لە کۆشکەوە بۆ باخەوانی، چیرۆکی دواین ئیمپراتۆر چین



دواین ئیمپراتۆری چین، چیرۆکێکی کارەساتبار و غەمگینی هەیە، ئەو لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە زیندانی کرا، ژاپۆنییەکان وەک داردەستێک بەکاریان دەهێنا، لەلایەن خودی چینییەکانیشەوە لەکارخراو دواجار وەک باخەوانێک لە باخچەیەکدا کاری کرد.

 

لە ماوەی ساڵانی ژیانیدا، پوی سێ جار بووەتە دوا ئیمپراتۆری چین، بەڵام لە هەموو ئەو کاتانەدا، تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش لە دەسەڵاتی ڕاستەقینەدا نەبووە، بەڵکو “بوکەڵەیەک” بووە کە دەوروبەر و دوژمنەکانی بەهۆیەوە حوکمڕانییان کردووە و ئەویش بە درێژایی ژیانی تووشی دەیان کاری پیلانگێڕی و هەوڵی ئیستغلالکردن و خیانەت بووەتەوە.

 

پوی منداڵی خۆی لە خۆشبەختی کۆشکی ئیمپراتۆریدا ژیاوە، بەشێکی ژیانی لە نێو زیندانەکانی سۆڤیەت و چینییەکان بەسەر بردووە و لە کۆتایی ژیانییشدا بە هەژاری ژیاوە و کۆشکەکەی کە ساڵانێک تیایدا نیشتەجێبوو، کرایە مۆزەخانەو دەبوو بۆ سەردانیکردنی بلیتی چوونە ژوورەوە بکڕێت، وەک هەر کەسێکی دیکە تا دوا نیگای ئەو جێگایانە بکات کە منداڵی و سەردەمانی ئیمپراتۆریی تێیدا ژیاوە.

 

“پوی” لە ساڵی ١٩٠٦ لەدایک بووە، باوکی زڕبرای ئیمپراتۆری چین بووە لە “شانشینی چینگ” کە نزیکەی ٣٠٠ ساڵ حوکمڕانی چینی کردووە، دوای مردنی ئیمپراتۆر لە ساڵی ١٩٠٨، هاوژینی ئیمپراتۆر پاش مردنی هاوسەرەکەی بڕیاری داوە “پوی” بکاتە ئیمپراتۆری چین، لەکاتێکدا هێشتا تەمەنی تەنها دوو ساڵ بووە.

پوی لە تەمەنێکی بچوکدا، ناچار بوو لە کاتەکانی سەرەتای بەیانیەوە بەشداری کۆبوونەوەکان سەبارەت بە بابەتی بەرژەوەندی گشتی بکات، هەروەها بڕیار لەسەر سزا و لەسێدارەدانەکان بدات.

 

دەبوو پێشوازی لە چەندین نوێنەری حکومەت بکات، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سیاسەت و واژۆکردنی فەرمانەکان، کە هیچی لێ تێنەدەگەیشت.

 

دارودەستەکەی پوی، دارودەستەیەکی چاوچنۆک و بەرژەوەندی ویست بوون، بێ ئاگاداری خۆی دەیان کاری نابەجێ و شەرمەزارکەرانەیان ئەنجام دەدا.

 

لە ساڵی ١٩١١ کە پوی هێشتا تەمەنی ٦ ساڵ بوو، چین ساڵانێک بوو شەڕی لەگەڵ ژاپۆن و وڵاتانی دیکە دەکرد و تا دەهات خاکەکانی لەدەستدەدا، ئەمەش بووە هۆی توڕەیی و نەبوونی متمانەی گەلی چین بە ئیمپراتۆریەتەکە و سەرهەڵدانی “ناسیونالیزمی چینی” و خواستی پێکهێنانی پاشایەتییەکی دەستووری.

 

لە کۆی ١٨ پارێزگای چین، سێزدە پارێزگا کە زۆرینەیان لە نەتەوەی هان بوون کە نزیکەی ٩٤٪ی گەلی چین پێکدەهێنن، سەربەخۆیی خۆیان لە ئیمپراتۆریەتەکە ڕاگەیاند و دواتر ئەو پارێزگایانە حکومەتێکی کۆمارییان دامەزراند، بە سەرۆکایەتیی ڕێبەری شۆڕشگێڕ سون یات سێن.

لە ساڵی ١٩١٢ بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر کۆشکی ئیمپراتۆریەت هەبوو، یەکێک لە ژنەکانی ئیمپراتۆری پێشوو فەرمانێکی دەرکرد بەناوی پویەوە و دەستبەرداری تەختی پاشایەتی و گواستنەوەی دەسەڵات بوو بۆ کۆماری نوێی چین.

 

بەو فەرمانە زیاتر لە دوو هەزار ساڵ حوکمڕانی ئیمپراتۆرەکان لە چین، کۆتایی هات، کەڕێککەوتنەکە لەگەڵ یاخیبووان بریتی بوو لە هێشتنەوەی ئیمپراتۆر و دەوروبەرەکەی و بەردەوامبوونی لە ژیان لە بەشێک لە شاری قەدەغەکراو و وەرگرتنی بەشێک لە پارەی باج.

 

لە ساڵی ١٩١٧ دوایین ئیمپراتۆری چین لەلایەن سەرکردەو جەنگاوەرێکی دڵسۆزی بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە وەک ئیمپراتۆر گەڕێنرایەوە سەر تەختی پاشایەتی، بەڵام دوای تەنها ١٢ ڕۆژ جارێکی تر پوی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، ئەمەش دوای شکستی هەوڵەکانی ئەو سەرکردەیەی کە پشتیوانی لێدەکرد.

 

لە ساڵی ١٩٢٤دا سەرکردەیەکی دیکە بە ناوی فێنگ یوشیانگ دوای کودەتایەک کۆنترۆڵی پەکینی کرد، بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خەڵک بڕیاریدا ئەو ڕێککەوتنە هەڵبوەشێنێتەوە کە ڕێگەی بە پوی دەدا لە شاری قەدەغەکراودا بژی. یوشیانگ نازناو و ئیمتیازاتی ئیمپراتۆری پوی هەڵوەشاندەوە، و بە هاووڵاتییەکی ئاسایی کۆماری چین ناودێرکرا.

 

پوی لە هەمان ڕۆژدا ٣ کاتژمێر مۆڵەتی پێدرا تا لە حەرەم سەرا بڕوات، دوای دەرکردنی، پەنای بۆ پارێزگای “تیانجین” برد.

 

ژاپۆنییەکان لە ساڵی ١٩٣١ لە ژێر ڕۆشنایی بارودۆخی ئاڵۆز و خراپی چین، ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەی مەنچوری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی چین، بە بیانووی جۆراوجۆر.

 

لە ساڵی ١٩٣٢ ژاپۆن بڕیاریدا بەرەیەک بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە مەنچوریا دروست بکات، بۆ بەرزکردنەوەی شەرعیەتی بوونی هێزەکانی لە چین. حکومەتێکی کارتۆنی بوو، پوی کرا بە ئیمپراتۆر، بەڵام هەموو بەرپرسانی ئەو حکومەتە و خودی پوی لە ژێر چاودێری بەردەوامی ژاپۆنییەکاندا بوون.

 

ئەوان جگە لە واژۆکردنی ئەو فەرمانانەی کە ژاپۆنییەکان دەریانکردبوو، هیچ دەسەڵاتێکی ڕاستەقینەیان نەبوو.

 

لەم حکومەتەدا هەموو بەرپرسێکی چینی، ڕاوێژکارێکی ژاپۆنی هەبوو کە ڕێنمایی دەکرد سەبارەت بە هەڵبژاردن و بڕیارەکان.

 

داگیرکردنی مەنچوریا ڕێگەی بە سوپای ژاپۆن دا هێرشی سەربازی بۆ سەر هەردوو وڵاتی چین و یەکێتی سۆڤیەت دەستپێبکات.

 

دۆخەکە تا ساڵی ١٩٤٥ بەردەوام بوو، کاتێک یەکێتی سۆڤیەت شەڕی دژی ژاپۆن ڕاگەیاند و مانچوریای داگیرکرد، کۆتایی بە بوونی ئەو دەسەڵاتە هێنا و “پوی”ی دەستگیرکرد و لە پۆستی ئیمپراتۆری دوورخستەوە، ئەمەش بووە سێیەم جار کە وەک ئیمپراتۆر لە کار بخرێت.

 

دوای دەستگیرکردنی، سۆڤیەت پویان بۆ ماوەی ٤ ساڵ لە سیبیریا خستیە زیندانەوە، کاتێک حزبی شیوعی چین لە سەردەمی ماو تسی تۆنگدا لە ساڵی ١٩٤٩ هاتە سەر دەسەڵات، دوای دانوستان لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت پوی گەڕێنرایەوە بۆ چین.

 

چارەنووسی پوی لە چین کەمتر نەبوو لە چارەنووسی لە زیندانێکی سۆڤیەتدا، ئەو ١٠ ساڵ لە زیندانێکی چین وەک  تاوانباری جەنگ  ژیانی بەسەر برد.

 

لە ساڵی ١٩٥٩ پوی لێخۆشبوونی تایبەتی لە ماو وەرگرت و لە پەکین لە خانوویەکی ئاسایدا دەژیا، سەرەتا وەک پاککەروەیەک لە سەر شەقام کاری پێدرا، دواتر وەک باخەوان لە پارکەکاندا کاری کرد.

 

پوی لە کاتی گەڕانەوەی بۆ پەکین، وەک گەشتیارێک سەردانی حەرەم سەرا و کۆشکی ئیمپراتۆرییەکەی کرد کە کرابوو بە مۆزەخانە، لەوێ ژیانی تایبەتی و کەلوپەلەکانی سەردەمی منداڵی و گەنجی خۆی بینییەوە کە نمایش دەکران بۆ گەشتیاران.

 

لە ساڵی ١٩٦٧ پوی دوای ململانێ لەگەڵ شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد و چیرۆکی دوایین ئیمپراتۆری چینی کۆتایی پێهێنا کە بە درێژایی ژیانی لەلایەن کەسانی دەوروبەریەوە وەک داردەستێک بەکار هات و هەمووان بۆ بەرژەوەندی خۆیان چۆنیان ویست وا مامەڵەیان کرد.

“توركیا ڕێگە بە دووبارە هەناردەی نەوتی هەرێم نادات”
پێشت “توركیا ڕێگە بە دووبارە هەناردەی نەوتی هەرێم نادات”
مەسرور بارزانی: پارەی مۆلیدە بدەن بە حكومەت كارەبای 24 كاتژمێری دابین دەكەین
دواتر مەسرور بارزانی: پارەی مۆلیدە بدەن بە حكومەت كارەبای 24 كاتژمێری دابین دەكەین
ەیوەندیدار