“داواكاری گشتی و چاودێری دارایی و ئەنجوومەنی پارێزگا كامێراكانی هاتووچۆ بەنایاسایی دادەنێن”



ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دانانی كامێرای چاودێری تیژڕەوی (پۆینت تو پۆینت) بە ئاشكرا لە سودی كۆمپانیا و زیانی حكومەت و بەهەدەردانی داهاتی گشتیە و دەشڵێت: “چاودێری دارایی و ئەنجوومەنی پارێزگا بە نایاساییان داناوە و داواكاری گشتی داوای لە دەستەی دەستپاكی كردووە ڕێكاری یاسایی لەدژ بگرێتەبەر”.

خەدیجە عەبدولجەبار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئێمە چ وەك ئەندامی ئەنجومەن و چ وەك دامەزراوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، هەڵوێستەكانمان زۆر ڕوون و ڕاشكاو بووە سەبارەت بە دانانی كامێرای چاودێری تیژڕەوی(پۆینت تو پۆینت)، لەو ڕووەوە كە گرێبەستەكە بە ئاشكرا لە سودی كۆمپانیا و زیانی حكومەت و بەهەدەردانی داهاتی گشتیە.

ڕاشیگەیاتد، لەكاتی خۆیدا نووسراومان ئاڕاستەی پەرلەمان كردووە و وەك پیشەی هەمیشەییان كاریان لەسەر نەكردووە و وەڵامیان نەداوینەتەوە. بەو پێیەی گرێبەستەكە لەسەر ئاستی وەزارەتی ناوخۆ ئەنجام دراوە و لەسەروو دەسەڵاتی حكومەتی خۆجێیە، بۆیە نووسراومان ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە و سەرنجی خۆمانمان پێ ڕاگەیاندوون.

ئاشكراشی كرد، لەگەڵ فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی لەسەر هێڵ بووین و ئەوانیش نووسراویان بە ژمارە (٦/١١٣٧ لە ٢٠٢٢/٨/١٨) ئاڕاستەی دەستەی نەزاهە كردووە تا ڕێكاری یاسایی بگرنە بەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن دەشڵێت: “فەرمانگەی چاودێری دارایی سلێمانی ڕاپۆرتی خۆیانیان بۆ ناردووین و بە ئاشكرا، گرێبەستەكە بە نایاسایی دادەنێن و پێیان وایە بە هەدەردانێكی ئاشكرای داهاتی گشتی لە خۆگرتووە و فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی هەڵوێستی خۆیان هەبووە لە ڕەدكردنەوەی گرێبەستەكە “.

خەدیجە عەبدولجەبار ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی ماوەتەوە هەردوو دەسەڵاتی پەرلەمان و دەستەی نەزاهەیە، كە وەڵامی هاووڵاتیان و دەزگا شەرعیەكانی خەڵك بداتەوە و دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەیان هەیە، بۆیە ئێمە لای خۆمانەوە لە پێناو داكۆكیكردن لە ماف و بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیان و پاراستنی سەروەری یاسا و شكۆی دامەزراوە شەرعیەكان، ئامادەی هەر ڕێكارێكی تری ئسوڵی و یاسایین لەم پرسە و هەر پرسێكی تری پەیوەست بە مافەكانی خەڵك.

مقەدەم بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی وتی، “تەنها ڕۆژی دوو شەممە زیاتر لە ٣٨٥ هەزار سەرپێچی لە رێگەی تاسلوجە بۆ دوکان لە کامێراکانی پۆینت تو پۆینت-ەوە تۆمارکراون!”، كە ئەوەش كارردانەوەی ناڕەزایی هاووڵاتیانی لێ كەوتەوە، كە بڕێكی زۆر غەرامەی هاووڵاتیان دەكرێت و بارگرانییەكەی دیكەیە بۆ هاوووڵاتیان.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ئەو ئامارەی ڕەتكردەوە و دواتریش هاتووچۆی سلێمانی ڕەتی كردەوە و وتی، “ئەوە ئاماری خستنەكاری كامێراكانە لە سەرەتاوە تا ئێستا نەك ڕۆژێك”.

بۆ پارەی بەشەخۆراكی مانگانە ڕوونكردنەوە دەدرێت
پێت بۆ پارەی بەشەخۆراكی مانگانە ڕوونكردنەوە دەدرێت
بڕیاری دامەزراندن بۆ بەشێكی فەرمانبەرانی گرێبەست دەردەچێت
دوات بڕیاری دامەزراندن بۆ بەشێكی فەرمانبەرانی گرێبەست دەردەچێت
پەیوەندیدار