ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

سەرۆك كۆمار چاوی بە پارێزگاری بانكی ناوەندی كەوت
جەخت لەسەر پێویستی دۆزینەوەی سەرچاوەی دیكەی داهات دەكرێتەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، لەكۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە عەلی موحسن ئیسماعیل عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق و لە دیداریی نێوانیان، جەخت لەسەر پێویستی دۆزینەوەی سەرچاوەی دیكەی داهات و ئاراستەكردنی خەرجییەكانی حكومەت دەكاتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنداوێك كە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆماری عیراقەوە بڵاوكرایەوە”لە دیدارێكدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە پێویستی پەیڕەوكردنی سیاسەتی نەختینەی هاوسەنگ و كاركردن لەسەر بەھێزكردنی دۆخی دارایی لە رێگەی دۆزینەوەی سەرچاوەی دیكەی داهاتی دەوڵەت و ئاراستەكردنی خەرجییەكانی حكومەت، بەتایبەتی لەو دۆخە سەختەی ئێستادا كە عێراق رووبەڕووی بووەتەوە لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و كەمبوونەوەی داھاتی نەوت”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك بەرھەم جەختیشیكردەوە لەگرنگی پەیرەوكردنی سیاسیەتێكی دارایی حەكیمانە بە ئاراستەی بەرژەوەندی گشتی وڵات، ھاوكات یارمەتی عێراقیش بدات تاوەكو ئەو قەیرانەی ئێستا تێپەڕێنێت، لەھەمان كاتدا سەقامگیری ئابووری و بژێوی ژیانی هاووڵاتیان دابین بكات”.

“لەلای خۆیەوە عەلی عەلاق، رۆڵی بانكی ناوەندی لە كەمكردنەوەی ئاڵنگارییەكانی پەتای كۆرۆنا-ی لەسەر ئابووری عێراق خستە روو، ھەروەھا سوپاس و پێزانینی خۆشی نیشاندا بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی كە سەرۆك كۆمار كردوویەتی بۆ بانكی ناوەندی لەم دۆخە هەستیارەدا، ھەروەھا خستنە رووی بیروڕاكانی لەوبارەیەوە”، ئەمەش لە ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی كۆماردا ئاماژەی پێكراوە.

عێراق

بەوێنە؛ بەرپرسێكی ئەمنی لە كەركوك بە كۆرۆنا گیانی لەدەستدا


خەڵك- بەشی هەواڵ
بەرپرسێكی ئەمنی لە شاری كەركوك بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا.

بەپێی هەواڵی میدیا عیراقییەكان، ئەمڕۆ یەك شەممە، عەقید معمر عوبەیدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەدێی ڕەشاد لە باشووری شاری كەركوك بەهۆی تووشبووونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لەدەستداوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك ڕایگەیاند، كە ئەمڕۆ 41 حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركراوە و 4 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عیراق دەربارەی گەشتەكان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ
دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عیراق ئاشكرای دەكات، هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ڕێكخستنی گەشتە ئاسمانییەكان بۆ گەشتیارانی بەرەگەز عیراقی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.

دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەیانەوێت بۆ رای گشتیی رایبگەیەنن، بەتایبەتی گەشتیارانی بەرەگەز عیراقیی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، كە هەوڵی تەواومان خستۆتەگەڕ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەپێناو پێشكەشكردنی تەواوی ئاسانكارییە پێویستەكان بەمەبەستی ڕێخۆشكردن بۆ ئەنجامدانی گەشتەكانیان.

ئاماژەی بەوەشكردوە، بڕیاری كۆتایی تایبەت هەڵپەساردن و درێژكردنەوەی ماوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان هەتا 15ی ئەم مانگە، بێجگە لە گەشتە تایبەتەكان بۆ گەڕاندنەوەی عیراقییەكان و ئەو هاووڵاتیانەی گەشتكردنیان پەسەندكراوە بۆ ئەو وڵاتانەی خاوەنی رەگەزنامەی دووەمن تێیدا، لەسەر بڕیاری لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتیمانی بووە.

جەختیشدەكاتەوە، پابەنددەبن بە تەواوی بڕیارەكانی لایەن و دەسەڵاتدارە باڵاكانی عیراق سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران و لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتیمانی، هەتا گەیشتن بە هەر رێكارێكی نوێی تایبەت بە جموجوڵی ئاسمانی لە وڵاتەكەدا و گەڕانەوەی بۆ دۆخی ئاسایی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

لە نەجەف 81 كەس چاكبوونەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی نەجەف ئاشكرای دەكات، كە 81 كەس چاكبوونەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەجەف لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، 81 كەس دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و مانەوەیان لە نەخۆشخانە چاكبوونەوە.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو نەخۆشانە چارەسەری تەواویان لە نەخۆشخانە وەرگرتووە و دوای ئەوەی دەركەوتووە پشكنینەكانیان پاك بوون و ڕەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عیراق تا ئێستا 60 هەزار و 479 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و 33 هەزار و 17 كەس چاكبوونەوە و 306 كەسیش مردوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان