“ئەوەی کرا دانیشتنی پەرلەمان نەبوو”



بۆچوونی جیاواز لەبارەی کارابوونەوەی کۆمسیۆن هەیە، وەقایعی کوردستان دەڵێت کۆمسیۆن کاراکرایەوە، پەلەمانتارێکیش دەڵێت ئەوەی پارتی کردی بڕیارێکی حزبیانەیە.

لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٢ی ئەم مانگە شەڕ و گرژی لەنێوان یەکێتی و پارتی دروستبوو.

لە ٢١ی مانگ کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە پیرمام بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەکان پاش کۆبوونەوەکە هێمن هەورامی بە خێرایی دەچێتە پەرلەمانی کوردستان و بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بۆ کارنامەی پەرلەمانی کوردستان زیاددەکات.

لە ڕۆژی ٢٢ی مانگ دانیشتنی ژمارەی چواری ئاسایی خولی بەهارەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، لەگەڵ دەستپێکردنی دانیشینەکە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وەک هەڵوێستەیەک بەرامبەر بەو کارەی پارتی و هێمن هەورامی، وتی “لە پێناوی پاراستنی یەکڕیزی نیشتیمانی و کۆدەنگی هێزە سیاسییەکان، بڕیارمدا ئەو دەسەڵاتە ڕەها و تاکانەیە بەکاربهێنم، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ کاتێکی دیکە تا بەرنامەیەکی دیکەی کار دوابخەم”.

دواتر هێمن هەورامی، جێگری سەرۆک پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتی: ئیمە پێمان وایە ئەمە تەعيسوفە.

پاشان گرژی و پێکدادان لەنێوان پەرلەمانتارانی هەردوو حزب ڕوویدا، پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند بە دەنگی ٥٨ پەرلەمانتار کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە.

بەپێچەوانەوە لە کۆنگرەیەکی یەکێتی ڕایگەیاند، ڕێگایان نەداوە کۆمسیۆن کارابکرێتەوە.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، دانیشتنی پەرلەمان کۆتایی هاتووە، مردوو زیندوو نابێتەوە.

پاش دوو ڕۆژ، ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڵاوکردەوە.

زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان لەلایەن پارتیەوە بەڕێوەدەبرێت، لە مەکتەب سیاسی پارتیەوە یان ئەو ڕۆژنامەیە بڵاوبکرێتەوە جیاوازی نییە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بڕیارێکی “حزبیانەی تاکڕەویانەییە، دژی بنەماکانی سازانە”.

ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەوان هەمیشە بەدەم بانگەوازییەکان بۆ یەکڕیزی دەچن، ئەوەی ئاژاوە دروستدەکات، ڕوونە کە نایەوێت هەڵبژاردن بکرێت.

دەڵێت “ئەو کاتەی کە ئومێد دروستدەبێت بۆ ڕێککەوتن، وەک هەموو جارێکی دیکە کێشە دروست دەکەن بۆئەوەی هەنگاوێک بگەڕێینەوە دواوە”.

سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ڕێکخراوی ئیستیتیوتی پەی بۆ پەرلەمان، لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەوەی لە پەرلەمان ڕوویدا دەرئەنجامی هەڵوێستەکانی پارتی و یەکێتی بوو بەرامبەر پرسە چارەنوسسازەکان، پاش حەوت مانگ لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان هیچ بابەتێک چارەسەرنەکراوە.

ئاشکرای دەکات، بەپێی یاسا کاتێک سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی بە دانیشتن بهێنێت، جێگرەکەی ناتوانێت درێژە بە دانیشتنەکە بدات، تەنانەت ئەوەی ئەنجامدرا ناکرێت بوترێت کۆبوونەوە بووە، بۆیە کۆمسیۆن لە ڕووی یاساییەوە کارا نەکراوەتەوە.

پێی وایە یەکێتی و پارتی هیچ نیازێکیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە، “پارتی و یەکێتی نایانەوێت هەڵبژاردن بکرێت، ئەگەر بیانویستایە پێش درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان کێشەکانیان چارەسەر دەکرد”.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

ئەو بەشەی سەر كۆنتڕۆڵی سپلیت سوودی چییە؟
پێشت ئەو بەشەی سەر كۆنتڕۆڵی سپلیت سوودی چییە؟
حكومەت لەبارەی نرخی بەنزین بڕیاریدا
دواتر حكومەت لەبارەی نرخی بەنزین بڕیاریدا
ەیوەندیدار