ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

بەهۆی پێنەدانی مووچە، كارمەندانی بەنداوی دەربەندیخان بەشە هەستیارەكانی بەنداو بایكۆت دەكەن

خەڵك – یەحیا حبیب

زیاتر لە 112 ڕۆژە كارمەندانی بەنداوی دەربەندیخان مووچەیان وەرنەگرتووە، بڕیاریشە سبەینێ‌ كارمەندانی بەشە هەستیارەكانی بەنداوەكە بایكۆتی كاركردن بكەن.

كارمەندێكی بەنداوی دەربەندیخان بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، “ماوەی زیاتر 112 ڕۆژە ئێمە وەك كارمەندانی بەنداوی دەربەندیخان مووچەمان وەرنەگرتووە و لە ئێستادا نە حوكمەتی هەرێم و نە بەغدا مووچەی كارمەندان دابەش ناكەن “.

وتیشی، “ئێمە دوای بومەلەرزە بەهێزەكەی دەربەندیخان مووچەی كارمەندانی بەنداوەكە ڕۆیشتووەتە سەر عیراق و ڕاژەكانمان نەچووەتە سەری و هەر لە سەر هەرێمە “، دەشڵێت، “بەهۆی نەچوونی ڕاژەكانمان بۆ سەر بەغدا، حكومەتی ناوەند لە سەری نابێتە ماڵ كە مووچەی كارمەندانی بەنداو خەرج بكات”.

ئەو كارمەندی بەنداوی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دوو جار لە سەر ئەم بابەتە كۆبوونەوەی كردووە، بڕیار دراوە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی بەنداو خەرج بكرێت بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

ئاماژەی بەوەشدا، “مانگی 7 ی ئەمساڵ دووبارە بڕیاری خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی بەنداو درا، بەڵام وەزارەتی دارایی دەڵێت؛ هیچ بودجەیەكی جیا نەكردووەتەوە بۆ ئەومەبەستە و دەبوو ڕاژەی فەرمانبەران لە سەر عیراق بێت بۆ ئەوەی ئەوانیش خەرجی بكەن”.

بەپێی وتەی ئەو كارمەندەی بەنداوی دەربەندیخان، “هەرێم ڕازی نابێت بە گواستنەوەی ڕاژەی فەرمانبەرانی بەنداوەكان بۆ بەغدا، لە كاتێكدا بەو هەنگاوە كێشەی نەدانی مووچە بۆ كارمەندی بەنداوەكان چارەسەر دەبێت”.

جەختیشیكردەوە، “بەهۆی نەدانی مووچە وێڕای ئەوەی بە دڵسۆزانە كارمان كردووە، بەڵام سبەینێ‌ كارمەندی بەشە هەستیارەكانی بەنداو بایكۆتی كاركردن دەكات تا چارەسەركردنی گرفتی نەدانی مووچەكەیان”.

کوردستان

ئاسایشی سلێمانی ؛ باندێكی باندێكی‌ چوار كەسی‌ دەستگیركرد

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی‌ ئاسایشی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕایدەگەیەنێت، باندێكی‌ چوار كەسیان دەستگیركردووە، كە كاریان بارزگانی بووە بە شوێنەوار و ماددەی‌ هۆشبەرەوە و بە چەكی بێ ‏مۆڵەتەوە هەستاون بە ‏هەڕەشەكردن لە خەڵك .

بەڕێوەبەرایەتی‌ ئاسایشی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی‌ ئەیلولی‌ 2020، لە ڕاگەیەندراوێكدا ، كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك) هاتووە ڕایگەیاندووە، هێزەكانیان لە رۆژی 10ی ئەیلوولی 2020 باندێكی چوار كەسییان ‏دەستگیركرد كە بازرگانییان بە شوێنەوار و ماددە هۆشبەرەكانەوە ‏كردووە.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو چوار كەسە هەستاون بە ‏هەڕەشەكردن لە خەڵك بە چەكی بێ ‏مۆڵەت و بازرگانییان بە شوێنەوار و ‏ماددە هۆشبەرەكانەوە كردووە، هاوكات بە چەقۆ و چەكیش خەڵكیان بریندار ‏كردووە.‏

ئاشكراشیكردووە، ئەو چوار كەسە ‏تەمەنیان لەنێوان 40 بۆ 44 ساڵدا بووە، سیانیان دانیشتووی وڵاتی ‏بەریتانیان ‌و یەكێكیشیان دانیشتووی شاری سلێمانییە‌ و سەرجەمیشیان دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە، ئێستاش رووبەڕووی یاسا كراونەتەوە و ‏لێكۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.‏

 

بۆ بەڕێز / كەناڵەكانی ڕاگەیاندن
بابەت / دەستگیركردنی باندێكی تۆمەتبار
لەدرێژەی كارو چالاكیەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی , بەمەبەستی پاراستنی سەروماڵا و كەرامەتی هاوڵاتیان و ڕوو بەڕوو بونەوەی هەرجۆرە كارێكی هەڵخەڵەتاندن و فریودان و ئەنجامدانی كاری نایاسی تێكدانی ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیان
هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی توانیان لەڕۆژی (10/9/2020 ) لە چالاكیەكدا چوار تۆمەتبار دەستكیربكەن بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی ( 431) لەیاسای سزادانی عێراقی بە ناوەكانی ( ك،ع،خ لەدایكبوی ساڵی 1981 ڕەگەز كورد دانیشتوی وڵاتی بەڕیتانیا / س،م،ص لەدایكبوی 1985 ڕەگەز كورد دانیشتوی وڵاتی بەڕیتانیا / ب،ص،ڕ لەدایكبوی 1980 ڕەگەز كورد دانیشتوی وڵاتی بەڕیتانیا / ز،م،م لەدایكبوی 1976 دانیشتوی سلێمانی) ، تۆمەتباران هەستاون بە هەڕەشەكردن لەخەڵكی بەچەكی بێ مۆڵەت و بازركانی كردن بە شوێنەوار و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر و برینداركردنی هاوڵاتیان بەچەقۆ و،هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت ، سەرجەمیان دانیان بەتاوانەكانیاندا ناوە و ڕوبەڕوی یاسا كراونەتەوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە .

لەگەڵ ڕێزدا….

ڕاگەیاندنی
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

مەسرور بارزانی؛ سەرەڕای قەیرانی دارایی بەردەوامن لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریییەكان

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، هەرێمی كوردستان فاكتەرێكی گرنگی سەقامگیرییە لە عیراق و ناوچەكەدا ، دەشڵێت،”سەرەڕای قەیرانی دارایی حكومەت بەردەوامە لە ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و جێبەجێكردنی بەرنامە چاكسازییەكەی”.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/9/24 پێشوازی لە مارتن هوس، باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عیراق كردووە، ‎لە دیدارێكدا دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی عیراق و پەڕەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتی ئەوروپایان تاووتوێ كردووە.

ڕاشیگەیاندووە، ‎سوپاسی پشتگیری یەكێتی ئەوروپای كردووە، لە هەرێمی كوردستان و جەختیشی لەوە كردوە، كە هەرێمی كوردستان فاكتەرێكی گرنگیی سەقامگیرییە لە عێراق و ناوچەكەدا .

باسی لەوەشكردووە، كە سەرەڕای قەیرانی دارایی بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوامە لە ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و جێبەجێكردنی بەرنامە چاكسازییەكەی، لە پێناو گەشەپێدانی زیاتری هەرێم.

هاوكات ‎باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق، ئاماژەی بەوەدا، كە هەرێمی كوردستان نموونەیەكی سەركەوتوو و گەشەسەندووە لە عیراق و یەكێتی ئەوروپاش ئامادەیە بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان و هاندانی وەبەرهێنەرانی ئەوروپایی بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

وەزارەتی سامانەسروشتییەكان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بەتوندی ئەو دەنگۆیانەی ئەم دواییەی وەزیری دارایی حكومەتی فیدڕاڵ سەبارەت بە بەقاچاغبردنی نەوتی هەرێم ڕەتدەكاتەوە و دەشڵێت،”دامەزراوەی دیلۆیت وردبینیان بۆ دەكات وئەوانیش بۆ رای گشتی دەيخەنەڕوو”.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، بەتوندی ئەو دەنگۆیانەی ئەم دواییەی وەزیری دارایی حكومەتی فیدڕاڵ سەبارەت بە بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی كرودستان ڕەتدەكەینەوە، ئەم جۆرە پڕوپاگەندانە بێ بنەما و بێ بەڵگەن.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، ژمارەكانی تایبەت بە هەناردە و بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن دامەزراوەی دیلۆیت وردبینیان بۆ دەكرێت و بۆ رای گشتی دەخرێتەڕوو بۆیە راستتر ئەوەیە، كە دەسەڵاتی فیدراڵی هەمان ڕێكاری حكومەتی هەرێم بگرێتەبەر.

ئەوەشخراوەتەڕوو، وردبینی و بڵاوكردنەوەی رێژەی بەرهەمێنانی نەوت، لەلایەن دامەزراوەی دیلۆیت ەوە لە پێناو شەفافیەت و بەپرسیارێتی زیاترە لە كەرتی نەوت لەسەر ئاستی تەواوی عێراق دا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان