دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەبن بە دوو بەشەوە



بەهۆی ڕێكنەكەوتنی كۆتایی یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەبن بە دوو بەشەوە و بەبێ‌ سەرۆكی پەرلەمان “پشكی یەكێتی” جێگر و سكرتێری پەرلەمان بڕگەیەك بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان زیاد دەكەن و هەر خۆشیان لەگەڵ شاندی هاوبەشی كونسوڵخانە و نێردەی وڵاتان كۆدەبنەوە.

ئەمڕۆ هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە پیرمام كۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی و لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، ەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا، پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی و ژمارەیەك پرسی دیكەی پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی كوردستان، تەوەری گفتوگۆكان بوون”.

ڕاشیانگەیاندووە، “لێكتێگەیشتنی ئەرێنی بۆ زۆر لە پرسەكان هەبوو”.

جەختیشیان كردۆتەوە، “هەندێك بابەتی دیكە، كە پێویستییان بە گفتوگۆی زیاتر هەیە، لە كۆبوونەوەكانی ئایندە، بڕیاری پێویستیان لەسەر دەدرێت”.

هەر دوابەدوای ئەو كۆبوونەوەیە، بەبێ‌ واژۆی ڕێواس فایەق، سەرۆكی پەرلەمان، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمان و مونا قاوەچی، سكرتێری پەرلەمان واژۆیان لەسەر زیادكردنی بڕگەیەك بۆ كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان كرد، كە بریتییە لە “كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێم”.

بەپێی بەرنامەی كارەكە، كە پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردۆتەوە، “كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران بۆ ماوه‌ی (5) ساڵی ڕۆژمێریی، كه‌ ده‌ستپێده‌كات له‌ ڕۆژی ته‌واوبوونی ماوه‌ی یه‌كه‌می له‌ (23ـی کانوونی یەکەمی 2019) و ده‌نگدان له‌سه‌ر پاڵێوراوان بۆ ئه‌ندامیه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران، به‌پێی حوكمی خاڵی (1)ـی بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ی (5)ـی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و راپرسی، ژماره‌ (4)ـی ساڵی 2014”.

هاوكات، بەپێی هەواڵی میدیاكانی پارتی، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و مونا قاوەچی، سکرتێری پەرلەمان لەگەڵ شاندی هاوبەشی کونسوڵخانەکان و نێرده نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان كۆبوونەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش تاووتوێکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسییە.

لەدوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی و كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، مەكتەبی سیاسی ئەو دوو حزبە ئەمە دووەمین كۆبووونەوەیانە و پێشتریش چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام داوە بۆ پرسی هەڵبژاردن، بەڵام هێشتتا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی.

دواكەوتنی پرسی هەڵبژاردن لە هەرێم و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان سەڕەڕای ناڕەزایی ناوخۆیی، كە چەند فراكسیۆنێك دەستیان لەكاركێشاوەتەوە و چەند پەرلەمانتارێكیش بایكۆتیان كردوە، هاوكات بۆتە پرسێكی جیهانی و جنین بلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق چەند جارێك هۆشداری لەبارەیەوە داوە و لەكۆبوونەوەی ڕۆژی پێنج شەممەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان جارێكی دیكە ڕەخنەی لەدواكەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گرت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە باڵیۆز و كونسوڵخانەی وڵاتانی وەك ئەمریكا و بەریتانیا لەسەرخەتن و چەندین دیدار و كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و یەكێتی و پارتی كردووە بۆ پەلەكردن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

لای خۆشیەوە، زانا مەلا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی ئەندامانی فراكسیۆنەكەیلە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا كردەوە و وتی، “داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەین، بڕگەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بخاتە بەرنامەی كارەوە”.

وتیشی، “لە كۆبوونەوەكانیاندا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لەبارەی پرسی ئەنجامدانی هەڵبژادن و چۆنیەتی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن؛ لایەنەكان داوایان كردووە، كۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان وەكو خۆی كارابكرێتەوە و نەچێتە سەر بەركەوتەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2018، بۆیە بۆئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، پارتی بەو پێشینازە رازی بوو”.

ئاشكراشى كرد، ڕازی بووین لەسەر بنەمای پێشنیازەكانی یەكێتی و لایەنەكان هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكەینەوە، كە هەرێمی كوردستان لە یەك بازنەییەوە بكرێتە چوار بازنە، سیستەمی لیستی كاندیدان بكرێتە سەدا 50 بە 50، بەكارهێنانی ئامێری ئەلیكترۆنی كۆمیسیۆنی عێراق بكرێتە بنەما و بەو شێوازە هەڵبژاردن بكرێت.

بەڕێوەبەرایەتییەك هەلی دامەزراندن ڕادەگەیەنێت
پێت بەڕێوەبەرایەتییەك هەلی دامەزراندن ڕادەگەیەنێت
نرخی دۆلار گەیشتەوە بەرزترین ئاست
دوات نرخی دۆلار گەیشتەوە بەرزترین ئاست
پەیوەندیدار