ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

ھەوڵەكانی نادیدەگرتنی پارتی بە مردوویی لەدایك دەبن

محەمەد عەلی

ئەوەی ئێستا بەشێك لە سەركردە گەنجەكانی ھەندێك لە حیزبەكان خەریكە ئەنجامی دەدەن، ھەمان ھەوڵ و سیناریۆكانی باڵی مەكتەبی سیاسیی دوای ساڵی (١٩٦٤)ـە، سەركردە جیابووەوەكانی ئەوكات ھەموو جۆرێك لە فشاری سیاسی و سەربازییان بەرامبەر بارزانیی باوك بەكار ھێنا، بەڵام نەیانتوانی ھیچ شتێك بەدەست بێنن، دواتر گەڕانەوە ڕیزەكانی پارتی و لای بارزانی.

 

یەكێك لە ھەوڵەكان بۆ لاوازكردنی پارتی، چوونەپاڵ حكوومەتی عێراقی بوو، لە كاتێكدا لە ڕابردوو و ئێستاشدا تاقی كراوەتەوە و ھەموو كات شكستی ھێناوە، لە دوای جیابوونەوەی ساڵی  ١٩٦٤ھەموو شتێك لەگەڵ عێراق بەرامبەر پارتی ئەنجام درا، بەڵام لە كۆتاییدا حكوومەتی عێراق ڕێككەوتننامەی ١١ی ئادری ساڵی ١٩٧٠ی لەگەڵ سەركردایەتیی پارتی واژۆ كرد، لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ھەموو شتێك ڕادەستی بەغدا كرا، بەڵام لە كۆتاییدا دووبارە بەغدا مامەڵەی لەگەڵ ھەولێر كرد، ئەو ھەوڵانەی ئێستاش بە ھاوكاری و ھەماھەنگیی ھەندێك لایەن هەن بە جیاكردنەوەی سلێمانی و ڕاستەوخۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا، ھەمان چارەنووسی دەبێت، لەبەر ئەوەی ھەمووان دەزانن پارتی و بارزانی نوێنەری راستەقینەی ھەرێمن.

 

ھەوڵەكانی بەتەنیا ھێشتنەوەی پارتیش چارەنووسی باشتر نەبوو، لە شاخ بەرەی جوقد و لە شاریش ھێرشە سەربازییە ھاوبەشەكان  بۆ گەمارۆدان و لاوازكردنی پارتی و دواتر كودەتای ٢٣ی حوزەیران، ھەمووان شكستیان ھێنا، لە ئێستاشدا لە دوای كۆبوونەوەی ٧ی ئایاری ئەمساڵەوە، ھەوڵ دەدرێت ھەمان سیناریۆ دووبارە بكرێتەوە، لە ئێستاشەوە دەرئەنجامەكەی ڕوونە، بەو ھۆكارەی ھەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە ئامانجی ئەم جۆرە ھەوڵانە تێدەگەن و نابنە بەشێك لەم سیناریۆیە، ھەوڵە شكستخواردووەكان بۆ كۆدەنگی لەسەر تێكدانی بارودۆخی ئەمنی و دروستكردنی پشێوی لە بێدەنگیی مامۆستا (سەڵاحەدین بەھائەدین) ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی دەھۆك و وتەكانی (ھێمن شێخانی) باژێڕوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ھەولێر، دووپاتی ئەم راستییە دەكاتەوە.

 

لە لایەكی دیكەشەوە، ھێنانەپێشەوەی پرسی لامەركەزیەت و دووئیدارەیی، جگە لەوەی مەبەست لێی ئاستەنگ خستنە بەردەم بەدیھێنانی كوردستانێكی بەھێزە، كە دروشمی سەرەكیی كابینەكەی سەرۆكوەزیران (مەسروور بارزانییە) ھاوكات لە ڕابردوودا تاقی كراوەتەوە و ھەمووان دەزانن چۆن بوو، ئیدارەیەك، كە كەس نەیزانیوە كێ سەرۆكی حكوومەت و كامە  پارێزگار و حاكمی شار بووە، بەپێی لێدوانی سەرۆكی لێژنەی بە ناو لامەركەزیەت، داھاتی ھیچ یەكەیەكی ئیداری دیار نییە و ئەوەشیان دووپات كردۆتەوە كە بەو داھاتە ناتوانن مووچەی فەرمانبەران دابین بكەن، كە وا بێ ئەم ھەوڵەشیان ھەر لە سەرەتاوە بە مردوویی لە دایك بووە.

 

پەرەپێدانی ئیرھابی فكری و مامەڵەی پیلانگێڕانە، ھەمووی بە شێوەی كاتی بوونی ھەبووە چ لە شاخ و  ھەمیش لە شار، بەڵام ھەمیشە راستییەكان بە ماوەیەكی كورت ڕوون بوونەتەوە، لەلایەكی ترەوە خەرجكردنی پارە و وزەیەكی مرۆیی زۆر  بۆ پەرەپێدانی ئەم شێوازە لە مامەڵە لەگەڵ پارتی، ئەگەر بۆ خزمەتكردنی شار و دەڤەرەكە بەكار بھاتایە، ئێستا بارودۆخەكە زۆر جیاواز دەبوو، لە لایەكی ترەوە ئەو ھەموو پیلانگێڕیانەی بە درێژایی مێژوو بۆ لاوازكردنی پارتی و بارزانی ھەیانبووە، ئەگەر نیو ئەوەندەش پلانیان ھەبووایە بۆ چاككردنی وڵات، ڕەوشی كوردستان لە ھەموو ڕوویەكەوە زۆر لە ئێستا باشتر دەبوو،  دەرئەنجامەكەش ڕوونە، پارتی حیزبی یەكەم و بێڕكابەرە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقیشدا.

 

 لە كۆتاییدا پێویستە ھەموو لایەك بگەڕێنەوە بۆ لێكتێگەیشتن و دیالۆگ، لەبەر ئەوەی تاكە ڕێگەیە بتوانن بگەن بە ئامانجی ھاوبەش، ڕێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی، پاش ململانێیەكی زۆر ئەوەمان پێ دەڵێت، ئەوانەی لە خەمی میللەت و گەشەسەندنی وڵاتن، لەبری پیلاندانان، پێویستیان بە پلانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان.

ریکلام

وتار

ناکرێت هۆزە کوردییەکان پەراوێزبخرێن و تەشهیریان پێبکرێت

حەسیب شێخ صدرالدین

بە درێژایی مێژوی گەلی کورد بنەماڵەکانی کورد ڕۆڵی کاریگەرییان هەبووه له خەباتی سیاسی و ئاینی و کۆمەڵاتی، بەڵام له ئێستادا دەستێک له ناو سۆشیال میدیادا پەیدا بووە، کە دەیانەوێت هەموو وچان و مێژوی پڕسەروەری بنەماڵەکان زەڕبی سفربکەن، ئەگەر ئێمه قەڵس بین بەرانبەر کەسێک، ناکرێت هەموو کەسی ئەو کەسە بەخراپ بزانین و بێ هیچ فلتەرێک دابارینە سەر بنەماڵه و خانەوادەی، چوونکە هۆزەکانی کورد له پێشکەوتنی بازرگانی و سیاسی و ئاینی و هەموو سێکتەرە سەرەکییەکان ڕۆڵیان هەبوە و چەندین زانای ناو هۆزەکانی کورد توانیان یەکەم کتێبخانە دروست بکەن له زانکۆی ئەزهەر، سەیری مێژووی جافیش بکەین هۆزێک بوونە کە لەبواری کشتوکاڵ و بازرگانی و ئەدەبیات پێشەنگی ناوچەکانی تری کوردستان بوونە، نمونەی شاعیر و ئەدەبزانی ناو هۆزی جاف، (ئەحمەد موختار جاف) که تا ڕۆژگار بە رەوپێش بڕوات تام و چێژی شیعرەکانیان زیاتر دەبێت، له ناو هۆزی شێخدا نمونەی (مەلا شێخ محەمەدی قەردەداغی و صابری و بێخود و شێخ ڕەزای تاڵەبانی)مان هەبووە له هۆزی هەمەوەند (فەقێ قادری هەمەوەندی)مان هەبووه.

کە ئەم کەڵه پیاوەنە هەر یەکێکیان له هۆزی جیاوازی کورد بوون و خزمەتێکیان کردوە، کە شیعرەکانیان له زانکۆکاندا بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای تێدا بەدەستدەهێنن، بۆیە ناکرێت خەڵکی بکەوێتە دوای هاتوو هاواری سۆشیال میدیا، بێ ویژدانانە بکەونە گیانی بنەماڵه کوردییەکان، جا هەموو ئەو بنەماڵانەی کە ناو بنچینەیان هەیه، هەموو ئەمانە ئەگەر له سیاسەت یان ئابوری یان ئاینی، ڕۆڵیان نەبووبێت ئەکرێت بڵێن له ئاشتەوایدا پلەی یەکەم بوونە، بۆیە بێویژدانییە هێرش و جنێو بدەین بە کەسایەت و هۆزەکانی خۆمان، چوونکە زۆرێک له کە ساییەتی ناو هۆزەکان سنوری ئەدەبیات و چالاکیان بووە بە نێودەوڵەتی بەڵام لای خۆمان قەدرییان نازانین، کورد ووتەنی زیندوو کوژی مردوو پەرستین.

بۆیە هه میشە کوردەواری ووتوویانە چەم بێ چەقەڵ نابێت ناکرێت ئێمه بەهۆی خراپی کەسێک هەزاران کەسی دیکە خراپ بکەین کە لەو هۆزو کەسانەی کە خراپییان دەکەین دەیان زاناو شاعیری وەک ئەو کەسانەی تێدایە کە له سەرەوە ئاماژەم پێ کردووە.
بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

چەند سەرنجێکی خێرا سەبارەت بە ڕێککەوتنی چین و ئێران

بەهرۆز جەعفەر 

‎ئەم ڕێککەوتنەی چین و ئێران وەرچەرخانە چونکە؛
‎یەکەم؛ لە ڕووی سەربازییەوە (٥٠٠٠) پێنج هەزار سەربازی چینی لە ئێران دائەبەزن، ئەوەش بە پێی ڕێککەوتنەکە بەناوی پارێزگاریی کردن لە کۆمپانیا چینیەکان. ئەمەش یەکەمین دەستێوەردانی سەربازیی چینیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
‎دووەم؛ ڕێککەوتنەکە پاڵپشتیەکی ئابوریی گرنگە لە ئێران کە (٤٠٠) چوارسەت ملیار دۆلاری چینی تیا وەگەڕئەخرێت و نەوتی ئێران بۆ ٢٥ ساڵ بە چین ئەفرۆشرێ بەنرخی ٣٠٪ ی خوار بازاڕ.
سێهەم: ئەمە ڕێککەوتنە واتە Initial Agreement نیە. وە ئەکرێت بڵێن هەم گرێبەستە هەم ڕێککەوتن..هەمیشە گرێبەست بەشێکە لە ڕێککەوتن.
‎چوارەم؛ ڕێککەوتنەکە ئەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە پاش ئەوەی لەپەرلەمانی ئێران پەسەند ئەکرێ.
پێنجەم؛ شتێکی گرنگ هەیە، بەدیم کرد. ئەویش بۆ نمونە ئێران پرۆژەیەکی گەورەی بواری تەکنەلۆژیا یان پیشەسازیی هەیە، دوو کۆمپانیا پێشکەشی ئەکەن یەک فەڕەنسی و ئەویتر چینی.. ئێران لەمەدا ئەبێت بە ناچاریی ئەوەی چین هەڵبژێرێت.

شەشەم؛ ڕووسەکان ئەم ڕێککەوتنەیان پێ ناخۆشە، ئەگەریش سەیر بکەین هەموو کاتێک لە ئەنجومەنی ئاسایش ڕووسیا بۆ داکۆکی لە چین کارتی ڤیتۆی راکێشاوە. بەڵام سەیری چین بکەین و مێژووی چین لە ئەنجومەنی ئاسایش ئەوا هیچ کات وەیان کەمترین کات کارتی ڤیتۆی هەبوە بۆ هەر پرسێک. بگرە لە بابەتی ئێراندا هەموو کات لەگەڵ ئەمریکیەکان بون. بەڵام ئایا لەمەولا وا ئەبێت!؟
حەوتەم؛ مێژووی ڕێکەوتن لە ئێراندا، لە زەمانی سەفەویەت، قاجار، پەهلەویەت تا ئەگاتە زەمانی دوای شۆڕش ڕوون نییە. زۆر کات هەبوە ئێرانیەکان لە بەشێک خاکی خۆیان خۆشبون بۆ زلهێزەکان. بۆ بەریتانیا ئەمەیان کردوە. بۆ ڕووسەکانیش.
هەشتەم: ڕێککەوتنەکە ئابورییە، بەڵام بە ئەگەری زۆر ڕەهەندی ئەمنی و سەربازیی ئەبێت. پێدەچێ چین لە ئێران جێگەی خۆی پتەوتر بکاو بچێت بۆ عێراق و لوبنان و سوریا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

بەئاگایی و نائاگایی

عەبدوڵا تۆفیق

زۆرجار گوێمان لە ووشەی بەئاگایی و نائاگایی بووە بەتایبەت لە بواری دەروونناسیدا کە لەوێدا گرنگیەکی زۆری پێدراوە. ئەوەی شایانی باسە لە ڕاهێنانە دەروونیەکاندا بەشێکی گەورەی گرتووە، ئەویش لەبەر ئەوەی ئەوکەسانەی کە ڕاهێنانی دەروونی ئەنجام ئەدەن ئۆتۆماتیکی هەردوو بەشەکە بەشێوەیەکی پڕاکتیکی و ژیرانە بەکاردەهێنن. مرۆڤ تەنها بوونەوەرێکە کە خودای گەورە توانای پێداوە کە لە هەردوو بارەکەدا بژی. مرۆڤ نزیکەی سێ بەش لە ژیانی لەناو نائاگایدا بەسەر ئەبات، کە ئەویش پێكهاتووە لە خەو، خەون، خەونی ڕۆژانە، بیرکردنەوە و فەنتاسیا.
ڕۆژانە سەدان و هەزاران جار دەچینە ناو نائاگاییەوە، وە ئەگەر نائاگاییەکەمان قوڵتر بوویەوە ئەوکاتە دەچینە بارێکیترەوە کە بە ترانس ناو ئەبرێت. هەریەك گوێگرتن لە مۆسیقا، سەیرکردن و گوێگرتن لە کەسێك، بیرکردنەوە، خەون و فەنتاسیا ئەمانە شوێنیان لە نائاگایدایە لە مێشکی مرۆڤدا. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە مرۆڤ لەوکاتەدا ئاگای لەجەستەی خۆی نامێنێ و شتەکانی دەوروبەری کەمتر گرنگیان ئەبێ و تەرکیزی بۆیان نامێنێ. بۆنمونە: ئەوکاتەی کە کەسێك سەیری یاریەکی سەرنجڕاکێش دەکات لە تەلەڤزیۆندا ئەو بەتەواوی لە تەلەڤزیۆنەکەدا دەبێ، تەواوی سەرنجی لە یاریەکەدا کۆدەکاتەوە، هەربۆیە زۆرجار ئەگەر قسەشیان لەگەڵدا بکرێت ئەوان گوێیان لێنابێ. ئەوان تەنها جەستەیان لە ژورەکەدایە و نائاگاییان لەوێ نەماوە. ئەگەر کەسێك بەو شێوەیە تەنها بە جەستە لەوێ ئامادەبوو، ئەوکاتە ئەتوانین کە بڵێین ئەو کەسە لەو شوینەدا ئامادەنییە. ئامادەبوونی کەسێك لە شوێنێکدا پێویستی بەئامادەبوونی هەردوو بەشەکە هەیە (بەئاگایی و نائاگایی). لەو کاتەدا کە خوێندکارەکان لە پۆلەکەدا خەیاڵیان ڕۆشتووە ئەوان گوێیان لە مامۆستا و هاوپۆلەکانیان نابێ، مەگەر دەستیان لێبدرێت و بیان جوڵێنن هەتا بەئاگاییان بۆ بگەڕێتەوە.
باوکی دەروونناسان (سیگمۆن فرۆیدیش) لە کۆتایی (١٨٠٠)کاندا تیۆری و شیکردنەوەی خۆی هەبوو لەسەر ئەم دوو بەشە گرنگەی مرۆڤ کە تەواوکەری یەکن. بەڵام دەیان ساڵی خایاند کەس نەما باسی ئەم بوارە بکەت هەتا ساڵی (١٩٨١) لە لایەن پزیشکی دەرووناسی ئەمریکی (ڕۆگر سپارێ) لەسەر شیکردنەوەکەی بۆ هەردوو بەشەکەی مێشك (بەئاگایی و نائاگایی) توانی خەڵاتی (نۆبڵ) بەدەست بهێنێت. (سپارێ) لای ڕاستی بە لای نائاگایی شیکردەوە کە ( خەون، خەونی ڕۆژانە، ئاواز، فەنتاسیا، هەست، گرفت چارەسەرکردن، سیمبول، تەماشاکردن و خۆناسین) لەخۆ دەگرێت. لای چەپیش لای نائاگایی کە (مەنیق، زیرەکی، ماتماتیك، توانی خوێندنەوە، توانای نوسین، زمان، شت لێکدانەوە، من”خود”) لەخۆ دەگرێت. کەواتە هەرکات تۆ بەهۆی بیرکردنەوەیەکەوە ئاگات لەخۆت و دەوروبەرت نەما ئەوا تۆ چوویتە ناو نائاگاییەوە/ لای ڕاستی مێشکت.
بەکارهێنان و چوونە ناو نائاگاییەوە بەشێوەیەکی دروست و باش کاریگەریەکی زۆری هەیە لەبوارەکانی زانست، وەرزش، گرفت چارەسەرکردن، داهێنان و بواری ڕامیاریدا و …تاد. زۆر جار پرسیار لە لایەن دەروونناسەکانەوە لە وەرزشکارە سەرکەوتووکان کراوە؛ کە چ هۆیەك هەیە لە پشت ئەو سەرکەوتنانەیانەوە، وەڵامی وەرزشەوانەکان زۆرجار بە (خۆشم نازانم بۆچی) دراوەتەوە. بەڵام ئەوان پێش یاریەکەیان ئەوەیان هەست پێکردووە کە ئەوان سەرکەوتو ئەبن.
لە یاریەکانی وەك (مەلەوانی، یاری تێنس، گۆڵف، یاری سەربەفر، باسکە، فۆتبۆڵ و یاریەکانی گۆڕەپان و زۆریاری تری وەك زۆرانبازی و کاراتێ؛ …) هەمیشە ڕاهێنانی دەروونی بۆ پرۆگرامکردن و چوونی وەرزشەوانەکان بۆ لای ڕاستی میشك (نائاگایی) بە شێوەیەکی بەئاگایی، لەوێدا بڕوا بەخۆبوونیان بەهێزتر دەبێت ڕۆڵێکی گەورە و بەرچاوی هەبووە. ئەو یاری چیانە سوودیان لەو پڕۆگرامکردن و چوونە ناو نائاگایی کردووە هەتا لەو رێگەیەوە ئەوان بتوانن ئاسانتر بچنە ناو باری ترانسەوە، بەو هۆیەشەوە ئەوان هەستی دلنیایی و سەرکەوتن لە یاریەکەدا هەست پێدەکەن. بەهۆی ئەو ڕاهێنانە دەروونیەوە ئەوان تەواوی سەرنجیان لەوە دەبێت کە دەیکەن و هیچیتر نابینن و نابیستن بۆ ئەوەی خەیاڵ و سەرنجیان بشێوێنێ، لای ئەوان هەر ئەوکاتە بوونی هەیەو ڕێگر نابینن لەبواری پزیشکیشدا چوونە ناو نائاگایی کاریگەرێەکی بەرچاوی هەیە. ئێستا لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندا پزیشکەکان دەچن کۆرسی تایبەتی دەخوێنن و خۆیان فێری ڕاهینانی دەروونی دەکەن، بۆئەوەی بتوانن لە بوارە جیاجیاکانی تەندروستی و پزیشکیدا بەکاری بهێنن. بۆ نموونە لە بواری نەشتەرگەری و چارەسەرکردنی دداندا ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە. هەروەها بۆ نەخۆشیە دەروونیەکان و ماندوبوون، سترێس، حەوانەوە و گەڕانەوەی وزە و دەسەڵات. خەواندن (هیپنۆس) زانستێکی گرنگە و لە زۆر وڵاتدا گەشەی سەندووە، بەتایبەت لە نەخۆشخانەکاندا کەسانی پسپۆڕ بۆ زۆر چارەسەری دەروونی و نەشتەرگەری بەکاری ئەهێنن.
بە ئەزموونەوە ئەڵێم کە هاوکاریەکی زۆری بواری تەندروستی دەکات، بۆ کەمکردنەوەی ئازار، ترس و فۆبیا و زۆر کێشەی تر.
ئەبێت ئەو هۆکارانە چی بن لە پشت ئەو کەسانەوەی کە دەتوانن تیر و شمشێر و دەرزی لە لەشی خۆیان بچەقێنن؟ لە وڵاتی هیندستان لە شاری بۆمبای ساڵانە لە ماوەی هەفتەیەکدا لە ئاهەنگی تایبەتی خۆیاندا نزیکەی چل ملیۆن کەس کۆدەبنەوە بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەو ڕۆژە پیرۆزەیان. لەوێدا زۆربەی بەشداربووان لەو جۆرە کارانە ئەنجامدەدەن، کە دەبێتە مایەی سەرسوڕمانی تەماشاکەران و شوێنی پرسیار لە لایان. لە کوردستانیش لە هەندێ شوێن و لای هەندێ لە تەریقەتەکان جۆرێ لەم شێوازە بەکاردەهێنن، کە لەشی خۆیان ئەبڕن و شوشە دەکرمێنن. زۆر کەم ڕوویداوە کە ئەوان دووچاری حاڵەتی ناڕەحەت بووبن کە پێویستیان بە چارەسەر بووبێ دوای ئەنجامدانی ئەو کارەیان، یان مردن. ئەوەش دەزانین کە زۆر لەوانەی کە لە بواری جادووگەریدا کاردەکەن بەشێوەیەك توانایەکی تایبەتیان بەکارهێناوە. جادووگەرەکە هاوکاری کەسانی تر دەکات؛ بۆ ئاوات خواستنیان بە تێکدانی دەروونی کەسێك، ماڵی کەسێك، تەنانەت بە مردنی کەسێك⁄ ڤودۆ.
لە دێر زەمانەوە هەتا ئێستاش، کە زانست لەم سەد و پەنچا ساڵەی پێشوودا پەرەی سەندووە، کەچی هێشتا زۆر کەس وادەزانن کە ئەو کەسانەی ئەو توانایەیان هەیە تەنها بەهرەیە، یان بوێریە. بەڵێ ئەوان بوێرن کە توانیویانە بگەڕێن هەتا ئەو هێزە گەورە بدۆزنەوە، کە ببێتە هاوکاریان و پشت بەو هێزە ببەستن، کە پێیان وایە لە سەر و توانای مرۆڤەوەیە.
بەپێی لێکۆڵینەوە زانستیەکان سەلمێندراوە، کە هەموو کەس ئەم توانایەی تیایە، ئەگەر متمانەی بەخۆی بەهێزبێت و ئەو سەرچاوەیە بدۆزێتەوە کە لە ناو خۆیدا هەیە و خودا پێی داوە. کەوابوو نابێ ئەو توانایە ببەستینەوە بە بەتوانایی، یان هێزو بەهرەیەك. ئێمە هەموو دەتوانین لەو جۆرە کارانە بەکاربهێنین ئەگەر توانیمان بەشێوەیەکی زانستی بچینە ناو نا ئاگایمانەوە.
دەبێ بڕوای تەواومان بەوە هەبێ کە دەیکەین و هەموو چەقی قورسایمان/ تەرکیزمان بخەینە گەڕ. ئەو کەسانەی کە لەو جۆرە کارانە دەکەن بە تەواوی خۆیان دەدەنە دەست ئەو شتەی کە ڕوودەدات و تەواو بیریان لێکردوەتەوە.
ئەوان ویستێکی بەهێزیان هەیە لەسەر ئەو کارە، ئەو هەموو شتانە لە کەسەکەدا کۆدەبێتەوە و بەکردنی ئەو جۆرە کارانە هیچ هەست بە ئازار ناکەن لە جەستەیاندا.
من لە کۆرسێکی لە بەشی پڕاکتیزەکردنەکەیدا بە سەر خەڵوزی داگیرساودا ڕۆشتم. دەتوانم بڵێم کە بێجگە لەو توانا و ئارەزووەی مرۆڤ هەیەتی لەسەر بە ئەنجامدانی ئەو جۆرەکارانە دەوروبەر و قەرەباڵغی و دەنگە دەنگی بەرز هاندانێك دروست دەکات، کە کەسەکە کارەکە بە ئاسانتر بەئەنجام بگەیەنێت. ئەو وتەیە زۆر شوێنی خۆی دەگرێت کە دەڵێ: ئەو بتوانێ منیش دەتوانم !

 

پسپۆڕی ڕاهێنانە دەروونیەکان*

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان