ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

چەمچەماڵ؛ وەک کلیلی چارەسەریی پرسی کورد لە عێراق

بەهرۆز جەعفەر

دروستکردنی سیاسەتی گشتی بەبێ خوێندنەوەو ڕەچاو نەکردنی قووڵایی ستراتیژیی هەڵەیە. بۆ نمونە تیۆرەکەی « دەیڤید ئیستن» بۆ دروستکردنی سیاساتی گشتی وڵات، سێ بازنەیە، بازنەی یەکەم کۆمەڵێ داخوازی و ڕاسپاردەو پێشنیاری تێ ئەکرێت پێی ئەڵێن (مدخلات- Input)، بازنەی دووەم ئەو بڕیارو پێشنیارانە تەتەڵە ئەکات، بازنەی سێهەم (مخرجات- Output) ە کە تیایدا کارو پرۆژەو خزموتگوزاریی جۆراوجۆر پێشکەش ئەکرێ و جێبەجێ ئەکرێت.
ئێ، بەڵام کە تۆ پێشنیاری هەڵەو قسەو قسەڵۆک بکەیتە بازنەی یەکەمەوە، کە چواردەوری شارەکە بکەیتە سەربازگە، کە ڕێگە بدەی بازرگانە چاوچنۆکەکان تەرەقە بهێننە ناوەوەی وڵات و مناڵ بیتەقێنێ، کە خەڵک لە لادێکان بهێنیتەوە لە شار بیکەیتە چەکدار، بێگومان لە بازنەی کۆتاییدا ئەوەت ئەداتێ کە لە بازنەی یەکەمدا تێت کردوە.

*چەمچەماڵ و ئاماژە مێژووییەکان

کورد لە چەندین ڕووەوە کارا بوە لە بونیادنانی شارستانیەتی سۆمەرو بابلیدا کە مێژووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە (٥٠٠٠ پ.ز). جگە لەوەش پێش ئەو مێژووە بونی خواوەندی دایک میدرا یان میترا هێمای باڵای سۆمەر و بابل بونە.
بەڵگەش بۆ ئەمە کشتوکاڵ و دانەوێڵە کە بە وەرچەرخانێکی بابەتی و جۆریی گەورە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دائەنرێت، یەکەمجار لە ڕۆژهەڵاتدا دۆزراوەتەوەو بە شارستانیەتی سۆمەرییەوە لکێنراوە ( من لای خۆمەوە ئەوەندەم بەڵگە هەیە بتوانم بڵێم کورد ئاری نەژاد نییە بەڵکو سۆمەرە). ئەم شارستانیەتی کشتوکاڵەش لە گوندی چەرموو نزیکی چەمچەماڵ پێش (٥٠٠٠ پ.ز) پێنج هەزار ساڵ پێش زایین بوە. تەنانەت زمانی سۆمەرەکان هەمان ئەو شێوازە لە ئاخاوتن بوە کە لەناوچەی چەمچەماڵ و دەوروبەریدا هەبون. ژن لەم ناوچەیە «ژنی کورد» یەکەمجار پەمووی دۆزییەوە و دواییش تەشی و چنینی دۆزییەوە. تەنانەت پێش سۆشیالیزم «هەرەوەزیی» بە هەزار ساڵ پێش ئەوەی «کارل مارکس» لەدایک بێت لە ناو کوردو لادێکاندا ژیانی بەرە درەو و جووت و جەنجەڕو کاکوت کردن هەبوە.
لێرەدا، دوو بەرئەنجام هەڵئەچنین، یەکەمیان، سەرچاوە مێژووییەکان نیشانی ئەدەن کە زمان و شێوە ئاخاوتنی ڕاستی سۆمەرییەکان ئەو شێوازە لە ئاخاوتن بوە کە ناوچەی چەمچەماڵ پێی دواون، ڕاستی و دروستی ئەمە هەرچیەک بێت، ئەوەیان تەواوە کە بوترێت زمانی ناوچەی چەمچەماڵ و بەرەو خوار بۆ سەنگاو و تا باشوری ڕۆژهەڵاتی کەرکوک زمان و شێوازی ڕاستەقینەی زمانی کوردییە؟. چونکە ئەو شێوازەی کە قسەی پێ ئەکرێت ئەتواندرێ ڕاستەوخۆ پێی بنوسرێ. بۆ نمونە لە هەولێردا (ئەمن لۆ خۆم) نانوسرێت، بەڵکو لە نوسیندا ئەبێت بنوسرێت ( من بۆخۆم). لە سلێمانی دا ئەوترێ (یاومانە) ئەمە لە نوسیندا ئەبێت بنوسرێ (داومانە)… تادوایی.

*چەمچەماڵ و پێگەی جیۆ- ئابوریی

قەزاکە (چەمچەماڵ) بەگشتی هەموو ڕەگەزە بنچینەییەکانی جوگرافیای تێدایە، وەکو گردەکان، بانەکان، دۆڵەکان، ڕووبارو دەریاچەکان، سامانی ژێر زەوی، بنەمای جیۆلۆجی و چینە نیشتوو کەڵەگەبوەکان…و…تادوایی. لە باکورەوە زنجیرە چیای دەربەندی بازیان، لە ڕۆژھەڵاتیش ڕوباری باسەڕە، لە ڕۆژئاوا زێ خواروی، و گردەکانی بانی مەقانیش باشوری سنوری جوگرافی چەمچەماڵ دیاری دەکەن.
ئینجا بوونی قەڵایەک لە نێوەڕاستی شارۆچکەکە بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر دێرینی شارۆچکەکە بە تایبەت دوای دۆزینەوەی چەند پارچە ئاسەوارێک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان.
بەپێی لیژنەی سامانە سروشتیەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی (٢٠١٥) بەدواداچونیان کردووە (بەئاگەداری بەندە) یەدەگی غازی سروشتی چەمچەماڵ لە نێوان (٣ بۆ ٦) تریلیۆن پێ سێجایە. ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر زۆرە، بۆ نمونە تەواوی ئەو یەدەگی غازی سروشتیەی کە هەموو ئەوروپاو تورکیاو ئیسرائیلی وروژاندووە لە دەریای ناوەڕاست و بوەتە مایەی کێشەو ناکۆکی هەرێمایەتی ناگاتە (٥.٣) تریلیۆن پێ سێجا.

*چەمچەماڵ و پلانی ستراتیجی

پلانی ستراتیجی پێنج بنەمای سەرەکی هەیە کە پێویستە تیایدا رەچاوبکرێت، سەرەکیترینیان بونی داتاو پێدراوی ڕاست و دروستە، هەروەها بنەمای گشتگیرییە.
پێش هەمووشتێک، چەمچەماڵ شادەماری نەتەوەیی کوردستانە؟. چونکە چەمچەماڵ وێڵاشی کەرکوکە، ئەگەر بڕیار بێت کلیلی چارەسەریی مەسەلەی کورد کەرکوک بێت ( وەکو خوالێخۆشبو مام جەلال وتویەتی) ئەوا چەمچەماڵ یەکەم هەنگاوی ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوکە، قەزاکە تەنها (٤٠) کیلۆمەتر لە کەرکوک و (٦٠) کیلۆمەتر لە سلێمانیەوە دوورە. ژمارەی دانیشتوانی چەمچەماڵ نزیکەی (٢٠٠٠٠٠) دووسەت هەزار کەسە، بە پێی نەخشەی ژمارەی دانیشتوانی پێشبینیکراوی دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێمی کودستان بۆ سالی ٢٠١٨ لە ١٧٠٩٦١ کەس پێک دێت .
لە ڕووی ئیدارییەوە، بە یەکێک لە کۆنترین دامودەزگە میرییەکان دائەنرێت، فەرمانرەاویەتی عوسمانیەکان ساڵی (١٨٥١) کردویانە بە قەزاو قائیمقامیەت هەبوە.
لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە، زۆر ئاماژەی گەورە هەن، یەکێک لەوانە بونی «شاکر فەتاح» بوە وەکو قائیمقام لە شارەکەدا، کە ساڵی (١٩٤٦) ڕۆژنامەی «چەمچەماڵ» ی دەرکردوە. شاکر فەتاح لە ڕۆژنامەکانی بانگی کوردستان و ڕۆژی کوردستان و ئومێدی ئیستقلال و بانگی ھەق کاری نوسەری کردوە ، لە لای پیرەمێرد فێری خوێندن و نوسینی کوردی بوە. لەمە زیاتر چی؟. ئێمە وەکو کورد مێژوومان لەڕێگەی ئەمانەوە بۆ ماوەتەوە.
لە ڕووی توانای مرۆییەوە، بە بێ هیچ هاوکارییەکی ئەوتۆ و دەستگرتنێک، بێ ئەوەی حکومەت تەنانەت پاسێک بۆ وەرزشەوانەکانی دابین بکات، یانەی وەرزشی چەمچەماڵ زۆربەی کات لە لوتکەی پاڵەوانی یانە نایابەکانی کوردستاندا بوە بە ئێستاشەوە، لەمدواییە یانەکە لەبەر قەرزاریی گەیشتە ئەوەی دابخرێت بەرپرسی مەڵبەندی ڕێکخستنی(ی.ن.ک) هاوکاری کردن. توانای مرۆیی چەمچەماڵ وەک خوێن وابوو ە بۆ دڵ لە ڕۆژگارە سەختەکانی بەرەنگاریی و گیانفیداییدا. ئەوەش قەزاکەی والێکراوە ناوبنرێ پایتەختی شەهیدان و ئەنفال.

*چەمچەماڵ و کۆرۆنا
کۆرۆنا مێژووی ئەم جیهانەی لە هەموو ڕوویەکەوە کرد بە دوولەتەوە، هێشتاش کۆتایی پێ نەهاتوە.
سەرەتای ئەم مانگی تەمموزی ٢٠٢٠ برایەکم بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز توشی کۆرۆنا بو ، لەکاتی گەیاندنی بە نەخۆشخانە، کارمەندەکان گوتیان دۆخی زۆر خراپە کەسێکی وەک «مرافق» لە ژوورەوە لەگەڵ بێت (لەگەڵ ئەوەی لەناو نەخۆشخانەی کۆرۆنادا نابێت نەخۆش کەسی لەگەڵ بێت). ئەمە دەرفەتێکی باش بو، بۆ ئەوەی لەپاڵ خەمی چاککردنەوەی نەخۆشەکەدا، وەک لێکۆڵەرێک کنەی تەواوەتی بکەم بە دوای دوو پرسیاردا، یەکەمیان ئایا پزیشکی کورد بەگشتی و پزیشکی چەمچەماڵ لەکوێی ئاستی تێگەیشتن و بەرەو پێشچونە جیهانیەکانن؟. دووەمیان تووشبون و خەمخۆریی لە قەزاکە چۆنە؟ .
لەگەڵ پەیوەندیم لەگەڵ پزیشکانی ئەمریکا، بەریتانیا، قوبرس. هاوکات قسەکردنم لەبارەی دەرمانەکان و ئالیەتی ڕووبەڕووبونەوە. دەرکەوت پزیشکانی کوردیش سەرەڕای ئەوەی هێشتا چارەسەریی فەرمی بۆ نەخۆشیەکە نەدۆزراوەتەوە، ئەمانیش هاوشانی جیهان ئەزمون و تێگەیشتنێکیان بۆ دروستبوە لە ڕووبەڕووبونەوەدا. بۆنمونە تازەترین هۆکاری مردن کەنەخۆشی کۆرۆنا ئەمرێنێ، ئەوەیە تووشی مەیینی خوێن یان دڵۆپ بەستنی خوێنی ئەکاو ئەیمرێنێ (هۆکاری مردنی یاریزانی بەناوبانگی عێراق ئەحمەد ڕازی ئەمەبوە). لە دەرەوەی وڵات و لە چەمچەماڵیش بۆ ڕووبەرووبونەوەی ئەم ئەگەرە دەرزی کلێکسەین(Clexane4000) بەکارئەهات…تادوایی.
خاڵی جیاکەرەوەی چەمچەماڵ لە پرسی کۆرۆنادا، ئەوەیە سەرەڕای تەواوی کەموکورتیەکان لە سیستەمی تەندروستی و حکومڕانی خراپی هەرێمدا، ئاستی کاری خۆبەخشی زۆربو، زۆربەی کارمەندەکان کچ و کوڕی دانەمەزراو بون. لە شارەکانی دیکەو لە وڵاتانی دیکە کارمەند کەمترین جار سەردانی نەخۆش ئەکا، کەمترین پاککردنەوە هەیە، بگرە ناوێرن بچنە ژوورەوە، بەڵام لە نەخۆشخانەی چەمچەماڵ شەش کاتژمێر جارێک پاککردنەوەو سەردانی پزیشک هەبو.

دەرئەنجام
گەنجانی چەمچەماڵ ئەناڵێنن بەدەست بێکارییەوە، قەزاکە خاوەنی هیچ یانەیەکی ئەوتۆی کۆمەڵایەتی و کەلتوریی و پیشەیی نیە. ڕەچاوی ژینگەی ئاوو هەواو ژینگەی پەروەردەیی هاوچەرخ و زانستی تیا نە کراوە، بێگومان ئەمانەش حیزب و حکومەت لێی بەرپرسیارە.
لەلایەکی تریشەوە، ئەو سایکۆلۆجیەتەی شارەکەی وەکو شەڕانگێز و تەق و تۆق وێناکردوە، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەو دۆخە سیاسی و حیزبیەی لە باشوری کوردستان هەیە، کەتیایدا کۆمەڵگەو تاکی ئێمەی فێری تێک بەردان و دووبەرەکی کردوە. ئەمە لە چەمچەماڵ دا ڕەنگدانەوەی بوە. تەنهاوتەنها بەزیادکردنی خزمەتگوزاریی و زیادکردنی بەهاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نیشاندانی هۆیەکانی کرانەوەو پێکەوەژیان دەبێت. بەپێچەوانەوە تاک ڕوو بکاتە کوێ ؟. یان بیر لە کۆچ ئەکاتەوە، یان بارەگای حیزبەکان، یان مزگەوت و مامۆستا ئاینیەکان کە ئەوانیش هەندێ جار ئاینداری و خواناسیان بەهەڵە تێ ئەگەیەنن و تووشی پەڕگیریی و توندڕەوی و لادان ئەبن.
ئەکرێت لە چەمچەماڵەوە کاربکرێت بۆ قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری ئەنفال لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، کاربکرێت بۆ بە دۆکێۆمێنتکردن و بەجینۆسایدناساندنی لە ئاستی نەتەوەیەکگرتوەکاندا. بۆئەوەی گرەنتیەک بێت جارێکی تر کارەساتی وا بەسەر کورددا نەیاتەوە.

ریکلام

وتار

حکومەتی کازمی و ئایندەی عێراق و ھەرێم 

د. سیروان حەسەن

دوای دەست لە کارکێشانەوەی حکومەتی عادل عبدالمھدی سەرۆک وەزیرانی پێشوو عێراق ماوەی چەند مانگێک مشتومڕێکی زۆر کرا بۆ دانانی ئەڵترنەیتڤێک و چەند کەسێک دیاری کرا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت بەلام کەسیان سەرکەوتو نەبوون لە بە دەسھێنانی متمانەی پەرلەمان دواتر مصطفى عبداللطيف الكاظمي وەکو کاندیدی ئەو پۆستە توانی متمانەی پەرلەمام بە دەست بێنێت و لە ٧ی ئایاری ٢٠٢٠ دەست نیشان کرا بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی کاتی عێراق، کازمی ھەڵگری بڕوانامەی بکالۆرێسی یاسایە پێشتر خۆی ئۆپۆزسیۆن ڕژێمی پێشوو بوو لە دەرەوە لە سالی ٢٠١٦ وە سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری عێراق بوو کە پۆستێکی ھەستیارە وە تێیدا سەرکەوتو بوو لە کارەکانیدا و توانی ھاوسەنگی بپارێزێت و ھەر ئەوەش بووە ھۆی پێدانی متمانەی پەرلەمان وەکەسێکی نزیک بووە لە بەرھەم سالح سەرۆک کۆماری عێراق.
وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت لە دۆخێکی زۆر سەخت و ئاڵۆزدا بوو لە کاتێکدا کە حکومەت بە تەواوی پەکی کەوتبوو و نوقمی گەندەڵی و کێشە و گرفت و قەیرانی دارایی و ململانی سیاسی لایەکان و دەست تێوەردانی دەرەکی بوو لە گەڵ کێشە کەڵەکەبووەکانی سالانی پێشوو و شاڵاوی نەخۆشی کۆرۆنا ئەمەش وەکو تەحەدایک بوو بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێ لە گەڵ ئەوەشدا توانی لە ماوەیەکی کەمدا چەند ھەنگاوێکی باش و بوێرانە بنێت وەک سەرەتایەک بۆ دەست پێکردن وەکو سنوردارکردنی چالاکی ھێزە ملیشیایەکان و کۆنترۆلکردنی دەروازە سنوریەکان و سەردانی مەیدانی و نزیک بوونەوەی لە جەماوەر و گوێگرتن لە کێشەکانیان دیارە بۆ ئەو ھەنگاوەش پشتیوانی باشی ھەبوو بە تایبەتی ئەمریکا و چەند لایەنێکی نێودەوڵتی و لایەنە عێراقیەکان، ھەرچەندە لە ئێستادا ناکرێت ئەو دەرئەنجامانە بە سەرکەوتنی کۆتایی ئەژمار بکرێت بەلام لە گەل ئەوەشدا وەکو بنەمایەکی باش دادەنرێت بۆ بەردەوام بوون و چاکسازی و گۆڕینی دۆخی ناوخۆ و نێودەوڵەتی عێراق ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، لە گەڵ بەرەنگاری بونەوەو ڕێگریکردنی توندی چەند لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بە تایبەتی گروپ و لایەنەکانی سەر بە ئێران بەلام کازمی لەو ماوەیەدا توانی لە زۆربەی لایەنەکان نزیک بێتەوە و خۆگونجاندێک دروست بکات و دەنگی ناڕەزایتی ناوخۆیی کپ کاتەوە ھەرچەندە کاتیش بێت، لە ڕوی سیاسیەوە ڕۆڵێکی باشی دەبێت بۆ ئایندەی عێراق ئەگەر دۆخەکان گۆڕانکاری کتوپڕیان بە سەردا نەیەت.

سەبارەت بە حکومەتی ھەرێم ھەرچەندە ناو بە ناو چەند لایەنێکی کوردی ناڕەزایەتی دەدەبڕن بەرامبەر بەو رێکار و مامەڵانەی کە گرتویەتە بەر لە سەر داھاتی نەوت و دەروازە سنوریەکانی ھەرێم کە ئەوەش لە چوار چێوەی سیاسەتی حکومەتی مەرکەزی و بارودۆخی گشتی عێراقە بەلام تا ئێستا بە پێی دەرکەوتەکان و شرۆڤەی سیاسەتمەداران کاریگەری نەرێنی زۆری نەبووە تەنھا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم نەبێت کە پێشتر رێکەوتنیان لە سەری کردبوو ئەویش زیاتر کێشەیەکی ناوخۆی ھەرێم بوو کە لە قۆناغەکانی پێشووی حوکمڕانیدا ژیرانە پلانی ئابوری بۆ دانەڕێژرا بوو و کاری پێویستی بۆ نەکرابوو.

كێشەی گەورەی سەرکردە و سیاسەتمەدارانی ھەرێم نەبونی دووربينى ستراتيجية لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ رووداوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان لە کات و ساتی گونجاودا وە شرۆڤە وخوێندنەوەی وردیان نیە بۆ بەسەرھاتەکان پێش یان لە کاتی روودانیدا و روکەشیانە پێشبینی رووداوەکان دەکەن نەک وەک دەولەتمەدارێک ، بۆیە لە گەل کازمیش زۆر پێویستە لە چوار چێوەی ئاسایسی نەتەوەی کورد مامەلە بکرێت نەک وەکو دۆست و ھاورێ و ھاوپەیمان .

بۆ چارەسەر کردنی کێشە ھەلپەسێرداوەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدرال پێویستە ھەرێم بۆ داھاتوو زۆر بە وردی و بە وریایی و حەکیمانە مامەڵە لە گەڵ دۆخەکاندا بکات چونکە بە قۆناغێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت و چارەنوسی قەوارەی سیاسی ھەرێمی تێدا دیاری دەکرێت.

ئەگەر حکومەتی کازمی بەو شێوازە بەردەوام بێت و کارەکانی تەنھا وەکو بانگەشە نەبێت بۆ خۆئامادەکردن بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو ئەوە ئەگەری باشتربوونی ئایندەی عێراقی تێدا بە دی دەکرێت و دەیباتە قۆناغێکی باشتر و گۆرانکاری گەورەی بەدواوە دەبێت و کاریگەری دەست تێوەردانی دەرەکی کەم دەکاتەوە لەسیاسەتی داھاتوی عێراق و دەیگەیەنێتە کەناری ئارام.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

90 ساڵەی سیستانی و 46 ساڵەی سەدر

یاسین تەها

سەرەتای هەموو مانگێكی ئاب، شیعەی عێراق و ناوچەكە سەرقاڵی دوو یادی لەدایكبونن؛ سیستانی و موقتەدا سەدر. لە ٤ی ئابی ئەمساڵ تەمەنی سیستانیی هەڵكشا بۆ 90 ساڵ و سەدریش 46 ساڵی تەواوكرد، نزیكەی نیوەی تەمەنی سیستانیی.
ئەم پیاوە ئاینییانە هێز و پێگە لە بانگەشەی نوێنەرایەتی یان بریكاریكردنی ئیمامی زەمان “مەهدی” وەردەگرن كە سەرمۆری رێبەرەكانی شیعەیە. هه‌رچه‌نده‌ ئێستا مەهدی “الحُجة” تەنها ناوەکەی ئامادەیە و بڕوا وایە له ‌پەنهانیدا “ستوودە” بێت‌، به‌ڵام به ‌كۆڕای‌ سه‌رجه‌م شیعه‌كانی‌ دونیا سه‌رۆك ‌و کاریزما و ده‌مڕاستی‌ بێ ڕکابەری شوێنکەوتوانی ئەم ئاینزایەیە‌ كه‌ ده‌وروبه‌ری‌ 10% موسوڵمانانی‌ جیهان پێكده‌هێنن.
“مەهدی مونتەزر” یان ” ئیمامی‌ زه‌مان” ناوی راستەقینەی محه‌مه‌دی‌ كوڕی‌ حه‌سه‌ن عه‌سكه‌رییە، له‌ نه‌وه‌ی‌ ئیمامی‌ ئیمام عه‌لی‌ ئامۆزا‌ و زاوای‌ پێغه‌مبه‌ری‌ ئیسلامە (د.خ).
به‌پێی‌ حیكایەتە‌ شیعییه‌كان كاتێك خێزانی ئیمام حه‌سه‌نی‌ عه‌سكه‌ری‌ (ئیمامی‌ یازده‌یه‌م) كه‌ ئارامگاكه‌ی‌ له ‌شاری‌ سامه‌ڕایه‌، شه‌وی‌ 15 شه‌عبان (شەوی به‌رات) له ‌ساڵی 255 كۆچی [869 زاینی‌] كوڕێكی‌ بووه، باوكی ناوی‌ ناوه‌ محه‌مه‌د، بەڵام نه‌یوێراوه‌ له ‌ترسی‌ جەور و سته‌می‌ عه‌باسییه‌كانی‌ ئامۆزایان کە ئەوکات حوكمڕانی‌ عێراق و جیهانی ئیسلام بوون، زۆر ئاشكرای‌ بكات، ته‌نها لای‌ دۆسته‌كانی‌ نه‌بێت.
گێڕانەوەکانی ئەم پێكهاتەیە دەڵێن: ئیمام حه‌سه‌ن كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر بووه،‌ له ‌كۆڕ‌ و كۆبوونه‌وه‌ نهێنییه‌كاندا كوڕە‌كه‌ی‌ به‌ لایه‌نگرانی‌ خۆی‌ ناساندوه‌‌، به‌ شیعه‌كانیشی‌ گوتووه‌ “ئه‌گه‌ر من هه‌رچیم لێهات ئه‌وه‌ مه‌هدی‌ جێگام ئه‌گرێته‌وه”. باوترین وتە و دروشمیش كە دەربارەی مەهدی دەگوترێت ئەوەیە “له‌پاش ئه‌وه‌ی‌ زه‌وی‌ پڕ ده‌بێت له‌ تاوان ‌و سته‌مكاریی‌، ئەو پڕی دەكات لە دادگەری و ئارامیی”، سوننەكانیش هەمان باوەڕیان دەربارەی مەهدی هەیە، بەڵام لە باوەڕی ئەواندا مەهدی ئێستا غەیب نییە و لە كۆتایییەكانی دونیا هەڵدەكەوێت و كوڕەكەی حەسەن عەسكەری نییە.
له‌پاش مردنی‌ باوكی، مه‌هدی‌ ماوه‌ی‌ 69 ساڵ خۆی‌ شاردوەتەوە له‌ خه‌ڵك ‌و ته‌نها له ‌رێگای‌ نوێنه‌ر ‌و نامه‌به‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌وادارانی‌ ئال‌ و به‌یت‌ و شیعه‌كان په‌یوه‌ندی‌ كردووە، چوار لەو نوێنەرانەش لە هەموویان ناسراوترن و پێیان دەوترێت “السفرا‌ء الأربعە”. ئه‌م چوار نوێنه‌ره‌ له‌ پاش مردنی ئیمام حه‌سه‌ن عه‌سكه‌ریی باوكی له‌ ساڵی 260 ك – 874ز له‌ عێراق و ئه‌سپه‌رده‌كردنی له‌ سامه‌ڕا‌، كە شیعەكان باوەڕیان وایە ژەهرخوارد كراوە‌ نوێنەر و نامەبەری نێوان مەهدی و شوێنەكەوتەكانی بوون، به‌ مه‌رگی كۆتا كه‌س له‌و چوار نوێنەرەش له‌ ساڵی‌ 329 ك- 941 ز كه‌ عه‌لی سه‌ممه‌رییه‌ قۆناغی نێوانگری و نامەبەری كۆتایی دێت و ئیتر دەرگا بۆ بریكاری و مەرجەعیەتی ئاینی دەكرێتەوە تا ئەوكاتەی كه‌ مه‌هدی ده‌گه‌رێته‌وه‌ سه‌ر زه‌وی بۆ به‌رپاكردنی دادگه‌ریی به‌پێی بیروباوه‌ڕی شیعه‌كان، له‌ ئێستادا چاوه‌ڕوانی ئه‌و رۆژگاره‌ن.
خومه‌ینی‌ كه‌ رابه‌رایه‌تی‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ كرد له ‌ئێران‌ (1979) و یه‌كێكه‌ له ‌پایە ناوداره‌كانی‌ شیعه‌گه‌رێتی‌ لە سەردەمی نوێدا، پێیوایه‌ له‌ غیابی‌ “ئیمامی زەمان”دا زۆربه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ شه‌رعزانێكی‌ له‌خواترسی‌ شاره‌زا (مه‌به‌ستی‌ خۆی‌ بوو)، تا ئه‌و كاته‌ی خاوەن بڕیاری ڕاستەقینە، کە مەهدی مونتەزەرە”، خۆی‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش “كۆماری‌ ئیسلامی‌ی ئێران”ی‌ راگه‌یاند ‌و زۆربه‌ی‌ ئه‌حكامه سڕكراوە‌كانی‌ دین ‌و دونیای‌ شیعه‌كانی‌ خستە بواری پراكتیكەوە.
به‌ڵام ئایه‌توڵڵا ئه‌بولقاسمی‌ خوئی كه‌ رێبه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ پێشووتری‌ شیعه‌كانی‌ جیهان بوو له ‌عێراق و لە شاری نەجەف داده‌نیشت بۆچونێكی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌یه‌‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بوو شه‌رعزانی‌ شیعه‌ خۆیان به‌حوكمڕانییه‌وه‌ سه‌رقاڵ بكه‌ن تا ئه‌وكاته‌ی‌ ئیمامی زەمان خۆی ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش دین‌ و سیاسه‌تی‌ لەیەکتر جیا ده‌كرده‌وه‌‌ و ئێستاش سیستانی کە خوێندکار و درێژەپێدەری قوتابخانەی ئەوە هەوڵدەدات درێژە بەم رەوتە بدات و داوای لێ نەكرێت وەك خۆی ناچێتە ناو پرسە سیاسییەكانەوە.
لەنێوان ئەم دوو ڕەوتە ناجۆرەشدا بۆچوونێکی سێیەم هەیە کە ئایه‌توڵڵا محه‌مه‌د سادق سه‌در (باوكی‌ موقته‌دا) نوێنەرایەتی دەکات و پێیوایە شه‌رعزان ‌و پیاوه‌ ئاینییه‌كانی‌ شیعه‌ هه‌ندێك ده‌سه‌ڵاتی‌ مه‌رجداری‌ ئیمامی زەمانیان به‌ده‌سته‌، به‌ڵام ناتوانن وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خومه‌ینی‌ بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌كرد ببنه‌ جێگر‌ و بریكاری‌ ڕە‌های‌ ئه‌و، بەم پێیەش هەرچی دابەش بوون و لێکترازانی شیعە هەیە له‌سه‌ر جێگرتنه‌وه‌ی‌ مه‌هدی‌‌ و چۆنییه‌تی‌ ئیدارەدانی شوێنکەوتووانی ئەم ئاینزایەیە له‌ غیابی‌ ده‌مڕاستە گەورەكەدا، ئەم بیروباوەڕە بنەڕەتییە كۆنكرێتییەش زەمینەیەكی بتەوی شەرعیەت و جەماوەر و هێزی رۆحیی مەرجەع و پیاوە ئاینییەكانی شیعەیە ئەمە جگە لە پارەی خومس و پاڵپشتە سیاسییەكان و سەرچاوەكانیتری هێز.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

چاوەڕوانی چین؟

عەبدول محەمەد

بەبەرچاوی خۆتانەوە چەند ڕۆژێکە خەڵکی لوبنان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای ڕۆیشتنی دەسەڵاتدارە گەندەڵەکانیان دەکەن و ئیمزا کۆدەکەنەوەو ڕازینە بەسەردەمی کۆلۆنیسالیستی فەڕەنسی، چونکە ئەوان و سەرۆکەکەیان یەکەم کەس بوو فریایان کەوت.
لە کوردستان کارێکتان کردووە زۆربەی هەرەزۆری خەڵک پیاوەتی و کەرامەتی نەماوە، ڕووشکێن بووە لەبەر چاوی ماڵ و منداڵی، ئەوەندەی قەرز کردووە ڕووی نییە لە هیچ شوێنێکەوە خۆی دەربخات.
بۆ نازانن هەزاران گەنجی ئە وڵاتەتان لەبەرنائومێدی لە کونجی ژورەوە شەڕ بە دایک و باوکی دەفرۆشێت؟
هۆردووە ماستاوچی و ڕاپۆرت نووسەکانتان خەریکی چین، بۆ داوایان لێ ناکەن شتێکتان لەسەر دۆخەکە بۆ بنووسن، یان ئەوان هەر وا ڕاهاتوون درۆتان لەگەڵ بکەن و سەرتان بۆ بلەقێنن.
چۆن ئاگادار نین مانگانە سەدان خێزان لەبەر نەبوونی و بەتاڵی سفرە و گیرفان و نەمانی کەسایەتی لێکهەڵدەوەشێن و منداڵەکانیان سەرگەردان دەبن و دەیەکی تر زۆربەی نەوەکانیان دەبنە تاوانکار.
بڕۆن سەیری دۆسیەکانی تاوانکاری وڵاتەکەتاە بکەن بزانن ئەوانەی زۆرترین یاسا شکێنی و لاساری دەکەن کوڕی کاربەدەست و هۆردووی ڕێکخستنەکانی خۆتان نییە؟
بە تەمای چین.. کەی بیر دەکەنەوە.. یان خۆتان بە خاوەنی ئەم وڵاتانە نازانن، بۆ تاڵانی و کاتی هەڵبژاردن نەبێت؟
بزانن و نەزانن کەمێک کات بەدەستەوە ماوە، کاتیەتی بەخۆتاندا بچنەوە، دەوربەرمان وەک مەنجەڵی سەرئاگر دەکوڵێت، ئەگەر زەمینە سازی دۆخی عێراق وەک ئێستا بمێنێتەوە، جادەکە بەو پان و پۆڕییە بۆ ئێوە نامێنێتەوە چۆنتان بوێت پێی لێ ڕاکێشن و لێخوڕن.
باشە ئەگەر کازمی لیستێکی لەکوردستان ڕاگەیاند و خەڵکێکی زۆر دەنگی پێدا ئێوە چی دەکەن؟
خۆ ئەویش حزبەکانی کوردستان نییە چۆنتان بوێت وا کورسییەکانیان بەسەردا دابەش بکەن و ڤیتۆتان هەبێت لەسەر نوێنەرەکانیان.
چاوەڕوانی چین..؟ ڕەنگە ئەوەی بەخەیاڵتاندا نەیەت ڕووبدات، ترەمپ دوێنێ وتی بەس لەهەڵبژاردن بیباتەوە، دەستبەجێ لەگەڵ ئێران و کۆریای باکور ڕێکدەکەوێت، قابیلە لێوە لەو گەورەتر بن قابیلە لەخۆیەوە قسەی وا بکات؟
خۆ ئێوە نییە، لەگەڵ هەر گرژی و ئاڵۆزییەکی بچوک، دەمودەست دەستبەرن بۆ هەڵدانەوەی مێژووی خوێناوی دەیان ساڵەتان.
ئێوە نەتانتوانی سوود لە ڕێککەوتنامەی واشنتۆن وەربگرن، کە زەبەلاحترین هێزی جیهان ئاشتی کردنەوە، لەکاتێکدا چەندین وڵات خوازیاری ئەوەن واشنتۆن ناوبژیوانیان بۆ بکات، بەڵام ئێوەی بردە ماڵی خۆی و ئاشتی کردنەوە، مەخابن دەرستان لێ وەرنەگرت، ئێستاش بچوکترین پزیسکی ناکۆکی بەسە، جارێکی تر خەڵک هان بدەنەوە دەستبخاتەوە خوێناوی یەکتر..

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان