ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

هەر بەراستی بارووتخانە بوو.. چۆن نەیانهێشت وێنە گەورەکە بگوازینەوە؟

ئەحمەد مستەفا

تازه‌ له‌سه‌ر شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كان هه‌واڵی‌ به‌په‌له‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ كۆگایه‌كی‌ چه‌ك ده‌ركه‌وتبوو كه‌ ئێمه‌ خۆمان گه‌یانده‌ شوێنی‌ رووداوه‌كه‌، سه‌ره‌ڕای‌ مه‌ترسی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌، به ‌زه‌بری‌ هێزیش نه‌یانهێشت رووماڵی‌ رۆژنامه‌وانیی خۆمان بكه‌ین.

 

كات 10و پێنج ده‌قیقه‌ی‌ شه‌وه‌، له‌ رۆژی‌ 2ی‌ ته‌مموزی‌ ساڵی‌ 2018، رووداوه‌كه‌ش ته‌قینه‌وه‌ی‌ كۆگایه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌ له ‌تاسڵوجه‌ (باكوری‌ رۆژئاوای‌ سلێمانی‌ 19 كیلۆمه‌تر له‌ دووری‌ سه‌نته‌ری‌ شاره‌وه‌).

 

ئه‌و شه‌وه‌ له ‌ئۆفیسی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ خه‌ندانی‌ سه‌رقاڵی‌ پێداچوونه‌وه‌ بووم به‌ راپۆرتێكی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ خۆم كه‌ پێشتر ئاماده‌م كردبوو، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ زانیاری‌ گه‌یشت، له‌گه‌ڵ رێباز سه‌عیدی‌ كامێرامان‌و ئارام عه‌بدوڵای‌ شۆفێری‌ كه‌ناڵه‌كه‌ به‌ره‌و شوێنی‌ رووداوه‌كه‌ به‌ڕێكه‌وتین.

 

رۆشنایی ئاگره‌كه‌ له ‌دووری‌ چه‌ند كیلۆمه‌ترێكه‌وه‌ ده‌بینراو ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانیش تا ده‌هات به‌هێزتر ده‌بوو، رووداوه‌كه‌ به‌ ته‌نیا ته‌قینه‌وه‌ی‌ كۆگایه‌كی‌ ته‌قه‌مه‌نی‌ نه‌بوو، بگره‌ به‌هۆی‌ كاته‌ هه‌ستیاره‌كه‌یه‌وه‌ ره‌هه‌ندی‌ گه‌وره‌تریشی‌ وه‌رگرتبوو.

 

كه‌متر له ‌سێ‌ مانگ مابوو بۆ به‌ڕێوه‌چوونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كۆتایی ئه‌یلول بۆ په‌رله‌مان كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و ماوه‌یه‌ زوو زوو هه‌واڵی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ كۆگای‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ به‌ر گوێی‌ خه‌ڵك ده‌كه‌وت، هه‌ر دوو رۆژ له‌وه‌و پێش كۆگایه‌كی‌ ته‌قه‌مه‌نی‌ دیكه‌ له‌ نزیك شارۆچكه‌ی‌ به‌حركه‌ لە پارێزگای هه‌ولێر ته‌قیبووەوە‌ – له‌پێش ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌و له‌پاش ئه‌مه‌ش چه‌ند كۆگایه‌كی‌ تر له ‌هه‌ولێر و دهۆك ته‌قینه‌وه‌ -.

 

ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ تاسڵوجه‌ له‌ ناو بنكه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ 70ی‌ پێشمه‌رگه‌ بوو، ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ زمانی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌وه‌ پێیان ده‌وت “بارووتخانه‌” چونكه‌ له ‌ساڵانی‌ هه‌شتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌وه‌ كۆگای‌ سه‌ربازی‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان بووه‌.

 

ئه‌و شه‌وه‌ له‌سه‌ر شه‌قامی‌ سه‌ره‌كی‌ سلێمانی‌ به‌ره‌و تاسڵوجه‌ قه‌ره‌باڵغییه‌كی‌ زۆر دروست بوو بوو، پۆلیسی‌ هاتوچۆ له‌به‌رده‌م ده‌روازه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ باره‌گای‌ هێزه‌كانی‌ حه‌فتا بازگه‌یه‌كیان دانابوو رێی‌ تێپه‌ڕبوونی‌ شۆفێرو سه‌رنشینان نه‌ده‌درا، چونكه‌ ده‌یان گوت مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر گیانتان هه‌یه‌.

 

هه‌رچۆنێك بوو به‌پیشاندانی‌ ناسنامه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كان رێیاندا ئێمه‌ له‌ بازگه‌كه‌ بپه‌ڕینه‌وه‌و به‌ره‌و شوێنی‌ رووداوه‌كه‌ بڕۆین، هێشتا نه‌گه‌یشتبووینه‌ شوێنی‌ رووداوه‌كه‌ كه‌ له ‌رێی‌ لایڤ ستریمه‌وه‌ وێنه‌ زیندووه‌كانمان بۆ كه‌ناڵی‌ خه‌ندان ده‌گواسته‌وه‌.

كاتژمێر 10:30 خوله‌كی‌ شه‌و به‌ته‌واوی‌ له‌ شوێنی‌ رووداوه‌كه‌ نزیكبووینه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ هیچ لایه‌نێكی‌ فه‌رمی‌ له ‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و ته‌ندروستی‌‌و به‌رگری‌ شارستانی‌ ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت لێدوان بده‌ن، بۆیه‌ له‌و رووماڵه‌ راسته‌وخۆیه‌دا وته‌ی‌ شایه‌تحاڵه‌كانمان له ‌خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌گواسته‌وه‌.

 

ته‌قینه‌وه‌ی‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان هه‌ر به‌رده‌وام بوو، به‌راده‌یه‌ك گه‌وره‌بوو كه‌ مه‌ترسی‌ بۆ سه‌ر گیانی‌ دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌و ئێمه‌ش دروست بوو بوو كه‌ له‌وێ‌ رووماڵمان ده‌كرد.

 

هێزه‌كانی‌ به‌رگری‌ شارستانی‌ هه‌وڵی‌ كۆنترۆڵی‌ ئاگره‌كه‌یان ده‌دا، به‌ڵام تا ده‌هات هێزی‌ ئاگره‌كه‌ گه‌وره‌تر ده‌بوو، به‌شێك له‌ پووش و پاوانی‌ ناوچه‌كه‌ گڕیان گرت‌و ئاگر به‌ره‌و شوێنی‌ نیشته‌جێبوونی‌ هه‌ندێ‌ له ‌پێشمه‌رگه‌كان ده‌چوو، به ‌دیوێكی‌ تریشدا ئاگره‌كه‌ ته‌واو له ‌به‌نزیخانه‌ی‌ (بازیان ئۆیل) نزیك بوبووه‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ خوارووی‌ كۆگاكان له‌سه‌ر شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌.

 

بەشێک لە خەڵکی ناوچەکەو شایەتحاڵان گازندەی ئەوەیان دەکرد چۆن دەبێت کۆگا نزیک شوێنی نیشتەجێبوون بێت، ده‌یان گوت “چۆن دەبێت ئاگر تەشەنە دەکات‌و ناتوانرێ کۆنتڕۆڵ بکرێت… هاوەنێک لە کۆگاکە پەڕیوەو ماڵەکانی ئەوبەر کۆگاکە چۆڵیان کردووە… مەترسی لەسەر ژیانمان هەیەو چووینەتە شوێنە ئارامەکان… دەڵێن چوار پێشمەرگە برینداربوون… کۆگاکە چەک‌و تەقەمەنی شەڕی ڕێکخراوی چەکداری داعشیان تێدا هەڵگرتووە… شۆرتی کارەبا بۆتە ‌هۆکاری ئاگرەکە… داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین فریایی ژیانمان بکەون… ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکرێت ماڵەکانی ئەوبەر هەمووی دەسووتێن”.

 

له ‌په‌خشی‌ راسته‌وخۆدا بووین كه‌ لەپڕ هێزێک کە جلی پێشمەرگەیان لەبەردابوو زیاتر لە شەشی کەس دەبوون هاتنە نزیک تیمەکەمان‌و بە دەستێک کە لەفافی پزیشکی لەدەستکردبوو دەستی خستە بەر کامێراکەو گوتی” کۆتایی بەلایڤەکەتان بهێنن با دەستگیرتان نەکەین”و بەشێوەیەکی توند خەریک بوو کامێراو مایکمان لێوەربگرن.

https://www.facebook.com/watch/?v=10155892584656795

 

مایکم خستە بەردەمیان‌و لێم پرسین بۆچی ڕێگریمان لێدەکەن؟ ئەوان گوتیان “قەدەغەیە نابێت ڕووماڵی ئاگرکەوتنەوەکە بکەن”، ئەو هێزە یەکەی 70ی هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو،  رووماڵیان پێ وەستاندین‌و منیان ناردە بەردەم بەرپرسێک کە دیاربوو لەپلەدارانی ناو هێزە تایبەتەکانی فەرماندەی هێزەکانی 70 بوو لەناو ئۆتۆمبیلێکی پیک ئاب-ی سەربازیدا بوو ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لێكردین‌و وتی‌ “بگەڕێنەوە لە هەر کوێ هاتوون، فەرمانی دەستگیرکردنتانم پێیەو کۆتایی بە رووماڵ بهێنن تا کامێراو مایکتانم وەرنەگرتووە”.

 

گەرچی ئەو هێزەی کە هاتن کەرەستەکانیان لێمان وەرگرت‌و داوایانکرد ئەو رووداوانەی ئەرشیف کراون بیان سڕینەوە، بەڵام بەپێی ئەوەی راستەوخۆ بوو سەرجەم وێنه‌كان چووبونە کەناڵ‌و لە هاردی ئێمەدا نەبوو.

 

هه‌رچه‌ند گفتوگۆم له‌گه‌ڵ كردن بێسوود بوو، به‌رپرسه‌كه‌ گوتی‌ “ئێرە ناوچەیەکی مەترسیدارە، نابێت دەزگای راگەیاندن رووماڵی ئاگرەکە بکەن، چەندین دەزگای دیکەی راگەیاندنمان گەراندۆتەوە”. … ئێمەش بۆ پاراستنی گیانی خۆمان کە هێشتا رووداوەکە بەردەوامە، ناوچەکەمان گۆڕی.

 

ماوه‌یه‌ك دوای‌ ئه‌وه‌ ئاگرەکە نزیک دەبوویەوە لە کۆنتڕۆڵکردن هێزەکانی بەرگری شارستانی نەیاهێشت ئاگرەکە نزیک بەنزینخانەکە ببێتەوە، بەده‌رفه‌تم زانی جارێكی‌ تر لەکۆڵانەکانی سەر شەقامە سەرەکییەکە چووینەوە نزیک کۆگاکان‌و دەستمان بەرووماڵ کردەوە تا ڕادەیەکی زۆر جێگایەکی پارێزراوتر بوو وێنەمان ناردە پەخش‌و خۆشم بە مۆبایل قسەم لەگەڵ پێشکەشکار (هاوکار عیزەت میکە) دەکرد تا ئاشکرا نەبین کە رووماڵی ئاگرەکە بەردەوامی پێدەدەین.

 

بەڵام لەپڕ دیسانەوە، هێزێکی بەرگری‌و فریاکەوتی سەر بەلیوای یەکی پاراستنی سلێمانی کە دوو پۆلیس بوون بە سەیارەیەکی تۆیۆتا لاندکروسەر پیک ئاپ ئەوەی لە زمانی باوی خەڵک پێی دەڵێن (میکزەمینی) هاتنە نزیکمان‌و پەخشەکەیان پێ بڕین، وەک بڵێی ئاگایان له ‌جموجۆڵی‌ ئێمه‌ بێت بۆیه‌ به‌وریایی زیاتره‌وه‌ لە گواستنەوەی زانیارییەکان چووینەوە ناو سەنتەری تاسڵوجە.

 

شوێنی‌ رووماڵمان له ‌بەشی رۆژهەڵاتی کۆگاکە گواسته‌وه‌ بۆ رۆژئاواو چووینە سەر رێگەی بازیان لە رووی جوگرافیشەوە هاوکار بوو بۆ کارەکەی ئێمە بەهۆی بەرزی ناوچەکەو روانینی بەسەر کۆگاکاندا، هەرچەندە توانیمان لەو رێگەیەشەوە کۆمەڵیک وێنەی نوێ بگوازینەوە، بەڵام بەردەوامی هاتوچۆی هێزە ئەمنییەکان رێگر بوو لەوەی بەئاسانی کاری خۆمان بکەین، هەربۆیە تا نزیکبوونەوە لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بە تەلەفۆن زانیارییەکانم دەگواستەوە.

 

هه‌موو هه‌وڵه‌كانمان بۆ رووماڵێكی‌ ئاشكرا و به‌رچاو بێسوود بوو، چونكه‌ له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ ده‌ربكه‌وتینایه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رێگرییان ده‌كرد.

 

تا كاتژمێر 1:30 خوله‌كی‌ شه‌و له‌ شوێنی‌ رو‌وداوه‌كه‌ ماینه‌وه‌، به‌ڵام دواجار له‌به‌ر سه‌لامه‌تی‌ گیانی‌ خۆمان شوێنه‌كه‌مان جێهێشت‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ پێویست بوو نه‌مانتوانی‌ وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ بگوازینه‌وه‌.

 

ئه‌م پێشێلكارییه‌ له ‌راپۆرته‌كانی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ وه‌ك رێگری‌ له ‌رووماڵ تۆماركرا، به‌ڵام له ‌راستیدا بۆ ئێمه‌ له‌ رێگرییه‌ك زیاتر بوو، چونكه‌ ئێمه‌ش وه‌ك هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی‌ ئه‌وێ‌ ژیانمان خستبووه‌ مه‌ترسییه‌وه‌و هاوكاربووین له‌ ته‌واوكردنی‌ وێنه‌كه‌.

 

له‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆدا هاتووه‌ “له ‌3ی‌ ته‌مموزی‌ 2018 له‌ كاتی‌ كه‌وتنه‌وه‌ی‌ ئاگر له‌ كۆگای‌ چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ هێزه‌كانی‌ حه‌فتا، له‌ ناوچه‌ی‌ تاسڵوجه‌ی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ رێگری‌ له‌كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندن خه‌ندان، ئێن ئاڕتی‌، كه‌ی‌ ئێن ئێن، په‌یام، كوردستان 24، سایتی‌ تۆڕی‌ هه‌واڵی‌ سلێمانی‌، رادیۆی‌ نه‌وا، رووداو، سایتی‌ خه‌ڵك، سایتی‌ شارپرێس، كه‌ناڵی‌ شه‌رقییه‌، كه‌ناڵی‌ عێراقیه‌، كه‌ناڵی‌ سپێده‌، سایتی‌ وێستگه‌ نیوزو ئاژانسی‌ ئه‌نادۆڵ” ده‌كرێت‌ و ده‌ست به‌سه‌ر به‌شێك له ‌كه‌لوپه‌له‌ رۆژنامه‌وانییەکانیاندا ده‌گیرێت‌و به ‌شێوه‌یه‌كی‌ نه‌شیاو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

https://en.calameo.com/read/00589047115e24f72a0df

به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ داخه‌كه‌ بۆ من ئه‌وه‌ بوو سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ژیانمان له ‌مه‌ترسیدا بوو، كه‌چی‌ هیچ یه‌كێك له ‌به‌رپرسانی‌ كه‌ناڵه‌كه‌م له‌ هه‌واڵی‌ ژیان‌و سه‌لامه‌تی‌ ئێمه‌یان نه‌پرسی‌.

 

تێبینی‌: پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ساڵی‌ 2018 و بە هۆی گرژی سیاسی، ئه‌رشیفی‌ دەزگای خەندان به‌سه‌ر چه‌ند كه‌سێکدا دابه‌شكرا و په‌رت بوو، لە كاتی‌ نووسینه‌وه‌ی‌ ئه‌و چیرۆكه‌ هه‌وڵم دا به‌شی‌ زۆری‌ ڤیدیۆكانم ده‌ست بكه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام دوای‌ پێنج رۆژ هیچ ئه‌نجامێكم ده‌ست نه‌كه‌وت.

 

ریکلام

وتار

حکومەتی کازمی و ئایندەی عێراق و ھەرێم 

د. سیروان حەسەن

دوای دەست لە کارکێشانەوەی حکومەتی عادل عبدالمھدی سەرۆک وەزیرانی پێشوو عێراق ماوەی چەند مانگێک مشتومڕێکی زۆر کرا بۆ دانانی ئەڵترنەیتڤێک و چەند کەسێک دیاری کرا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت بەلام کەسیان سەرکەوتو نەبوون لە بە دەسھێنانی متمانەی پەرلەمان دواتر مصطفى عبداللطيف الكاظمي وەکو کاندیدی ئەو پۆستە توانی متمانەی پەرلەمام بە دەست بێنێت و لە ٧ی ئایاری ٢٠٢٠ دەست نیشان کرا بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی کاتی عێراق، کازمی ھەڵگری بڕوانامەی بکالۆرێسی یاسایە پێشتر خۆی ئۆپۆزسیۆن ڕژێمی پێشوو بوو لە دەرەوە لە سالی ٢٠١٦ وە سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری عێراق بوو کە پۆستێکی ھەستیارە وە تێیدا سەرکەوتو بوو لە کارەکانیدا و توانی ھاوسەنگی بپارێزێت و ھەر ئەوەش بووە ھۆی پێدانی متمانەی پەرلەمان وەکەسێکی نزیک بووە لە بەرھەم سالح سەرۆک کۆماری عێراق.
وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت لە دۆخێکی زۆر سەخت و ئاڵۆزدا بوو لە کاتێکدا کە حکومەت بە تەواوی پەکی کەوتبوو و نوقمی گەندەڵی و کێشە و گرفت و قەیرانی دارایی و ململانی سیاسی لایەکان و دەست تێوەردانی دەرەکی بوو لە گەڵ کێشە کەڵەکەبووەکانی سالانی پێشوو و شاڵاوی نەخۆشی کۆرۆنا ئەمەش وەکو تەحەدایک بوو بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێ لە گەڵ ئەوەشدا توانی لە ماوەیەکی کەمدا چەند ھەنگاوێکی باش و بوێرانە بنێت وەک سەرەتایەک بۆ دەست پێکردن وەکو سنوردارکردنی چالاکی ھێزە ملیشیایەکان و کۆنترۆلکردنی دەروازە سنوریەکان و سەردانی مەیدانی و نزیک بوونەوەی لە جەماوەر و گوێگرتن لە کێشەکانیان دیارە بۆ ئەو ھەنگاوەش پشتیوانی باشی ھەبوو بە تایبەتی ئەمریکا و چەند لایەنێکی نێودەوڵتی و لایەنە عێراقیەکان، ھەرچەندە لە ئێستادا ناکرێت ئەو دەرئەنجامانە بە سەرکەوتنی کۆتایی ئەژمار بکرێت بەلام لە گەل ئەوەشدا وەکو بنەمایەکی باش دادەنرێت بۆ بەردەوام بوون و چاکسازی و گۆڕینی دۆخی ناوخۆ و نێودەوڵەتی عێراق ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، لە گەڵ بەرەنگاری بونەوەو ڕێگریکردنی توندی چەند لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی بە تایبەتی گروپ و لایەنەکانی سەر بە ئێران بەلام کازمی لەو ماوەیەدا توانی لە زۆربەی لایەنەکان نزیک بێتەوە و خۆگونجاندێک دروست بکات و دەنگی ناڕەزایتی ناوخۆیی کپ کاتەوە ھەرچەندە کاتیش بێت، لە ڕوی سیاسیەوە ڕۆڵێکی باشی دەبێت بۆ ئایندەی عێراق ئەگەر دۆخەکان گۆڕانکاری کتوپڕیان بە سەردا نەیەت.

سەبارەت بە حکومەتی ھەرێم ھەرچەندە ناو بە ناو چەند لایەنێکی کوردی ناڕەزایەتی دەدەبڕن بەرامبەر بەو رێکار و مامەڵانەی کە گرتویەتە بەر لە سەر داھاتی نەوت و دەروازە سنوریەکانی ھەرێم کە ئەوەش لە چوار چێوەی سیاسەتی حکومەتی مەرکەزی و بارودۆخی گشتی عێراقە بەلام تا ئێستا بە پێی دەرکەوتەکان و شرۆڤەی سیاسەتمەداران کاریگەری نەرێنی زۆری نەبووە تەنھا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم نەبێت کە پێشتر رێکەوتنیان لە سەری کردبوو ئەویش زیاتر کێشەیەکی ناوخۆی ھەرێم بوو کە لە قۆناغەکانی پێشووی حوکمڕانیدا ژیرانە پلانی ئابوری بۆ دانەڕێژرا بوو و کاری پێویستی بۆ نەکرابوو.

كێشەی گەورەی سەرکردە و سیاسەتمەدارانی ھەرێم نەبونی دووربينى ستراتيجية لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ رووداوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان لە کات و ساتی گونجاودا وە شرۆڤە وخوێندنەوەی وردیان نیە بۆ بەسەرھاتەکان پێش یان لە کاتی روودانیدا و روکەشیانە پێشبینی رووداوەکان دەکەن نەک وەک دەولەتمەدارێک ، بۆیە لە گەل کازمیش زۆر پێویستە لە چوار چێوەی ئاسایسی نەتەوەی کورد مامەلە بکرێت نەک وەکو دۆست و ھاورێ و ھاوپەیمان .

بۆ چارەسەر کردنی کێشە ھەلپەسێرداوەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدرال پێویستە ھەرێم بۆ داھاتوو زۆر بە وردی و بە وریایی و حەکیمانە مامەڵە لە گەڵ دۆخەکاندا بکات چونکە بە قۆناغێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت و چارەنوسی قەوارەی سیاسی ھەرێمی تێدا دیاری دەکرێت.

ئەگەر حکومەتی کازمی بەو شێوازە بەردەوام بێت و کارەکانی تەنھا وەکو بانگەشە نەبێت بۆ خۆئامادەکردن بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو ئەوە ئەگەری باشتربوونی ئایندەی عێراقی تێدا بە دی دەکرێت و دەیباتە قۆناغێکی باشتر و گۆرانکاری گەورەی بەدواوە دەبێت و کاریگەری دەست تێوەردانی دەرەکی کەم دەکاتەوە لەسیاسەتی داھاتوی عێراق و دەیگەیەنێتە کەناری ئارام.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

90 ساڵەی سیستانی و 46 ساڵەی سەدر

یاسین تەها

سەرەتای هەموو مانگێكی ئاب، شیعەی عێراق و ناوچەكە سەرقاڵی دوو یادی لەدایكبونن؛ سیستانی و موقتەدا سەدر. لە ٤ی ئابی ئەمساڵ تەمەنی سیستانیی هەڵكشا بۆ 90 ساڵ و سەدریش 46 ساڵی تەواوكرد، نزیكەی نیوەی تەمەنی سیستانیی.
ئەم پیاوە ئاینییانە هێز و پێگە لە بانگەشەی نوێنەرایەتی یان بریكاریكردنی ئیمامی زەمان “مەهدی” وەردەگرن كە سەرمۆری رێبەرەكانی شیعەیە. هه‌رچه‌نده‌ ئێستا مەهدی “الحُجة” تەنها ناوەکەی ئامادەیە و بڕوا وایە له ‌پەنهانیدا “ستوودە” بێت‌، به‌ڵام به ‌كۆڕای‌ سه‌رجه‌م شیعه‌كانی‌ دونیا سه‌رۆك ‌و کاریزما و ده‌مڕاستی‌ بێ ڕکابەری شوێنکەوتوانی ئەم ئاینزایەیە‌ كه‌ ده‌وروبه‌ری‌ 10% موسوڵمانانی‌ جیهان پێكده‌هێنن.
“مەهدی مونتەزر” یان ” ئیمامی‌ زه‌مان” ناوی راستەقینەی محه‌مه‌دی‌ كوڕی‌ حه‌سه‌ن عه‌سكه‌رییە، له‌ نه‌وه‌ی‌ ئیمامی‌ ئیمام عه‌لی‌ ئامۆزا‌ و زاوای‌ پێغه‌مبه‌ری‌ ئیسلامە (د.خ).
به‌پێی‌ حیكایەتە‌ شیعییه‌كان كاتێك خێزانی ئیمام حه‌سه‌نی‌ عه‌سكه‌ری‌ (ئیمامی‌ یازده‌یه‌م) كه‌ ئارامگاكه‌ی‌ له ‌شاری‌ سامه‌ڕایه‌، شه‌وی‌ 15 شه‌عبان (شەوی به‌رات) له ‌ساڵی 255 كۆچی [869 زاینی‌] كوڕێكی‌ بووه، باوكی ناوی‌ ناوه‌ محه‌مه‌د، بەڵام نه‌یوێراوه‌ له ‌ترسی‌ جەور و سته‌می‌ عه‌باسییه‌كانی‌ ئامۆزایان کە ئەوکات حوكمڕانی‌ عێراق و جیهانی ئیسلام بوون، زۆر ئاشكرای‌ بكات، ته‌نها لای‌ دۆسته‌كانی‌ نه‌بێت.
گێڕانەوەکانی ئەم پێكهاتەیە دەڵێن: ئیمام حه‌سه‌ن كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر بووه،‌ له ‌كۆڕ‌ و كۆبوونه‌وه‌ نهێنییه‌كاندا كوڕە‌كه‌ی‌ به‌ لایه‌نگرانی‌ خۆی‌ ناساندوه‌‌، به‌ شیعه‌كانیشی‌ گوتووه‌ “ئه‌گه‌ر من هه‌رچیم لێهات ئه‌وه‌ مه‌هدی‌ جێگام ئه‌گرێته‌وه”. باوترین وتە و دروشمیش كە دەربارەی مەهدی دەگوترێت ئەوەیە “له‌پاش ئه‌وه‌ی‌ زه‌وی‌ پڕ ده‌بێت له‌ تاوان ‌و سته‌مكاریی‌، ئەو پڕی دەكات لە دادگەری و ئارامیی”، سوننەكانیش هەمان باوەڕیان دەربارەی مەهدی هەیە، بەڵام لە باوەڕی ئەواندا مەهدی ئێستا غەیب نییە و لە كۆتایییەكانی دونیا هەڵدەكەوێت و كوڕەكەی حەسەن عەسكەری نییە.
له‌پاش مردنی‌ باوكی، مه‌هدی‌ ماوه‌ی‌ 69 ساڵ خۆی‌ شاردوەتەوە له‌ خه‌ڵك ‌و ته‌نها له ‌رێگای‌ نوێنه‌ر ‌و نامه‌به‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌وادارانی‌ ئال‌ و به‌یت‌ و شیعه‌كان په‌یوه‌ندی‌ كردووە، چوار لەو نوێنەرانەش لە هەموویان ناسراوترن و پێیان دەوترێت “السفرا‌ء الأربعە”. ئه‌م چوار نوێنه‌ره‌ له‌ پاش مردنی ئیمام حه‌سه‌ن عه‌سكه‌ریی باوكی له‌ ساڵی 260 ك – 874ز له‌ عێراق و ئه‌سپه‌رده‌كردنی له‌ سامه‌ڕا‌، كە شیعەكان باوەڕیان وایە ژەهرخوارد كراوە‌ نوێنەر و نامەبەری نێوان مەهدی و شوێنەكەوتەكانی بوون، به‌ مه‌رگی كۆتا كه‌س له‌و چوار نوێنەرەش له‌ ساڵی‌ 329 ك- 941 ز كه‌ عه‌لی سه‌ممه‌رییه‌ قۆناغی نێوانگری و نامەبەری كۆتایی دێت و ئیتر دەرگا بۆ بریكاری و مەرجەعیەتی ئاینی دەكرێتەوە تا ئەوكاتەی كه‌ مه‌هدی ده‌گه‌رێته‌وه‌ سه‌ر زه‌وی بۆ به‌رپاكردنی دادگه‌ریی به‌پێی بیروباوه‌ڕی شیعه‌كان، له‌ ئێستادا چاوه‌ڕوانی ئه‌و رۆژگاره‌ن.
خومه‌ینی‌ كه‌ رابه‌رایه‌تی‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ كرد له ‌ئێران‌ (1979) و یه‌كێكه‌ له ‌پایە ناوداره‌كانی‌ شیعه‌گه‌رێتی‌ لە سەردەمی نوێدا، پێیوایه‌ له‌ غیابی‌ “ئیمامی زەمان”دا زۆربه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ شه‌رعزانێكی‌ له‌خواترسی‌ شاره‌زا (مه‌به‌ستی‌ خۆی‌ بوو)، تا ئه‌و كاته‌ی خاوەن بڕیاری ڕاستەقینە، کە مەهدی مونتەزەرە”، خۆی‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش “كۆماری‌ ئیسلامی‌ی ئێران”ی‌ راگه‌یاند ‌و زۆربه‌ی‌ ئه‌حكامه سڕكراوە‌كانی‌ دین ‌و دونیای‌ شیعه‌كانی‌ خستە بواری پراكتیكەوە.
به‌ڵام ئایه‌توڵڵا ئه‌بولقاسمی‌ خوئی كه‌ رێبه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ پێشووتری‌ شیعه‌كانی‌ جیهان بوو له ‌عێراق و لە شاری نەجەف داده‌نیشت بۆچونێكی‌ پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌یه‌‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بوو شه‌رعزانی‌ شیعه‌ خۆیان به‌حوكمڕانییه‌وه‌ سه‌رقاڵ بكه‌ن تا ئه‌وكاته‌ی‌ ئیمامی زەمان خۆی ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش دین‌ و سیاسه‌تی‌ لەیەکتر جیا ده‌كرده‌وه‌‌ و ئێستاش سیستانی کە خوێندکار و درێژەپێدەری قوتابخانەی ئەوە هەوڵدەدات درێژە بەم رەوتە بدات و داوای لێ نەكرێت وەك خۆی ناچێتە ناو پرسە سیاسییەكانەوە.
لەنێوان ئەم دوو ڕەوتە ناجۆرەشدا بۆچوونێکی سێیەم هەیە کە ئایه‌توڵڵا محه‌مه‌د سادق سه‌در (باوكی‌ موقته‌دا) نوێنەرایەتی دەکات و پێیوایە شه‌رعزان ‌و پیاوه‌ ئاینییه‌كانی‌ شیعه‌ هه‌ندێك ده‌سه‌ڵاتی‌ مه‌رجداری‌ ئیمامی زەمانیان به‌ده‌سته‌، به‌ڵام ناتوانن وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خومه‌ینی‌ بانگه‌شه‌ی‌ بۆ ده‌كرد ببنه‌ جێگر‌ و بریكاری‌ ڕە‌های‌ ئه‌و، بەم پێیەش هەرچی دابەش بوون و لێکترازانی شیعە هەیە له‌سه‌ر جێگرتنه‌وه‌ی‌ مه‌هدی‌‌ و چۆنییه‌تی‌ ئیدارەدانی شوێنکەوتووانی ئەم ئاینزایەیە له‌ غیابی‌ ده‌مڕاستە گەورەكەدا، ئەم بیروباوەڕە بنەڕەتییە كۆنكرێتییەش زەمینەیەكی بتەوی شەرعیەت و جەماوەر و هێزی رۆحیی مەرجەع و پیاوە ئاینییەكانی شیعەیە ئەمە جگە لە پارەی خومس و پاڵپشتە سیاسییەكان و سەرچاوەكانیتری هێز.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

چاوەڕوانی چین؟

عەبدول محەمەد

بەبەرچاوی خۆتانەوە چەند ڕۆژێکە خەڵکی لوبنان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای ڕۆیشتنی دەسەڵاتدارە گەندەڵەکانیان دەکەن و ئیمزا کۆدەکەنەوەو ڕازینە بەسەردەمی کۆلۆنیسالیستی فەڕەنسی، چونکە ئەوان و سەرۆکەکەیان یەکەم کەس بوو فریایان کەوت.
لە کوردستان کارێکتان کردووە زۆربەی هەرەزۆری خەڵک پیاوەتی و کەرامەتی نەماوە، ڕووشکێن بووە لەبەر چاوی ماڵ و منداڵی، ئەوەندەی قەرز کردووە ڕووی نییە لە هیچ شوێنێکەوە خۆی دەربخات.
بۆ نازانن هەزاران گەنجی ئە وڵاتەتان لەبەرنائومێدی لە کونجی ژورەوە شەڕ بە دایک و باوکی دەفرۆشێت؟
هۆردووە ماستاوچی و ڕاپۆرت نووسەکانتان خەریکی چین، بۆ داوایان لێ ناکەن شتێکتان لەسەر دۆخەکە بۆ بنووسن، یان ئەوان هەر وا ڕاهاتوون درۆتان لەگەڵ بکەن و سەرتان بۆ بلەقێنن.
چۆن ئاگادار نین مانگانە سەدان خێزان لەبەر نەبوونی و بەتاڵی سفرە و گیرفان و نەمانی کەسایەتی لێکهەڵدەوەشێن و منداڵەکانیان سەرگەردان دەبن و دەیەکی تر زۆربەی نەوەکانیان دەبنە تاوانکار.
بڕۆن سەیری دۆسیەکانی تاوانکاری وڵاتەکەتاە بکەن بزانن ئەوانەی زۆرترین یاسا شکێنی و لاساری دەکەن کوڕی کاربەدەست و هۆردووی ڕێکخستنەکانی خۆتان نییە؟
بە تەمای چین.. کەی بیر دەکەنەوە.. یان خۆتان بە خاوەنی ئەم وڵاتانە نازانن، بۆ تاڵانی و کاتی هەڵبژاردن نەبێت؟
بزانن و نەزانن کەمێک کات بەدەستەوە ماوە، کاتیەتی بەخۆتاندا بچنەوە، دەوربەرمان وەک مەنجەڵی سەرئاگر دەکوڵێت، ئەگەر زەمینە سازی دۆخی عێراق وەک ئێستا بمێنێتەوە، جادەکە بەو پان و پۆڕییە بۆ ئێوە نامێنێتەوە چۆنتان بوێت پێی لێ ڕاکێشن و لێخوڕن.
باشە ئەگەر کازمی لیستێکی لەکوردستان ڕاگەیاند و خەڵکێکی زۆر دەنگی پێدا ئێوە چی دەکەن؟
خۆ ئەویش حزبەکانی کوردستان نییە چۆنتان بوێت وا کورسییەکانیان بەسەردا دابەش بکەن و ڤیتۆتان هەبێت لەسەر نوێنەرەکانیان.
چاوەڕوانی چین..؟ ڕەنگە ئەوەی بەخەیاڵتاندا نەیەت ڕووبدات، ترەمپ دوێنێ وتی بەس لەهەڵبژاردن بیباتەوە، دەستبەجێ لەگەڵ ئێران و کۆریای باکور ڕێکدەکەوێت، قابیلە لێوە لەو گەورەتر بن قابیلە لەخۆیەوە قسەی وا بکات؟
خۆ ئێوە نییە، لەگەڵ هەر گرژی و ئاڵۆزییەکی بچوک، دەمودەست دەستبەرن بۆ هەڵدانەوەی مێژووی خوێناوی دەیان ساڵەتان.
ئێوە نەتانتوانی سوود لە ڕێککەوتنامەی واشنتۆن وەربگرن، کە زەبەلاحترین هێزی جیهان ئاشتی کردنەوە، لەکاتێکدا چەندین وڵات خوازیاری ئەوەن واشنتۆن ناوبژیوانیان بۆ بکات، بەڵام ئێوەی بردە ماڵی خۆی و ئاشتی کردنەوە، مەخابن دەرستان لێ وەرنەگرت، ئێستاش بچوکترین پزیسکی ناکۆکی بەسە، جارێکی تر خەڵک هان بدەنەوە دەستبخاتەوە خوێناوی یەکتر..

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان