ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

تەندروستی كۆیە: ١١ تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە ماون

خەڵك – بەشی هەواڵ
بە پێی ئامارە فەرمییەكان تەنیا ١١ تووشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی كۆیە ماون و سێ حاڵەتی مردنیش تۆمار كراون.

ئەمڕۆ یەك شەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی كۆیە ئامارەكانی تایبەت بە كۆرۆنای بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند تائێستا دوو هەزار و ٢٢١ پشکنینی كۆرۆنا ئەنجام دراون كە ٨٤ یان هەڵگری ڤایرۆسەكە بوون.

ڕوونیشیكردەوە كە ٧٣ تووشبوو چاكبوونەتەوە، سیانیش گیانیان لە دەست داوە و ١١كەی دیكەش لە نەخۆشخانەن و چارەسەر وەردەگرن.

تەندروستی كۆیە ئەوەشی خستەڕوو كە یەك پزیشك و ١١ كارمەندی تەندروستی و كارگێڕی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.

کوردستان

پۆلیسی سلێمانی: تەقەكەرێك دەستگیر كرا

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، شەوی ڕابردوو تەقەكەرێك لەگەڕەكی بەكرەجۆی شاری سلێمانی لەلایەن ھێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركرا.

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند:”دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو تۆمەتبارێك تەقەی لەماڵی دوو ھاووڵاتی كرد و دواتر ھەڵھات، پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، ھێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستیپێكرد و توانرا لەماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارەكە بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت”.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە:”ھاوكات دەستیشگیرا بەسەر ئوتۆمبێلی تۆمەتبار و چەكێك لەجۆری كڵاشینكۆفدا كە تۆمەتبارەكە تەقەكانی پێكردبوو”.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو:”لەئێستادا تۆمەتبار (ب، ن، ر) لە دایكبووی ١٩٨١دانیشتووی شاری سلێمانی بەفەرمانی بەڕێز دادوەر و بەپێی ماددەی ٣١/٤٠٥ ڕاگیراوە و لەبەردەم دادوەردا دانی بەتاوانەكەیدا ناوە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

تەندروستی سلێمانی: لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 15 تووشبووی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ تەندروستی‌ سلێمانی‌ ڕایدەگەیەنێت: لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 15 تووشبووی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە و 6 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

د.یاد نەقشبەندی‌ وتەبێژی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ تەندروستی‌ سلێمانی‌ لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد: لە 24 كاتژمێری‌ ڕابردوودا 41 نەخۆش داخڵی‌ نەخۆشخانەكانی‌ كۆرۆنا بوون و 15 تووشبووش نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ تەندروستی‌ سلێمانی ‌ئاماژەی بەوەشداوە: هاتووە 120 تووشبوو لە نەخۆشخانەكان ماونەتەوە و لەو ژمارەیە 28 تووشبوو لە چاودێری‌ چڕن و هاوكات لە 24 كاتژمێری‌ ڕابردوو 6 تووشبووی‌ كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

سەرۆكایەتی یەكێتی: هێزە سیاسییەكانی كوردستان بەشداربن لە بوژاندنەوەی شنگال

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شەشەمین ساڵیادی جینۆسایدی شنگالدا بە پێویستی دەزانێت هێزە سیاسییەكانی كوردستان، شانبەشانی حكومەتی عیراق و كۆمەڵی نێودەوڵەتی، بەشداری بكەن لە پڕۆسەی بوژاندنەوەی شنگال و گەڕاندنەوەی دانیشتووانە ڕەسەنەكەی بۆ زێدی باب و باپیرانیان.

سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند: لە شەشەمین ساڵیادی كارەساتی شنگال و جینۆسایدی ئێزدییان، بە خەمێكی قووڵەوە، یادی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانەی‌ دەرهەق بە گەلەكەمان كرا بەرز ڕادەگرین، پشوودرێژی و ورە و باوەڕ بە ئایندەیەكی گەشتر بۆ كەسوكاریان دەخوازین و داواكارین لایەنە پەیوەندارەكانی كۆمەڵی نێودەوڵەتی، حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان پەلە بكەن لە ناساندنی كارەساتی شەنگال وەك تاوانی جینۆساید و لەبەردەم دادگایەكی باڵادا، ڕێكخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی و تاوانبارەكانیان و ئەوانەش كە كەمتەرخەم و هۆكاربوون بۆ‌ ڕوودانی كارەساتەكە، بە سزا بگەیەنن.

سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەشیخستووەتەڕوو: سەرباری گەورەیی كارەساتەكە و دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر ڕۆژی ڕەشی ٣ی٨ی٢٠١٤، هێشتا برینی خوشك و برا ئێزدییەكانمان سارێژ نەبووە. دەیان هەزار خێزان داڕماون. هەزاران كچ و مناڵ و پیاوی ئێزدی بێ سەروشوێنن و دەیان هەزار پیر و بریندار لە ئاوارەیی كەمپەكاندا و دوور لە زێدی خۆیان، دوور لە ئازیزانیان، خراپترین ڕۆژگار دەگوزەرێنن. لە دۆخێكی وا تاڵدا، ئەركی هەموو لایەكمانە‌ دوور لە دروشمبازیی، سنوورێك بۆ ئەم دۆخە خراپەی ژیانی ئێزدییەكانی پاش جینۆساید دابنێین و پشتیوان بین لە ئاسایی كردنەوەی ژیانی خەڵك لە شنگال‌ و دوور لە ململانێ و بەرژەوەندیی تەسكی حزبی، ئێزدییان و ناسنامەی گەلی خۆمان و كولتوری پێكەوەژیان و فرەیی ئاینیی بپارێزێن.

سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕوونیشیدەكاتەوە، بە پێویستی دەزانین هێزە سیاسییەكانی كوردستان، شانبەشانی حكومەتی عیراق و كۆمەڵی نێودەوڵەتی، بەشداری بكەن لە پڕۆسەی بوژاندنەوەی شنگال و گەڕاندنەوەی دانیشتووانە ڕەسەنەكەی بۆ زێدی باب و باپیریان. ئەركی حكومەت و لایەنە پەیوەندارەكانە بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی، دۆزینەوەی خوشك و برا ئێزدییە بێسەروشوێنەكراوەكان بكاتە كاری لەپێشینەی خۆی. ئەركی هەمووشمانە كە ئەو ڕۆژانە و شەهیدانی ئێزدی و شەهیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لەیاد نەكەین و دڵنیاین كە قوربانیدانی هێزەكانی پێشمەرگە و یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان ڕێگەی نەدا پیلانی تری داعش لە قڕكردن و داگیركاریی بۆ سەر كوردستان سەربگرێت.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە، ئێمە لە سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كاتێكدا مەزڵومییەت و قوربانیدانی ئێزدییەكان بەوپەڕی بەرز دەنرخێنین، بەڵێنی هاوكاری و پشتیوانیی تەواویان بۆ دووپات دەكەینەوە و ڕایدەگەیەنین: خەباتی ئێمە لەپێناو پاراستن و بەدیهاتنی داوا ڕەواكانی ئەوان و ئامانجی تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان