ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

بەڕێوەبەی نەخۆشخانەی هیوا دوای پێنج ساڵ خزمەت دەستی لەكار كێشایەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەی نەخۆشخانەی هیوا ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر روبەروبونەوەی شێرپەنجە و خزمەتگوزاریەكانی چارەسەر لە وڵاتانی پێشكەوتووی دنیا یەكجار سەخت بێت ئەوا لە هەرێمی كوردستاندا سەدان جار سەختتربووە ، دەشڵێت،”دوای زیاتر لە پێنج ساڵ كاركردن دەستلەكاركێشانەوەم لە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا پێشكەش كرد”.

دكتۆر دۆستی نەجات، بەڕێوەبەی نەخۆشخانەی هیوا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوك ڕایگەیاندووە، لە ئەزمونی پەرەپێدانی نەخۆشخانەی هیوا و خزمەتگوزاریەكانی شێرپەنجەدا زۆر هەوراز و دژواریمان بڕی، بەڵام لەبەرئەوەی ژیانی نەخۆشەكانمان چەقی بیركردنەوەی خۆم و هاوكارەكانم بوو، سەرئەنجام هیوا بووە نمرە یەكی عیراق و تەنانەت لەئاستی وڵاتانی پێشكەوتوو.

دەشڵێت،”دوای زیاتر لە پێنج ساڵ كاركردن دەستلەكاركێشانەوەم لە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا پێشكەش كرد”.

دەستلەكاركێشانەوە
دوای زیاتر لە پێنج ساڵ كاركردن دەستلەكاركێشانەوەم لە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا پێشكەش كرد.
سوپاس بۆ ئەوانەی لەوماوەیەدا پشتیوانی من و نەخۆشخانەی هیوایان كردووە
سوپاسی بێ كۆتایی بۆ هەموو دكتۆر و كارمەندە دڵسۆزەكانی نەخۆشخانەی هیوا و سەنتەری سالاسیمیا و ژیانەوە و تاقیگەی نەخۆشیزانی شۆڕش كە خۆنەویستانە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا پشتگیر و پشتیوان بوون و لەسەر حسابی ژیانی تایبەتی خۆیان خزمەتیان بەدوچاربوانی شێرپەنجە كردووە بەبێ ئەوەی هیچ یەكێكمان چاوەڕوانی سوپاس و پێزانین بین
لە ئەزمونی پەرەپێدانی نەخۆشخانەی هیوا و خزمەتگوزاریەكانی شێرپەنجەدا زۆر هەوراز و دژواریمان بڕی بەڵام لەبەرئەوەی ژیانی نەخۆشەكانمان چەقی بیركردنەوەی خۆم و هاوكارەكانم بوو، سەرئەنجام هیوا بووە نمرە یەكی عیراق و تەنانەت لەئاستی وڵاتانی پێشكەوتو.
بۆ یەكەم جار لەسەر ئاستی عیراق چاندنی مۆخی ئێسكمان ئەنجامدا كە سوپاس بۆ خوا سەدان نەخۆشی لەشێرپەنجە و سالاسیمیا چاككردوەتەوە و خەرجی سەدان ملیۆن دۆلاری چارەسەری گرانبەهای لەدەرەوەی وڵات بۆ خەڵك و حكومەت گەڕاندوەتەوە
ئەگەر روبەروبونەوەی شێرپەنجە و خزمەتگوزاریەكانی چارەسەر لە وڵاتانی پێشكەوتووی دنیا یەكجار سەخت بێت ئەوا لە هەرێمی كوردستاندا سەدان جار سەختتربووە، بەربەستەكان بێشوماربوون و لەژێر فشاری دەرونی هەزاران تراژیدیای ئینسانی و سنورداریی توانای خۆماڵی و ئاستەنگی جۆراوجۆردا شەو و رۆژ هەوڵماندەدا تاوەكو بەناوی (هیوا) بیرۆكەی نائومێدی لەم نیشتمانەماندا بسڕینەوە و دامەزراوەیەكی تەندروستی بین كە هیچی لەوڵاتانی پێشكەوتوو كەمتر نەبێت، هەر لە سەرەتاوە پلانی كورت مەودا و پلانی دوو ساڵە و پێنج ساڵەمان داڕشت و بەشی هەرەزۆری جێبەجێ كرا بەداخەوە كە هەلومەرجەكە چیتر لەزۆر ڕوەوە لەبارنیە بۆ جێبەجێكردنی ئاوات و خولیای زیاتر و بەو هۆیەوە نامەوێت لەشوێنێكدا كاربكەم كە تەنها رۆتینی رۆژانە بگوزەرێنم. دەستلەكاركێشانەوە باشترین بژاردەیە لەوەی كە نەتوانم مافی نەخۆش و پزیشك و كارمەندان دابین بكەم
داوای لێبوردن لەهەر نەخۆشێك ئەكەم لەوماوەیەدا كە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوابووم كەموكورتیەكی لەخزمەتگوزاریەكانمان بەدی كردبێت، بێگومان من و هەموو هاوكارەكانم بە چاوی خزم و كەسی خۆمان لەهەموو نەخۆشێكمان روانیوە بێ جیاوازی و هیچ كات ژوور و خزمەتی تایبەتمان بۆ هیچ كەسێك نەبووە لەناو نەخۆشخانەكەدا، ناچار نەبووین ئاستی خزمەتگوزاری بۆ كەسێكی دیاریكراو بەرزتر بكەینەوە چونكە هەر ئەوەشمان پێشكەش بە خەڵكی هەژار و بێدەرەتانی ئەم وڵاتەكردوە
سوپاسی بێ كۆتام بۆ پزیشك و پەرستار و تاقیگە و كارگێڕی و هەموو بەشەكانی نەخۆشخانە كە گەوهەری نادیاری نیشتمانن
سوپاسم بۆ خەڵكی دڵسۆز و خێرخوای سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ناوچەكانی گەرمیان و راپەرین كە بەتایبەت لە ساڵانی سەرەتای قەیرانی داراییدا لە ئەوجی چالاكیەكانی سندوقی كۆمەكی شێرپەنجە لە نمونەی بازاڕی هیوا و چەندین چالاكی و هۆشیاریدا ئەم نەخۆشخانەیەیان گەشەپێدەدا و فراوانیان دەكرد تا لە سەنتەرێكی ٤٠ تەختیەوە بووە نەخۆشخانەیەكی پێشكەوتووی ١٨٠ تەختی
دوبارە سوپاس بۆ هەموو دڵسۆزانی هیوا كە لەبەر زۆری ژمارەیان لێرەدا ناوم نەبردوون.
د. دۆستی نجاە عپمان

کوردستان

وەزارەتی تەندروستی: هەرێمی كوردستان لە مەترسیدارترین قۆناغدایە

خەڵك – بەشی هەواڵ
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت كە هەرێمی كوردستان بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە چووەتە مەترسیدارترین قۆناغەوە و باس لەوەش دەكات كە هاووڵاتییان سەرپشكن لە هەڵبژاردنی نەخۆشخانە حكومییەكان یاخود ئەهلییەكان بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

د. محەمەد خۆشناو وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەربارەی دۆخی كۆرۆنا ە لێدوانیێكی بۆ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا ڕایگەیاند ئێستا بارودۆخی ڤایرۆسی كۆرۆنا مه‌ترسیدارترین حاڵه‌تی خۆیه‌تی به ‌جۆرێك تاوه‌كو ئێستا هه‌رێمی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ خراپ نه‌بووه.

وتیشی: “ئێمه‌ پێشبینی ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌و سیناریۆیانه‌ی باسمانكردووه‌ له ‌ڕووی مه‌ترسی و نه‌مانی شوێن و له‌ ڕووی په‌ككه‌وتن و شه‌كه‌ت بوونی كارمه‌ند و پزیشكانمان زۆر له ‌ڕاستی نزیكده‌بێته‌وه‌، ژماره‌كه‌ تاوه‌كو ئه‌م هه‌فته‌یه‌ به‌تایبه‌ت ڕۆژانه‌ 500 حاڵه‌تمان هه‌یه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی كه‌ ده‌ستنیشانكراون”.

خۆشناو لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا باسی لە بڕیارەكەی وەزارەتی‌ تەندروستی كرد بۆ بەكارهێنانی نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت لە چارەسەركردنی تووشبووانی كۆرۆنادا و ڕایگەیاند هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان ته‌نها بۆ ئه‌وه‌بووه‌ له ‌ته‌نیشت نه‌خۆشخانه‌ی حكومی خزمه‌ت بكه‌ن.

وتیشی: “هه‌موو هاوڵاتیه‌ك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ نه‌خۆشخانه‌ی حكومی یان ئه‌هلی هه‌ڵبژێرێت، كاتێك كه‌سێك نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌هلی هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بكرێت مانای وا نییه‌ ده‌كرێت ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ به‌ویستی خۆی نرخه‌كان دیاری بكات ئه‌گه‌ر كه‌سێك باری دارایی زۆر باش بێت چونكه‌ كه‌سانێكمان هه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆماوه‌ی چه‌ندین ساڵ ده‌بێت له‌ نه‌خۆشخانه‌ی حكومی چاره‌سه‌ری وه‌رنه‌گرتووه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌توانێت له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌هلی چاره‌سه‌ر وه‌ربگرێت به‌هه‌مان شێوه‌ش نابێت ئه‌م كه‌سانه‌ش له‌لایه‌ن نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كانه‌وه‌ به ‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان ئه‌و بارودۆخه‌ بقۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نرخێك به‌دڵی خۆیان دابنێن.”

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

پەرلەمانتارێكی تەڤگەر داوا دەكات مووچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر بەغدا

خەڵك – بەشی هەواڵ
پەرلەمانتارێكی تەڤگەری ئازادی كە بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان هەژمار دەكرێت، داوا دەكات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بخرێتە سەر بەغدا و خەڵكیش “ڕاپەڕین” بكات.

یوسرا ڕەجەب پەرلەمانتاری سەر بە تەڤگەری ئازادی لە پەرلەمانی عیراق داوای لە حكومەتی هەرێم كرد كە شایستە داراییەكانی فەرمانبەران دبین بكات و ڕایگەیاند خه‌ڵكی هه‌رێم ئازادی و شایسته‌ داراییه‌كانی خۆیانیان ده‌وێ ئه‌گه‌ر پێتان دابین و فه‌راهه‌م ناكرێ ده‌سه‌ڵات به‌ جێ بهێڵن و بڕۆن.

بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە، خەڵكی هەرێمی كوردستان تەنیا دوو ڕێگەچارەی لەبەردەمدایە، ” یه‌كێكیان چاره‌سه‌ری ڕیشه‌ییه‌ ئه‌ویش ڕاپه‌رینه‌ دژی سته‌مكاری ده‌سه‌ڵاتی كوردی یه‌ له‌ هه‌رێم ئه‌وی تر هه‌نووكه‌ییه‌ ئه‌ویش گواستنه‌وه‌ی مووچه‌ی مووچه‌ خۆرانی هه‌رێمه‌ بۆ سه‌ر به‌غدا”.

ئەو پەرلەمانتارە كە حزبەكەی بە تۆمەتی نزیكبوون لە پارتی كرێكارانی كوردستان تا ئێستا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە مۆڵەتی پێنەدراوە دەڵێت: “بۆ خۆم ئیدی جگه‌ له‌ ڕاپه‌رین باوه‌ڕییم به‌ هیچ شتێكی تر نه‌ماوه”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

تورکیا: ئەگەر عیراق چاوپۆشی لەپەکەکە بکات، لەهێرشەکانمان بەردەوامدەبین

خەڵک- بەشی هەواڵ

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، سەرەتا بەرپرسیارێتیی عیراقە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر دژبە ئەندامانی  پەکەکە کە لە وڵاتەکەیدا هەن، ئەگەر بەردەوام چاوپۆشی لە بوونی پەکەکە بکرێت لە عیراق، ئەوا تورکیا پێداگرە لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە پێناو ئاسایشی سنوورەکانی خۆی.

 

سەبارەت بە چاوەڕوانییەکانی تورکیا لە عیراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، پەکەکە کە ساڵانێکە لەو ناوچانەی لە عیراق لانەی کردووە هێرش دەکاتە سەر تورکیا و بێ منەتە بەرامبەر سەروەریی، یەکپارچەیی خاک، ئاسایش و سەقامگیری عیراق.

 

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، سەرەتا بەرپرسیارێتیی عیراقە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر دژ بە ئەندامانی “رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە” کە لە وڵاتەکەیدا هەن.

 

ئەوەش هاتووە ”لەو ڕووەوە وڵاتەکەمان ئامادەی هاریکارییە لەگەڵ عیراق، بەڵام ئەگەر بەردەوام چاوپۆشی لە بوونی پەکەکە بکرێت لە عیراق، ئەوا وڵاتەکەمان هەرچییەک ببێت با ببێت وەک ئەوەی تا ئێستا کردوویەتی پێداگرە لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە پێناو ئاسایشی سنوورەکانی. لەبەر رۆشنایی ئەوەدا، داوا لە عیراق دەکەین، هەنگاوی پێویست بگرێتەبەر، داواش لە هەندێک وڵاتی دیکە و رێکخراوە هەرێمییەکان دەکەین کە ئەو ڕەوشە بە هەل دەزانن و بانگەشەی بێ بنەما دژبە وڵاتەکەمان بڵاودەکەنەوە کە هانی تیرۆریستان دەدەن، کۆتایی بەو هەڵوێستە دووفاقییە بهێنن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا و هەڵوێستێکی مەبدەئی بگرنەبەر”.

سەرچاوە: ئاژانسی ئەنادۆڵو

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان