یوسف محەمەد: “کۆی دامەزراوەکانی هەرێم لەژێر پرسیاری جدیددان”


جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٢ ی مانگی پێنجی ٢٠٢٣ ، بڕیارێکی واژوکرد بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان بەبێ ڕەزامەندی سەرۆکی پەرلەمان، ئەمەش مشتومڕی لێکەوتەوە بەوەی ئایە ئەم بڕیارە یاسایی‌یە یان نا.

 

دەنگی ئەمەریکا لەم بارەیەوە وتووێژی کرد لەگەڵ یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و شارەزای یاسایی.

 

یوسف محەمەد دەڵێت” ئەگەر دادگای فیدراڵی عێراق بڕیار بدات بە نادەستوریبوونی درێژکردنەوەی خولی پەرلەمانی هەرێم ئەوا واتای هەرچی ئەو بڕیارانەی پەرلەمان داویەتی بە بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆنیشەوە نایاسایین، ئەو کاتە ئەو هەڵبژاردنە شەرعیەتی نابێت کە ئەو کۆمیسیۆنەی هەرێم دەیکات” لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەرێمیش سووربوو لەسەر سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی هەێم لەلایەن کۆمسیۆنی هەرێمەوە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی ڕەتکردەوە ئەوا هەڵبژاردنەکە شەرعیەتی نابێت.”

 

 

“کۆی دامەزراوەکانی هەرێم لەژێر پرسیاری جدیددان”

 

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت” شاراوە نییە کە کۆی دامەزراوەکانی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان لە ژێر پرسیاری جدیدان، واتە هەتا دێت دامەزراوەکانمان لاواز دەبن جگە لەوەی شەرعیەتیان نامێنێت لە هەمان کاتیشدا لاواز دەبن.”

 

وتیشی” لەبری دەسەڵاتە شەرعییەکان و شەرعیەت وەرگرتنی دەسەڵاتەکان لەلایەن خەڵکەوە حزب و کەس و خێزان دەسەڵاتیان زیاترە لە کۆی دامەزراوەکان.”

 

 

پەرلەمانی هەرێم ڕۆژی دووشەممە (٢٢/٥/٢٠٢٣) کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا تا دەست لەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی کۆمەڵی دادگەری و خوێندنەوە بۆ دوو پرۆژە یاسا بخاتە دەنگدانەوە. بەڵام هەر زوو بەهۆی سووربوونی فراکسیۆنی پارتی لەسەر زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بۆ کارنامەی دانیشتنەکە، گرژی لە نێوان پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی دروستبوو.

 

بە بڕوای یوسف محەمەد “ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە پەرلەمان بینیمان دەرهاویشتەی کۆی ئەو بارودۆخەیە، دەرهاویشتەی ئەو دوو زۆنیەیە کە لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە.”

 

وتیشی”هەرچەندە کاکە حەمەش وردە وردە دەیەوێت زۆنێک بۆخۆی دروست بکات ئیتر ئاوایە وڵاتەکەی ئێمە وای لێبەسەر هاتووە بە تایبەتی لە دوای شەڕی ناوخۆ هەر هێزێک لە هەر شوێنێک باڵادەستە هەوڵی ئەوە دەدات کە کۆی دامەزراوە حکومڕانییەکانی ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکات بە تایبەتی هەولێر لەلایەن پارتیەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.”

 

یوسف محەمەد ئەوەشی وت” دەرئەنجامێکی تر، ئەوەیە لە دەرئەنجامی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان بوو کە پارتی و یەکێتی بەیەکەوە ماوەی پەرلەمانیان درێژکردەوه،‌ بەڵام ڕێکنەکەوتوون لەسەر بابەتەکانی تر.”

 

 

“نەک بڕیارەکە کۆی پەرلەمانەکەش شەرعیەتی لە ژێر پرسیاردایە”

 

ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمان کە لە پشکی یەکێتییە، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند دانیشتنەکەی بۆ کاتێکی نادیار هەڵگرت، بەڵام هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە لە پشکی پارتییە لەگەڵ مونا قهوچی، سکرتێری پەرلەمان کە لە پارتی چاكسازی توركمانە ڕایانگەیاند ئەوان درێژە بە کۆبوونەوەکە دەدەن.

 

دوای ئاڵۆزییەکە، پارتی ڕایگەیاند کە بە کۆی دەنگی ٥٨ پەرلەمانتار بڕیاردرا لەسەر کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، بەڵام یەکێتی ئەمە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت بڕیارێکی وەها هیچ دەستەڵاتێکی یاسایی نییە.

 

سەبارەت بەوەی ئایا بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆن یاسایی بوو؟

 

لە وەڵامدا سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێم وتی” ئێستا پرسەکە ئەوە نییە ئایا ئەو دانیشتنەی ئەو ڕۆژە یاسایی بوو یاخود دەستوری بوو، چونکە لە بنەڕەتدا کۆی ئەو پەرلەمانەی کە ئێستا هەیە شەرعیەتی لە ژێر پرسیاردایە، لەوانەشە ٣٠ ی مانگی پێنج چارەنووسی پەرلەمان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیەوە یەکلابکرێتەوه، چونکە ماوە شەرعی و دەستورییەکەی تەواو بووە لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردووەوە.”‌

 

 

ئایا جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەتوانێت دانیشتنەکە بەڕێوە ببات؟

 

یوسف محەمەد: وەکو وتم ئەمە ناتوانرێت لە ڕووە یاساییەکەوە باس بکرێت ئەگەرنا لە ڕووی یاساییەوە کە سەرۆکی پەرلەمان هەبوو ئیتر جێگری سەرۆکی پەرلەمان چ مافێکی ئەوەی هەیە دانیشتن بکات.”

 

جەختیشی کردەوە ” پرسەکە پەیوەندیدارە بەوەی پەرلەمان ئێستا خۆی شەرعیەتی لە ژێر پرسیاردایە بە سەرۆک و جێگرەکەشیەوە، ئەوەی تری پەیوەندیدارە بە قەزیە سیاسیەکەوە.”

 

یوسف محەمەد وتیشی”ئێمە ناتوانین تەفسیرێکی یاسایی بۆ پرسێکی سیاسی بکەین، ئەگەر دامەزراوەمان هەبێت و پەرلەمان پەرلەمان بێت، نەخێر جێگری سەرۆکی پەرلەمان ناتوانێت، بۆ نموونە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش کاتێک کە سەرۆکی پەرلەمان ئامادەیە ئیتر جێگرەکان هیچ دەسەڵاتێکیان نییە لە مەسەلەی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکە، ئەوەش سەبارەت بە هەموو پەرلەمانێکەوە ڕاستە.”

 

ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمان لە دانیشتنەکەی ڕۆژی دووشەممە وتی کۆتایی بە دانیشتنەکە دەهێنێت و کۆبوونەوەکە دوادەخات بەپێی دەسەڵاتە یاساییەکانی، بەڵام هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان قسەکانی بە سەرۆکی پەرلەمان بڕی و تی ” ئێمە پێمانوایە ئەمە تەعسوفە و کێ لەگەڵ ئەوەدایە کۆبوونەوەکە بەردەوامبێت دەست بەرزبکاتەوە.”

 

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێم لەم بارەیەوە وتی “بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی حزبی باڵادەستە بەسەر دەسەڵاتی دامەزراوەکاندا، ئاخر کە دانیشتن هەڵگیرا چۆن جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەتوانێت بڕوات دانیشتن دەستپێبکاتەوە؟!”

 

وتیشی” ئەگەر ئەوەی ناوی سەرۆکی پەرلەمانە کردویەتی(تەعەسوف)یش بێت، فەرموون بڕۆن لە دادگا سکاڵای لێبکەن و بڵێن (تەعەسوف) دەکات لە دەسەڵاتەکانی خۆی.”

 

 

ئایا هەمان شت بەسەر ئەم سەرۆکی پەرلەمانەش هاتەوە؟

 

مانگی دەی ساڵی ٢٠١٥ لە کاتی گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان لە شاری سلێمانیەوە بۆ هەولێر لە خاڵی پشکنینی هەولێر ڕێگە لە سەرۆکی پەرلەمان گیرا بگەڕێتەوە پەرلەمان بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان و بەو هۆیەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ پەرلەمانی هەرێم”داخرا”

 

هۆکاری ڕێگرییەکەش بۆ ئەوە گەڕایەوە لەو کاتەدا مشتومڕی توند و ناکۆکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمدا هەبوو لەسەر درێژکردنەوەی دوو ساڵی تر بۆ دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان (مەسعود بارزانی)، سەرۆکی ئەو کاتەی پەرلەمانیش (یوسف محەمەد) بە توندی ڕەتیدەکردەوە ڕازی بێت بە درێژکردنەوەی ماوەی دەسەڵاتەکانی بارزانی.

 

یوسف محەمەد دەڵێت”ئەوەی ئەو کاتە ڕووی دا بەڕاستی کودەتا بوو و قەزیەکە پەیوەندیدار بوو بە کۆی هەرێمی کوردستانەوە.”

 

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێم دەڵێت” لەبەر ئەوەی ئەوانەی کاتێک پەرلەمانیان كاراكردەوە بەبێ‌ هیچ گرەنتیەک بۆ ئەوەی جارێكی تر دانەخرێتەوە، ئێستا ئەوەتا ئەوانە خۆیان تووشبوون، بۆیە هەمیشە ئەم پەرلەمانەی هەرێم لە ژێر مەترسی داخستندایە.”

 

وتیشی”ئەمەی ئێستا ئەگەر داخستنیش نەبێت پەیڕەوکردنی دەسەڵاتە بەسەر کۆی دامەزراوەی پەرلەمان بەبێ ئەوەی سەرۆکەکەی ڕازی بێت.”

 

“تەنها دادگای فیدراڵی عێراق ئاوێک بکات بەو ئاگرەدا”

 

ڕۆژی سێشەممە هەندرێن محەمەد “سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان (لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان) بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند “بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆن یاساییە و دەبێت جێبەجێ بکرێت.”

 

بەڵام سلێمان مستەفا جێگری سەرۆکی کۆمسیۆن(لە پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان)بە کەناڵی کوردساتی ڕاگەیاند” کار بە هیچ نووسراوێک ناکرێت کە ئیمزای سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی پێوەنەبێت، پابەندی نووسراوەکەی سەرۆکی پەرلەمان دەبین.”

 

لای خۆشیانەوە هەریەک لە جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان، ڕوونکردنەوەیەک ئاڕاستەی دامەزراوەکان هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن، لە کۆبوونەوەی ٢٢ی ئەم مانگە، سەرۆکی پەرلەمان “هۆڵی پەرلەمان و باڵەخانەی پەرلەمانیشی بەجێهێشت، بۆیە بە ئامادەنەبو هەژمار دەکرێت”، بۆیە بەپێی بڕگەی ١ی ماددەی ١٩ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان سەرجەم دەسەڵاتەکانی لەلایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە پیادە دەکرێت.”

 

یوسف محەمەد سەبارەت بەو مشتومڕانەی لەسەر کاراکردنەوە یاخود نەکردنەوەی کۆمسیۆن هاتۆتە ئاراوە دەڵێت “سەبارەت بە پرسی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەوە تەنها دادگای باڵای فیدراڵیە دەتوانێت ئەم کێشەش یەکلا بکاتەوە بەوەی کە پەرلەمانی کوردستان بە نا شەرعی بزانێت لە دوای کۆتاییهاتنی ماوە شەرعییەکەی خۆی.”

 

وتیشی” لەگەڵیدا هەموو ئەو بڕیار و یاساییانەی لەو کاتەدا دەریکردوون بە نادەستوری بزانێت لە ئەنجامدا ئاوێک دەکرێت بەم ئاگرەدا و چارەسەری کێشەکان دەکات و بەدڵنیاییەوە بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسۆن هەڵدەوەشێتەوە و لەبەر ئەوەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی یەکلاییکەرەوەیە.”

 

هەروەها یوسف محەمەد ئەوەشی وت “بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پابەندکارە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان لە عێراق. ئەو کاتە ئەو هەڵبژاردنە شەرعیەتی نابێت کە ئەو کۆمیسیۆنەی هەرێم دەیکات.”

 

” توانیوومانە قەناعەت بە دادگای باڵای فیدراڵی بکەین بۆ نەزاهەتی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێم …..”

 

دادگای فیدراڵی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی مانگی پێنج، بڕیاری دا دانیشتنی دادگایی سەبارەت بە تانەی نا دەستوریبوونی درێژکردنەوەی خولی پەرلەمانی هەرێمی بۆ ٣٠ی مانگ دواخست.

 

پەرلەمانی هەرێم لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی خولی کارکردنی خۆی درێژکردەوە، هەر ئەوکات لەلایەن یوسف محەمەد و پاشان سەرۆکی فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێم و عێراق تانە درا لە نادەستوریبوونی ئەو بڕیارە لە بەردەم دادگای فیدراڵی عێراق.

 

 

سەبارەت بەوەی پێشبینی چی دەکرێت سەبارەت بە بڕیاری دادگا؟

 

یوسف محەمەد وتی”لەم دۆسیەیە هیچ شتێک نەماوەـ ئەگەر هیچ موفاجەئەیەک نەیەتە کایەوە وەها پێشبینی دەکەم ٣٠ ی مانگی پێنج دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارەکەی خۆی لە بارەی پرسی دەستوریبوون یان دەستورینەبوونی یاسای درێژکردنەوەی بەردەوامیدان بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕابگەیەنێت.”

 

وتیشی” وەها هەست دەکەین کە توانیوومانە قەناعەت بە دادگای باڵای فیدراڵی بکەین بۆ نەزاهەتی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بۆ ئەوەی تانە لە شەرعیەتی هەڵبژادنی داهاتووی هەرێمی کوردستان نەدرێت ئەگەر کۆمیسیۆنی هەرێم ئەنجامی بدات بە تایبەتی لە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی ئەم پەرلەمانە.”

 

یوسف محەمەد زیاتر وتی” لەگەڵ ئەوەی دەزانین ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیشەوە تەواو بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام پێمانوایە ئەوە شەرعیەتی زیاترە و گەرەنتی زیاتر دەدات بۆ نەزاهەتی هەڵبژاردن.”

 

دەربارەی هۆکاری دواکەوتنی بڕیاری دادگای فیدراڵی؟ یوسف محەمەد وتی”ئەم پرسە زۆر ئاڵۆزە بڕیار بوو ٣ ی مانگی پێنج دوا بڕیار دەربچێت لەم دۆسیەدا، بەڵام دادگا پێی وتین کە ئێستا ئەگەر بڕیاری خۆمان ڕابگەیەنین ئێوە کۆمیسیۆنتان نییە هەڵبژاردن بکەن، بۆیە دەرگا دادەخەین لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بۆیە کۆمیسیۆنی عێراقیان بانگکرد، ئەوانیش دوێنێ وەڵامی دادگایان دایەوە کە دەتوانن هەڵبژاردنەکانی هەرێم بەڕێوەببەن.”

 

 

” فشاری ئەم دانیشتنەی دوێنێ دادگای باڵای فیدڕاڵی بوو کە بەو شێوە پەلەپروسکێیە ئەو بڕیارەیان دا ”

 

لە دوای دەرچوونی بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەبەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەلایەن بەشێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە، ڕەخنەگرانی ئەو بڕیارە دەیانوت” ئەم پەلە پەلیەی پارتی بۆ ئەوە بووە کە فریای ٢٤ ی مانگ بکەوێت و کۆمیسیۆنی هەرێم خۆی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان بکات. پێتانوایە ئەم جارە وەک دەڵێن”پارتی توانی فریابکەوێت”؟

 

 

لە وەڵامدا یوسف محەمەد وتی” کێشەکە ئەوەیە هەمیشە ئەو هێزانەی هەرێمی کوردستان بە پێوەرەکانی خۆیان دەیپێون و پێیانوایە ئیتر بە شێوەی نایاسایی و نائوسوڵی هەرچیەک هەیە تێیپەڕێنن بۆ ئەوەی فریابکەون، بەڵام ئەو ڕێکارانە بەو شێوەیە فریاکەوتن نییە بەڵکو ئاڵۆز کردنی پرسەکانە.”

 

یوسف محەمەد وتیشی”ئێمە چاودێریمان کردووە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەر دانیشتنێکی دادگای باڵای فیدراڵی ئەوان(پارتی) شتێکیان کرددووە بۆئەوەی بە دادگاکە بڵێن ئەوە ئێمە خەریکین ئەوە دەکەین، واتە ئەم دۆسەیەی ئێمە وروژاندوومانە لە دادگای باڵای فیدراڵی فشارێکی گەورەی لەسەر دروستکردوون، ئەوەشی بینیمان بەدڵنیاییەوە فشاری ئەم دانیشتنەی دوێنێی دادگای باڵای فیدراڵی بوو کە بەو شێوە پەلەپروسکێیە ئەو بڕیارەیان دا کە ئەو بابەتە ئەنجام بدەن.”

کەرکووک؛ ١٥٥ هاووڵاتی ڕەوانەی نەخۆشخانە کران
پێشت کەرکووک؛ ١٥٥ هاووڵاتی ڕەوانەی نەخۆشخانە کران
ژمارەیەک سەربازی ئۆکراینی ئازادکران
دواتر ژمارەیەک سەربازی ئۆکراینی ئازادکران
پەیوەندیدار