ئاوات شێخ جەناب سوودی ڕێككەوتنی نەوت بۆ هەرێم ئاشكرادەكات



ڕۆژی شەممە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستپێدەکاتەوە، ئەوەش دوای زیاتر لە مانگێک لە وەستانی و دوای ئەوەی بەغدا و هەولێر گەیشتنە ڕێککەوتن سەبارەت بەم فایلە ئاڵۆزەی ساڵانێکە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای ئاڵۆز كردبوو.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی ڕاگەیاندووە، “هەرێمی كوردستانی عێراق لە ڕێكەوتنی نەوتیدا، كە ٤ نیسان لە بەغداد واژۆ كرا خۆی بەدۆڕاو نازانێت” و پێیوایە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق هەردوولایان براوەن.

ئاواتی شێخ جەناب، كە هاوكات سەرۆكی شاندی دانوستانكاری هەرێمی بووە لە گفتوگۆكان لە گەڵ بەغداد دەڵێت: “چەند نرخی فرۆشتنی نەوت بەرز ببێتەوە، ئەو كاتە بەشداری هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بەرز دەبێتەوە و ئەمەش فشاری دارایی هەرێم لە سەر بودجەی عێراق كەم دەكاتەوە.

ئەم وتانەی وەزیری دارایی هەرێم ئاماژەیە بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگای كۆمپانیای سۆمۆوە، كە پێشتر ١٠ تا ١٢ دۆلار كەمتر لە نرخی جیهانی دەفرۆشرا.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆمپانیای بۆتاشی تورکی ئاگادارکردووەتەوە، کە دەست بە کارەکانی هەناردەکردن و بارکردنی نەوت بکاتەوە، لە ڕۆژی شەممە 13ی ئایاری 2023وە”.

ڕاشیگەیاندووە، “ئەنجامدانی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ فرۆشتن و بەبازاڕکردنی نەوتی خاو لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە تەواو بووە، بەپێی ئەو میکانیزمانەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ) پەسەندی کردووە”.

دوای ساڵانێک لە هەناردەکردنی نەوتی تاکلایەنە لە ڕێگەی تورکیاوە، هەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی ئازارەوە پابەندی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس بوو، کە مافی بەڕێوەبردنی تەواوی نەوتی کوردستانی بە بەغدا داوە.

تەیف سامی دوابڕیاری لەسەر زیادكردنی مووچە ڕاگەیاند
پێت تەیف سامی دوابڕیاری لەسەر زیادكردنی مووچە ڕاگەیاند
تۆمەتبارێک ئامێری ڕاکێشانی کارتی مۆبایلی دزیوە
دوات تۆمەتبارێک ئامێری ڕاکێشانی کارتی مۆبایلی دزیوە
پەیوەندیدار