ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

هاوین هاتەوە و بەرمیلە نەوتەكەی حكومەتی هەرێم بێدەنگەی لێكرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
لە كۆتاییەكانی هاوینی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم بەڵێنیدا پێش وەرزی زستان بەرمیلێك نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بكات، بەڵام ماوەی نزیكەی 10 مانگ تێدەپەڕێ بەسەر بەڵێنەكەی حكومەت، بەڵام تائێستا جێبەجێ‌ نەكراوە و هاووڵاتیانیش هەر چاوەڕێن ئەو نەوتە وەربگرن.

لە 4-9-2019دا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و بڕیاریدا “پێش هاتنی وەرزی زستان نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت”، بەڵام نزیكەی 10 مانگ بەسەر ئەو كۆبوونەوەیە و بەڵێنەی حكومەت تێپەڕیوە و تا ئێستا هاووڵاتیانی هەرێم هەر چاوەڕێی وەرگرتنی نەوت-ن.

لە ئێستادا نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانی دابەزیوە و حكومەتی هەرێمیش دەڵێت: “بودجە كەمی كردووە بەهۆی ئەوەی نەوت پارە ناكات” بۆیە هاووڵاتیان دەپرسن، كە ئەگەر لە بازاڕی جیهانی نەوت پارە ناكات بۆ حكومەت ئامادە نییە نەوت دابەش بكات بەرامبەر بڕێك پارە، كە داهاتێكی زۆر بۆ حكومەت كۆدەكاتەوە؟

لە بەدواداچوونێكی (خەڵك)دا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان نیگەرانن لەوەی “حكومەتی هەرێم هەر بەڵێن دەدات و جێبەجێی ناكات” و وەك بەشێكی دیكەی هاووڵاتیان دەڵێن: “لەوانەیە نەوتەكەی حكومەت هیچ كات نەكرێتە سۆپاوە لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان خۆی خاوەنی دوو پاڵێوگەی گەورەی نەوتە، كە تەنانەت نەوت بە عیراقیش دەفرۆشێت”.

دابەشكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا سەرەڕای ئەوەی كێشەی گەورەی بۆ هاووڵاتیان دروست كردووە لە نەبوونی سەرچاوەی گەرم كردنەوە لە وەرزی سەرمادا، كە هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی سارد و بەفراوییە، هاوكات كێشەی بۆ كارەبا و ژینگەش دروست كردووە، بۆیە لە ئەگەری پێدانی نەوت بە هاووڵاتیان بارزۆری (لۆد) لەسەر كارەبا كەمدەبێتەوە.

پێشتر، كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاندبوو، “بەڵێنەكەی حكومەتی هەرێم ڕاست نەبووە و نەوت دابەشنەكرا و حكومەتی هەرێم بەڵێنەكەی بووە بڵقی سەر ئاو”.

(خەڵك) بۆ بەدواداچوونی زیاتر پەیوەندی بە جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمەوە كرد، بەڵام پەیوەندییەكەی بەردەست نەبوو.

ئابوری

خەڵك؛ زانیاری لەسەر بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان بڵاودەكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
هەرچەندە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەیرانی داراییەوە چەند مانگێكە تەنها برنج وەك بەشەخۆراك دابەشكراوە، بەڵام بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەشەخۆراكی مانگانە بەشێوەی ئاسایی دەست بە دابەشكردنی بكرێتەوە.

شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە ماوەی چەند مانگێكە بەشێوەیەكی زۆر كەم بەشەخۆراك دێت بۆ سلێمانی و تەنها برنج دابەش كراوە و بۆ ئەم مانگەش تەنها برنج هاتووە و دابەش دەكرێت.

ڕاشیگەیاند، كە هۆكاری ئەوە پەیوەندی بە قەیرانی دارایی و ڕێكارەكانی قەدەغەی هاتووچۆ و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، چونكە عیراقیش بە قۆناغێكی سەختدا تێدەپەڕێت و لە قەیراندایە.

ئاشكراشی كرد، كە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی دابەشكردنی خۆاك لە بەغدا قسەی كردووە و بڕیاریانداوە دوای جەژنی قوربان بەشەخۆراكی تەواو ڕەوانە بكرێت و دەست بە دابەشكردنی بكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

عیراق خاوەنی پێنجەم گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا

خەڵك- بەشی هەواڵ
عیراق لە پلەی پێنجەمی جیهان و لە پلەی دووەمی وڵاتانی عەرەبیدایە لەڕووی یەدەگی نەوت، ئەمەش بەپێی دامەزراوەی پۆلێنی GFPی جیهانی.

دامەزراوەكە لە ڕاپۆرتێكیدا بۆ ساڵی 2020 ڕایگەیاندووە”یەدەگی نەوتی خاوی عیراق دەگاتە 142 ملیار و 500 ملیۆن بەرمیل، بەمشێوەیە لە پلەی پێنجەمی جیهاندایە لە دوای هەریەك لە ڤەنزوێلا كە خاوەنی 3 ملیار و 700 ملیۆن بەرمیلە، و سعودیە كە لە پلەی دووەمدایە بە بڕی 266 ملیار و 500 ملیۆن بەرمیل، و كەنەدا لە پلەی سێیەمدایە بە بڕی 169 ملیار و 700 ملیۆن بەرمیل، لەپلەی چوارەمیش ئێرانە كە خاوەنی 158 ملیار و 400 ملیۆن بەرمیلە”.

هەر لە ڕپۆرتەكەی GFPدا هاتووە”عیراق لە دوای سعودیە لە پلەی دووەمی وڵاتە عەرەبییەكانە كە خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتە، پاشان كوێت لە پلەی سێیەمدایە كە بڕی 101 ملیار و 500 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە، لە پلەی چوارەمی وڵاتانی عەرەبیش ناوی ئیمارات هاتووە كە 97 ملیار و 800 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە”.

وەزارەتی نەوتی عیراق، لە ساڵی 2017 ڕایگەیاندبوو، یەدەگی نەوتی عیراقی بۆ 153 ملیار بەرمیل بەرزبۆتەوە، ئاماژەی بە داواكارییەكیش كردبوو كە پێكەشی ئۆپیكی دەكات، تا لە ڕێكخراوەكە پشتی پێببەسترێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

نرخی نەوت 46 دۆلاری تێپەڕاند

خەڵك- بەشی هەواڵ
نرخی نەوت لە مامەڵەكانی ئەمڕۆ چوار شەممەدا،  بەڕێژەی نزیكەی 4% ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد و بەرزترین ئاستی لە مانگی ئاداری ڕابردووەوە تۆماركرد.

بەپێی زانیارییەكانی پێگەی (بلۆمبێرگ)، گرێبەستە دواخراوەكانی نەوتی خۆرئاوای تكساس بەرمیلی بۆ 43.40 دۆلار و بە بەڕێژەی 3.98% ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە.

لە هەمان كاتدا گرێبەستی فرۆشتنی بەرمیلێك نەوتی برێنت بۆ 46.10 دۆلار بەرزبۆوە و بەراورد بە نرخی پێشووی بەڕێژەی 3.76% ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای بڵاوبوونەوەی زانیارییەكان بوو كە ئاماژەیان بە دابەزینی زۆری عەمباری نەوتی ئەمریكایی كرد، وێڕای ئەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و زیادبوونی ژمارەی تووشبوانیش لەئارایە كە كاریگەرییان لەسەر كەمكردنەوەی داواكاریی لەسەر نەوت هەیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان