ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

هەموو بەرگرییەك لە سەرۆكی پەڕلەمان دەكەین
سۆران عومەر: هاووڵاتییەكی سادە نیم بتوانن بەئاسانی دەستگیرم بكەن

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

ئەندامێكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هیچ ڕێكەوتنێكی حزبی نێوان كۆمەڵ و یەكێتی نەكراوە بۆ هەڵوشانەوەی بڕیارێكی پەڕلەمانی كوردستان.

سۆران عومەر ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەڕلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، لە 19/5/2020 تانەیەكم بە فەرمی پێشكەشی بەڕێز سەرۆكی پەڕلەمان كرد و كاری زۆریشم كردووە لەوەی ڕێكارە نایاسایەكانی دەركرنی بڕیاری ژمارە 4 كە لە كۆبوونەوەی7/5 /2020 هاتە بەرهەم هەڵبوەشێنرێتەوە، خۆشبەختانە دوو ڕۆژ لەمەربەر سەرۆكی پەڕلەمان بڕیارەكەی واژۆ كرد و بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە.

وتیشی”بەدڵنیاییەوە چ فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەڕێگەی كاك عەبدولستار مەجید-ەوە، چ كۆمەڵی ئیسلامی لەڕێگەی پەیوەندییەكانی خۆی لە ئاستی مەكتەبی سیاسی لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانیدا”.

ئاشكراشیكرد، هیچ ڕێكەوتنێكی حزبیمان نەكردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە، چونكە پێویستی بە هیچ ڕێكەوتنێك نییە، جگە لەوەی حەقێكی یاسایی بەشێوەیەكی نایاسایی لە ئێمە وەرگیراوەتەوە بۆ ئەوە پێویست بووە بگەڕێنرێتەوە ئەو مافە یاساییە، جگە لەوە ئەمە تەنها پەیوەندی بە “سۆران عمر”ە وە نەبووە، بەڵكو پەیوەندی بەكۆی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و ئازادی كاری پەڕلەمانی و ئازادی ڕادەربڕینەوە هەبووە و سۆران تیایدا ئامانج بووە بۆ ئەوەی كەسانی دیكە بێدەنگ بكرێت و پەڕلەمان بەو ئاقارەدا ببرێت كە بە زۆرینەیەكی نایاسایی چۆنیان بوێت بەكاری بهێنن بۆ هەر پرسێك كە خۆیان بیانەوێت.

ڕوونیشیكردەوە، ئەگەر سەرۆكی پەڕلەمان ئامادە بێت واتە لە وڵاتدا بێت و دەستی لەكارنەكێشابێتەوە، كەسی دیكە بەناوی جێگر بۆی نییە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەڕلەمان بەكاربهێنێت بۆ دانانی بەرنامەی كار بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پەڕلەمان، چونكە پۆستی سەرۆكی پەڕلەمان، وەكو پۆستی وەزیر نییە دەسەڵاتەكانی كە دەسەڵاتی سەرۆكی یاسادانانە لەپەیڕەو دیاری كراوە، لەكاتی ئامادە نەبوونیدا، جێگر دەتوانێت مومارەسەی بكات، بەڵام سەرۆكی پەڕلەمان ئامادەیە و بەرنامەی كار كەمتر لە 48 كاتژمێر دەستكاری دەكرێت و بەرنامەیەكی كاری تر لەماوەی12 كاتژمێردا ڕادەگەیەنرێت لەدەرەوەی دەسەڵاتی سەرۆكی پەڕلەمان وە كۆبوونەوەیەكی نایاسایی ڕێكدەخرێت، بۆیە كۆبوونەوەك یاسایی نییە، بڕیاری یاسایی لێدەرناچێت، سەرۆكی پەڕلەمان بە دەسەڵاتەكانی خۆی بڕیارە نایاساییەكەی كە بەڕێكارێكی نایاسایی دەرچووە، هەڵیوەشاندووەتەوە.

سەبارەت بەوەی ڕەخنە لە سۆران عومەر دەگیرێت كە بۆچی یەكێتی بەوشێوەیە بەرگری لێدەكات، سۆران عومەر ڕایگەیاند، یەكێتی نیشتیمانی بەرگری لە سەرۆكی پەڕلەمان دەكات كە لەلای ئەوە، چونكە ئەوەی پارتی دیموكرات لە 5/7 كردی، بێ ئەرزشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەڕلەمان و پۆستی سەرۆكی پەڕلەمانە كە لای یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، وە یەكێتی نیشتیمانی دەبێت بەرگری لە شكۆی دامەزراوەیەك بكات كە ئەو سەرۆكیەتی ئەگەر وانەكات، سەرۆكی پەڕلەمان ڕۆڵی چییە كە جێگر بیەوێت بە كەیفی خۆی بەرنامەی كار دابنێت و كۆبوونەوە ڕێكبخات و بڕیاری پەڕلەمان واژۆ بكات؟ ئەی سەرۆكی پەڕلەمان بوونی بۆ چییە ئەگەر یەكێتی نیشتیمانی پۆستەكەی لایە و بەرگری لێنەكات؟ بە پێچەوانەوە بەرگری لە سۆران عومەر، بەرگرییە لە شكۆی پەڕلەمان بەرگری نییە لە كەسی سۆران.

