ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

تەندروستی

ئەوەی پێشتر بیستوتە هەڵەیە، هێلکەدان سپێرم هەڵدەبژێرێت نەک پێچەوانەکەی

خێزان

سپێرم دەگات بە هێلکە و دەپیتێت، دواتر منداڵ درووست دەبێت! کارەکە زۆر ئاسانە وانیە ؟ بەڵام لە ڕاستیدا هێندەش ئاسان نییە و پرۆسەی گەشتنی سپێرم بە هێلکە کارێکی زۆر قورسە، بەتایبەتیش بە پێی دەرئەنجامی توێژینەوە تازەکان.

 

بۆچونی باو:

 

ئەوەی ئیستا لە نیو خەڵکدا باوە ئەوەیە کە  ملیۆنەها  سپێرم   پێشبڕکێ دەکەن بۆ گەیشتن بە هێلکەدان، کامیان توانیان خێراتر بگەن ئەوە سەرکەوتوو دەبیت و لەگەڵ هێلکەدان پرۆسەی پیتاندن دروستدەکەن، گەر X گەیشت بە X ئەوە دەبیت بە کچ و گەر X گەیشت بە Y ئەوە دەبێت بە کوڕ.

 

بەڵام توێژینەوەیەکی زانستی نوێ هەموو ئەم بۆچونانە ڕەت دەکاتەوە، چونکە بە پێی ئەو توێژینەوەیە کە لەلایەن Dr. Joseph H. Nadeau ئەنجام دراوە دەری دەخات کە هێلکەدان بڕیاردەری سەرەکیە لە پرۆسەکە نەک سپێرمە ئازاکە، چونکە هێلکەدان پێشتر بڕیاریداوە حەزی بە کام جۆر لە سپێرمە و هەر ڕێگە بە ئەویش دەدات بێتە ژورەوە.

 

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە مەرج نییە هەموو کات هێلکەدان بە سپێرمەکان ڕازی بێت و کاتێک سپێرمەکان دەگەن، ڕەنگە دڵی هیچکامیان نەخوازێت و کەس قبوڵ نەکات.

ریکلام

تەندروستی

هەستیاری خواردن،  نە خۆشییە مەترسیدارەکە

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا جۆرەها نە خۆشی بونی هەیە و هەریەکە و نیشانە و کاریگەری تایبەت بە خۆی هەیە لە سەر جەستەی بونەوەر، مرۆڤ کە بەهرەمەندترین  بونەوەری سەر زەویە خوای گەورە دەستێکی باڵای پێداوە، کردویەتیە هۆکار بۆ بوژاندنەوەو گەشەپێدانی زەوی وتەواوی پێکهاتەکانی بە گیاندارو بێگیان، بە ئاگابوونی ئەم بونەوەرە ئەرکەو دەبێت هۆکار بێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا لە لایە نی تەندروستی وێڕای لایەنەکانی تری پە یوەست بە ژیانی مرۆڤ.

لە م بابەتە دەمەوێت سەرنجم بخەمە سەر نەخۆشیەک کە لە کۆمەڵگا بونی هەیە بە ڵام زۆر کەمن ئەوانەی ئاماژەی پێدەکەن و حیسابی بۆ دەکەن کەئەویش هەستیاری خواردنە Food allergy

ئەم نەخۆشیە پەیوەندی بە بەرگری لەشەوە هەیە، کاتێک رودەدات کە سیستەمی بەرگری لەش کارلێک بکات بە نائاسای لەگەڵ هەندێک لە پڕۆتینەکانی ناو خواردنەکانی تایبەت بە هەستیاری وەکو شیر،هێلکە، چەرەزات،فستەق،گەنم، سۆیا، کونجی،….، .

زۆر جار ئەم کارلێکە هێواشە و کۆنترۆل دەکرێت بەڵام جاریواش هەیە زۆر ترسناکەو بە مردنی توشبوەکە کۆتایی دێت بۆیە گرنگە بە هەستیاریەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و بە بێ پرس خۆراک وشیرینی نەدرێت بە منداڵانی خەڵک. کارلێکەکانی هەستیاری خۆراک لەوانەیە مەترسیداربن، بەڵام زوو دەرکەوتنی نیشانەکان یارمەتیدەرن بۆ چارەسەرکردنی ئەم جۆرە نەخۆشیە.

بڕی خواردنەکە زۆر بێت یان کەم زۆر جار کاریگەری نەرێنی بە جێدەهێڵێت ونیشانە و دەرهاویشتەکانی دەردەکەون، دیارترین نیشانەکان هەستیاریی خورانی جەستەیە ( بە تایبەتی دەم و قورگ و گوێ) و سورهەڵگەران و هەڵئاوسانی دەم و چاو (Face) ی نەخۆشەکەیە کە لێو و دەم و زمان و قورگ و دەوری چاوەکان دەگرێتەوە(Angioedema) و تێکچونی باری دەرونی و رشانەوە و زەحمەت بونی خواردن قوتدان (شل و رەق) و کۆخەو تەنگە نەفەسی و سەرگێژبون (Dizzy) و سک چون و ئازاری خوارەوەی سگە.

هەندێجار هەستیاری وەرزیشی لەگەڵ دەبێت(Hay fever) کە ئاو لە چاوو لوت دێ ، زۆر خوراندنی جەستە نەخۆشەکە توشی  سوربونەوەو برینداربون (Red rash)دەکات.

ئەم نەخۆشیە پۆڵین دەکرێت بۆ سێ(٣)جۆر بە پێی نیشانەکان و کاتی رودانی نیشانەکان کە سەرچاوە زانستیەکان ئاماژەیان پێداوە:

 ١-هەستیاری خواردن پەیوەست بە دژەتەنی (IgEantibodyImmunoglobulin E

جۆرێکی زۆر باوە، هۆکارە کە سیستەمی بەرگری لەش بە نائاسایی کارلێک بکات کاتێک بەرکەوتەی جۆرێک یان زیاتر لە خۆراکەکانی تایبەت بە هەستیاری دەبێت وەکو هێلکە و شیرو چەرەزاتnuts)) و گەنم. دواتر راستەوخۆ کارلێک رودەدات لە نێوان خواردنەکان و دژەتەن(IgE) کە لە دەوری رێرەوی خوێنە و سیستەمی بەرگری بەرهەمی دەهێنێت دوای چەند چرکەیەک یان خولەکێک لە خواردنەکان .ئەم جۆرەیان پەیوەندی بە هەستیاری مەترسیدار (Anaphylaxis) هەیە کە زۆر ترسناکە و مرۆڤی توشبوو بە توندی سیستەمی بەرگری بە نارێکی کارلێک دەکات لەگەڵ خواردنەکانی تایبەت کە هۆکارن بۆ هەستیاری، لەو جۆرە کەیسانە پاڵەپەستۆی خوێن دادەبەزێت وکاریگەری دەبێت لەسەر لێدانەکانی دڵ ولەوانەیە مرۆڤ کۆتای بە ژیانی بێت.

  کاتێک (IgE) بەشێوەی نۆرمەڵ کاردەکات مادە زیان بەخشەکان دەناسێتەوە وەکو مشەخۆرەکان(parasites) ودوای ناسینەوەی ئەو جۆرە مادانە (IgE) هۆکارە کە جەستە  هیستامین دەربدات(Release histamine) و نیشانەکان دەردەکەون وەکو کۆخە و هەڵئاوسان وخورانی جەستە.

٢-هەستیاری خواردنی ناپەیوەست بە دژەتەنی (IgE antibody Non Immunoglobulin E

 ئە م جۆرەیان پەیوەندی بە (IgE) نیەو بەڵکو رودەدات لە نێوان خۆراکەکانی تایبەت بە هەستیاری و خانەکانی تری سیستەمی بەرگری.ئەم جۆرە کارلێکانە زوو نیشانەکانی دەرناکەون بەڵکو چەند کاژمێرێک دەخایەنێت و نیشانە باوەکانی رشانەوە (vomiting) و هەڵئاوسانی جەستەوسک چونە(Diarrhea) بۆیە دەستنیشان کردنی ئاسان نیە.

٣– هەندێ منداڵ هەردوو جۆری هەیە بە یەکەوە، نیشانەکانی جۆری یەکەم و دووەمی تیادا بەدیدەکرێت. جاری وا هەیە راستەوخۆ دوای خواردنی مادەکان باری دەرونی تێک دەچێت و نیشانەکان دەردەکەون جاری واش هەیە چەند کاژمێرێک دەخایەنێت. زۆر جار کە مناڵەکە هەمان خواردن دەخوات رۆژانی دواتر هەمان نیشانە دەرناکەوێت بەڵکو نیشانەی جیاواز دەردەکەون.

 لێکۆڵینەوە زانستیەکان وای بۆ دەچن کە چەند هۆکارێک رۆڵیان هەیە لەم نەخۆشیە وەکو پەیڕەوکردنی سیستەمی کێش دابەزاندن لە کاتی دووگیانیدا، کاریگەری شیری دایک (جۆری خواردن لە کاتی شیرداندا)  نەخۆشی رەبۆ(Asthma) لە دایک یان مناڵەکە و نەخۆشی (eczema) (کە پەیوەستە بە پێست و دەبێتە هۆی خوران و وشک بوون و قڵش کردن) و شوێنی نیشتەجێبون (کەشو هەوای شێدار) ونەخۆشی تر لە مناڵەکە و شێوازی ئامادەکردنی خواردن و بڕی پرۆتین تیایانداهۆکارەو مناڵ توشی هەستیاری دەبن.

چۆن ئەم نەخۆشیە چارەسەر دەکرێت؟

باشترین چارەسەر دەستنیشانکردنی ئەوخواردنانەیە کە منداڵ توشی هەستیاری دەبێت لەلایەن دایک وباوک یان لایەنی پەیوەندیدار بە نەخۆشەکە ودورکەوتنەوە لەو خواردنانەیە بەڕێژەی زۆر. بەڵام پێویستە هەوڵبدرێت بە بڕی زۆر کەم لەو خواردنانە بدرێت بە نەخۆش لە ژێر چاودێری و رێنمایی تەندروستی  بۆئەوەی بە تێپەربونی کات خواردنەکان ئاسای بن وغەریب دەرنەکەون لە لایەن سیستەمی بەرگری لەش. بۆ نمونە کە منداڵەکەت هەستیاری هەیە بە شیر یاخود ‌هێلکە دەتوانرێت لە ماڵەوە خواردنی تایبەت بە منداڵەکە دروست بکرێت و برێکی زۆر کەم شیر یان هێلکەی بۆ زیاد بکرێت و منداڵ بکەوێتە سەر ژیانی ئاسای خۆی. گۆڕینی شوێنی نەخۆش لە کاتێک شوێنی نیشتەجێبونی گەرم و شیدار بێت باشترە بگوازرێتەوە بۆ شوێنێک کە پلەی گەرمی نزم تر بێت و شێدار نەبێت، وەگۆڕانکاری لە خواردنی منداڵ بە باش دەزانرێت بە راوێژ لەگەڵ پزیشکی شارەزا و کەسانی تایبەت بە خۆراک ((Dietitian)  .

ئەنتی هیستامین (Anti-histamine) بەکاردێت و دەبێتە هۆی بلۆک کردنی ئەو هیستامینەی کە دەردەچێت و هۆکارە لە دەرکەوتنی نیشانەکان، یارمەتیدەرە بۆ باش بونی باری دەرونی نەخۆش و کەم بونەوەی نیشانەکان بۆیە گرنگە  ئەنتی هیستامین ی تایبەت بە نەخۆشەکە بە کار بێت کە گونجاوە لەگەڵ تەمەن وباری تەندروستی مناڵەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی و چارەسەر.

وە کاتێک منداڵەکە بە توندی توشی هەستیاری دەبێت (Anaphylaxis) و نیشانەکان جێگەی مەترسین ئەوا پێویستە (Adrenaline) بەکاربیێت کە کاریگەرەو هۆکارێکی باشە بۆ ئاسایکردنەوەی هەناسە توندی بە هۆی هەستیاری خۆراک. بەڵام گرنگە لایەنی پەیوەندیدار بە نەخۆشەکە  راهێنانی پێکرابێت لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئە م دەرمانە. لە زۆربەی وڵاتەکان دەرزی Adrenaline ( Adrenaline auto-injector) دەدرێت بە لایەنی پەیوەندیدار بە نەخۆش و ئامۆژگاری دەکرێت لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی. وە پێویست دەکات ئەم دەرمانانە بەردەوام لەگەڵ  نەخۆشبێت لە هەر شوێنێک بێت و دڵنیابن لە کاتی بەسەر چونیان. لە هەندێک حالەت پێویست دەکات Cardiopulmonary resuscitation(CPR) بەکار بێت کە دڵی نەخۆش دەوەستێت یان هەناسە نادات، ئە م چارەسەرەش پێویستی بە مەشق و راهێنانە.

بابزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵ و هەستیاری خواردن دەکرێت؟

لە وڵاتانی ئەوروپا بە رێژەی بەرچاو بونی هەیە ودەزگاکانی میری و خەڵک لە شوێنە گشتیەکان و تایبەتەکان زۆر چاودێری ئەو نەخۆشیە دەکەن. لەو وڵاتانە کەس لە خۆیەوە خواردن و شیرینی نادات بە منداڵانی خەڵک بە بێ روخسەت وەرگرتن لە ترسی ئە م نەخۆشیەوچەندان هۆکاری تر،تەنانەت ناتوانرێت وێنەی منداڵی خۆشت بگریت لەگەڵ منداڵانی تر کە نەریتێکی جوانە و هۆکاری سەلامتیانە.

کاتێک منداڵ دەبرێت بۆ باخچەی ساوایان کە سەرەتاو دەستپێکی ژیانیەتی لە دەرەوەی ماڵ چەندین فۆرمی تایبەت بە ژیان و باری تەندروستی پڕدەکرێنەوە بۆ دڵنیابوون لە تەندروستیان. دایک و باوک راستگۆیانە زانیاریەکان دەگەیەنن کە ئەمەش هۆکارە  منداڵە توشبوەکان بە م نەخۆشیەوهاوشێوەکانی زیاتر چاودێری بکرێن  ولە کاتی پێدانی خۆراک حیسابی تایبەتیان بۆ بکەن.

لە وڵاتی خۆمان ئەم بابەتە بە پێی پێویست حیسابی بۆ ناکرێت تاکو ئێستا نە لەلایەن دەزگاکانی میری ونە لە لایەن خەڵکی ئاسای. بۆ نمونە لە باخچەی ساوایان منداڵ هەبوە کە نەخۆشی ئۆتیزمی هەبوە بەڵام دایک وباوک ئاماژەیان پێنەکردوە دواتر مامۆستایان هەستیان پێکردوە کە بەڕاستی ئەم دیاردانە کارەساتن و پێشێلکردنی ژیانی منداڵی خۆی و خەڵکە. من پێم وایە کە راستگۆبین لەوکەیسانە  ژیانی منداڵ باشتر دەپارێزرێت. مەبەستمە کە بەدروستی باسی ژیانی منداڵەکە بکرێت بۆ هەموو ئەو شوێنانەی کە بۆی دەچێت بە مە بەستی باشتر چاودێری کردن و ناز هەڵگرتنی. بە ڵام لە بێئاگای مامۆستاو خزمانی هەندێک جار روداوی نەخوازراو روودەدات کاتێک منداڵ هەستیاری هەیە بە هە ندێک جۆری خۆراک وە ناوەندەکانی خوێندن و کە س وکاری بێخەبەرن. بەهۆی بێئاگای کارەسات رویداوە نمونەمان هەیە لە باخچەی ساوایان خواردن دراوە  بە منداڵ و نەزانراوە یان لە بیرکراوە کە ئەو منداڵە هەستیاری خۆراکی هەیە بەداخەوە کۆنترۆڵ نەکراوەو بەر لە گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە، وە نمونە ی تر هەیە کە منداڵ بە هاورێیەتی خواردنی داوە بە منداڵی تر و کارەسات رویداوەو منداڵە نەخۆشەکە کۆتای بە ژیانی هاتوە.

پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە ئەستەمە ژیانی ئاسای خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ژیان وەکو تەندروستی و پەروەردەو ژینگە لە ئەوروپا بەراورد بکرێت بە کوردستان کە گرفتارە بە زۆربەی لایەنەکانی ژیان لە خراپی باری دارای ونەبونی بیمەی تەندروستی و بێکاری و کەمی نەخۆشخانە و فێرگە وفاسیلیتی گونجاو لە بواری تەندروستی و پەروەردە. وێڕای ئەمانەش ئاستی هۆشیاری تاک و هەست کردن بە لێپرسراوی لە کوردستان زۆر لاوازە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتە پێشکەوتوەکان.

لە وڵاتانی ئەوروپا  ستافی راهێنراو لەسەر ئەم نەخۆشیە هەیە لە ناوەندەکانی خوێندن و چاودێری وردی کەیسەکانن و بەردەوام ئامۆژگاری دایک وباوک دەکرێت لەسەر چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردن لە گەڵیان و لە هەندێک لە دەزگاکانی میری مۆڵەتی بەخێوکەرو چاودێری دەدرێت بە لایەنی پەیوەندیدار بە منداڵە توشبوەکان بەمەبەستی دڵنیابون لە پاراستنی ژیانیان. زۆرجار ئەو منداڵانە تەنها پێستیان بەر خواردنەکان دەکەوێت یان کەسێکی ئاسای کە دەستی بەو خواردنانە بکەوێت پاشان دەست بدات لە پێستی منداڵی هەستیار بە خواردنەکان ئەوا نیشانەکانی هەستیاری خۆراک دەردەکەون وچارەسەری راستەوخۆ بە پێویست دەزانرێت.

منداڵ بەگشتی خۆشەویستی کەس و کاریەتی بەڵام منداڵە نەخۆشەکان زیاترو زیاتر جێگەی سەرنج وچاودێرین. کاتێک خێزانێک منداڵێکیان نەخۆشی هەستیاری خۆراکی هەیە ئەوا بێگومان هاوسەنگی راگرتن  ئاسان نیە لە ئامادەکردنی خواردن وخۆراک بۆنمونە لە وەرزی هاوین کاتێک ئایس کرێم فرۆشە بەرێزەکان کۆڵان بە کۆڵان دەگەرێن و بە ئاوازێکی خۆش دەڵێن ئایس کرێم ئایس کرێم سترەو بێری ئایس کرێم چۆکلێت ئایس کرێم لەو کاتە منداڵەکان ریز دەبەستن بۆکڕین و خواردنی بەڵام ئیماجنی ئەوەبکە کە چۆن قەناعەت بەو منداڵە دێنیت کە هەستیاری هەیە بە شیری ئایس کرێم و دەڵێت منیش تەنها ئایس کرێم دەخۆم و ئۆپشنەکانی تر رەت دەکاتەوە، یان کاتێک دەچیت بۆ مارکێتێک ئەو منداڵە سەیری خواردنەکان دەکات و لێت دەپرسێت بابە یان دایە ئەو خواردنە بۆمن دەبی یان نا؟ کاتێک خواردنەکە ئاسایە ئەوا زۆر دڵخۆشکەرە بەڵام گەر وادەرنەچوبەراستی جەرگ بڕە و ئارام گرتنێکی باشی پێویستە.

ئەو منداڵانەی ئەم نەخۆشیەیان هەیە یان بە گشتی منداڵانی  نە خۆش و خاوەن پێداویستی تایبەت ئەرک و ماندوبونی زیاتر دەکەوێتە سەر دایک و باوک و کەس وکاریان و لە ژێر تاقیکردنەوەی خودادان، بەڵام چاودێریکردنیان و هەڵگرتنی نازیان بە پێی پێویست بێگومان بە بێ پاداشتی خودا نیە لە رۆژی دوای هەرچەند منداڵی خۆشی بێت. جا دایکان و باوکان و هەمو ئەوانەی کە بەرپرسیارن بەرامبەر بە منداڵ هۆشیار بن و بەهای نیعمەتی منداڵ بزانن و خۆتان بەراورد بکەن لەگەڵ ئەوانەی کە ساڵانێکە پڕۆسەی هاوسەرگیریان ئەنجام داوەو تا ئێستا نەگەیشتون بەو نیعمەتە یاخود منداڵیان لەدەست داوە.گەر پرسیاربکەن لێان دەزانن چەندە بە ئازارن و بەپەرۆشن بۆ منداڵ کە هۆکاری ئاوەدانی و رۆشنایی ماڵەکانن.

لە وڵاتی خۆمان کلتورمان وایە کە بۆنە ئاینی ونیشتیمانی و سیاسیەکان گرنگی زۆریان پێدەدرێت و خەڵک کۆ دەبنەوە لە شوێنی تایبەت بە بۆنەکان . سەرباری ئەمەش لە وەرزی بەهارو گەشت و گوزار سەیرانگاکان ئاوەدان دەبنەوە بە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار. جێگە ی خۆشحاڵیە زۆربەی کات تیمی فریاکەوتن لە و شوێنانە دەبینرێن و ئامادەن بۆ دابینکردنی چارەسەری پێویست بۆ روداوە نەخوازراوەکان. بەڵام بەداخەوە بە پێی ئە و بەدواداچونەی کە کراوە ستافی تەواو و پێویست لەگەڵ هەندێک لە تیمەکان نەبوە تایبەت بە نەخۆشی هەستیاری خۆراک کە جێگەی مەترسیە. بۆیە بە پێویست دەزانرێت کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی تەندروستی پەیوەست بە تیمە گەڕۆکەکانی تەندروستی ئاگاداری ئەم نەخۆشیە بن و پێداویستی و چارەسەری گونجاویان بۆ دابین بکەن بۆ ژیان پارێزی هەموان.

مامۆستایانی ئاینی رۆڵی کاریگەرو گرنگیان هەیە لە کۆمەڵگا. دەکرێت ئەم توێژە ساڵانە چەند جارێک بابەتەکانی وتاری هەینیان تایبەت بکەن بە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لەلایەنی تەندروستی و ئاماژە بەو نەخۆشانە بکرێت کە چاودێریکردنیان تەنها لە ئەستۆی دایک و باوک نیە بەڵکو پێویست دەکات هەمومان بە ئاگابین لە پرۆسە ی پێگەیاندنیان. کاتێک خواردن و شیرینی دەدرێت بە منداڵان لە شوێنە گشتیەکان پێویستە بە پرس و ڕاوێژ بێت لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بە منداڵان نەوەک نە خۆشی هەستیاری خۆراکیان هەبێت و کارەسات رووبدات. بیجگە لە مەش مامۆستایان لە ناوەندەکانی خوێندن و پزیشکان و ستافی تەندروستی و هەموو ئەوانەی دەبن بە قسەکەر بۆ خەڵکانی تر ئەم بابەتە دەبێت جێگەی پێزانین و سەرنجیان بێت.

ئێستا ئێمە لە ناو جەژنی قوربانی پیرۆزین، لەو رۆژانەدا سەردانی یەکتر دەکەین و هەواڵی یەکتر دەپرسین و نەریتێکی باوە کە شیرینی و چۆکلێت ئامادە دەکرێت لە زۆربەی ماڵەکان و دەبەخشرێت بە گەورەو بچوک بێ ئەوەی بپرسیت کە هیچ نەخۆشیەکت نیە بەو خواردنانە و بزانیت کە ئاساییە یان نا؟. با پرسیار بکەین ولێکۆلینەوەی زانستی ئەنجام بدەین  بزانین ئە م بەخشینەمان لە روی تەندروستیەوە دروستە؟ ئایە ئێمە پێکهاتەکانی شیرینی جەژن دەخوێنینەوەو دڵنیاین کە زیانیان نیە لەسەر ژیانی منداڵ و نەخۆشیەکانی شەکرەو چەوری و….؟.

رۆڵی راگەیاندن و هەستیاری خۆراک

لە هەرێمی کوردستان راگەیاندن بە گشت بوارەکان(تەلەفزیۆن و رێدیۆو وێبسایت و رۆژنامەو گۆڤار) گرنگی زۆری پێدراوەو بەردەوام لە نوێبونەوەو پەرە پێدانن لە بوارەکانی ئابوری و ئاینی و سیاسی ووەرزشی.

لەم هەرێمە راگەیاندن تا ئێستا بە پێی پێویست نەیتوانیوە ئاستی هۆشیاری تەندروستی هاوڵاتیان بەشێوەیەکی زانستی و سەردەمیانە بەرزبکاتەوە کە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ جۆرەکانی نەخۆشی بکرێت، ئەگەر بە ڕێژەیەکی زۆر کەمیش هەبێت، وە بەرنامە تەندروستیەکان جێگەی سودو بایەخی هاوڵاتی بن.

چەندین جار راگەیاندکار شیرینی و نەستەلە و بیسکویت دەبەخشێتەوەو دەیکات بە دیاری لە بەرنامە ی راستەوخۆ لە نێوان منداڵان. لەو بەرنامانە گوێبیست دەبیت کە راگەیاندکار دەپرسێت لە یەک بەیەکی منداڵەکان  چۆنی؟ ناوت چیە؟ حەز بە کام لەم خواردنانە دەکەیت؟  چۆکلێت یان نەستەلە یان بیسکویت یان……، بە داخەوە خواردنەکانیشی پێیە و دەیدات بە منداڵەکان بێ ئە وەی بپرسێت لە کەس و کاریان ئاخۆ هیچکامێکیان نەخۆشی (هەستیاری خواردنی) نیە بە و خواردنانە. ئەم جۆرە بەرنامانە لە کوردستان بونیان هەیە و تۆمار کراون، منداڵەکان بەشداریان پێکراوە .بۆیە من بە پێویستی دەزانم کە راگەیاندکار خولێکی تایبەت بە هۆشیاری تەندروستی وەربگرێت و ژیانی منداڵان نە خاتە مەترسیەوە ئنجا بچێتە ناو خەڵک و دەست بە کاری راگەیاندن بکات. راگەیاندن پێویستە رۆڵی کاریگەری هەبێت و هەوێنی گەیاندنی رێنمایە تەندروستیەکان بێت لە پێناو پاراستنی ژیانی خۆی و بەرکەوتەکانی نەوەک بەخۆیان ببنە هۆکار بۆ نەخۆش کەوتنی کۆمەڵگا.

دەرئەنجام دەخوازرێت راگەیاندکارەکان و تەواوی هاوڵاتیان بە ئاگا بن و هاوڵاتیانی تر هۆشیار بکەنەوە کە چۆن خواردن و شیرینی دەبەخشرێت ؟ دەدرێت بەکێ؟ وەنادرێت بە کێ؟ پێویستە هەموو پێکهاتەکانی خواردنە دروست کراوەکان  بەڕونی ئاماژەیان پێبکرێت ئەگەر تەنها بڕێکی کەمیش بێت وەکوپێکهاتەی کاراو سەرەکی  ingredient)  (Activeیان پارێزەری خۆراک (Additive) یان خۆشکردنی تامی خواردن.(Flavoring) وە بابەتە زانستیەکان جێگە ی بایەخ وسەرنج بن. با راگەیاندکاروتاکی سود بەخش بین بۆ کۆمەڵگا و هاندەر بین بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری تاک بە تاکی کۆمەڵگا لە پێناو پاراستنی ژیانی منداڵەکانمان کە نەوەی دوارۆژو سەرمایەی پر بەهان بۆخۆمان و دەوروبەرمان.

ئامادەکردنی؛ دکتۆر ئیدریس بەکر قادر

مامۆستا لەکۆلیژی دەرمانسازی/ زانکۆی هەولێری پزیشکی

 

دکتۆر ئیدریس بەکر قادر

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

تەندروستی

ڕه‌نگی خوێنه‌كه‌ت له‌ كاتی سوڕی مانگانه‌ چۆنه‌؟ كام ڕه‌نگ مه‌ترسیداره‌؟

خێزان

له‌ كاتی سوڕی مانگانه‌دا گه‌ر ڕه‌نگی خوێنه‌كه‌ت نائاسایی بوو پێویسته‌ پێشتر چاره‌سه‌ر وه‌ربگریت، بۆ ئه‌وه‌ش به‌پێی ڕه‌نگه‌كه‌ی كێشه‌كه‌ت بدۆزه‌ره‌وه‌:

 

ڕه‌نگی په‌مه‌یی

گه‌ر ڕه‌نگی خوێنه‌كه‌ت له‌ كاتی سوڕی مانگانه‌دا په‌مه‌بی بوو ئه‌وا هێمایه‌ بۆ تێكچوون له‌ هۆڕمۆنه‌كان یاخود نیشانه‌یه‌ بۆ دووگیان بوون، له‌و كاته‌دا پێویسته‌ سه‌ردانی پزیشك بكه‌یت.

 

ڕه‌نگی  سوری كراوه

ئه‌م ڕه‌نگه‌ زیاتر له‌ ده‌رئه‌نجامی ماندووبون و جوڵه‌وه‌یه‌ كه‌ خوێنه‌كه‌ زوو زوو دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ڕه‌نگه‌كه‌شی ڕونه‌، له‌م دۆخه‌دا پێویست به‌ ترس ناكات و ڕه‌نگه‌كه‌ ئاساییه‌.

 

ڕه‌نگی سوری تۆخ

ئه‌م ڕه‌نگه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ ئاساییه‌ به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی ماوه‌ی خوێنه‌كه‌ زیاد له‌ پێویست نه‌بێت، چونكه‌ گه‌ر زیاد بوو هێمایه‌ بۆ خوێنبه‌ربونی ناوه‌كی یاخود بونی وه‌ره‌م.

 

پڕته‌قاڵی  – سور

ئه‌م ڕه‌نگه‌ زۆرجار بۆنیشی له‌گه‌ڵدایه‌، بۆ ئه‌وه‌ش ڕاسته‌وخۆ پێویسته‌ سه‌ردانی پزیشكی تایبه‌ت بكه‌یت، چونكه‌ ئه‌وه‌ هێمایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ردراوی دیكه‌ی جه‌سته‌ت تێكه‌ڵ بووه‌ و پێویسته‌ چاره‌سه‌ری بكه‌یت.

 

قاوه‌ی  – ڕه‌ش

 ئه‌مه‌ش هێمایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خوێنی كۆن له‌ منداڵداندا ماوه‌ته‌وه‌ و ئێستا ده‌رده‌درێت، گه‌ر له‌گه‌ڵ خوێنه‌كه‌ ده‌ردراوی زه‌ردتت نه‌بینی ئه‌وه‌ ئاساییه‌، چونكه‌ ده‌ردراوی زه‌رد نیشانه‌ی برینداربونه‌.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

تەندروستی

٩ هۆکار بۆئەوەی خەوێکی خۆشت نەبێت!

خێزان

خەوتن بەشێکی سەرەکی ژیانی ئێمەیە و خەوێکی ئاسودە یەکسانە بە ژیانێکی ئاسودە، بەڵام ئەمەی خوارەوە کۆمەڵێک هۆکارن بۆئەوەی کە خەوێکی خۆشت نەبێت:

 

-شوێنی زۆر سارد یان زۆر گەرم، باشترە پلەی گەرمی لە نێوان ١٥ بۆ ٢٣ دابێت.

 

-نابێت بەر لە خەوتن وەرزش بکەیت، لانیکەم ٣ کاتژمێر بەر لە خەوتن وەرزشەکەت بکە.

 

-پێویستە کاتی خەوتنت دیاریکراو بێت بۆئەوەی جەستەت ئامادەبێت بۆی.

 

-تا تاریکتر بێت خەوەکەت باشترە، بۆیە ڕوناکی مەهێڵە.

 

-هەردەنگێکیش کە لەدەرەوە بێت خەوت لێتێکدەدات، گەر ماڵتان لە نزیک شەقامە گوێگرەی خەو بەکار بهێنە.

 

-شوێنی خەو بۆ کاری هەڵە بەکار مەهێنە، بۆنمونە لە شوێنی خەوەکەت کار مەکە.

 

-گەر خەوت نەهات بە ٢٠ خولەک بەر لە خەوتن کتێب بخوێنەرەوە.

 

-کاتێک دەچیتە جێگاوە بیر لە سەرقاڵیەکانی ژیان مەکەرەوە و پشوو بە مێشکت بدە.

 

-شێوازی خەوتن زۆر گرنگە بۆئەوەی بە ئاسودەی بخەویت، بزانە کام شێواز بۆتۆ گونجاوە  و لەگەڵ هاوسەرەکەشتدا گفتوگۆی لەسەر بکەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان