كوردی داماو و سێ دز



موعتەسەم نەجمەدین

لە چیرۆكی (سێ دز و جوتیارێكی داماو)ی تۆڵستۆیدا، باس لەوە دەكات، كە چۆن سێ دز رێكدەكەون پێكەوە جوتیارێك رووت بكەنەوە، كە بزنێك و گوێدرێژێكی پێیە و دەیبات بۆ شار بۆفرۆشتن.
 دزی یەكەم دەڵێت: بزنی ئەم جوتیارە لە غافڵگیریدا دەدزم بێ ئەوەی هەستی پێبكات.
 دزی دووەم دەڵێت: من گوێدرێژەكەی لێدەدزم بێ ئەوەی هیچ بەرگریەك لە خۆی بكات.
دزی سێیەم دەڵێت: من هەموو جل و بەرگەكەی دەدزم و رووتی دەكەمەوە، بە تەواوی خواستی خۆی.

كاتێك جوتیارەكە بەرێگادا دەروات، دزی یەكەم پەتی بزنەكەی دەبرێت و بێ ئەوەی ئاگای لێبێت دەیبات. كە جوتیارەكە خەبەری دەبێتەوە بزنەكی دزراوە دەشەڵژێت، لەو دەمەدا دزی دووەم دەچێت بۆ لای و لێدەپرسێت ئەوە بۆ چی شپرزە بویت، چی قەوماوە؟.

جوتیارەكە دەڵێت: بزنێكم پێبوو دزراوە.

دزەكە دوڵێت: من بزنێكم بینی منداڵێك رایدەكێشا، ئەگەر بە خێرایی دوای كەویت، دەیگریتەوە. ئەو كات جوتیارەكە داوا لە دزەكە دەكات یارمەتی بدات و گوێدرێژەكەی بۆ بگرێت تا بزنەكەی دەگەرێنێتەوە، بەڵام كاتێك جوتیارەكە، دەروا بە دوای بزنەكەیدا، دزی سێەم گوێدرێژەكەی دەبات، كە دەگەرێتەوە تێدەگات، گوێدرێژەكەیشی دزراوە، بۆیە بە گریان و خەم و پەژارەوە دەگەرێتەوە بۆ ناو گوندەكەی. لەوكاتەدا دزی سێیەم دەچێتە سەر رێگاكەی، لە سەر كەناری دەریاچەیەك دەست دەكات بە گریان و هات و هاوار، جوتیارەكە: لێی نزیك دەبێتەوەو پێدەڵێت ئەوە چیە بۆ وا دەگریت و هات وهاوارتە.

دزەكە دەڵێت: من بازرگانم كیسەیەك زێرم پێبوو لەكاتی دەست و دەموچاوشتندا، كەوتە ئەم دەریاچیەوە، مەلەیش نازانم دەری بهێنم، هەر كەسێك بۆم دەرهێنێت بیست لیرەی دەدەمێ. جوتیارەكە لەناخەوە زۆر دڵخۆش دەبێت و لە دڵی خۆیەوە دەڵێت، خوا بەم هەلە قەرەبووی زیانەكانم بۆ دەكاتەوە، بۆیە راستەوخۆ جوتیارەكە خۆی رووت دەكاتەوەو دەچێتە ئاوەكەوە، كە ژێر ئاوەكە دەكەوێت دزی سێیەم هەموو كەل و پەل و بەرگەكانی دەبات و دەروات. كاتێك لە ئاوەكە دێتە دەرەوە تێدەگات، كە جل و بەرگەكانیش دزراوە.

كوردی داماوە لە دوای راپەرنی ئازاری ساڵی 1991 ەوە بەردەوام تەفرە دەدرێت و دزی لێدەكرێت، سەرەتا یەكێتی و پارتی لە ناغافڵی و لە كاتێكدا هەموو میللەت مەستی گەیشتنبوون بە مافی چارەی خۆنووسی و ئازادی، هەمو سامان و ماڵ و موڵكی نەتەوەییان تاڵان دەكرێت. دواتر بزوتنەوەی گۆڕان دروست دەبێت و لە رێگای یاریكردن بە هەست و خواستەكانی خەڵكەوە هەموو خەون وهیوایەكیان دەدزێت. لە ئەمرۆیشدا بزوتنەوەیەكی پۆپۆلیستی بە ناوی نەوەی نوێوە، كە هیچ شارەزایەكی لە بارەی نەوەی نوێوە نیە، كار لە سەر یاریكردن بە غەم و ئازار و پەژارەكانی ئەم میللەتەوە دەكات و زۆر بە ئاسانی لە هەموو شتێك، كە پێیماوە رووتی دەكاتەوە. سەیر لەوەدایە هەر دزێك، كە دێتە سەر شانۆی یاریكردن بە میللەت، سەرەتا دەچێت ئێرانیەكان و توركیا و ئەمریكا و حكومەتی ناوەندیش رازی دەكات و ولای خۆی بۆ هەموان بەیان دەكات، تەنیا شتێك بە لایەوە مەبەست نیە میللەتەكەی خۆیەتی.

لەم دۆخەدا ئەوەی زیاتر جێگای نیگەرانیە، خودی ئەم میللەتەی ئێمەیە، كە تێناگات یان زۆر درەنگ تێدەگەین. كاتێك وشیار دەبینەوە رووتكراوینەتەوەو خراوینەتە سەر پلێت. بەڵام ئەوەی دزەكان بیری لێناكەنەوە مەترسی ئەم دەرئەنجامەیە، بەواتە كاتێك، كە میللەت هیچی نامێنێت لە دەستی بدات تەلیسمی ترسی دەشكێت و لە هەموو شتێك یاخی دەبێت، كارەسات لەوەدایە لەم دۆخەدا دوور نیە تەڕ و وشك پێكەوە نەسوتێت.
لە دەستپێکی شەرەوە تا ئیستا زیاتر لە ١٢٠ هەزار سەربازی ڕووسی مەشقیان پێکراوە
پێشت لە دەستپێکی شەرەوە تا ئیستا زیاتر لە ١٢٠ هەزار سەربازی ڕووسی مەشقیان پێکراوە
بۆچی هەڵبژاردن ئەکەین؟
دواتر بۆچی هەڵبژاردن ئەکەین؟
ەیوەندیدار