ئاماژەی بۆئەوەش كرد، ئەگەر سەیری ئەزموونی ڕابردوو بكەین، پارتی ئەوكاتەی پەڕلەمان بە ویستی ئەوی نەكردووە یاخود با بڵێین بە گوێی ئەوی نەكردووە، پەكیخستووە و دایخستووە، سەرۆكی پەڕلەمانی قەدەغە كردووە بچێتەوە ناو تەلاری پەڕلەمان لە خولی پێشوودا. بۆیە پێشبینی دەكرێت ئەو عەقڵیەتەی ئێستا حكومڕانی هەرێمی كوردستان دەكات لەجاران زیاتر مەترسیدار ترە بۆ سەر ئازادی بۆ سەر كاری دامەزراوەیی و حكومی و پەڕلەمانی و ڕەنگە بڵێن ئێمە نەتوانیین بەم زۆرینەیەی كە بە نایاسایی بەكاری دێنن ئاوا بەكاری بهێنن، بڵێن پەڕلەمانمان ناوێت و ببنە ئاستەنگ لەبەردەم كارەكانی پەڕلەماندا، چونكە هەمیشە پارتی پەڕلەمانێكی دەوێت كە خۆی چۆنی بیەوێت وا بڕیار بدات، خۆی بیەوێت كۆببێتەوە نەیەوێت كۆنەبێتەوە، بەبەهانەی جۆراو جۆر.

جەختی لەوەش كردەوە، سەیربكەن پەڕلەمان یەك كۆبوونەوەی كردووە ئەویش بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر من ئەمە لەكاتێكدا وڵات لێوان لێوە لە قەیران، هەرێمی كوردستان لە لێواری مەترسیدایە، حكومڕانیەكی شكستخواردوو لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوە و كەوتندایە، دۆخی خەڵك لەوپەڕی خراپی و نیگەرانییەكان لە تەقینەوەدایە كەچی ئەمانە هیچ باكیان لەوە نییە كە پەڕلەمان دادەخەن بەناوی كەرەنتینە و بەناوی جۆراوجۆرەوە، لەماوەی چەندین مانگی خولی یاساداندا كەلە 1/3 وە دەستی بەكارەكانی كردووە، دەگەینە 17/6یەك كۆبوونەوەی بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر من كردووە، واتە بەسروشتی ئێستا پەڕلەمانیان بەجۆرێك پەكخستووە.

ئاشكراشیكرد، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە ئاڵۆزی زیاتر دروست دەكات بەوەی پارتی دەیەوێت بڕیارە نایاساییەكەی كار پێبكات سەرۆكی پەڕلەمانیش بڕیارەكەی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەمە دەبێت بە جەدەلێك لە نێوان ئەوانەی بەرگری لەكارە نایاساییەكانی پەڕلەمان دەكەن بە بڕیاری ژمارە 4 هەروەها ئەوانەشی ڕەتیان كردووەتەوە كە ئەو بڕیارە یاسایی بێت، تا ئێستاش هیچ شتێكی دادگا لە ئاگاداركردنەوە و سكاڵا هیچم پێنەگەیشتووە هەر لە فەیسبوك شتم بیستووە.

ڕوونیشیكردەوە، ئەوان ناتوانن من دەستگیر بكەن بەبیانووی ئەوەی پارێزبەندیم لەسەر هەڵگیراوە، خۆ من هاووڵاتیەكی سادە نیم بتوانن بەئاسانی دەستگیرمان بكەن، بەڵێ هەر ئەندامی پەڕلەمانم و خاوەنی پارێزبەندیم و كاری خۆم بەردەوام دەكەم لە پەڕلەمان بێت یان لەدەرەوەی پەڕلەمان لە هەرجێگەیەك كە بتوانم، هەروەها ئێمە لەوانە بەهێزترین لە یاسا بترسین و هەرگیز لە یاسا نەترساوین، بەڵام ئەوەی پارتی ناوی دەنێت یاسا، ئەوە یاسا نیە و نایاساییە، ئێمە ڕێگە لەوە دەگرین پارتی بە نایاسایی دادگا و پەڕلەمان بەكاربهێنێت.

جەختی لەوەش كردەوە، هەموو بەرگرییەك لە سەرۆكی پەڕلەمان و بڕیارەكەی دەكەین و بەكارێكی گرنگی دەزانین بۆ ئەوەی پارتی لەمەولا لەدەرەوەی دەسەڵاتی سەرۆكی پەڕلەمان نەتوانێت بە كەیفی خۆی چی بیەوێت بیكات.

سەارەت بە پشتگیرییەكانی هاوسەرۆكی یەكێتی سۆران عومەر ڕایگەیاند، سوپاسی هەركەسێك دەكەم پشتگیری لێكردووم نەك تەنها هاوسەرۆكانی یەكێتی، خەڵكی كوردستان و ڕۆشنبیران و سیاسیەكان لە دەرەوەی لایەنەكانی دیكەش پشتیوانیان لە ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی كاری پەڕلەمانی كردووە ئەمە بۆ هەموومان پشتیوانی یەك بكەین بەرامبەر بەو تاكڕەویانەی كە لە هەرێمی كوردستان ئێستا خەریكە حكومڕانی بەرەو هەڵدێری گەورە دەبات.

کوردستان

نوێنەرێك: هەرێم ڕەزامەند نەبووە ڕاژەی فەرمانبەرەكانی بخرێتەسەر بەغدا

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق چەند زانیارییەكی نوێ لەبارەی گواستنەوەی میلاكی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا بڵاودەكاتەوە و ئاشكرای دەكات پێشتر بەغدا قایل بووە بەو هەنگاوە، بەڵام هەرێمی كوردستان ڕەزامەند نەبووە.

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە (میللەت)ی ڕاگەیاندووە، پێشتر حكومەتی فیدراڵ قایل بووە میلاكی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم بخرێتەسەر بەغدا و مووچەیان لەرێی حكومەتی عیراقەوە بۆ دابین بكرێت بەو مەرجەی خۆیان وردبینی لەناو و لیستی فەرمانبەراندا بكەن.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرای كردووە، بەغدا قایلبوونەكەی بەو مەرجە بووە خۆیان لیژنەی تایبەتمەند ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكەن و وردبینی لەمیلاك و ناوی فەرمانبەراندا بكەن پێشتریش وردبینیان لە میلاكی چەند وەزارەت و فەرمانگەیەكیشدا كردووە، بەڵام پێناچێت ئێستا بەغدا قایل بێت، چونكە خۆیان كێشەی دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانیان هەیە.

جەمال كۆچەر ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، پێشتر هەرێم ڕەزامەند نەبووە ڕاژەی فەرمانبەرەكانی بخرێتەسەر بەغدا و وەكو ئاسایشی نەتەوەی مامەڵەی لەگەڵ ئەو دۆسیەیە كردووە و خوێندنەوەیان بە جۆرێك بۆ كردووە كەئەگەر ڕاژەی فەرمانبەران بگوازرێتەوە بۆ سەر بەغدا مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەرێم دروستدەبێت.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی وتیشی، بەغدا خۆی كێشەی هەیە و پێناچێت لەم قۆناغەدا بەو داوایە قایل بێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

پۆلیسی سلێمانی: تەقەكەرێك دەستگیر كرا

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، شەوی ڕابردوو تەقەكەرێك لەگەڕەكی بەكرەجۆی شاری سلێمانی لەلایەن ھێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركرا.

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند:”دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو تۆمەتبارێك تەقەی لەماڵی دوو ھاووڵاتی كرد و دواتر ھەڵھات، پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، ھێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستیپێكرد و توانرا لەماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارەكە بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت”.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە:”ھاوكات دەستیشگیرا بەسەر ئوتۆمبێلی تۆمەتبار و چەكێك لەجۆری كڵاشینكۆفدا كە تۆمەتبارەكە تەقەكانی پێكردبوو”.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو:”لەئێستادا تۆمەتبار (ب، ن، ر) لە دایكبووی ١٩٨١دانیشتووی شاری سلێمانی بەفەرمانی بەڕێز دادوەر و بەپێی ماددەی ٣١/٤٠٥ ڕاگیراوە و لەبەردەم دادوەردا دانی بەتاوانەكەیدا ناوە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

تەندروستی سلێمانی: لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 15 تووشبووی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ تەندروستی‌ سلێمانی‌ ڕایدەگەیەنێت: لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 15 تووشبووی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە و 6 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

د.یاد نەقشبەندی‌ وتەبێژی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ تەندروستی‌ سلێمانی‌ لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد: لە 24 كاتژمێری‌ ڕابردوودا 41 نەخۆش داخڵی‌ نەخۆشخانەكانی‌ كۆرۆنا بوون و 15 تووشبووش نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ تەندروستی‌ سلێمانی ‌ئاماژەی بەوەشداوە: هاتووە 120 تووشبوو لە نەخۆشخانەكان ماونەتەوە و لەو ژمارەیە 28 تووشبوو لە چاودێری‌ چڕن و هاوكات لە 24 كاتژمێری‌ ڕابردوو 6 تووشبووی‌ كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان