عێراقییەکان بە بەشە بودجەی هەرێم دڵخۆشنین



سبەینێ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق دەکرێت، پەرلەمانتارانی عێراق دژی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانن، هیچ پلانێکیش بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار نییە.

بڕیارە سبەینێ دووشەممە پەرلەمانی عێراقی دەنگدانی کۆتایی بۆ پڕۆژە یاسای بودجە بکرێت، تێیدا جگە لە خەرجی و داهاتەکان، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و بەهای دینار بەرامبەردۆلار دیاریدەکرێت.

بەپێی پڕۆژە یاساکە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان ١٦.٥ ترلیۆن دینارە، دەکاتە ٪١٢.٥ بودجەی عێراق، بەڵام بەپێی لێدوانی کاروان یاروەیس پەرلەمانتاری عێراق، بەشێک لە پەرلەمانتارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پێیان وایە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان زۆرە.

هاوکات نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپی ژیانی هاووڵاتیان لە پارێزگاکانی عێراق دەخەنە ئەستۆی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا پێشتر بەپێی ڕێککەوتنی سیاسی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان ٪١٧ دیاریکرابوو.

کاروان یاروەیس ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئەرکی پارتی و یەکێتییە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق کۆببنەوە و گفوتگۆی کۆتایی لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بکەن.

دەڵێت “لۆژیکی نییە خراپی گوزەران و نەبوونی خزمەتگوزاری هاووڵاتیانی پارێزگایەک ببەسترێتەوە بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، مافی خۆیانە داکۆکی لە مافی هاووڵاتیان بکەن، بەڵام نەک بیبەستنەوە بە هەرێمی کوردستان”.

 

بەهای دۆلار ناگۆڕێت

لەگەڵ ئەوەی بانکی ناوەندی عێراق بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر ١٣١ هەزار دینار دیاریکردووە، بەڵام چەند دەنگۆیەک بۆ دابەزاندنی بەهای دینار لە پڕۆژە یاسای بودجە هەیە.

کاروان یاروەیس، ڕەتیدەکاتەوە، کە هیچ هەوڵێک بۆ دابەزاندنی بەهای دینار هەبێت، لە هیچ دەقێکی پڕۆژە یاساکەدا باس لە دابەزاندنی دینار نەکراوە، بەڵکو هەوڵ بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار دەدرێت.

 

فرۆشتنی نەوتی هەرێم

زیاتر لە مانگێکە، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، سەرباری هەوڵەکانی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ بەڵام هێشتا فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەدەخاتەڕوو، کە کێشەکە تورکیایە، تا ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە، عێراق و کۆمپانیای سۆمۆهەوڵدەدەن هەرچەند زووترە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، چونکە درەنگ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان کورتهێنان لە بودجەی عێراق دروستدەکات.

 

بایدن و زیلینسکی کۆبوونەوە
پێشت بایدن و زیلینسکی کۆبوونەوە
دینار چاوەڕوانی بودجەیە
دواتر دینار چاوەڕوانی بودجەیە
پەیوەندیدار