنگی ئەمەریکا: لەسەر تەوەری هەڵبژاردن، یەکێتی تێبینی هەیە لەسەر یاساکانی ئێستای هەڵبژاردن. ڕای ئێوە چییە؟

محەمەدی حاجی مەحمود: ڕەنگە شتەکان بەسەر یەکێتیدا شکابنەوە، ئەگینا زۆربەی حزبەکان هەڵبژاردنیان پێخۆش نییە. زۆربەیان لەدڵەوە دوعا دەکەن تا دوو ساڵی تر نەکرێ، چونکە کارێکی وایان نەکردووە میللەت دەنگیان پێبدات.

دەنگی ئەمەریکا: پارتیش لەگەڵ هەڵبژاردن نییە؟

محەمەدی حاجی مەحمود: زۆربەی حزبەکان لەگەڵ هەڵبژاردن نیین. ڕەنگە لەژێر فشاری دەرەوەدا بیکەن. ناوچەی سلێمانی جیاوازییەکەی ئەوەیە هەندێ گرفت هەیە، ڕەنگە لیستی زیاتری تێدا بێت و لیستی تازەش دروست ببێت، ئەمە جیاوازییەکەیە.

دەنگی ئەمەریکا: نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق فشارەکانی لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا لە چی ئاستێکدایە؟

محەمەدی حاجی مەحمود: ئەوان هەڕەشە ناکەن، شت پێشنیار دەکەن. گەر بەهەند وەری نەگریت پاڵپشتییەکانیان ڕادەگرن. ئەگینا نایەن ئاراستەی هێز بگۆڕن. هەندێکیان دۆستی کوردن و حەزەکەن یارمەتیدەر بن و کورد توشی کێشە نەبێت.

دەنگی ئەمەریکا: بۆچوونت چییە لەسەر ئەو کێشمەکێشەی لە ناو پەرلەمانی کوردستان لە نێوان فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی ڕوویدا؟

محەمەدی حاجی مەحمود: ئەوەی پەرلەمان شتێکی ئاسایی نەبوو، نەدەبوو ڕووبدات. گەر ئەو شەڕەی ڕوویدا لەسەر ژیانی خەڵک بایە، یان لەسەر بڕینی پارەی هەرێم بایە لەلایەن بەغداوە شتێکی باشبوو. لەسەر هەرچی بووایە نەک لەسەر ململانێی حزبی.

پەرلەمان خەڵک دەنگی داوەتێ و دەبێت ڕێز لە دەنگی خەڵک بگرێت. بەڵام لێرە پەرلەمان هی حزبە و حزب چی بڵێت وادەکات. دەبوایە ئەو شەڕە لەسەر ژیانی خەڵک بایە. شەڕەکەی پەرلەمان شتێکی خراپبوو. خۆت دەزانیت جاران یەکترییان دەکوشت، مادام گۆڕاوە بۆ شەڕە بۆکس شوکری خوای دەوێت.

دەنگی ئەمەریکا: دەوترێت مەسعود بارزانی لەگەڵ تۆدا پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە. هۆکار چییە؟

محەمەدی حاجی مەحمود: کاک مەسعود پیاوێکی گەورەی ئەم وڵاتەیە. من پەیوەندیم لەگەڵ هەموو سەرکردەکان هەیە. لەم ڕۆژانە لە یادگای بارزانی هەموو حزبەکان لەوێ بوون و کەسم نەبینی لەوێ نەبێت، کەواتە پەیوەندی ماوە. کاک مەسعود بەرپرسیارێتی فەرمی نییە، بەڵام سەرۆکی فەرەنساو بەرپرسانی ئەمەریکا دێنە هەرێم دەڕۆنە لای، کەواتە ناتوانرێت ئەو تەجاوز بکرێت.

دەنگی ئەمەریکا: بەڵام هەست دەکرێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ تۆ بەهێزترە بەراورد بەوانیتر، چی لە پشت ئەم پەیوەندییەوەیە؟

محەمەدی حاجی مەحمود: من پەیوەندیم لەگەڵ هەمووی باشە، ڕەنگە هۆکارەکەش هاوڕێیەتی سەردەمی پێشمەرگایەتی بێت. لەگەڵ مام جەلال نزیکبووم. لەگەڵ هەموو سەرۆک حزبەکان پەیوەندیم هەیە، چونکە 50 ساڵە لەشاخ و شار پێکەوەین.

هاوڕێیەتی شاخ و ئەشکەوت جیاوازترە لە هاوڕێی شیراتۆن و ئوتێل رەشید. هاوڕێیەتی ئەشکەوت و ناوبەرد لەبیرکردنی ئاسان نییە.

دەنگی ئەمەریکا: هەڵبژاردنی تورکیا و رکابەری نێوان ئەردۆغان و کەمال کڵیچدارئۆغڵو کاریگەری لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمیش هەبووە. بەشێکی زۆری ئیسلامییەکان پشتگیری ئەردۆغان و هەندێک لە حزبەکانی تر حەز بە سەرکەوتنی کەمال کلیچارئۆغڵو دەکەن. ڕای تۆ چییە؟

محەمەدی حاجی مەحمود: کورد بە پێ خاوسی تێکەوتووە، ئەگینا کەسیان بۆ کورد باش نین. جیاوازییەکە ئەوەیە ئەردۆغان ئیسلامییە و دەیەوێت شوێنەواری ئەتاتۆرک بسڕێتەوە، کەمال کلیچدارئۆغڵوش ئەتاتۆرکییە و کوردی لە بەرنامەدا نییە.

رەنگە ئەردۆغان بیەوێت سی خاڵی دەستور بگۆڕێت و سێ خاڵیان لەبەرژەوەندی کورد بێت، ئەویش بۆ بەرژەوەندی خۆی نەک بۆ کورد. واتە ململانێکە لە نێوان ئیسلامی و ئەتاتۆرکییەکانە. دڵنیاشبە ئەردۆغان دەیباتەوە. کورد هەڵەیەکی گەورەی کرد پشتگیری کلیچدارئۆغڵوی کرد، دەبووایە دەنگی بۆ هیچ کامیان نەدایە و خۆی کاندیدی هەبایە. ئێستا مامەڵەی دەکرد لەگەڵیان. کورد کۆمەڵێک هەڵەی تریشی کرد، بەڵام ئەم هەڵە گەورەتر بوو. ڕەنگە ئەردۆغان تۆڵەشیان لێبکاتەوە.

پەروین بوڵدان: “بەهیچ شێوەیەک ئەردۆغان بژاردەیەک نییە بۆ ئێمە”
پێشت پەروین بوڵدان: “بەهیچ شێوەیەک ئەردۆغان بژاردەیەک نییە بۆ ئێمە”
سپێناخ و گرنگترین سوودە تەندروستیەکانی
دواتر سپێناخ و گرنگترین سوودە تەندروستیەکانی
ەیوەندیدار