یاسین مەحمود: ئامانجمانە وەبەرهێنان لەپاشەكشە ڕزگار بكەین و بازاڕ ببوژێتەوە


وەبەرهێنەرانی هەرێم لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان كۆدەبنەوە و سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانە دەڵێت: “ئامانجیانە دۆخی ئابووری و وەبەرهێنانی هەرێم لەو پاشەكشەیە ڕزگاربكەن و بازاڕی هەرێم ببوژێننەوە و لیژنەیەكی باڵاش پێكهێنراوە”.

یاسین مەحمود ڕەشید، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بەشێكی زۆری وەبەرهێنەران و سەرجەم لقەكانی وەبەرهێنەران لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لەگەڵ د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان كۆبووینەوە، كە كۆبوونەوەكەش لە دەرئەنجامی پێشنیارێكی یەكێتی وەبەرهێنەران بوو بۆ دروست كردنی لیژنەیەك بۆ دیراسەكردنی دۆخی بازاڕ و كەرتی ئابووری و وەبەرهێنان لە هەرێم.

ڕاشیگەیاند، بە فەرمانی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان پێشنیارەكە پەسەند كرا و لیژنە باڵاكە پێكهێنرا و تەنانەت بڕیار درا لە پارێزگاكانیش لیژنەی لاوەكی پێكبهێنرێت و نوێنەری لقەكانی وەبەرهێنەرانی تێدایە و ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانەوە سەرپەرشتی دەكرێت، هەروەها دەستەی ئامار و بەڕێوەبەرایەتی گومرگ و نوێنەری كۆلێژی ئابووری لە زانكۆكانی هەرێم تیایدا دەبن.

ئاشكراشی كرد، ئامانج لە پێكهێنانی لیژنەكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشەكشەی وەبەرهێنان و خاوبوونەوەی بازاڕی كاری هەرێم و چەندین كێشەی تر كە ڕوویان كردۆتە سێكتەرەكان، كە لە ئێستادا زیاتر لە 8 سێكتەر پاشەكشەیان كردووە.

یاسین مەحمود وتیشی، “لیژنەكە كاری ئەوەیە، لێكۆڵینەوە لە دۆخی ئابووری و وەبەرهێنان بكات و ئەو ڕاستیانەی بوونەتە بەربەست لەبەردەم گەشەی ئابووری كوردستان و كۆچی وەبەرهێنان و كەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كێشەكانی دیكە هەمووی دەخەنەڕوو، لەبەرامبەریشدا چارەسەرەكان ئامادەكراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەكانی حكومەتی هەرێم”.

جەختیشی كردەوە، ئێستا خەریكە بازاڕی هەرێم تووشی شكستی گەورە دەبێت و دەیان وەبەرهێنەر كوردستانیان جێهێشتووە و لە شارەكانی دیكەی عێراق وەبەرهێنان دەكەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی زۆر كەمبۆتەوە و بازاڕ بەتەواوی سست بووە و پڕۆژەكانی بەڵێندەرایەتی بەتەواوی پەكیان كەوتووە، بۆیە دەمانەوێت ئەمە بكەین بە پڕۆژەیەكی گەورە بۆ كۆتایی هێنان بە ئاستەنگەكان و بووژاندنەوەی بازاڕی هەرێم.

بەهۆی کێشەیەکەوە رێگای ئامێدی-دێرەلوک بۆ ماوەیەک داخرا
پێشت بەهۆی کێشەیەکەوە رێگای ئامێدی-دێرەلوک بۆ ماوەیەک داخرا
ئاسایشی گەرمیان تیرۆرستێكی هەڵاتووی دەستگیر كرد
دواتر ئاسایشی گەرمیان تیرۆرستێكی هەڵاتووی دەستگیر كرد
پەیوەندیدار