ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

عەبدولستار مەجید: دۆخی كشتوكاڵ لە قۆناغێكی خراپدایە

خەڵك – بەشی هەواڵ
عەبدولستار مەجیدر سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان پێیوایە كە كشتوكاڵ لە دۆخێكی خراپدایە و رەخنەش لە حكومەت دەگرێت كە وەزیرەكانی دەستكراوە نەكردووە، عەبدولستار مەجید باس لەوەش دەكات كە ئەو كاتەی وەزیری كشتوكاڵ بوو، بە هۆی قەدەغەكردنی چەند بەرهەمێكی توركیا، سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی توركیای ناچاركرد كە پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتەوە بكەن.

عەبدولستار مەجید سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ و وەزیری پێشووی كشتوكاڵ سه‌باره‌ت به‌ دۆخی كشتوكاڵ له‌هه‌رێمی كوردستان وتی” بێگومان دۆخی كشتوكاڵ به‌ قۆناغێكی خراپدا تێده‌په‌ڕێت پێشم وایه‌ زیاتر بۆ تێڕوانیین و عه‌قڵیه‌تی حكومڕانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ناخه‌وه‌ قه‌ناعه‌تیان به‌وه‌ نییه‌ سێكته‌ری كشتوكاڵ سێكته‌ری یه‌كه‌م بێت بۆ دروستكردنی ئابورییه‌كی به‌هێز و ژێرخانی ئابورییه‌كی به‌هێز چونكه‌ ئێمه‌ وڵاتێكی كشتوكاڵیین ، هه‌ر وڵاتێكیش كه‌ كشتوكاڵی بێت به‌ پله‌ یه‌ك گرنگی به‌ كشتوكاڵ ده‌دات ، واته‌ سێكته‌ری یه‌كه‌می ده‌بێت بۆیه‌ دۆخی كشتوكاڵ و بارودۆخی كشتوكاڵ و به‌رهه‌می ناوخۆی خۆمان هه‌میشه‌ به‌ڕاستی خراپ بووه‌.”

ئەوەش دەخاتەڕوو كە ئەو كاتەی ئەو وەزیری بوو دۆخی كشتوكاڵ بەم شێوەیە خراپ نەبوو، “چونكه‌ به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی خۆم و ته‌ماشاكردنی بارودۆخ و به‌رهه‌می ناوخۆی خۆمان و لێدوانه‌كانی جوتیاران و به‌رپرسانی شاره‌زا له‌م بواره‌دا ئێستا به‌خراپترین حاڵه‌تدا تێده‌په‌ڕێت”.

وه‌زیری پێشووی كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌شی وت “ئێمه‌ له‌سه‌رده‌می خۆماندا، واته‌ له‌م چوارساڵه‌ی 2014 بۆ 2018 له‌ كۆتا ساڵ به‌تایبه‌تی 2017 ، یانزه‌ به‌رهه‌می خۆمان نارده‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ بۆ نموونه‌ی په‌تاته‌ی ئێمه‌ 500 ته‌نی په‌تاته‌ی هه‌رێمی كوردستان بردرا بۆ وڵاتی سعودیه، زۆر به‌رهه‌ممان له‌ پێداویستی وڵاتی خۆمان زیاتربوو بۆیه‌ هه‌وڵماندا له‌ده‌ره‌وه‌ بازاڕی بۆ بكه‌ینه‌وه‌، وه‌ هه‌نگوینی ئێمه‌ بردرا بۆ وڵاتی ئیمارات، برنجی ئێمه‌ بردراوه‌ بۆ وڵاتی سودان ئێمه‌ به‌رهه‌می زۆر نایابمان هه‌بووه‌ به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی كه‌ هه‌یه‌ چۆن ساغ بكرێته‌وه‌، یه‌كه‌میان پێویسته‌ له‌ناوخۆماندا وشیارییه‌كی هاوڵاتیان هه‌بێت كه‌ به‌رهه‌می خۆماڵی خۆمانیان له‌ به‌رهه‌می دیكه‌ پێ باشتر بێت، واته‌ تا به‌رهه‌می خۆمان وه‌ستا بێت ، ده‌ست بۆ به‌رهه‌می بێگانه‌ نه‌به‌ن، ئه‌م پاره‌یه‌ بۆ گیرفانی جوتیاری وڵاتی خۆمان بێت باشتره‌. دووه‌م پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات، وه‌زاره‌تی بازرگانی به‌تایبه‌ت و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیش به‌ پله‌ی دوو ، هه‌وڵ بده‌ن بازاڕ بۆ به‌رهه‌می هه‌رێمی كوردستان ببیننه‌وه‌، جا عێراق باشترین بازاڕه‌ بۆ ئێمه‌ یان وڵاتانی دیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كان ساغ ببنه‌وه‌، سێیه‌م ئه‌گه‌ر خه‌ڵك به‌رهه‌مه‌كانی ئێمه‌ی نه‌كڕییه‌وه‌ بۆ نموونه‌ ساغ نه‌بویه‌وه‌، وه‌ نه‌شمان توانی له‌ده‌ره‌وه‌ بازاڕی بۆ بدۆزینه‌وه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ كارگه‌ی له‌ قوتونان له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ ساغ نه‌بوونه‌وه‌ له‌وێ ساغی بكه‌ینه‌وه‌”.

“من پێم وایه‌ ئه‌و حكومڕانییه‌ی ڕابردوو، كابینه‌ی هه‌شته‌م كراوه‌تر بوو، وه‌زیره‌كان ده‌ستكراوه‌تر بوون وه‌ ده‌سه‌ڵاتیان زیاتر بووه‌، بۆ نموونه‌ له‌سه‌ر جوتیاری خۆمان ناچاربووم شه‌ڕم له‌گه‌ڵ وڵاتی ئێران و توركیا كردووه‌، وه‌ شه‌ڕم له‌گه‌ڵ عێراق كردووه‌، زۆرجار سنورم گرتووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ به‌رهه‌می ناوخۆی خۆمان بفرۆشێت و بازاڕی هه‌بێت.”

عه‌بدولستار مه‌جید ئاماژه‌ی به‌ ڕووداوێك كرد كه ‌له‌ سه‌رده‌می وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ئه‌و ڕوویداوه‌ كاتێك كارێكی كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی بره‌ودان به‌به‌رهه‌می ناوخۆ، له‌و ڕووه‌وه‌ وتی” بۆ زانیاری باجمان كه‌ له‌سه‌ر سه‌ر به‌رهه‌می ده‌ره‌وه‌ دانابوو، وڵاتی توركیا به‌رهه‌مه‌كانی مریشكیان هه‌نارده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرد و ده‌شیان وت باج ناده‌ین ئێمه‌ش باجمان دانا بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می خۆماڵی خۆمان پاره‌ بكات جوتیاری خۆمان زیان نه‌كه‌ن، به‌بڕیار قه‌ده‌غه‌مان كرد كه‌ به‌رهه‌می توركی بێت بۆ هه‌رێمی كوردستان. ئه‌و كاته‌ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و داودئۆغلو سێ جار په‌یوه‌ندیان به‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ كردبوو كه‌ له‌ ئیتاڵیا بوو له‌گه‌ڵ به‌ڕێز كاك قوباد وتوبییان ئێمه‌ خه‌ریكه‌ په‌یوه‌ندی بازرگانی و ئابوریمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان تێكده‌چێت، ئه‌م قه‌ده‌غه‌ و ڕێگرتنه‌ چییه‌؟ ئه‌ویش پرسیاری له‌ من كرد، ئه‌و كاته‌ ئه‌ردۆغان وتبووی پێده‌چێت ئه‌م وه‌زیره‌ پاشخانی په‌كه‌كه‌ و ئه‌و شتانه‌ی هه‌بێت ئه‌ویش وتبووی نه‌وه‌ڵا ئه‌و پاشخانی خۆتانی هه‌یه‌، ئیسلامییه‌، به‌ڕێز كاك نێچرڤان وتبووی با قسه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری خۆمان بكه‌م وه‌ دواتر وه‌ڵامتان ده‌ده‌مه‌وه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كاك نێچیرڤان یه‌كترمان بینی و بۆم باسكرد كه‌ بابه‌ته‌كه‌ چۆنه‌، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ پشتگیریشی كردین به‌ڕاستی وه‌زیر ده‌بێت ده‌ستكراوه‌ بێت له‌ سێكته‌ره‌كه‌ی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت گرنگی به‌ سێكته‌ر و وه‌زاره‌ته‌كه‌ی خۆی بدات”.

عه‌بدولستار مه‌جید ڕونیكرده‌وه‌” له‌و چه‌ند ساڵه‌ی كه‌ من وه‌زیری كشتوكاڵ بووم وه‌ ئه‌م دوو ساڵه‌ش كه‌ له‌ په‌رله‌مانیین له‌و ڕووه‌وه‌ باس ده‌كه‌م كه‌ به‌ڕاستی كشتوكاڵ له‌دۆخێكی خراپدایه‌، له‌وانه‌یه‌ من ساڵانی زووم .دیراسه‌ نه‌كردبێت و هه‌ڵسه‌نگاندنم بۆ نه‌كردبێت كه‌ چۆنه‌، ئێمه‌ وه‌كو لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری له‌په‌رله‌مانی كوردستان كۆبونه‌وه‌یه‌كمان ئه‌نجامدا، وه‌ كۆمه‌ڵێك بڕیارماندا یه‌كێك له‌بڕیاره‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بانگهێشتی .به‌ڕێز وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو بكه‌ین له‌گه‌ڵ وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ به‌رهه‌م و ساغ كردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌مڕۆ كاتژمێر یانزه‌ دیاریكراوه‌ ، ئێمه‌ له‌ لیژنه‌ی كشتوكاڵ له‌گه‌ڵیان كۆده‌بینه‌وه‌ بۆ تاوتوێكردن و گفتوگۆكردن و‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م قه‌یران و زیانه‌ی كه‌ توشی به‌رهه‌می جوتیارانی خۆمان بۆته‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان”.

له‌ماوه‌ی ڕابردوودا لێدوانێك له‌ میدیا و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كوردییه‌كان به‌ناوی وه‌زیری ئێستای كشتوكاڵ و ئاودێری حكومه‌تی هه‌رێم بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ ڕایگه‌یاندبوو “ته‌ماته‌ی خۆماڵی به‌كه‌ڵكی دۆشاو نایه‌ت” به‌وهۆیه‌وه‌ كاردانه‌وه‌ی زۆری لێكه‌وته‌وه‌.

به‌ڵام وه‌زیری پێشووی كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت “به‌ ئه‌زموونی باپیران و نه‌نك و دایك و ئه‌وانه‌بێت ئه‌م ته‌ماته‌یه‌ی خۆمان زۆر چاكه‌ بۆ دۆشاوی ئاوی ته‌ماته‌ چونكه‌ به‌ڕاستی كورده‌واری خۆمان كاتی خۆی وه‌ ئێستاش له‌ هه‌ندێك شوێن هه‌ر ئه‌م ته‌ماته‌یه‌ی خۆمان ده‌كرێت به‌ ئاوی ته‌ماته‌ و بۆ چێشت به‌كاردێت له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ زانیاری ئه‌و دۆشاوی ئاوی ته‌ماته‌یه‌ی كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ دێت به‌شێكی مه‌وادی دیكه‌ی له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵ كراوه‌ به‌پێی زانیاری وردی من، وه‌كو باینجان یاخود وه‌كو هه‌ندێكی مه‌وادی دیكه‌ی كیمیایی. ئه‌و ئاوی ته‌ماته‌یه‌ی كه‌ له‌ قتودایه‌ بخورێت ئه‌وه‌ی كه‌ تۆزێك گه‌ده‌ و ئه‌وانه‌ی ته‌واو نه‌بێت توشی دڵه‌كزێ و ناڕه‌حتی ده‌كات ، به‌ڵام ئاوی ته‌ماته‌ی خۆمان بخورێت هیچی لێنایه‌ت و زۆر سروشتی یه‌.”

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ” لایه‌نه‌ زانستیه‌كه‌ی ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ ده‌ڵێن ته‌ماته‌ی خۆماڵی ده‌نكی زۆره‌ كه‌ ئه‌م ده‌نكه‌ ڕێژه‌یه‌كی كه‌م ئاوی ته‌ماته‌ی لێدروست ده‌بێت، ئه‌وه‌ كێشه‌ نییه‌ هه‌موو ته‌ماته‌كانیش به‌م شێوه‌یه‌ نییه‌.”

عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌وه‌شی وت “گوێم له‌به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كشتوكاڵی هه‌ولێر بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری كارگه‌ی له‌ قتونانه‌ ئه‌وه‌ی هه‌ریر بڕیاریانداوه‌ به‌ وه‌رگرتنی ته‌ماته‌ی جوتیارانی خۆمان بۆ ئه‌و كارگه‌یه‌، ئه‌ی باشه‌ ئه‌گه‌ر به‌كه‌ڵك نایه‌ت چۆن وه‌ری ده‌گرن؟ خۆ ئه‌وان شاره‌زان دیاره‌ به‌كه‌ڵك دێت بۆیه‌ وه‌ریده‌گرن نازانم وه‌زیری كشتوكاڵ ئه‌م قسه‌یه‌ی كردووه‌ به‌ڕاستی خۆم گوێم لێ نه‌بووه‌.”

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە كێ له‌بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ له‌هه‌رێم زیانمه‌ند ده‌بێت؟، عه‌بدولستار مه‌جید وتی” من پێم وایه‌ هه‌ندێك له‌ بازرگانه‌ چاوچنۆكه‌كان كه‌ ته‌نها خه‌ریكی گیرفان پڕكردن و خۆ ده‌وڵمه‌ندكردنن له‌سه‌ر حسابی گیرفانی خه‌ڵكی هه‌ژاری ئه‌م وڵاته‌ زیانمه‌ندده‌بن ده‌نا هیچ كه‌س زیانمه‌ند نابێت به‌ڵكو هه‌موو لایه‌ك قازانج ده‌كه‌ن، هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و خه‌ریكه‌ به‌ كشتوكاڵه‌وه‌ قازانج ده‌كات، وه‌ ئه‌وه‌شی كه‌ كشتوكاڵ ناكات به‌رهه‌مێكی نایاب و ته‌ندروست و به‌تام و به‌رهه‌می خۆماڵی خۆی ده‌ست ده‌كه‌وێت، ئه‌ویش قازانج ده‌كات، به‌گشتی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات قازانج ده‌كه‌ن چونكه‌ ئه‌و پاره‌یه‌یه‌ی ئێمه‌ ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌چێته‌ گیرفانی هاوڵاتیان و له‌و كۆتاییدا بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، ته‌نها خه‌ڵكێكی چاوچنۆك كه‌ ده‌یانه‌وێت هه‌ر قازانجی زیاتر بكه‌ن.”

هه‌روه‌ها زیاتر ڕوونیكرده‌وه‌” خه‌ڵكی بازرگانی ڕێكوپێمان هه‌یه‌، خه‌ڵكی خه‌مخۆرمان هه‌یه‌ به‌ڵام به‌شێكی چ ئه‌وه‌ی سیاسیه‌كه‌ بێت و چ له‌په‌نای سیاسیه‌كان پێی ناڕه‌حه‌تن به‌بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ، من كاتی خۆی بۆ زانیاریتان یه‌كێك له‌و چین و توێژانه‌ی كه‌ به‌زه‌قی هه‌ستم پێكردووه‌ و به‌ خۆشمیان ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ لێم نیگه‌ران بوون بازرگانه‌كان بوون.”

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر دۆخی كشتوكاڵ له‌هه‌رێم به‌مجۆره‌ به‌رده‌وام بێت پێشبینی چی ده‌كات؟ له‌وه‌ڵامدا عه‌بدولستار مه‌جید وتی” پێم وایه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باری زیاتر قورس ده‌بێت وه‌ خه‌ڵك زیاتر دێته‌ سه‌ر شه‌قام و ناڕه‌زایی زۆر زۆر زیاتر ده‌بێت له‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ئێستا خه‌ریكی كشتوكاڵن ئه‌گه‌ر ئه‌وان قازانج بكه‌ن دیاره‌ بارسوكی ده‌بێت بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌شی دێته‌سه‌ر كه‌حكومه‌ت بیانژیه‌نێت و خه‌م له‌ ژیانیان بخوات، واته‌ بارودۆخه‌كه‌ خراپترو ئاڵۆزتر ده‌بێت.”

VOA

ریکلام

چاوپێکەوتن

سەردار ئازاد: بازاڕی خانووبەرە، پەكی كەوتووە

 

خەڵك-ئارام سەردار

ڕاوێژكارێكی بواری كەرتی خانووبەرە ڕایدەگەیەنێت، سەقامگیری نرخی دراو كاریگەری لەسەر نرخی خانووبەرە دەبێت.

سەردار ئازاد لەدیمانەیەكی لەگەڵ (خەڵك) ڕایدەگەیەنێت، خەڵكانێك بەسوود وەرگرتن لەخراپی دۆخی دارایی خەڵك و ناهۆشیاری خەڵك لەبواری كڕین و فرۆشتن فێڵ لەخەڵك دەكەن.

خەڵك: ئێستا نرخی دۆلار بەرزە، چ كاڕیگەریەكی هەیە لەسەر بازاڕی خانوبەرەو هاوڵاتیان؟
سەردار ئازاد: سەقامگیری نرخی دراو كاریگەری لەسەر بازاڕی خانووبەرە دەبێت، چونكە خەڵك ناتوانێ هیچ بكڕێت و دوو دڵ بێت لەكڕینی هەر شتێك ئەمەش وای لێدێت بازاڕ بوەستێت، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و كەمبوونەوەشی لەهەفتەی ڕابردوو كە ١٠٠ دۆلار تاوەكو ١٢٩ هەزار بەرزبوو بۆ ماوەی هەفتەیەك بازاڕی ڕاگرت، ئێستاش كەنرخەكە كەم بۆتەوە و نزیك بۆتەوە لەنرخی پێشوو بازاڕ جوولەی كردۆتەوە.

خەڵك: چۆن هاوڵاتی خۆی لەزیانەكانی بپارێزێت؟
سەردار ئازاد: پێویستە هاوڵاتیان وریابن لەمامەڵەكردن بەدۆلار لەكاتی گۆڕانی نرخی دراو، چونكە گۆڕانی نرخی دۆلار بەرامبەر دراوی عیراقی كاتی دەبێت و درێژخایەن نابێت و پەلە نەكەن لەبڕیاردران و چاوەڕوان بكەن، چونكە نرخ كەم دەبێتەوە.

خەڵك: دواكەوتنی مووچە و بێ ئومێدی مووچەخۆر لەچارەنووسی مووچەدا چ كاریگەریەكی دەبێت؟
سەردار ئازاد: هاتن و نەهاتنی مووچە كاریگەری جێدەهێڵێت لەسەر بازاڕی خانوبەرە هەرچەندە ئەوانەی زیاتر كاری كڕین و فرۆشتن دەكەن لەبواری خانوبەرە كەمترین مووچەخۆری تێدایە، بەڵام بازاڕی كوردستان پشتی بەستووە بەهەواڵەكان كاتێك هەواڵێكی ناخۆش دەبیسترێت بازاڕ ڕادەگرێت، بەپێچەوانەشەوە هەواڵ خۆشبێت بازاڕ خۆش دەبێت، بۆیە نەهاتنی مووچە وادەكات بازاڕ بوەستێت، لەڕابردووش ناساقەمگیری بازاڕ وایكرد كەسانی زۆر زیان بكەن و زیانیان بەربكەوێت.

خەڵك: زیانە لاوەكیەكانی دۆخی خراپی دارایی چین؟

سەردار ئازاد: زیانە لاوەكیەكان بریتین لەوەی خەڵكێكی زۆر ناتوانێ سوودمەند بێت لەكڕینی یەكەی نیشتەجێبوون، یان بەهۆی خراپی دۆخی دارایی ئەو یەكە نیشتەجێبوونەی هەیانە لەدەستی بدەن، لەهەمان كاتدا كاریگەری گشتیش دروست دەكات چونكە مووچە نەبێت ئەوانەی قیستیان لەسەرە ناتوانن پابەندی دانەوەی قیستەكان بن، بۆیە پێویستە دۆخی دارایی لەهەرێم سەقامگیربكرێت تاوەكو هاوڵاتی لەدۆخێكی دەروونی جێگیر بژیت.

خەڵك: دەوترێت فێڵی زۆر لەهاوڵاتیان دەكرێت؟ هاوڵاتی چیبكات؟
سەردار ئازاد: بەڵێ فێڵكردن لەخانوبەرە زۆرە، خەڵكانێك بەسوود وەرگرتن لەخراپی دۆخی دارایی خەڵك و ناهۆشیاری خەڵك لەبواری كڕین و فرۆشتن فێڵ لەخەڵك دەكرێت، لەمەشدا خەڵك دەبێ هۆشیار بێت فێڵی لێ نەكرێت و لەهەر مامەڵەیەك پرسیار و ڕاوێژی زۆر بكات، خودی خۆی سەردان بكات و دوای لێكۆڵینەوە و دیراسە ئینجا بڕیار بدات.

خەڵك: سەرۆكی حكومەت وتی نرخ دادەبەزێنین، كاریگەری دەبێت لەسەر نڕخی خانوبەرە؟
سەردار ئازاد: لێدوانەكەی سەرۆكی حكومەت كاریگەری دەبێت لەسەر نرخی خانوو و شووقە، چونكە بەرنامەی حكومەت لەدەستی ئەودایە كاتێك دەڵێت نرخ دادەبەزێنین و بەرنامەیان هەیە بۆ زیادكردن و دروستكردنی خستنەڕووی خانووی شووقە، زیادبوونی خستنەڕوو و كەمی خواست نرخ كەم دەكاتەوە، لێرەدا كاریگەریش دروست دەكات لەوەی وەبەرهێنەر بەترسەوە وەبەرهێنان لەم كەرتەدا بكەن.

خەڵك: كڕینی شوقە و خانوو لەلایەن عەرەب نرخی بەرزكردۆتەوە؟
سەردار ئازاد: لە ساڵانی ٢٠٠٦ تاوەكو ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ش نرخی خانووبەرە و شووقە بەرزبۆوە بەهۆی هاتنی بەلێشاوی هاوڵاتیانی عەرەبی ناوەڕاست و باشوور، بەڵام ئێستا لەهەرێمی كوردستان نەماون چونكە ئێستا دەچن لەتوركیا خانوو و شووقە دەكڕن لەهەمان كاتدا ئیقامە و ڕەگەزنامەی توركیا وەردەگرن، لەكاتێكدا لەهەرێمی كوردستان دەبوایە هەر شەش مانگ جارێك ئیقامەیان نوێ بكردایەوە سەڕەڕای ئەوەی پارەیەكی زۆریان بەكڕینی مووڵك خەرج دەكرد بۆیە نەمان توانی مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ ئەم دەرفەتە بكەین و دۆخی ئابووری پێچەوانە شكایەوە بەسەرماندا و بازاڕی زۆر لەشوێنەكان وەستاوە و نرخیش كەم بۆتەوە.

خەڵك: ئێستا نرخی بازاڕ چۆنە بۆ خانوو زەوی و شووقە؟
سەردار ئازاد: نرخەكان لەئاستێكی مام ناوەند دایە نەزۆر بەرزە نەزۆر كەم، لەهەموو دونیاش زۆنی زێڕ و زۆنی خراپ و زۆنی هەژار هەیە كە لەزۆنی زێڕ نرخەكان بەرز دەبنەوە ڕۆژ بەڕۆژ، بەڵام لەزۆنەكانی تر نرخ كەمێك بەرز دەبێت و دێتەوە خوارەوە.

خەڵك: كڕین و فرۆشتن زیاتربووە یان كەمە بەراورد بەچەند مانگی پێشوو؟
سەردار ئازاد: لە٥٠٪ كڕین و فرۆشتن دابەزیوە بەراورد بەچەند مانگی ڕابردوو، هۆكارەكەشی ناسەقامگیری ئابووری و سیاسی كوردستان و نەبوونی مووچە و بوودجەیە، تێربوونی بازاڕ لەبوونی شووقە پڕۆژە و نەبوونی سیستەمێكی باش،بوەهۆی خستنەڕوو زۆر بێت و خواست كەم بێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

عەبدولواحید محەمەد: سیستەمی ئەلیكترۆنی نەبۆتە جێگرەوەی هۆڵەكانی خوێندن

خەڵك-ئارام سەردار
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی پەروەردە پڕۆسەیەكی بونیادیە و پەیوەندی بە ژێرخانی كۆمەڵگا و باش بەڕێوەچوونی هەیە، واتە ئەگەر باش بەڕێوەبچێت كۆمەڵگایەكی باش دروست ببێت و داهاتوویەكی باشیش بەرهەم بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە كێشە و ئالنگاری زۆری لێ دەكەوێتەوە و كۆمەڵگا زیانی لێ‌ دەكات، مامۆستا عەبدولواحید محەمەد لەم دیمانەیەدا لەگەڵ (خەڵك) دەڵێت، “لەوڵاتانی پێشكەوتووش تائێستا سیستەمی ئەلیكترۆنی نەبۆتە جێگرەوەی هۆڵەكانی خوێندن، ڕاستە كاری پێكراوە و هەیە، بەڵام سیستەمی ئەلیكترۆنی ئالنگاری زۆری لێ دەكەوێتەوە”.

خەڵك: ئەگەر پڕۆسەی خوێندن بە ئۆنلاین دەست پێبكات، پێشبینیتان چیە بۆ پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ؟
عەبدولواحید محەمەد: پڕۆسەی پەروەردە پڕۆسەیەكی بونیادیە و پەیوەندی بە ژێرخانی كۆمەڵگا و باش بەڕێوەچوونی هەیە، واتە ئەگەر باش بەڕێوەبچێت كۆمەڵگایەكی باش دروست ببێت و داهاتوویەكی باشیش بەرهەم بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە كێشە و ئالنگاری زۆری لێ دەكەوێتەوە و كۆمەڵگا زیانی لێ‌ دەكات، هەمووانیش لەم ڕووانگەیەوە كۆك بووین، كە پڕۆسەی پەروەردە بەباشی بەڕێوەبچێت و حكومەت لەئەولەویەتی بەرنامەكانی دابنێت، لەهەموو وڵاتانی پێشكەوتووش پەروەردە لەئەولەویەتی بەرنامەكاندایە، كەواتە بۆ ئێمە گرنگە دووجار لەئەولەویەتی بەرنامەكاندا بێت، چونكە لەڕابردوو زۆر زیانمان كردوە كە پڕۆسەی پەروەردە باش بەڕێوەنەچووە لەسەردەمی ڕژێمەكانی پێشوو.

خەڵك: پڕۆژەكانی ئێوە لەچیەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ دەست پێكردنەوەی دەوام؟
عەبدولواحید محەمەد: لەگەڵ هاتنی كۆڤید 19 لەكۆتایی ساڵی 2019 هەمووان كۆك بووین لەسەر ئەوەی پڕۆسەی پەروەردە ڕابگیرێت، چونكە ڤایرۆسەكە نوێ بوو و زانیاری ئەوتۆی لەسەر نەبوو، بەئومێد بووین ڤایرۆسەكە بەزوویی لەكۆڵمان ببێتەوە لەسەر ئەو بنەمایە ناوەندەكانی خوێندن داخران، كەچی تائێستا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بەردەوامە و درێژەی كێشا دەرەنجامەكەشی دیار نیە، ڕاستە بەهەوڵی هەموو لایەك ئەزموونەكان كران بەسەركەوتوویی بەهەموو سەرنجەكان، بەڵام ئێستا لەبەردەم قۆناغێكی نوێداین و هەموو جیهان دەڵێت دەبێ ژیان لەگەڵ كۆرۆنا بكەین و تازە ژیان ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، واتە دەبێ لەگەڵ كۆرۆنا ژیان و پەروەردە بەردەوام بكەین، ناكرێت پڕۆسەكە لەسەرەمەگدابێت و بەڕێوەنەچێت، چونكە هەمووان دەزانن پڕۆسەكە بەڕێوەنەچێت لێكەوتەكانی چی دەبێت لەسەر كۆمەڵگا چۆن ڕەنگ دەداتەوە، ئێمە پێمان وابوو ئامادەكاری باشتر بكرێت بۆ پڕۆسەی خوێندن و چاومان لەوە بوو بۆچوونی دایك و باوكان و مامۆستایان و لایەنەكانی پەیوەندیدار وەرگیرێت، كە چۆن مامەڵە بكەن لەگەڵ ئەم بابەتە، ڕاستە لێكەوتەخراپەكانی كۆرۆنا ماوە، بەڵام دەبێ ژیان بەردەوام بێت، پڕۆژەكانی ئێمەش بەسوود وەرگرتن بووە لەوڵاتان و بۆچوونی دایك و باوك و مامۆستایان بووە تاوەكو پڕۆسەكە دەست پێبكاتەوە و گفتوگۆش كرا لەئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، سەرەتا بڕیاربوو تەنها پۆلی 12 لەناو پۆل بخوێنن، بەڵام دوای كۆبوونەوەی تر، بەهۆی پۆلی 1 و 2ی بنەرٍەتی دوو قۆناغی سەرەكی گرنگن بڕیاردرا ئەوانیش لەناو پۆل بن ئەوانەی تریش بە ئەلیكترۆنی.

خەڵك: خراپیەكان و ئالنگاریەكانی خوێندنی ئەلیكترۆنی چین؟
عەبدولواحید محەمەد: لەوڵاتانی پێشكەوتووش تائێستا سیستەمی ئەلیكترۆنی نەبۆتە جێگرەوەی هۆڵەكانی خوێندن، ڕاستە كاری پێكراوە و هەیە، بەڵام پێمان وایە ئەو تێبینیانەی هەن لەسەری گفتووگۆی لەسەر بكرێت، سیستەمەكە گرفتی زۆری دێتە بەردەم، هەموو ئەو ڕاستیە دەزانین كۆرۆنا لێكەوتەی خراپی هەبووە، بەڵام ناكرێت بوەستین تا ڤایرۆسەكە كۆتایی دێت، چونكە كۆتایی هاتنی ڤایرۆسەكە دیارنیە، گفتووگۆش كراوە، بەڵام پێویستیش بوو ڕاوێژی زیاتر بكرایە بۆ بڕیارەكان بەتایبەت لەگەڵ دایك و باوكان، چونكە ئەوان لەناو كێشەكاندا بوون، كە منداڵەكانیان لە خوێندنی ساڵی ڕابردوو تووشی چ كێشەیەك بوون، سیستەمی ئەلیكترۆنیش كۆمەڵێك پێداویستی خۆی دەوێت، بۆیە دەبێت بەباشترین شێوە چارەسەر بدۆزینەوە، لەبەر ئەوەی سیستەمی ئەلیكترۆنی ئالنگاری زۆری لێ دەكەوێتەوە شوێن هەیە ئەنتەرنێتی نیە یان گرفتی كارەبا و شارەزایی مامۆستا لەتەكنیكی نوێ سنوردار بێت، توانای كڕینی ئامێریش لای خێزانەكان ئەمەش گرفتێكی ترە، جگە لەوەش خوێندنی ئەلیكترۆنی ئەگەر بەباشی بەڕێوەبچێت تەنها فێركردنە، بەڵام لە قوتابخانە پەروەردە و فێركردنە و لێك جیاناكرێنەوە ، بۆیە فێركردن بەتەنها ئامانجی خۆی ناپێكێت، ئێمە ناڵێین هەمووی بەیەكەوە بكرێتەوە بەڵكو هەنگاو هەنگاو، ئێستاش باشە هەنگاو نراوە، ئەگەر دۆخەكەش باشبوو دەبێ هەنگاوی تریش بنرێت، چونكە خوێندن لەناو هۆڵەكان باشترە نەوەك ئەلیكترۆنی و ساڵی ڕابردووش ئەو پڕۆسەیە سەركەوتوو نەبوو و بڕیاردرا تاقیكردنەوە بكرێت، دەكرێت بەشێوەی گروپ و دەوامی 3ڕۆژ بە 3 ڕۆژ بكرێت، لەهەر ناوچەیەكیش تەشەنەی ڤایرۆسەكە هەبێت دەكرێت تەنها لەم شوێنە دەوام ڕابگیرێت.

خەڵك- ماوەیەكی زۆرە خوێندكاران لەماڵەوەن، پێتان وایە ئەم ماوە زۆرە گرفتی دروست كردوە؟
عەبدولواحید محەمەد: مانەوەی خوێندكاران لەماڵەوە تووشی كۆمەڵێك كێشە بوونەتەوە و كاریگەری خراپیشی لەسەر دەروونیان هەبووە، لەزۆربەی ماڵەكانیش مۆبایل هەیە و بەهۆی كاتی بەتاڵی زۆریش منداڵان سەرقاڵی یاری ئەلیكترۆنی و پۆپ جی و تیك تۆك و چەندین بەرنامەی تر، یان چاویان لاواز بووە و مێشكیان هیلاك بووە و خواردن و خەویان لێ تێكچووە، ئەمەش گرفتی بۆ دایك و باوكان دروست كردوە، بۆیە دایك و باوكان دەیانەوێ منداڵەكانیان بگەڕێنەوە ناو قوتابخانە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی گرفتی ئەوەی بەشێكی زۆری دایك و باوكان فەرمانبەرن، لەبەر ئەوە پێمان وایە ئەگەر سێ ڕۆژ دەوام بكرێت باشترە لەوەی بەشێوەی ئەلیكترۆنی بێت.

خەڵك: چ هەوڵێك هەیە بۆ دابینكردنی شایستەی دارایی مامۆستایان؟
عەبدولواحید محەمەد: زۆر پێداگیریمان كردوە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەت، بەمەش ناوەستین بەڵكو كێشەكانی مامۆستایان دەگەیەنین بەڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و لەسەر حكومەتیش واجبە ژیانی مامۆستا دابین بكات، چونكە پەروەردە پڕۆسەیەكی بونیادیە و داهاتووی كۆمەڵگای لەسەر بونیاد دەنرێت و مامۆستاش سەركردەی پڕۆسەیەكەیە، بۆیە پەروەردەی باش نەوەی باش بەرهەم دەهێنێت و پەروەردەی باشیش بەمامۆستایی لەخەم ڕەخساو دەبێت، لەسەر حكومەت پێویستە مووچەكان لەكاتی خۆی دابین بكات بەدڵنیایی پڕۆسەكە بەباشی بەڕێوەدەچێت سەرەڕای بوونی مەترسیەكانی كۆرۆنا مامۆستایان ئامادەی ئەو ئەركەن بەڵام بەپێچەوانەوە پڕۆسەكە بەباشی بەڕێوەناچێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

تەندروستی سلێمانی: بڕیاری ئاساییكردنەوەی دەوام نا مەنتیقییە

خەڵك – بەشی هەواڵ
لەم چاوپێكەوتنەدا د.هێرش سه‌ید سه‌لیم جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی سه‌باره‌ت به‌ دۆخی كۆرۆنا ده‌ڵێت: بارودۆخی كۆرۆنا لە سلێمانی جێگیرە، بەڵام سەقامگیر نییە، چونكە ژمارەی مردن بە پەتاكە زیادیكردووە. سه‌باره‌ت به‌ئاساییكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمانبه‌رانیش د.هێرش ده‌ڵێت: “ئه‌م بڕیاره‌ی كه‌ ده‌ركراوه‌ بۆ بارودۆخی ئێستا شتێكی عه‌مه‌لی نییه‌، مه‌نتقیش نییه‌، به‌م هه‌موو بارودۆخه‌ سه‌خته‌ی كه‌ته‌ندروستی تێدایه‌ به‌ سواڵ و سه‌ده‌قه‌ پزیشك و كارمه‌ندمان هێناوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ده‌وام، ده‌كرێت ده‌وام به‌شێوه‌ی نۆره‌ بێت”.

“ئێستا ئێمه‌ له‌سه‌ر هێڵێكی ئاسۆیی ڕێكداین كه‌ ده‌توانم بڵێم بارودۆخه‌كه‌ جێگیره‌ به‌ڵام سه‌قامگیر نییه‌ ”
له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندوستی سلێمانی سه‌باره‌ت به‌ دۆخی سلێمانی له‌ڕووی ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆناوه‌ ده‌ڵێت” ئێمه‌ پێشتر ڕامانگه‌یاندبوو بارودۆخی ته‌ندروستی له‌ سلێمانی جێگیره‌، وه‌ ئێستاش ده‌توانم هه‌روا بڵێم بارودۆخی ته‌ندروستی سه‌باره‌ت به‌كۆرۆنا له سلێمانی جێگیره‌. ڕاسته‌ ناوبه‌ناو ڕۆژی وا هه‌یه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا ئاماره‌كان به‌رز ده‌بنه‌وه‌ ئاماری تووشبوون و ئاماری گیانله‌ده‌ستدان به‌ڵام وه‌كو ڕێژه‌ی تووشبوون ئێستا ئێمه‌ له‌سه‌ر هێڵێكی ئاسۆیی ڕێكداین كه‌ ده‌توانم بڵێم بارودۆخه‌كه‌ جێگیره‌ به‌ڵام سه‌قامگیر نییه‌.”

” له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی پێشوودا ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان به‌كۆرۆنا زیادی كردووه‌ “
د.هێرش سه‌ید سه‌لیم ئه‌وه‌شی وت” ئه‌وه‌ی كه‌ جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌ له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی پێشوودا ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان به‌كۆرۆنا زیادیكردووه‌ هه‌ڵبه‌ته‌ ئێمه‌ به‌دواداچوون بۆ هۆكاره‌كه‌ی ده‌كه‌ین ئایا خۆی به‌ڕێكه‌وت ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ژماره‌كان له‌ڕۆژێكدا دوو هێنده‌ زیادی كردبێت یاخود هۆكاریتر هه‌یه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ ئێستا سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ین لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ زیادبوونی ئاماری گیانله‌ده‌ستدان بكه‌ین به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانم بڵێم كه‌ سلێمانی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ بڵێن نه‌خۆشخانه‌كانی جێگه‌ی نه‌ماوه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ كۆی گشتی نزیكه‌ی 380 قه‌ره‌وێڵه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆنا ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا هه‌مانه‌ له‌ 180 تێنه‌په‌ڕیووه‌ كه‌ پڕبۆته‌وه‌ واته‌ی نیوه‌ی له‌ نیوه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانمان پڕن ئه‌وه‌ی ده‌وترێت له‌وانه‌یه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنی نافه‌رمیه‌وه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، ئه‌و ئامارانه‌ی كه‌ ئێمه‌ بڵاویده‌كه‌ینه‌وه‌ خۆمان لێی به‌رپرسین له‌ ڕاست و دروستی ئه‌و ئامارانه‌ی كه‌ ڕای ده‌گه‌یه‌نیین.”

” به‌م هه‌موو بارودۆخه‌ سه‌خته‌ی كه‌ته‌ندروستی تێدایه‌ به‌ سواڵ و سه‌ده‌قه‌ پزیشك و كارمه‌ندمان هێناوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ده‌وام كردن ئه‌گینا ماوه‌ی پێشوو هه‌موویان له‌ مانگرتندا بوون “
ده‌رباره‌ی بڕیاری ئاساییكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی ده‌ڵێت” ئه‌م بڕیاره‌ی كه‌ ده‌ركراوه‌ بۆ بارودۆخی ئێستا شتێكی “عه‌مه‌لی نییه‌، مه‌نتقیش نییه‌ “كه‌ له‌ ئێستادا بتوانرێت ده‌وام به‌و شێوه‌ خه‌ستیه‌ زیاد بكرێت، ده‌بێت له‌ژێر ڕێكار و هۆكاری خۆپارێزی چڕ و پڕدا بتوانرێت قه‌ڕه‌باڵغی ته‌واو دروست بكه‌یته‌وه‌ و ده‌وام پڕبكرێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ش پێویستی به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ حكومه‌ت ده‌بێت پابه‌ندبێت به‌دابینكردنی هه‌موو ئه‌و پێداویستیه‌ خۆپارێزیییانه‌ ئینجا ده‌توانێت ده‌وامه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ لێبكاته‌وه‌ ئه‌مه‌ له‌ڕووی مه‌سه‌له‌ی خۆپارێزییه‌وه‌، له‌ڕووی بابه‌تی مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و شایسته‌ی دارایی كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت ئه‌رك بخاته‌ سه‌ر ئه‌ستۆی كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ران به‌ڵام له‌ هه‌ماندا كاتدا مافه‌كانیان پێنه‌دراوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ تۆزێك قورسه‌ بتوانیین ئێمه‌ خه‌ڵك ناچار بكه‌ین به‌م هه‌موو بارودۆخه‌ سه‌خته‌ی كه‌ته‌ندروستی تێدایه‌ به‌ سواڵ و سه‌ده‌قه‌ پزیشك و كارمه‌ندمان هێناوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ده‌وام كردن ئه‌گه‌رنا ماوه‌ی پێشوو هه‌موویان له‌ مانگرتندا بوون، وه‌ ئێستاش ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدایه‌ كه‌ له‌ هه‌ر بارودۆخێكی سه‌ختردا دیسانه‌وه‌ ده‌ست بكه‌نه‌وه‌ به‌ مانگرتن ، هیوادارین بڕیارێك به‌جێ بێت كه‌ قابیلی ئه‌وه‌ بێت كه‌ جێبه‌جێبكرێت نه‌ك بڕیارێك بێت كاردانه‌وه‌ی خراپتری لێبكه‌وێته‌وه‌ یاخود بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ كارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌ران بچنه‌وه‌ به‌ گژ بڕیاره‌كانی حكومه‌تدا.”

” ده‌كرێت ده‌وام به‌شێوه‌ی نۆره‌ بێت ، به‌شێوه‌یه‌ك بێت كه‌ ئیش و كاری هاوڵاتیانیش بڕوات په‌كنه‌كه‌وێت به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا هۆكاری خۆپارێزی و مه‌سه‌له‌ی ته‌شه‌نه‌سه‌ندی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت و حكومه‌تیش ده‌ستكراوه‌ بێت له‌ دابینكردنی پێداویستی و پێدانی مووچه‌.”د.هێرش سه‌ید سه‌لیم وایوت”

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند” ئه‌م بڕیاردانه‌ بڕیارێكی گشتگیره‌ یان فره‌ لایه‌نه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌ته‌نها ته‌ندروستین، وه‌كو وتم به‌گرتنه‌به‌ری ڕێكاره‌كان ده‌توانرێت له‌زۆر شوێن ده‌وام ده‌ست پێبكاته‌وه‌ به‌ڵام به‌ڕاستی ئێمه‌ گره‌نتی ئه‌وه‌ ناده‌ین ئایا جێبه‌جێده‌كرێت یان ناكرێت له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت به‌دواداچوون و لێپێچینه‌وه‌ش هه‌بێت و ڕێ و شوێن بگیرێته‌به‌ر له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی كه‌بڕیاری ته‌ندروستی جێبه‌جێناكه‌ن. ”

“شه‌ڕێكی گه‌وره‌مان به‌ماسك كردووه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنا “

د.هێرش ئاماژه‌ی به‌ڕێ و شوێنه‌كانیان دژ به‌كۆرۆنا له‌سلێمانی كرد و ده‌ڵێت” ئێمه‌ له‌ سلێمانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نوسیدا هه‌ڵمه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری خۆپارێزی تاك-مان یان پیاده‌كردنی مه‌سه‌له‌ی پۆشینی ماسك له‌ سلێمانی ڕاگه‌یاند كه‌ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ چه‌ند ڕۆژێك ده‌خایه‌نێت 60 تیم له‌سنوری پارێزگای سلێمانی دابینكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هۆشیاری تاك به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا بڵاوبكه‌نه‌وه‌ به‌پێدانی پروشه‌ر و ماسك بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ شوێنی گشتیه‌كان و زۆربه‌ی شوێنه‌كاندا خه‌ڵك ماسك بپۆشێت ، ئه‌مه‌ ئه‌و ڕێوشوێنانه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ مه‌سه‌له‌ی ماسك وه‌كو چه‌كێكی كاریگه‌ر به‌رامبه‌ر كۆرۆنا به‌كارده‌هێنین چونكه‌ هه‌موو ڕێكاره‌ خۆپارێزییه‌ ته‌ندروستیه‌كانی تر كه‌ له‌پێشتردا گیراوه‌ته‌به‌ر هیچیان وه‌كو مه‌سه‌له‌ی به‌كارهێنانی ماسك كاریگه‌ری نه‌بووه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ ئێستاش له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ده‌وام یاخود ڕێكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندان تاكه‌ هۆكاره‌ كه‌ ئێمه‌ وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی به‌باشی بزانیین به‌كارهێنانی ماسكه‌ كه‌ ده‌توانم بڵێم شه‌ڕێكی گه‌وره‌مان پێكردووه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنایه‌، ڕێكاره‌كانی تریش ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ تێبینیمان كردووه‌ له‌هه‌موو دنیادا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ نه‌ماوه‌ كه‌ هیچ كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌، ئێستا هه‌موو وڵاتانی تر پیاده‌ی پۆشینی ماسك ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن هاوڵاتیانی خۆیانه‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌ شوێنه‌ گشتی یه‌كاندا.”

“به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌نیازی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆنین به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ین ڕێكاره‌كان له‌وه‌رزی پایز و وه‌رزی په‌تاكانی تردا تۆزێك توندتر بكه‌ینه‌وه‌ “
سه‌باره‌ت به‌پێشبینییان بۆ هاتنی وه‌رزی پایز و ته‌شه‌سه‌ندنه‌وه‌ی كۆرۆنا هاوكاتی ئه‌نفلۆزاكانی تر؟ د.هێرش سه‌ید سه‌لیم ده‌ڵێت ” وه‌كو خۆمان به‌ڕاستی ئێمه‌ تا ئێستاش به‌رچاو ڕوون نیین له‌مه‌سه‌له‌ی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنه‌وه‌ یاخود سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی پایز و سه‌رما، “خوانه‌خواسته‌ ” ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ڕووبدات ده‌بێت ڕێكاره‌كان تۆزێك توندتربكرێنه‌وه‌، ده‌بێت بابه‌تی پاراستنی ماوه‌ی نێوان دوو كه‌س خه‌ڵكی جێبه‌جێی بكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕێكاره‌كانی ئێمه‌ دیارن، ئێمه‌ ڕێنماییه‌كانیشمان زۆر زۆر ڕوون و ئاشكرایه‌. ”

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند ” هاتنی وه‌رزی پایز یه‌كسانه‌ به‌هاتنی كۆمه‌ڵێك په‌تای وه‌رزی تر، له‌به‌رئه‌وه‌ نیشانه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ په‌تایانه‌ كه‌ له‌وه‌رزی پایزدا هه‌ن له‌ یه‌كه‌وه‌ نزیكن كه‌ ئه‌مانه‌ سه‌رلێشێوانێك دروست ده‌كات، بۆیه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین ڕێكاره‌كان له‌وه‌رزی پایز و وه‌رزی په‌تاكانی تردا تۆزێك توندتر بكه‌ینه‌وه‌ و ڕێنمایی زیاتر بده‌ین به‌ هاوڵاتیان. ”

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی به‌نیازن قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی گشتی ڕابگه‌یه‌ننه‌وه‌، د.هێرش سه‌ید سه‌لیم ده‌ڵێت” نه‌خێر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك تازه‌ ئێمه‌ به‌كارهێنانی مادده‌ پاكه‌ره‌وه‌كان بۆ ڕووه‌كان ئه‌مانه‌ش له‌ ڕێنماییه‌كانی WHO دا زۆر باسی ناكرێت و زیاتر بابه‌تی ئه‌م ماسكه‌ بووه‌ به‌ چه‌كێكی باش و كاریگه‌ر له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا.”

VOA

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان