ژن و ئابوری خێزان


سەرکۆ یونس*

ژن یان کابانی ماڵەوە، بەشێکی گەورەی سیستەمی بەڕێوەبردنی ئابوری خێزانەکانن. لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا ژن تەنها ئەرکی بەخێوکردنی مناڵی نەماوە، بەڵکو شان بەشانی پیاوان لەبەدەستهێنانی پارەو داهاتدا ڕۆڵ دەگێڕن، سەرمایەی مرۆیی وڵاتن، بەشێکیان پەروەردەکار و فێرکەرن و بەشێکی زۆریشیان فەرمانبەرن، هەندێکیش لەژنان و کچانیش لەمۆڵ ومارکێت و کۆمپانیاکاندا ڕۆژانە لەکاروفەرماندان.
لەجیهان و ناوچەکەدا ژمارەی ئەو ژنانەی کەسەرکەوتنیان لەبواری ئابوری و بازرگانیدا بەدەستهێناوە کەم نین، هەیە خاوەن کۆمپانیا و بزنسە، زۆرێک لەژنان ڕاوێژکارو بەڕێوەبەری فەرمانگەی حکومی و کۆمپانیای گەورەن.
بیروڕای خەڵک دەربارەی توانای بەڕێوەبردنی ئابوری خێزان جیاوازە، هەندێ پێیان وایە کەپیاوان زیاتر توانایان هەیە لەبەڕێوەبردنی ماڵوموڵکی خێزاندا. هەندێ کەسیش پێیان وایە کەژن یان کابانی ماڵەوە توانای ئەوتۆیان هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم کارە. زۆربەی کەسانیش وای دەبینن کەڕێگای گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی ئابوری خێزان، هاوبەشی کردنە لەنێوان هەردوولادا.
بەڵام لەهەمووی گرنگتر بەلای پسپۆڕانەوە، بریتی یە لەهۆشیاری ژن و پیاو لەگرنگی پلاندانان بۆ داهات وخەرجی خێزانەکە، پلانی هۆشیاری دارایی، خێزان لەقەیرانی دارایی و کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان دەپارێزێت.
زۆربەی خەڵکی، وای دەبینن و واباشترە بەڕێوەبردنی ئابوری وبودجەی خێزان بەهاوبەشی بەڕێوەببرێت، لەچوارچێوەی گفتوگۆی واقیعی ودیاریکردنی پێویستییەگرنگ و لەپێشینەکان، بەڵام بەپێ ی ئەزمون زۆربەی خێزانەکان وا بەباش دەزانن کەژن کلیلی داهات و خەرجییەکانی خێزانی بەدەستەوە بێت، بەو پێ یەی کەژن بەئیشوکاری ماڵ و مناڵەوە خەریکن و کاری ڕۆژانەیانە، جۆرێک لەپسۆڕییان بەدەستهێناوە لەم بوارەدا، زیاتر بەئاگان لەپێویستییەکانی ماڵ و مناڵ، بەڵام بەمەرجێک هەستی ناسک و عاتیفی ژن زاڵ نەبێت بەسەر بڕیارەکانیاندا!

هەندێ کەس، وای دەبینن کەئەم کارە ڕێژەیی یە، لەهەندێ کۆمەڵگادا ژنان سەرکەوتوو تر دەبن بەبەراورد بەپیاوان، لەهەندێ کۆمەڵگاشدا پیاوان هەر خۆیان داهات بەدەستدەهێنن و هەرخۆیشیان سەرپەرشتی و بەڕێوەی دەبەن. هەرچۆنێک بێت گرنگ ئەوەیە ئابوری و بودجەی خێزان بەشێوەیەک بەڕێوەببرێت کەئامانجەسەرەکییەکانی خێزان بەدەستبهێنێت، تووشی زیادەخەرجی وزیادە بەکاربردن نەبن، چونکە دواجار خێزانەکە باجی خراپ بەکارهێنانی ئابورییەکەیان دەدەن.

هەرچەندە زۆربەی کات، پیاوان گلەیی لەشێوازی خەرجکردنی ژنان دەکەن و پێیان وایە زیاد لەپێویست بازاڕ دەکەن و خەرجی ناپێویستی ژنان لەئاستێکی بەرزدایە، ئەم حاڵەتە گشتگیر نی یە، بەڵکو ڕێژەیی یە. لەلایەکی ترەوە بەپێچەوانەوە گلەیی ژنان هەیە کەپیاوەکانیان دەست بەپارەوە ناگرن و سەرچاوەی بەفیرۆدانن.

زۆرێک بەڕێوەبردنی ئابوری خێزان بەبەڕێوەبردنی کۆمپانیا دەشوبهێنن، پێیان وایە ژن وپیاو هاوبەشن و پشکدارن، لەسەریانە ئابوری خێزانەکەیان بەڕێوەببەن بەباشترین شێوە.
پسپۆڕان دڵنیایی دەکەنەوە کەپێویستە بودجەی خێزان بەڕێکەوتنی هەردوولا دابنرێت و هەروەک بودجەی گشتی وڵات، لایەنی داهات و خەرجییەکان دیاری بکرێن و ئامانجەکانیان دەستنیشان بکەن.
لەلایەکی ترەوە، کارامەیی ژنان لەوەدا بەدیار دەکەوێت، کەنەبنە هۆکارێک بۆ زیادکردنی خەرجییەکانی خێزانەکەیان، بەڵکو لەهەوڵی ئەوەدا بن کەداهاتەکانیان زیاد بکەن و خەرجییەکانیان کەمبکەنەوە، هەروەها گرنگە هەوڵی پاشەکەوتکردن بدەن و پارەکانیان لەپرۆژەدا بخەنەکارو وەبەرهێنانی پێوە بکەن، هەرچەندە بەداهاتی مووچە تاڕادەیەک قورسەو ئەستەمە ئەم کارە ئەنجامبدرێت.

بەپێ ی توژینەوەیەکی زانستی، توانای وکارپێکردنی مێشکی ژن بەڕێژەی 15% لەمێشکی پیاوان لەپێشترن، بەمانایەکی تر ژنان لەیەککاتدا دەتوانن دوو کار بکەن بەڵام پیاوان ناتوانن.

لەکۆتایدا دەتوانین بڵێن، کەژنان زیاتر بەتواناترو کارامەترن لەبەڕێوەبردنی ئابوری ودارایی خێزانەکاندا، بەئومێدین بەهەردوولا(ژنان وپیاوان) پێکەوە دارایی و ئابوری خێزان بەواقیعیانە لەپێناو بەدەستهێنانی پێداویستییەکانی خێزاندا بەهەماهەنگ کار بکەن، تا بتوانن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ گۆرانکارییەکانی ئابوری وداراییدا.

*ئابووریناس

هەرێمی كوردستان و خەباتی چەكداری پارچەكانی دیكە
پێشت هەرێمی كوردستان و خەباتی چەكداری پارچەكانی دیكە
پەیامێک لە مەسرور بارزانییەوە
دواتر پەیامێک لە مەسرور بارزانییەوە
پەیوەندیدار