ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

داهات حەوێزی: دۆخی تەندروستی سلێمانی زۆر مەترسیدارە، تکایە خۆتان بپارێزن

خەڵك – بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی هۆشداری دەدات لە دۆخی مەترسیداری تەندروستی لە سلێمانی و داواش لە هاووڵاتییان دەكات پابەندبن بە ڕێنماییەكانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

د.داهات حەوێزی، پزیشکی پسپۆڕی هەناوی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی بابەتێكی دەربارەی دۆخی كۆرۆنا بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:

پەیامێک لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتیەوە:
وەزعی تەندروستی سلێمانی زۆر مەترسیدارە، تکایە خۆتان بپارێزن.
ڕۆژانە چەندین نەخۆش داخل ئەکرێن لە خەستەخانەکانی کۆڕۆنا،خەستەخانەکان خەریکە پڕ ئەبن،نەخۆشی هەموو تەمەنێکی تیایە، گەنج، پیر، ژن، پیاو.
ئەوەی لەم نەخۆشیە دەیبینم لە هیچ نەخۆشیەکی تردا نەمبینیوە، زۆر لە نەخۆشەکان هیچ نەخۆشیەکی تریان نیە، زۆر بەخراپی هەناسەیان توند ئەبێت، زۆر لەپڕ وەزعیان تێک ئەچێت.
نەخۆشمان هەبوو چەند ساڵە ڕەبۆی هەبوە و تەحەمولی نەخۆشیەکەی کردوە بەڵام دوو ڕۆژ بەرگەی ئەم ڤایرۆسەی نەگرت!
نەخۆشێکی ترمان بە کەمخوێنی داخل بوو بەڵام تەنها دوای سێ ڕۆژ لە تووشبونی بە کۆڕۆنا بەداخەوە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
هێشتا بارودۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچوە، بەڵام وا بڕوات تووشی کارەساتی گەورە ئەبین. بۆیە تکایە پابەندی ڕێینمایەکان بن لەپێناو تەندروستی خۆتان و ئازیزانتان.
لەکاتی چونە دەرەوە ماسک و دەستکێش بکەن.
(وێنە ئەشیعەکە هی نەخۆشێکە ئەم ئێوارەیە هاتوە بۆ خەستەخانەی جمهوری داخل بوە، سیەکانی وێران بوە!)

بەهیوای لەشساغی و تەندروستی بۆ هەموو لایەک
د.داهات حەوێزی
پزیشکی پسپۆڕی هەناوی-بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی

کوردستان

تووشبوویەكی كۆرۆنا لە ڕاپەڕین گیانی لە دەست دا

خەڵك – بەشی هەواڵ
تووشبوویەكی كۆرۆنا لە دەڤەری ڕاپەڕین گیانی لە دەست دا كە پیاوێكی تەمەن 63 ساڵە.

بە پێی زانیارییەكان ئەو هاووڵاتییە ماوەی 10 لە نەخۆشخانە مابووەوە بۆ چارەسەركردن، بەڵام بە كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لە دەست دا.

بەوەش ژمارەی حاڵەتەكانی مردن بە كۆرۆنا لە ڕاپەڕین گەیشتە 10 كەس كە پێنج ژن و پێنج پیاون.

تا ئێستا 287 حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لە ئیدارەی ڕاپەڕین تۆمار كراوە کە 176یان پیاوە و 104 کەسی دیکەیان ژنن و حەوتیشیان منداڵن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

حزبێكی توركمان دروشمی “كەركوك توركە و هەر بە توركیش دەمێنێتەوە” لەسەر دیواری بارەگاكەی دەنووسێت

خەڵك – بەشی هەواڵ
هێزێكی لیوای 61ی سەر بە سەرۆك وەززیرانی عیراق چوونە سەر بارەگای بارەگایەکی تورکمانەکان و داوای سڕینەوەی دروشمێکی سەر دیواری بارەگاكەیان لێدەكەن كە نووسویانە “كەركوك توركە و هەر توركیش دەمێنێتەوە”.
درەنگانێكی شەوی ڕابردوو هێزێكی سەر بە لیوای 61 كە ئەركی پاراستنی ئاسایشی كەركوكی لەسەرشانە، چوونە سەر بارەگای پارتێكی توركمانەكان داوایان لێكردن ئەو دروشمە بسڕنەوە كە لەسەر دیواری بارەگاكەیان نووسیویانە.
لە دروشمەكەدا نووسراوە “كەركوك توركە و هەر بە توركیش دەمێنێتەوە”.
بە پێی زانیارییەكان، بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی گرژی ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی دەستوەردانی كردووە و هێزە عیراقییەكە كشاونەتەوە، بەڵام سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت دروشمەكە بسڕنەوە.

بارەگاکە شوێنی گروپێکی توندڕەوی تورکمانەکانە و لە ئاڵاکەیاندا وێنەی گورگەبۆرەکانی تێدایە کە تورکە ڕەگەزپەرستەکان وەك دروشمی خۆیان بەرزی دەکەنەوە، لە نێویشیاندا بزووتنەوەی ڕەگەزپەرستی “مەهەپە” لە تورکیا، کە بەردەوام نکوڵی لە بوونی کورد دەکات و لە ڕابردووشدا داوای کردبوو ئاڵای تورك لەسەر قەندیل هەڵبکرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

فرسەت سۆفی: بەرهەمهێنانی چارەسەری كۆرۆنا لە هەولێر دەستكەوتێكی مەزنە بۆ مرۆڤایەتی

خەڵك – بەشی هەواڵ
فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە كۆمپانیایەكی دەرمان دەكات لە هەولێر كە دەرمانی چارسەركردنی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنای بەرهەمهێناوە و ئەو هەنگاوەش بە دەستكەوتێكی مەزن بۆ مرۆڤایەتی وەسف دەكات.

نووسینگەی د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر سوپاسنامەیەکی بە ناوی پارێزگای هەولێرەوە ئاڕاستەی كۆمپانیای ئاوامێدیكا كرد كە دەرمانی فابیڤیر”Favipiravir”ی بەرهەمهێناوە و ئەمەش دەقەكەیەتی:

بەناوی پارێزگای هەولێر، سوپاسی کۆمپانیای ئاوامێدیکا بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان لەهەولێر دەکەین کە توانییان بە هاوکاری سەنتەرە پسپۆڕییە جیهانییەکان بەسەرکەوتوویی دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر”Favipiravir”ی بۆ چارەسەری توشبووانی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-١٩) بەرهەمبهێنن.

سەربەرز و خۆشحاڵین كە کۆمپانیایەکی گەورە لەهەولێر، دەستکەوتێکی گەورەی بۆ شارەکەمان دەستەبەر کردووە، لەم کات و ساتەدا بەهەمهێنانی ئەمجۆرە دژە ڤایرۆسە دەستکەوتێکی مەزنە بۆ شارەکەمان و تەواوی مرۆڤایەتی، بۆیە بەناوی پارێزگای هەولێر، پیرۆزباییەکی گەرم لە خەڵکی شاری هەولێر دەکەین و سوپاس و دەستخۆشیەکی زۆریش بۆ بەڕێوەبەران و تەواوی ستاف و کارمەندانی کۆمپانیای ئاوامێدیکا بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان، دووپاتی دەکەینەوە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکاریانین.

دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر “Favipiravir”ی بۆ چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا، لە ڕوسیا و یابان و زۆر وڵاتی دیکە تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتنی باشی بەدەستهێناوە، ئێستاش لە پرۆتۆکۆڵی وەزارەتی تەندروستی عێراق دانی پێدانراوە و بۆ چارەسەری حاڵەتی مام ناوەند و تووندی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاردهێنرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان