ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

 خەباتی چەکداری ژنانی کورد لە رۆژهەڵاتی کودستان

هاوژین زیبا

 

لە سەردەمی پێش کۆڵۆنیالیزم، وا هەست دەکرێت بارودۆخی ژنانی کورد بە بەراورد بە ژنانی گەلانی دراوسێ باشتر بووە. لە زاری گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە کە لە نوسینەکانیاندا باسیان لێوە کردووە و لە ئێستادا بۆ ئێمە دەبنە بەڵگەی ڕاستی و سروشتی ژیانی میللەتی کورد و توانا و لێهاتوویی، ژنی کورد وەکو مرۆڤێکی خاوەن کەسایەتی و بەتوانا لە ژیاندا باس دەکەن.

بۆ نمونە (پیێر پۆنافیدین) Pierre Ponafidine لە کێبەکەیدا سەبارەت بە ژنانی کورد نوسیوییەتی: “خێڵە کوردە جۆراوجۆرەکان زۆربەی کات شەڕدەکەن، کە زۆرتر هۆکاری شەڕەکانیان لەسەر ژنەکانە. کوردەکان سەربەخۆن، میوان دۆستن، ئازادیی خۆیان خۆش‌دەوێت و بڕوای تەواویان بە ‘نان و نمەک’ هەیە. سەربەستیی ژن لەلای ئەوان لە هەر تیرەیەکی دیکەی مسوڵمان زیاترە، و ڕوخساری خۆیان تەنانەت لەلای میوان و غەریبەش داناپۆشن. ئەوان قورستر لە وڵاتانی مسوڵمانی تر کاردەکەن. بە گشتی زۆر سیفەتی بەرچاویان هەیە کە فەزڵیان بەسەر عەرەبدا دەدات”(١).

یەکێکی تر لەو بەڵگانە؛ نوسینەکانی (ڕیچ)ـە کە گەڕیدەیەکی بریتانیایی بووە، لە کتێبەکەیدا سەبارەت بە ژنانی کورد ئاوا دەنوسێت: “پاشان دووبارە دەهۆڵ و زوڕنا، ئاوازی چۆپیەکەیان لێ‌دایەوە و پۆلێ لە ژنان، کە ژمارەیان سی ژن دەبوون، هاتنە حەوشەکەوە و دەستیان گرت و لەسەرخۆ و ڕێک‌وپێک هەڵ‌دەپەرین. ئەم ژنانە بەبێ ڕووبەند و بە گێزە و گوڵینکە و خشڵ و کراسی ئاوریشمی ئاڵ و واڵاوە، لەو پەری خۆگۆڕیندا بوون، لە ڕاستییشدا دیمەنێکی زۆر ڕەنگین بوو. بەڵکوو بەلای منەوە شتێکی تازە بوو، چونکە هێشتا لە خۆرهەڵاتدا ژنم نەدیوە – بەتایبەتی خانمەکانیان – بەو سەربەستییەوە بەبێ ڕووبەند، تێکەڵ بە پیاوان ببن، تەنانەت ژنانی عەرەبیش ئەوەندەی ئەمان، لەم مەیدانەدا سەربەست نین، چونکە ئەوان زۆرتر خۆیان دەپێچنەوە”(٢).

تەنانەت لەناو خانەوادەی بەگزادەی کورددا نمونەی فەرمان‌ڕەوای ژنی کورد هەبوون، بۆ نموونە: ” عادیلە خانم، كچی عەبدولقادر بەگی كوڕی حەمید بەگی كوڕی مەحمود بەگی كوڕی ئەحمەد بەگی ساحێبقڕانە. عادیلە خانم، كە بە بیر و فكری خۆی دەورێكی باڵای هەبووە لە ڕاپەڕاندنی كارەكانی ناوچەكە و بە هۆی لێهاتووییشەوە توانیویەتی ناوبانگێكی باش بۆ خۆی دەستەبەر بكات و پەیوەندییەكی باش لە گەڵ عەشیرەتەكانی دیكەدا دروست بكات، كە لە سەردەمی وەسمان پاشا و دوای مردنیشی توانیویەتی لە ڕووی سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی و ئابووری خۆی خاوەن بڕیار و پێگە بێت، و تەنانەت لای ئینگلیزەكان بە شاژنی بێ‌تاجی شارەزوور ناوبراوە، بە هۆی ئەوەی دوای مردنی وەسمان پاشا هەموو دەسەڵاتەكانی ئەوی هەبووە”(٣).

 

ئەو بەشداریانەی ژنان لە ژیان لە ڕابردوودا، کە باسیان لێوە کرا، و ئەو ئاستی هۆشیاریەی لەو ڕۆژگارانەدا هەبووە  ئاماژە بۆ ئازادی و سەربەستیی ژنانی کورد دەکات؛ ئەمانە بۆمان دەسەلمێنن کە کولتوور و ژیانی کورد کولتوورێکی دژە ژن و بە کەم بینینی هێز و لێهاتووییەکانی ژنان نەبووە، بەڵکو و گۆڕانکارییە سیاسی و جیۆگرافیاییەکان و داگیرکاریەکان لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە کاریگەرییان دروست‌کردووە و بوونە هۆی ئەو خراپ‌بوونەی ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە ژیاندا کە ڕووی‌دا. لە سەدەی بیستدا و دوای دابەش‌بوونی کوردستان بەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەرک و بەرپرسیاریی ژنانی کورد گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، و زیهنیەتی داگیرکاری و دواکەوتوویی گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەر دۆخی ژنانی کوردستاندا هێناوە لە سەرجەم بوارە جیاوازەکانی یاندا. ئەمەش وای کردووە لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش و ڕاپەرین و خەبات لە پێناو ئازادی و سەربەستیی مرۆڤ و نیشتمان؛ ژنانیش بەشدارێکی کارای ئەم گۆڕانکارییانە و خەبات بوون لە بەشەکانی کوردستاندا، لەگەڵ خەمی گشتی بۆ سەربەخۆیی و ڕەتکردنەوەی داگیرکاری و بەرهەڵستیی دوژمنانی کوردستان، ژنان لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییان وەکو ڕەگەز و یەکسانی لە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوامدا بوون دژ بە داب‌ونەریتی باوی پیاوسالاری و بە کەم بینینی توانا و لێهاتووییەکانی ژنان بەردەوام و بە شێوازی جیاواز-جیاواز لە خەبات و تێکۆشاندا بوون.

یەکێک لەو ڕێگایانەی ژنان بۆ ڕوبەرووبونەوەی دوژمنان و داگیرکەران گرتیانە بەر خەباتی چەکدار بووە، ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووبونەوە لە سەنگەرەکاندا لە خەباتدا بوون.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکەمین دەرکەوتنی ژنان لە جوڵانەوەی چەکداریدا “ساڵانی (١٩٤٦-١٩٤٧) بووە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دامەزراندنی کۆماری مهاباد، ژنانی کورد لەو دەمەدا کە دواکەوتووترین توێژی ستەمدیدەی کۆمەڵگای کودستان بوون. بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیاندا بوونە خاوەن ڕێکخراوێکی تایبەت بە خۆیان کە لە بەرواری (١٥ی ئازاری ١٩٤٦)دا لە ژێر ناوی “یەکێتیی ژنانی کوردستان” یان “یەکێتی یابانی کوردستان” بە ڕێبەرایەتی‌ی (مینا خانم) هاوسەری پێشەوا قازی محەمەد دامەزرا. لە ئەندامە ناسراوەکانی یەکێتیی یابانی کوردستان، بێجگە لە مینا خانم؛ بریتی بوون لە (عائیشە خان، کولثووم خان، زیبا خان، عیسمەتی کچی پێشەوا). یەکەمین ئامانجی ئەم یەکێتیە کۆکردنەوەی هێزی ژنان بوو بۆ پشتگیری کردن لە کۆمار و میللەت”(٤).

ژنانی کورد بەبێ جاوازیی ئاستی خوێندەواری و شار و گوندەکان بەشدارییان لە تێکۆشانی نەتەوەیی و خەباتی یەکسانیی ڕەگەزدا کردووە. نموونەیەکی دیکە لە خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی چەکداریی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە بە “کۆمەڵە” ناسراوە، سەرەتای دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦١.

لە ناو خەباتی کۆمەڵەدا بۆ یەکەم جار ژنانی کورد چەکیان هەڵگرت و مەشق چەکدارییان پێ دەکرا وشان بەشانی پێشمەرگەی پیاو بوون بە پێشمەرگە و بەشداری ڕووبەووبونەوەکانیان دەرد. لەم بارەیەوە ئامنە کاکە باوە کە لە ساڵی ١٩٨٦ بووە بە پێشمەرگەی کۆمەڵە دەڵێت:” ژیانی ئێمە وەک کچ یان ژن لە ژێر چاوێری داب و نەریت کۆنترۆڵ دەکرا. ئەمەش وایکرد کە خودی خۆمان نەبین. دەسەڵاتمان بەسەر جەستەو ژیانی خۆماندا نەبێت و سنو داربین. بۆ ڕووبە ڕوو بنەوەی ئەم تێروانینەش ڕوومان کردە خەبات و چەکمان هەڵگرت”(٤).

لە دوای شۆرشی گەلان ١٩٧٩، ئەگەرچی پێکهاتەی دەسەڵاتی پاشایەتی لەبەر یەک هەڵوەشایەوە، بەڵام پرۆسەی ستەمی نەتەوی و پەراوێزخستنی نەتەوە بندستەکانی دیکە لەسەر بنەمای ئوستورەی ئێرانی باستان و ئایدۆلۆژیای مەزهەبی شیعە و زمانی فارس،شێوازێکی نوێی بەخۆوە گرت. سیاسەتی سەرکوت‌کردنی کورد لە سەردەمی دەسەڵاتی خومەینیدا گەیشتە لوتکە. بە هیچ جۆرێک ئامادە نەبوو داواکارییەکانی کورد قبوڵ بکات، کە بریتی بوون لە دیمۆکراسی بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستان. دوا جار چەندین شەڕ و ماڵ وێرانی بۆ کورد دروست بوون، لەوانە ( نەورۆزی خوێناویی سنە، ڕووداوی نەغەدە، شەری سێ مانگە… هتد).

لە پاش تێکچوونی کۆمار یەکەم مانگرتنی گشتی بۆ پشتیوانی لە چەند کەسایەتی سیاسی ئەوکات کە زیندانی کرابوون، مانگرتنێک لە پێش تێلگرافخانەی مەهاباد دێتە ئاراوە کە ژنان ئۆرگانیزەیان کردبوو.

بێ گومان لە هەر یەک لەو ڕووداوانەدا ژنانی کورد بەتایبەت ئەو ژنانەی لە نێو ڕیزەکانی حزبی دیمۆکرات یان کۆمەڵەدا بوون بەشدارییان کردووە و شوێن دەستیان دیار بووە. خواردن و پۆشاک و داودەرمانیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بردووە. جگە لەوەش پاش جێهێشتنی شارەکان چەکیان هەڵگرتووە و لەگەڵ پیاوان خەباتیان کردووە. لەم ڕێگەیەدا ژنان گیروگرفتی زۆریان بۆ هاتووەتە پێش، چ لە لایەن خانەوادەکانیانەوە بووبێت یان کۆمەڵگا. تەنانەت زۆر جار لە لایەن ئەو پیاوانەی کە هاوخەبات و هاوسەنگەریان بوونە بە چاوی کەمترەوە تەماشا کراون، ئەمەش وای کردووە ژنان لە توانای خۆیان زۆر زیاتر کار بکەن و قوربانی بدەن لە پێناو سەلماندنی توانا و لێهاتوویاندا. خەبات‌کردن لە ناو کۆمەڵەدا بۆ ژنانی کورد لە ژێر کاریگەریی تەوژمی چەپی ئێراندا بووە، ئەم تێکۆشانە لە ئازادیی پەیوەندیەکانی نێوان ژنان و پیاوان لە دیاری‌کردنی هاوسەر و دروستکردنی پەیوەندیی زایەندیدا بووە. ئەمەش لە لای بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنانەوە ڕەخنەی لێ گیراوە، کە ژنانی ناو کۆمەڵە و “دێموکرات” نەیان توانیوە لە ژێر سیستەمی پیاوسالاری و بە موڵک زانینی ژناندا ـ وەک ئەوەی پێویستبێت ـ خۆیان ڕزگار بکەن، بەڵگەش بۆ ئەم ڕەخنەیەیان ئەوەیە وەک دەبینرێت تاکوو ئێستا هیچ ژنێک لە ناو خەباتی کۆمەڵە یان دێموکراتدا نەیانتوانیوە ببن بە سکرتێری حزب یان جێگری سکرتێر یاخود پلە باڵاکان لە ناو حزب و ڕێکخستنەکاندا وەربگرن.

 

سەرچاوەکان:

  1. Pierre Ponafidine, Life in the Muslim East, translated from the Russian by: Emma Cochran Ponafidine, DODD,MEAD AND COMPANY New York 1911

2.کلودیوس جێمس ڕیچ، گەشتی ڕیچ بۆ کوردستان ١٨٢٠، وەرگیرانی لە عەرەبییەوە: محەمەد حەمە باقی، دەزگای ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٢

ریکلام

وتار

خۆپێشاندانی یاسایی و بەبەرهەم دەبێت چۆن بێت 

رێبوار محمد صالح

خۆپیشاندان بریتیە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەخەڵکێک لە گۆرەپان و شوێنەگشتیەکاندا  بە شێوەیەکی رێکخراو یان نیمچە رێکخراو ، وبەشیوەیەکی ئاشتیانە بۆ مەبەستی درواست کردنی رایەکی یەکگرتووی گشتی بۆ بەدەست هێنانی مەبەستێکی دیاری کراو .

رێکخستنی خۆپیشاندان لەلایەن لیژنەیەکەوە دەبێت کە لە ٣ کەس کەمتر و لە ٥ کەس زیاتر نەبن ، خاوەنی شیاوی یاسایی بن وئەرکی رێکخستن و بەرێوەبردنی خۆپیشاندانەکە دەگرنە ئەستۆ .

لیژنەی رێکخەر یەکەم ئەرکیان وەرگرتنی مۆڵەت دەبێت لە لایەنی پەیوەندی دار کە بریتیە لە وەزیر یاخود سەرۆکی یەکەی کارگێری .

وەرگرتنی مۆلەت بە داوەیەکی نوسراو دەبێت و ئاراستەی لایەنی پەیوەندی دار دەکرێ ئەمیش لای خۆیەوە دەتوانێ داوەکە رەت بکاتەوە ئەگەر پێی وابوو زیان بە سیستەمی گشتی و ئاکاری گشتی دەگەیەنێ ، لێرەدا پێموایە ئەمە پێشلکردنێکی یاسایی مافە دەستووریەکانە چونکە دەبێتە کۆت لەسەر مافی خۆپیشاندان و لەبنەرەتدا رێکخستنی خۆپیشاندەران تەنها بە ئاگادارکردنەوەی لایەنی پەیوەندیداردەبێت.

لیژنەی رێکخەر مافی ئەوەی هەیە کە تانە لە بریاری لایەنی پەیوەندیدار بگرێ بۆلای دادگای تیاهەڵچوونەوە و دادگا دەبێت لە ٤٨ کاتژمێردا تانەکە یەکلای بکاتەوە ، خۆ ئەگەر لایەنیی پەیوەندیدار وەڵامی داوەکەی نەداوە ، ئەوە داوای ریکخستنی خۆپیشاندان دوای ٤٨ کاتژمێر بە پەسەندکراو دادەنرێت .

داوای خۆپێشاندەران دەبێت ئاراستەی لایەنی پیوەندیدار( کەسی یەکەمی بەپرس لەو مەبەستەی کە خٶپیشاندانی بۆ رێکخراوە) بکرێت ، وە لایەنی پەیوەندیدار دەبێت لەگەل لیژنەی تایبەت کۆببێتەوەو داواکارییەکانیان وەربگرێت وبە مەستی دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو .

ئەرکی هێزەکانی پۆلیسە کە ئارامی و سەلامەتی خۆپیشاندەران بپارێزن ، لە حالەتێک کە دەزگاکانی پۆلیس لە سنوری خۆیان دەرچوون و هێزیان بەکارهێنا دژی خۆپیشاندەران ئەوە بە پێی یاسا توشی لێپرسینەوەی یاسایی دەبن و رووبەرووی دادگای تایبەتمەند دەکرێنەوە .

ئە‌وانە‌ی سە‌رە‌وە‌ گرنگترین ئە‌و ئەحكامانە‌ن كە‌ لە‌ یاسای ژمارە‌  ١١ ی سالی ٢٠١٠ ی ھە‌رێمی كوردستاند ھاتووە‌ تایبە‌ت بە‌ رێكخستنی خۆپیشاندان.

پشت بەست بەو حوکمە یاساییانەی باس کرا رێکخستنی هەر خۆپیشاندانێک لە هەرێم دەبێت  بگونجێندرێت لەگەڵ مەبەستی خۆپیشاندانەکەدا ، بۆنمونە خۆپیشاندانێک کە دژی شارەوانیەک یان پارێزگایەکی دیاری کراو ئەنجام درا دەبێت ئاراستەی سەرۆکی شارەوانی یان پارێزگاربکرێت ، بەپێچەوانەوە ئەو خۆپیشاندانە کاریگەر و بەبەرهەم نابێت ، لێرەوە دەتوانین بلێین خۆپیشاندانی رۆژی چوارشەمەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەبەرهەم بێت دەبێت چەند رێگاو میکانیزمێکی تێدا بگیرێتەبەر، لەوانە :

یەکەم/ یەکەمین و سەرەکی ترین داواکاری رێکخەرانی خۆپیشانەکە بریتیە لە هەڵوەشانەوەی حکومەت و ئەنجام دانی هەڵبژاردنی پێشوەخت ، ئەم داواکارییە دەبێت بە شێوەیەکی نوسراو ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بکرێت ، نەک لایەن و جیهەتی تر ، چونکە بەرپرسی یەکەم و خاوەن دەسەڵاتی یاسایی بۆ جێبەجێ کردنی ئەو داواکاریانە سەرۆکی حکومەت (مسرور بەرزانی )یە، ئاشکرایە کە بەرپرسیارێتی سەرۆکی حکومەت بەرپرسیارێتیەکی هاوبەشی و کەسییە ( تضامنی و شخصی) ، ئەمەش یەکێک لەماناکانی ئەوەیە کە سەرۆکی حکومەت (مسروربەرزانی) بەرپرسی سەرجەم گەندەڵی و نادادییەکانی ئەم هەرێمەیە لەرووی یاساییەوە، زۆرجار گوێبیستی ئەوەدەبین کە سەرۆکی حکومەت لەباسی هەندێک جۆری گەندەڵی دا ئەلێ لەسەردەمی کابیینەکانی پێشوودا کراون ، لەراستیدا ئەم قسەیە شەفاعەتی یاسایی بۆ ناکات چونکە ئەوجۆرە لەگەندەڵی بە تاوانی بەردەوام دادەنرێت و خودی ئەم سەرۆکە بەرپرسی سەرەکی دەبێت لەوتاوانانە.

دووەم/ دەبێت هەولێری پایتەخت بکرێتە چەقی خستنەرووی نارەزایی و خۆپیشاندانەکان ، ئەمە یاسایەکی کردەییەو دەبێت سەرجەم گۆرانکارییەکان لە پایتەختەوە سەرچاوەبگرێ ، پاشان سەرجەم کۆنسۆلخانەکان و نوێنەرایەتی ووڵاتان لەپایتەخت دا کۆبوونەتەوە ، ئەمە هێز و قورسایی زیاتر بە داوکاری و خواستەکانی خۆپیشاندەران دەبەخشێ، و باشترو روونتر نادادیەکانی ئەم حکومەتە بە نوێنەرایەتی ووڵاتان دەگەیەنرێ .

سێیەم/ بەپێی یاسا دەبێت لایەنی پەیوەندییدار لەگەل نوێنەری خۆپیشاندەراندا کۆبێتەوە، وەک وتمان لایەنی بەرپرس سەرۆکی حکومەتە و بارەگای سەرٶک و  ئەنجومەنی وەزیران لە پایتەختدایە ، کەوایە ئەنجامدانی خۆپیشاندان یاخود زووم و فشاری زۆری خۆپیشاندەران لەدەرەوی پایتەخت هیچی لە خۆپیشاندانەکانی تر زیاتر نابێ ، چونکە سەرچاوەی دەسەلات و بریاری یاسایی لەهەولێرە.

چوارەم/ زەمینەخۆشکردن بۆ خۆپیشاندان و هەوڵدان بۆ بەشداری چین و توێژە جیاوازەکان، منطقی نیە پێمان وابێت سەرۆکی حكومەت هاوشێوەی سەرۆکی لبنان بەخۆپیشاندانێکی سادە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی پەرلەمان بکات ، ئەمە رۆشبنیری دەوێت ، رۆشبنیری حكومرانی و وازهێنان لەدەسەڵات لەم سەرۆکە چاوەڕواننەکراوە، و ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەکاتێکدا ئەنجامەکەی بەجۆرێک لەجۆرەکان دیاربێت هۆکارە بۆ بێهیواکردنی توێژەکانی پێکهێنەری خۆپیشاندان، نمونەشـمان خۆپیشاندانەکانی رابردوو بوو کە بەبێ ئەنجام و لە کەمترین کاتدا کە زۆرجار یەک رۆژی خایاندووە کۆتای هاتووە ، هەربۆیە بەڕای ئێمە ئەگەر کاری جدی ورێکخراو و پێشوەخت بۆ سەرخستنی ئەم خۆپیشاندانە نەکرابێ باشترە دوابخرێ بۆ کاتێکی داهاتوو بۆ ئەوەی چیدی خەلك لە ممارەسەکردنی مافەکانیدا بێهیوانەبێ چونکە ئەمە بە پلەی یەکەم دەسەڵات لێی سوودمەندە.

چێنجەم/ کاتی خۆپیشآندان و بەردەوامی خاڵێکی گرنگە و نابێ پشیگوێ بخرێ، نابێ تەنها بە خۆپیشاندانێکی یەک رۆژە و بەرزکردنەوەی هەندێک دروشم کۆتای بەخۆپیشاندانەکە بێت ، واتە رێکخەرانی خۆپیشاندان دەبێت بە گرنگیەوە لەم خاڵە بروانن کە ئەگەر دەسەلات یان روونتر بڵێین سەرۆکی حكومەت داوکاریییەکانی جێبەجێ نەکرد چی بکرێت ؟ ئایا خۆپیشاندان بەردەوامی دەبێت ؟ ، وەڵآمی ئەم پرسیارە جێدە‌‌ێڵم بۆ رٶژانی داهاتوو .

 

لەکۆتایدا دەڵێین خۆپیشاندان مافێکی یاسایی و دەستورییەو پێویستە سەرجەم چین و توێژەکان ممارەسەی ئەم مافەیان بکەن، ممارەسەکردنی مافە یاسایی  مەدەنی و سیاسییەکان دەرخەری ئاستی هوشیاری تاکەکانی کۆمەڵگایە و ئامرازێکیشە بۆ پراکتیزەکردن و گەشەی دیموکراسی هەرووڵاتێک .

 

* مامۆستای زانکۆ

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

حکومەتی کازمی و ئایندەی عێراق و ھەرێم 

د. سیروان حەسەن

دوای دەست لە کارکێشانەوەی حکومەتی عادل عبدالمھدی سەرۆک وەزیرانی پێشوو عێراق ماوەی چەند مانگێک مشتومڕێکی زۆر کرا بۆ دانانی ئەڵترنەیتڤێک و چەند کەسێک دیاری کرا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت بەلام کەسیان سەرکەوتو نەبوون لە بە دەسھێنانی متمانەی پەرلەمان دواتر مصطفى عبداللطيف الكاظمي وەکو کاندیدی ئەو پۆستە توانی متمانەی پەرلەمام بە دەست بێنێت و لە ٧ی ئایاری ٢٠٢٠ دەست نیشان کرا بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی کاتی عێراق، کازمی ھەڵگری بڕوانامەی بکالۆرێسی یاسایە پێشتر خۆی ئۆپۆزسیۆن ڕژێمی پێشوو بوو لە دەرەوە لە سالی ٢٠١٦ وە سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری عێراق بوو کە پۆستێکی ھەستیارە وە تێیدا سەرکەوتو بوو لە کارەکانیدا و توانی ھاوسەنگی بپارێزێت و ھەر ئەوەش بووە ھۆی پێدانی متمانەی پەرلەمان وەکەسێکی نزیک بووە لە بەرھەم سالح سەرۆک کۆماری عێراق.
وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت لە دۆخێکی زۆر سەخت و ئاڵۆزدا بوو لە کاتێکدا کە حکومەت بە تەواوی پەکی کەوتبوو و نوقمی گەندەڵی و کێشە و گرفت و قەیرانی دارایی و ململانی سیاسی لایەکان و دەست تێوەردانی دەرەکی بوو لە گەڵ کێشە کەڵەکەبووەکانی سالانی پێشوو و شاڵاوی نەخۆشی کۆرۆنا ئەمەش وەکو تەحەدایک بوو بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێ لە گەڵ ئەوەشدا توانی لە ماوەیەکی کەمدا چەند ھەنگاوێکی باش و بوێرانە بنێت وەک سەرەتایەک بۆ دەست پێکردن وەکو سنوردارکردنی چالاکی ھێزە ملیشیایەکان و کۆنترۆلکردنی دەروازە سنوریەکان و سەردانی مەیدانی و نزیک بوونەوەی لە جەماوەر و گوێگرتن لە کێشەکانیان دیارە بۆ ئەو ھەنگاوەش پشتیوانی باشی ھەبوو بە تایبەتی ئەمریکا و چەند لایەنێکی نێودەوڵتی و لایەنە عێراقیەکان، ھەرچەندە لە ئێستادا ناکرێت ئەو دەرئەنجامانە بە سەرکەوتنی کۆتایی ئەژمار بکرێت بەلام لە گەل ئەوەشدا وەکو بنەمایەکی باش دادەنرێت بۆ بەردەوام بوون و چاکسازی و گۆڕینی دۆخی ناوخۆ و نێودەوڵەتی عێراق ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، لە گەڵ بەرەنگاری بونەوەو ڕێگریکردنی توندی چەند لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بە تایبەتی گروپ و لایەنەکانی سەر بە ئێران بەلام کازمی لەو ماوەیەدا توانی لە زۆربەی لایەنەکان نزیک بێتەوە و خۆگونجاندێک دروست بکات و دەنگی ناڕەزایتی ناوخۆیی کپ کاتەوە ھەرچەندە کاتیش بێت، لە ڕوی سیاسیەوە ڕۆڵێکی باشی دەبێت بۆ ئایندەی عێراق ئەگەر دۆخەکان گۆڕانکاری کتوپڕیان بە سەردا نەیەت.

سەبارەت بە حکومەتی ھەرێم ھەرچەندە ناو بە ناو چەند لایەنێکی کوردی ناڕەزایەتی دەدەبڕن بەرامبەر بەو رێکار و مامەڵانەی کە گرتویەتە بەر لە سەر داھاتی نەوت و دەروازە سنوریەکانی ھەرێم کە ئەوەش لە چوار چێوەی سیاسەتی حکومەتی مەرکەزی و بارودۆخی گشتی عێراقە بەلام تا ئێستا بە پێی دەرکەوتەکان و شرۆڤەی سیاسەتمەداران کاریگەری نەرێنی زۆری نەبووە تەنھا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم نەبێت کە پێشتر رێکەوتنیان لە سەری کردبوو ئەویش زیاتر کێشەیەکی ناوخۆی ھەرێم بوو کە لە قۆناغەکانی پێشووی حوکمڕانیدا ژیرانە پلانی ئابوری بۆ دانەڕێژرا بوو و کاری پێویستی بۆ نەکرابوو.

كێشەی گەورەی سەرکردە و سیاسەتمەدارانی ھەرێم نەبونی دووربينى ستراتيجية لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ رووداوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان لە کات و ساتی گونجاودا وە شرۆڤە وخوێندنەوەی وردیان نیە بۆ بەسەرھاتەکان پێش یان لە کاتی روودانیدا و روکەشیانە پێشبینی رووداوەکان دەکەن نەک وەک دەولەتمەدارێک ، بۆیە لە گەل کازمیش زۆر پێویستە لە چوار چێوەی ئاسایسی نەتەوەی کورد مامەلە بکرێت نەک وەکو دۆست و ھاورێ و ھاوپەیمان .

بۆ چارەسەر کردنی کێشە ھەلپەسێرداوەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدرال پێویستە ھەرێم بۆ داھاتوو زۆر بە وردی و بە وریایی و حەکیمانە مامەڵە لە گەڵ دۆخەکاندا بکات چونکە بە قۆناغێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت و چارەنوسی قەوارەی سیاسی ھەرێمی تێدا دیاری دەکرێت.

ئەگەر حکومەتی کازمی بەو شێوازە بەردەوام بێت و کارەکانی تەنھا وەکو بانگەشە نەبێت بۆ خۆئامادەکردن بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو ئەوە ئەگەری باشتربوونی ئایندەی عێراقی تێدا بە دی دەکرێت و دەیباتە قۆناغێکی باشتر و گۆرانکاری گەورەی بەدواوە دەبێت و کاریگەری دەست تێوەردانی دەرەکی کەم دەکاتەوە لەسیاسەتی داھاتوی عێراق و دەیگەیەنێتە کەناری ئارام.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

90 ساڵەی سیستانی و 46 ساڵەی سەدر

یاسین تەها

سەرەتای هەموو مانگێكی ئاب، شیعەی عێراق و ناوچەكە سەرقاڵی دوو یادی لەدایكبونن؛ سیستانی و موقتەدا سەدر. لە ٤ی ئابی ئەمساڵ تەمەنی سیستانیی هەڵكشا بۆ 90 ساڵ و سەدریش 46 ساڵی تەواوكرد، نزیكەی نیوەی تەمەنی سیستانیی.
ئەم پیاوە ئاینییانە هێز و پێگە لە بانگەشەی نوێنەرایەتی یان بریكاریكردنی ئیمامی زەمان “مەهدی” وەردەگرن كە سەرمۆری رێبەرەكانی شیعەیە. هه‌رچه‌نده‌ ئێستا مەهدی “الحُجة” تەنها ناوەکەی ئامادەیە و بڕوا وایە له ‌پەنهانیدا “ستوودە” بێت‌، به‌ڵام به ‌كۆڕای‌ سه‌رجه‌م شیعه‌كانی‌ دونیا سه‌رۆك ‌و کاریزما و ده‌مڕاستی‌ بێ ڕکابەری شوێنکەوتوانی ئەم ئاینزایەیە‌ كه‌ ده‌وروبه‌ری‌ 10% موسوڵمانانی‌ جیهان پێكده‌هێنن.
“مەهدی مونتەزر” یان ” ئیمامی‌ زه‌مان” ناوی راستەقینەی محه‌مه‌دی‌ كوڕی‌ حه‌سه‌ن عه‌سكه‌رییە، له‌ نه‌وه‌ی‌ ئیمامی‌ ئیمام عه‌لی‌ ئامۆزا‌ و زاوای‌ پێغه‌مبه‌ری‌ ئیسلامە (د.خ).
به‌پێی‌ حیكایەتە‌ شیعییه‌كان كاتێك خێزانی ئیمام حه‌سه‌نی‌ عه‌سكه‌ری‌ (ئیمامی‌ یازده‌یه‌م) كه‌ ئارامگاكه‌ی‌ له ‌شاری‌ سامه‌ڕایه‌، شه‌وی‌ 15 شه‌عبان (شەوی به‌رات) له ‌ساڵی 255 كۆچی [869 زاینی‌] كوڕێكی‌ بووه، باوكی ناوی‌ ناوه‌ محه‌مه‌د، بەڵام نه‌یوێراوه‌ له ‌ترسی‌ جەور و سته‌می‌ عه‌باسییه‌كانی‌ ئامۆزایان کە ئەوکات حوكمڕانی‌ عێراق و جیهانی ئیسلام بوون، زۆر ئاشكرای‌ بكات، ته‌نها لای‌ دۆسته‌كانی‌ نه‌بێت.
گێڕانەوەکانی ئەم پێكهاتەیە دەڵێن: ئیمام حه‌سه‌ن كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر بووه،‌ له ‌كۆڕ‌ و كۆبوونه‌وه‌ نهێنییه‌كاندا كوڕە‌كه‌ی‌ به‌ لایه‌نگرانی‌ خۆی‌ ناساندوه‌‌، به‌ شیعه‌كانیشی‌ گوتووه‌ “ئه‌گه‌ر من هه‌رچیم لێهات ئه‌وه‌ مه‌هدی‌ جێگام ئه‌گرێته‌وه”. باوترین وتە و دروشمیش كە دەربارەی مەهدی دەگوترێت ئەوەیە “له‌پاش ئه‌وه‌ی‌ زه‌وی‌ پڕ ده‌بێت له‌ تاوان ‌و سته‌مكاریی‌، ئەو پڕی دەكات لە دادگەری و ئارامیی”، سوننەكانیش هەمان باوەڕیان دەربارەی مەهدی هەیە، بەڵام لە باوەڕی ئەواندا مەهدی ئێستا غەیب نییە و لە كۆتایییەكانی دونیا هەڵدەكەوێت و كوڕەكەی حەسەن عەسكەری نییە.
له‌پاش مردنی‌ باوكی، مه‌هدی‌ ماوه‌ی‌ 69 ساڵ خۆی‌ شاردوەتەوە له‌ خه‌ڵك ‌و ته‌نها له ‌رێگای‌ نوێنه‌ر ‌و نامه‌به‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌وادارانی‌ ئال‌ و به‌یت‌ و شیعه‌كان په‌یوه‌ندی‌ كردووە، چوار لەو نوێنەرانەش لە هەموویان ناسراوترن و پێیان دەوترێت “السفرا‌ء الأربعە”. ئه‌م چوار نوێنه‌ره‌ له‌ پاش مردنی ئیمام حه‌سه‌ن عه‌سكه‌ریی باوكی له‌ ساڵی 260 ك – 874ز له‌ عێراق و ئه‌سپه‌رده‌كردنی له‌ سامه‌ڕا‌، كە شیعەكان باوەڕیان وایە ژەهرخوارد كراوە‌ نوێنەر و نامەبەری نێوان مەهدی و شوێنەكەوتەكانی بوون، به‌ مه‌رگی كۆتا كه‌س له‌و چوار نوێنەرەش له‌ ساڵی‌ 329 ك- 941 ز كه‌ عه‌لی سه‌ممه‌رییه‌ قۆناغی نێوانگری و نامەبەری كۆتایی دێت و ئیتر دەرگا بۆ بریكاری و مەرجەعیەتی ئاینی دەكرێتەوە تا ئەوكاتەی كه‌ مه‌هدی ده‌گه‌رێته‌وه‌ سه‌ر زه‌وی بۆ به‌رپاكردنی دادگه‌ریی به‌پێی بیروباوه‌ڕی شیعه‌كان، له‌ ئێستادا چاوه‌ڕوانی ئه‌و رۆژگاره‌ن.
خومه‌ینی‌ كه‌ رابه‌رایه‌تی‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ كرد له ‌ئێران‌ (1979) و یه‌كێكه‌ له ‌پایە ناوداره‌كانی‌ شیعه‌گه‌رێتی‌ لە سەردەمی نوێدا، پێیوایه‌ له‌ غیابی‌ “ئیمامی زەمان”دا زۆربه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ شه‌رعزانێكی‌ له‌خواترسی‌ شاره‌زا (مه‌به‌ستی‌ خۆی‌ بوو)، تا ئه‌و كاته‌ی خاوەن بڕیاری ڕاستەقینە، کە مەهدی مونتەزەرە”، خۆی‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش “كۆماری‌ ئیسلامی‌ی ئێران”ی‌ راگه‌یاند ‌و زۆربه‌ی‌ ئه‌حكامه سڕكراوە‌كانی‌ دین ‌و دونیای‌ شیعه‌كانی‌ خستە بواری پراكتیكەوە.
به‌ڵام ئایه‌توڵڵا ئه‌بولقاسمی‌ خوئی كه‌ رێبه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ پێشووتری‌ شیعه‌كانی‌ جیهان بوو له ‌عێراق و لە شاری نەجەف داده‌نیشت بۆچونێكی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌یه‌‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بوو شه‌رعزانی‌ شیعه‌ خۆیان به‌حوكمڕانییه‌وه‌ سه‌رقاڵ بكه‌ن تا ئه‌وكاته‌ی‌ ئیمامی زەمان خۆی ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش دین‌ و سیاسه‌تی‌ لەیەکتر جیا ده‌كرده‌وه‌‌ و ئێستاش سیستانی کە خوێندکار و درێژەپێدەری قوتابخانەی ئەوە هەوڵدەدات درێژە بەم رەوتە بدات و داوای لێ نەكرێت وەك خۆی ناچێتە ناو پرسە سیاسییەكانەوە.
لەنێوان ئەم دوو ڕەوتە ناجۆرەشدا بۆچوونێکی سێیەم هەیە کە ئایه‌توڵڵا محه‌مه‌د سادق سه‌در (باوكی‌ موقته‌دا) نوێنەرایەتی دەکات و پێیوایە شه‌رعزان ‌و پیاوه‌ ئاینییه‌كانی‌ شیعه‌ هه‌ندێك ده‌سه‌ڵاتی‌ مه‌رجداری‌ ئیمامی زەمانیان به‌ده‌سته‌، به‌ڵام ناتوانن وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خومه‌ینی‌ بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌كرد ببنه‌ جێگر‌ و بریكاری‌ ڕە‌های‌ ئه‌و، بەم پێیەش هەرچی دابەش بوون و لێکترازانی شیعە هەیە له‌سه‌ر جێگرتنه‌وه‌ی‌ مه‌هدی‌‌ و چۆنییه‌تی‌ ئیدارەدانی شوێنکەوتووانی ئەم ئاینزایەیە له‌ غیابی‌ ده‌مڕاستە گەورەكەدا، ئەم بیروباوەڕە بنەڕەتییە كۆنكرێتییەش زەمینەیەكی بتەوی شەرعیەت و جەماوەر و هێزی رۆحیی مەرجەع و پیاوە ئاینییەكانی شیعەیە ئەمە جگە لە پارەی خومس و پاڵپشتە سیاسییەكان و سەرچاوەكانیتری هێز.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان