کار بۆ كه‌وتنه‌کاری هێڵی ئاسمانی نێوان هه‌ولێر و مێرسین دەکرێت



پارێزگاری هه‌ولێر، ئومێد خۆشناو پێشوازیی له‌ شاندێكی باڵای سه‌رمایه‌دار و خاوه‌ن كارسازانی توركیا كرد كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی ژووری بازرگانی شاری مێرسین و سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تی توركیا-عێراق سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌.

 

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە پارێزگای هەولێرەوە بڵاوکراوەتەوە، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شدا بە ئاماده‌بوونی جێگری پارێزگاری هەولێر، هێمن قادر بیروڕا له‌سه‌ر شێوازی به‌هێزكردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و تورکیا ئاڵوگۆر كرا، هەروەها جه‌خت له‌سه‌ر ئالییه‌تی بەردەوامبوون و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاست و قه‌باره‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ كرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ به‌ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی نێودەوڵەتیی زێت درا، كه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی ده‌بێت بۆسه‌ر فراوانكردنی قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا.

 

پارێزگاری هه‌ولێر و جێگری پارێزگار له‌گه‌ڵ ‌سه‌رۆكی ژووری بازرگانی شاری مێرسین و سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تی توركیا-عیراق هاوڕابوون له‌سه‌ر كاركردنی جیددی بۆ كه‌وتنه‌ كاری هێڵی ئاسمانی نێوان هه‌ولێر و مێرسین ئه‌وه‌شیان به‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان شرۆڤه‌كرد بۆ توندوتۆڵكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان.

 

شانده‌كه‌ی توركیا هیوایان خواست پارێزگاری هه‌ولێر و تیمی پارێزگا سه‌ردانی شاری مێرسین بكه‌ن تاوه‌كو بناغه‌ی ده‌سته‌خوشكی نێوان هه‌ولێر و مێرسین دامه‌زراوه‌تر بكه‌ن و له‌گه‌ڵیاندا به‌شدار بن له‌ فێستیڤالی ساڵانه‌یان كه‌ نمایشێكی فراوانی كولتوورو داب و نه‌ریته‌كانی ئه‌و شاره‌ ده‌خرێته‌ روو، له‌وێش دیدار و گفتوگۆی بازرگانی رێكده‌خرێت و ئه‌مه‌ش به‌شێكی دیكه‌ ده‌بێت‌ له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا.

عێراق میوانداری کۆنگرەی وەزیرانی گواستنەوە دەکات
پێت عێراق میوانداری کۆنگرەی وەزیرانی گواستنەوە دەکات
کارگەیەک لە عێراق، ڕۆبۆت بۆ بەرهەمهێنانی کەرەستەکانی بەکار دەهێنێت
دوات کارگەیەک لە عێراق، ڕۆبۆت بۆ بەرهەمهێنانی کەرەستەکانی بەکار دەهێنێت
پەیوەندیدار