ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

وتەبێژی حكومەتی هەرێم: دەبێت عیراق قەرەبووی كەسوكاری ئەنفالكراو و كیمیاباران بكاتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵیادی تاوانی جینۆسایدكردنی بارزانییەكاندا داوا لە حكومەتی عیراق دەكات قەرەبووی كەسوكاری قوربانییان بكاتەوە.

جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدكردنی بارزانییەكاندا پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە: “جارێكی دیكه‌ پێداگری له‌سه‌ر پێویستیی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی مادی و مه‌عنه‌ویی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان و كیمیاباران ده‌كات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، له‌ هه‌وڵه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق به‌رده‌وام ده‌بێت”.

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی وتەبێژی حكومەتی هەرێم:

لە یادی سی و حەوتەمین ساڵەی جینۆسایدكردنی بارزانییه‌كاندا

له‌ سی و حەوتەمین ساڵیادی جینۆسایدكردنی بازرانییه‌كاندا، سه‌ری رێز و نه‌وازش له‌ به‌رانبه‌ر قوربانییانی ئه‌نفالدا داده‌نەوێنین؛ ئەو قوربانییانەی به‌ خوێنی خۆیان داری ئازادییان ئاودا و بوونه‌ هێمای به‌رخۆدان و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی سته‌مدیده‌ كه‌ مێژووه‌كەی پڕه له‌ قوربانیدان و به‌رگری له‌ وڵاته‌كه‌ی.

سی و حەوت ساڵ به‌ر له‌ ئێستا، رژێمی به‌عس هێرشێكی نامرۆڤانه‌ی كرده‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ملێیه‌كانی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر و ته‌نیا به‌ بیانووی كوردبوونەوە، هەشت هه‌زار مرۆڤی سڤیل و بێ تاوانی بۆ بیابانه‌كانی عیراق گواسته‌وه‌ و به شێوه‌یه‌كی هۆڤانه‌ زینده‌به‌چاڵی كردن.

ئه‌نفالكردنی بارزانییه‌كان له‌ ساته‌وه‌ختێكی هه‌ستیار له‌ خه‌بات و قوربانیدانیدا به‌ڕێوه‌چوو كه ناوچه‌كانیان به‌ ته‌واوه‌تی خاپوور كرابوون و به‌شێكیان به‌ ناچاری ئاواره‌ی ئێران و پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ببوون و به‌شێكیشیان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ملییه‌كان راگوێزرابوون.

ئه‌وانه‌ی كه هیچ تاوانێكیان نه‌بوو، بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ كورد بوون و ته‌نیا پێداگیرییان له‌سه‌ر ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌كرد، كه‌وتنه‌ به‌ر شاڵاوه‌ به‌دناوه‌كانی ئه‌نفال و به به‌خشینی گیان و خوێنی خۆیان و‌ له‌ده‌ستدانی ئازیزترین ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان، ئیراده‌ی خۆیان ته‌سلیم نه‌كرد و بوونه‌ ده‌نگی مه‌زڵوومییه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كی خۆڕاگر كه ئه‌وكات له‌به‌رده‌م گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ی توانه‌وه‌ و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌كه‌یدا بوو؛ به‌ جۆرێك كه سزادانی تاوانبارانی ئه‌م تاوانه‌ش‌ نه‌یتوانیوه‌ برینی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان سارێژ بكاته‌وه‌.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵیادی ئه‌و تاوانه‌ دژه‌ مرۆییه‌دا‌، جارێكی دیكه‌ پێداگری له‌سه‌ر پێویستیی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی مادی و مه‌عنه‌ویی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان و كیمیاباران ده‌كات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، له‌ هه‌وڵه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌ یادی قوربانییانی ئه‌م جینۆسایده‌دا‌، دروود و سڵاو بۆ روحی پاكی قوربانییانی ئه‌نفال و كیمیاباران و ته‌واوی شه‌هیدانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان ده‌نێرین و به‌ خزمه‌تكردنی نیشتمان، پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌، یه‌كڕیزی و برایه‌تی رێز له‌ قوربانیدانیان ده‌گرین.

ریکلام

کوردستان

لایەنەكان لەسەر (مەرجەعی باڵای كوردی) ڕێككەوتن

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات لە سوریا ڕایدەگەیەنێت، لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لە قۆناغی دووەمی گفتوگۆكانیاندا ڕێككەوتوون لەسەر دروستكردنی مەرجەعی باڵای سیاسی.

ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات لە سوریا لە لێدوانێكدا ئاشكرایكرد، لە قۆناغی یەكەمی گفتۆگۆكاندا بۆچوونی سیاسی هاوبەش دروستبووە و بە سەركەوتووی ئەنجامدرا، قۆناغی دووەمیش لە سێ خال پێكدێت، كە بریتین لە دروستكردنی مەرجەعی باڵای سیاسی و دۆخی خۆبەڕێوەبردن و پرسی سەربازی و ئەمنی.

ئاڵدار خەلیل وتیشی، پارتەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردی و ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا لەسەر مەرجەعی سیاسی ڕێككەوتوون و ناوەكەشی (مەرجەعی باڵای كوردی) دەبێت.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە بە سەرپەرشتی نوێنەری ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، پڕۆسەی یەكخستنی نێو ماڵی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان دەستیپێكردووە و تا ئێستاش دیدار و كۆبوونەوەكان بەردەوامە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

نەتەوە یەكگرتووەكان: چەكدارانی سەر بە توركیا چەندین تاوانیان لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

لەنوێترین ڕاپۆرتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا ئاماژە بەوەكراوە كە گروپە چەكدارەكانی سەر توركیا چەندین پێشێلكاریان لە عەفرین و سەرێكانی و ناوچەكانی تری ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە.

ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕاپۆرتێكدا باسی لەو توندوتیژی و پێشێلكاریانە كردووە، كە گروپەكانی سەر بە توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجامیانداون، لەوانە دەستبەسەرداگرتنی موڵكە و ماڵی هاووڵاتیانی كورد و ڕفاندن و ئەشكەنجەدان.

هانی مەجلی كۆمیسیاری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سوریا ڕایگەیاند، ئاماریان لەبەردەست نییە بۆئەوەی بڵێین چەند كەس دەست بەسەر ماڵ و موڵكیدا گیراوە یان دەركراوە، بەڵام هەندێك كەیسی تایبەتیمان دۆكیۆمێنت كردوون. لە هەندێك لە كەیسەكان بینیومانە كە خەڵك داوایان لێكراوە ماڵی خۆیان جێبهێڵن، ئەوەش لەلایەن سوپای نیشتمانیی سوریاوە. خەڵكی هەڵاتوون و بینیویانە كە ماڵ و موڵكیان دەستی بەسەردا گیراوە و زەحمەتیش بووە بۆئەوەی بگەڕێنەوە سەر موڵكیان.

كۆمیسیاری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سوریا ڕاشیگەیاند، پێشێلكاریی زۆر خراپتریان بینیوە، لەوانەش دەستگیركردن و زیندانیكردن و ئەشكەنجەدان و توندوتیژیی سێكسی كە لە زیندانەكان ڕوویداوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

مەسرور بارزانی: لەگەڵ حکومەتى عیراق دەگەینە ڕێکەوتنی کۆتایی

 

خەڵک – بەشی هەواڵ

 

مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت، گەشبینە، کە دەتوانن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەن بە رێککەوتنی کۆتایی.

 

سەرۆکی حکومەتى هەرێم لەتویتێکدا ڕایگەیاند، لەکاتێکدا کۆمەڵێک بەربەست بوونیان هەیە، تیمێکی بەهێزیان هەیە، بۆ دانوستان لەنێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى عیراق.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، پەیوەندییە بنیاتنەرانەکانی نێوان هەولێر و بەغداد گرنگە بۆ سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عیراقیش.

 

باسی لەئەوەشکرد، گەشبینە، کە دەتوانن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەن بە رێککەوتنی کۆتایی.

 

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ناکۆکیەکانیان لەگەڵ حکومەتی عیراق زۆرن و کیشەی ئێستا نین و دەمێکە ئەو کێشانە ھەن، دەیانەوێت دڵنیایی بگەڕێننەوە بۆ ھاوبەشی ستراتیژی نێوانیان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان