ڕوسیا زەنگی جەنگی جیهانی سێیەم لێدەدات



وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایدەگەیەنێت، كە ڕووبەڕووبوونەوەی توند لەگەڵ ناتۆ و ئەمریكا دەستی پێكردووە و یەكێتی ئەوروپاش پاكێجی ژمارە 11ی سزاكان بەسەر مۆسكۆدا ڕادەگەیەنێت، كە 90 كۆمپانیا دەگرێتەوە، هاوكات ڤاگنەرەكانی سەر بە ڕوسیاش دەڵێن: “قەڵاتی بەرگری زیلینیسكی كۆنتڕۆڵ كراوە” بەڵام ئۆكراینا ڕەتی دەكاتەوە.

ڕوسیا هەڕەشەی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی دەكات
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ئەمڕۆ شەممە، پشتڕاستی کردەوە، کە وڵاتەکەی قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی توندی لەگەڵ ناتۆ و ئەمریکا دەستپێکردووە و وتی، “ئەوەی لە دەورووبەری ئۆکراینا ڕوودەدات، گواستنەوە بۆ جیهانێکی فرە جەمسەری خێراتر دەکات”.

لاڤرۆڤ وتی، “ڕق و کینەی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە ڕوسەکان بە ڕوونی لەگەڵ کردەوەی سیاسەتمەداران دەردەکەوێت، چونكە بڕیارەکانی لوتكەی 7 بۆ ڕاگرتنی مۆسکۆ و پەکین-ە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێمە سەرنجی فشارە گەورەکانی ڕۆژئاوا دەدەین لەسەر هاوڕێکانمان بۆ ئەوەی هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بە ڕوسیا، چونكە ئەنگلۆساکسۆنەکان ئەوروپا و ژمارەیەک وڵاتی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کۆنتڕۆڵ دەکەن”.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا هۆشداری دابوو، کە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕێگایەکی پڕ لە مەترسی دەگرنە بەر، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو ڕاپۆرتانەی، کە باس لە نیازی ڕۆژئاوا دەکەن بۆ دابینکردنی فڕۆکەی جەنگی “ئێف16” بۆ ئۆکراینا.

ئەلێکساندەر گروشکۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاندووە، ئەم هەنگاوە مەترسی گەورەی هەڵگرتووە و ڕایاندەكێشێتە ناو ململانێیەکی جیهانییەوە.

فڕۆكەی ئێف16 و گۆڕینی هاوكێشەی جەنگ
بەریتانیا بەنیازە “هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی” دروست بکات بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا بۆ بەدەستهێنانی فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٦ و ئەو فڕۆکە جەنگییە ئەمریکییە وەک ڕێگرییەکی گرنگ بۆ ڕوسیا سەیر دەکرێت، چونكە چەکی ڕۆژئاوایی هەمیشە ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە گۆڕینی سەنگەرەکانی ئۆکراینا، بەڵام بەهۆی گرانی ئەو چەکەوە کیێڤ پێویستی بە فشارێکی گەورە و درێژخایەن هەیە بۆ بەدەستهێنانی.

جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی ڕێگە بە وڵاتانی دیکە بدات فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٦ کە ئۆکراینا زۆر داوای دەكات پێی بدەن، لای خۆشیەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ئەو بڕیارەی بایدنی بە “مێژوویی” وەسف کرد.

ئەوروپا سزای نوێی ئامادەیە
ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، یازدەهەمین پاکێجی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا دژی ڕوسیا زیاتر لە 90 کۆمپانیا لە سەرانسەری جیهان لەخۆدەگرێت.

وتیشی، “بەڵگەی ئەوە هەیە کە ئەم کۆمپانیایانە بەدەوری ئەو سزایانەدا بن، کە بەسەر ڕوسیادا سەپێنراون و ٨ لەو کۆمپانیایانە لە چین تۆمارکراون”.

ڤۆن دێر لاین وتی، “ئێمە جدیین لە وەستاندنی دەورەدانی سزاکان، زیاتر لە 90 کۆمپانیا لە سەرانسەری جیهان کە 8 کۆمپانیای تۆمارکراو لە چین دەخرێنە لیستی 11ی سزاكانی سەر ڕوسیا، دوای ئەوەی بەڵگەمان دەستکەوت، کە ئەوە دەسەلمێنێت ئەوان بەدەربازبوون لە سزاکان ئەو کاڵایانەی سزایان لەسەرە لە ئەوروپاوە بۆ ڕوسیا ناردووە لەڕێگەی وڵاتی سێیەمەوە”.

ڕوونیشی کردەوە، “ئەو 8 کۆمپانیا چینییە لەسەر کاغەز وەک کۆمپانیای چینی تۆمارکراون، بەڵام خاوەنەکانیان بیانین و هەمان شت بۆ ئەو 90 کۆمپانیایە دەگونجێت”.

جەختی لەوە کردەوە کە “یەکێتی ئەوروپا بەرگەی هیچ جۆرە دەربازبوونێک لە سزاکان ناگرێت و سزا بەسەر ئەم کۆمپانیایانەدا دەسەپێندرێت”.

قەڵای بەرگری ئۆكراینا دەكەوێت؟
یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی هێزەکانی بە ئاڵای ڕوسیا و گرووپەکەیانەوە دەرکەوتن و کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی شاری باخمووت-ی ڕاگەیاند، كە بە “قەڵای بەرگری ئۆكراینا” وەسف دەكرێت.

ڕاشیگەیاند، “کاتژمێر2ی نیوەڕۆ باخمووت بەتەواوی کۆنترۆڵکرا و 25ی ئایاری ئەمساڵ ڕادەستی سوپای ڕوسیای دەکەن”.

سوپای ئۆکراینا هەر زوو ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕەتیکردەوە شارەکە بە تەواوی کەوتبێتە دەستی گرووپەکە و سوپای ڕوسیا.

بەشێكی توونی بابا داڕما و دوو شاخەوان گیانیان لەدەستدا
پێشت بەشێكی توونی بابا داڕما و دوو شاخەوان گیانیان لەدەستدا
زانا هۆڵەندییەکەی بواری بوومەلەرزە بە هۆشدارییەکی ترسناکەوە دەگەڕێتەوە
دواتر زانا هۆڵەندییەکەی بواری بوومەلەرزە بە هۆشدارییەکی ترسناکەوە دەگەڕێتەوە
ەیوەندیدار