ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

ترسناکی گوێزەرەوەی بێدەنگ لە سەردەمی کۆرۆنادا


د. شێرکۆ ســوبحانی

گوێزەرەوەی بێدەنگ یان کپ یان بێ نیشانە بریتیە لەو کەسەی کە بەبێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی نەخۆشی لەسەر بێت، میکرۆبێکی هەڵگرتوە و دەیگوازێتەوە بۆ کەسانێک کە بەرکەوتەیان هەیە لەگەڵیدا.

وەک لە راپۆرتێکی ماڵپەڕی بی بی سی هاتووە، لە سەرەتای سەدەی بیستەم، پەتای گرانەتا بەربڵاو بوو، چارەسەری نەبوو، ژنێکی ئێرلەندی بە ناوی ماری لە شاری نیۆرک لە هەر شوێنێک کاری کردبێت، نزیکەی ١٠ کەس دەمرێت. دەرکەوت کە ئەم خانمە هەڵگری پەتای گرانەتایە! بۆیە بەداخەوە بۆماوەی ٢٣ ساڵ زیندانی دەکرێت و کۆچی دوایی دەکات.

لەم کاتەدا، لە بریتانیا،کچێکی پەرستاری ٢٣ ساڵ بە ناوی ئێملی، بە بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت، دەرکەوت کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە. وە ئەم کچە خۆی لە ناو توێژینەوەیەکدا بوو سەبارەت بە تووشبوونی ناو دەزگا تەندروستیەکان، توێژینەوەکە دەریخست کە لە سەدا ٣ ی سامپڵەکان کە ١٠٠٠ سامپڵ بوون، هەڵگر یان تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

لە کەنیسەکەی کۆریا و کەشتیەکەی دایمۆند پرینس هاوشێوەی چیرۆکی ماری و ئیمڵی هەیە. ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت کە کەسانی بێ نیشانە ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە گواستنەوەی میکرۆبەکان، بە تایبەت ڤایرۆسی کۆرۆنای سارس-٢.

ئامانج لەم پارچە نووسینە ئەوەیە کە هەموو کەسێک وەک مرۆڤ لەڕووی مۆراڵی و ئایینیەوە دەبێت پارێزگاری لە خۆی و دەورووبەری بکات و بزانێت کە چۆن هەڵسووکەوت دەکات.

بۆ زاڵبوون بەسەر پەتای کۆڤید-١٩ هەموو کەسێک دەبێت تەنانەت گومان لە خۆی و خێزانەکەی و خزم و هاوڕێیانی خۆی بکات کە هەڵگری ڤایرۆسەکە بن. نەک هەر گومان لە ئەنجامەکانی وەزارەتی تەندروستی نەکات، بەڵکو دەبێت بزانێت کە ئەمە زۆر لەوە مەترسیدار ترە کە حکومەت باسی دەکات.

ئەوەی کە ئەم نووسینە دەخوێنێتەوە، کێ ناڵێت هەڵگری ڤایرۆسەکە نیە وەک ئێملی؟! لێرەدا هانی کەس نادرێت کە بروات تێست بکات و پەستان بخرێتە سەر دەزگا تەندروستیەکان، بەڵکو تاکە کەس دەبێت بزانێت کە دەستی بە سابوون جوان دەشوات، دەستی نادات لەدەموچاوی، ماچۆچێن و تەوقە و باوەش ناکات، لەدووری مەترونیوێک دەوەستێت لەکەسانی تر، یان ماسک و دەستکێش بەکاردەهێنێت، ئەمانە هەموو نەک هەر بۆ پاراستنی خودی خۆیەتی، بەڵکو بۆ پاراستنی دایک و باوک و باپیری و کەسە ئازیزەکانێتی! ئاخۆ دەبێت کێ هەیە حەز بکات کەسێکی خۆشەویستی خۆی ببینێت کە بە ئەستەم هەناسەدات و بە تەنگەنەفەسی بەجێی بهێڵێت؟!

مەترسی ئەم ڤایرۆسە لەوەدایە کە ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێر پێش دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشیەکە زۆرترین بڕی ڤایرۆس بڵاودەکاتەوە بۆ دەوروبەری، وە تائێستاش بە تەواوی نەزانراوە ڕێگەی تری بڵاوبوونەوە چییە! خۆ توێژینەوە هەیە کە دەریدەخات نەخۆشی کۆڤید-١٩ تا ٥٠ ڕۆژی ڕەبەق ڤایرۆسەکە لە پیساییەکەی دەستنیشان دەکرێت!

بۆیە ئەمە ڕاووبۆچوون نیە، بەڵگە و توێژینەوە ئەم شتانەیان سەلماندووە کە وایە، گەنجێکی ٢٠ ساڵە کە شوێن نیە سەری پیا نەکات، کتێبخانە نەبێت، ڤایرۆسەکە هەڵدەگریت، ڕەحمێک بە دایک و باوکی بکات با کۆتایی تەمەنی بە تەنگەنەفەسی نەباتە سەر! خۆ ڕەنگە هەر خۆت ناچاربیت ببیەتە مرافقی لە نەخۆشخانە!
لەبەرئەوە خۆشمان بێت و ترشمان بێت دەبێت ڕێکارەکانی خۆپارێزی بگرینەبەر، پێش ئەوەی دەزگا حکومیەکان ڕێنمایمان بکەن.

ریکلام

وتار

ئاخێک بۆ بەرهەمی ناوخۆ !


*سەرکۆ یونس

ساڵانە خاوەن پرۆژەکشتوکاڵی و جوتیارو خاوەن ڕەزوباخەکانی کوردستان هەوڵ ئەدەن بەرهەمەکانیان لەمیوە و گەنم و جۆ و دانەوێڵە و بەرهەمی سەوزە و تەڕەکاڵی بەهارەو هاوینە بخەنە بازاڕەکانی کوردستانەوە بەهیواو ئومێدی دەستکەوتنی داهات و دابینکردنی بژێوی ژیان بۆ خۆیان و ماڵ و مناڵەکانیان، بەڵام بەداخەوە وەک پیشەی هەموو ساڵێک ڕەنجەکەیان بە فیڕۆ دەڕوات بەهۆی نەبونی نرخێکی گونجاو بۆ بەرهەمەکانیان تا بتوانن بەردەوام بن و تێچونی خەرجیەکانیان بۆ پڕ بکاتەوە. بەداخەوە وەک دەبینین لێرەو لەوێ جوتیار و خاوەن بەرهەمەکان بەهۆی ساغ نەبونەوەی بەرهەمەکانیانەوە بەناچاری و بە چاوی پڕ فرمێسک و حەسرەتەوە وبەئاخ وداخێکی نائومێدانەوە بە بەرچاوی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کشتوکاڵەوە بەرهەمەکانیان فڕێ دەدەن و بەرەڵاکردنی کێڵگە و مەزراکانیان بووەتە پیشەی ساڵانەی بەشێکی زۆری جوتیاران.
خۆشبەختانە بەبێ چاودێری و پلانی حکومی جوتیارانی کوردستان ساڵانە بەرهەمی ناوخۆی کشتوکاڵی بەڕێژەی گونجاو زیاد دەکەن و بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕەکانی هەرێمەوە کە لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتیەوە زۆربەی کات کێبڕکێ ی بەرهەمی هاوردەی ئێرانی و تورکی دەکات و دەتوانین بڵێن لەم کاتەدا بەشی پێویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە و لەهەندێ بەرهەمدا زیاتر لە پێویستی ناوخۆ دابین دەکرێت کە پێویستە هەناردەی بازاڕی وڵاتانی ناوچەکە بکرێت و ساغ بکرێنەوە.بەڵام جارێکی تر بە داخەوە بەهۆی نەبونی یاسای گونجاو و نەبونی پلانی ئابوری و کشتوکاڵی و گرنگی نەدانی لایەنەپەیوەندیدارەکانی تایبەت بە کشتوکاڵ بە بەرهەمی ناوخۆیی و چەندین هۆکاری تر ساڵانە لەوەرزی گەشتنی بەرهەمە خۆماڵییەکاندا توشی دیاردەی ساغ نەکردنەوە و کێشەی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکان دەبینەوە.هەر لەفرۆشتنی گەنم بە حکومەتی عێراقی کە ساڵانە ڕێژەی وەرگرتنی بڕی گەنمی کوردستان کەمتر دەکات و سەرەڕای پێنەدان و دواکەوتنی پارەکەی و بەناچاری جوتیارانی هەرێم بەشێکی زۆری بەرهەمی گەنم لەبازاڕدا بەنرخێکی نزم دەفرۆشن.هەروەها نەبونی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی تەماتەو خەیارو کولەکە و بامێ و باینجان و شوتی و کاڵەک وسەرجەم بەرهەمەخۆراکییەکانی وەرزی هاوینە و هەتا پێ گەشتنی ترێ و هەناری کوردستان بەدەگمەن بەرهەمێک لەم بەرهەمە گرنگ و ستراتیژیانەی هەرێم نرخێکی گونجاو بەدەست دەهێنێت تا خاوەن بەرهەم و جوتیاران بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن و بەردەوام بن لەسەر کارو پیشەکەیان.
بەکورتی ئەو هۆکارانە دەستنیشان دەکەین کەبوونەتە ڕێگر لەبەردەم بوژانەوەی بەرهەمی ناوخۆدا.
– 1- نەبونی پلانی ئابوری و کشتوکاڵی ستراتیژی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە و گرنگی نەدان بەم کەرتە ستراتیژییە کە کوردستان خاوەنی زۆربەی ڕەگەزەکانیەتی(ئاو وهەوا و خاک و دەستی کار)
– 2- گرنگی نەدان بە بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی چ لەناوخۆی هەرێم و دەرەوەی هەرێم و نەبونی ئاسانکاری بەبازاڕکردنی بەرهەمەکشتوکاڵیەکان
3- نەبونی تەنسیق و هەماهەنگی لەنێوان جوتیاران و نەبونی زانیاری تەواو لەسەر پێویستییەکانی دانیشتوان.هەندێ جار چاولێکەری لەبەرهەمهێنانی جۆرێکی دیاری کراودا دەبێتە هۆی زۆری بەرهەمەکەو سەرئەنجام ساغنەکردنەوەی لەبازاڕەکاندا.
4- نەبونی یاسایەک بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و پاڵپشت کردنی لەڕێگای دارایی و نرخ و باجی گومرگییەوە.
5- کرانەوەی بەردەوامی خاڵە سنوریە بازرگانیەکانی هەرێم بە ڕووی بەرهەمی دەرەکی و نەبونی باجی گومرگی بەرز لەسەر هاوردەنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
6- نەبونی بازاڕی گونجاو بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بەرزو نزمی لەنرخەکاندا ناسەقامگیری بازاڕی لێ دەکەوێتەوە.
7- لاوازی کەرتی پیشەسازی تایبەت بە پیشەسازی کردنی بەرهەمی کشتوکاڵی بەتایبەت بۆ تەماتەو هەنارو ترێ و زۆربەی ئەو بەرهەمەکشتوکاڵیانەی کەدەچنە بواری پیشەسازییەوە.
8- نەبونی ساردکەرەوە(براد) بۆ هەڵگرتنی بەرهەمەکشتوکاڵیەکان لەکاتێکەوە بۆ کاتێکی تر بەمەبەستی پاراستن و خستنە بازاڕی لە کاتێکی گونجاودا.
9- قۆرخکاری لەهەندێ عەلوەی شارەکاندا دەبێتەهۆی زەرەرو زیان گەیاندن بە جوتیار و سەرئەنجام قورسایی زەرەرەکان لەسەر شانی خاوەن بەرهەم دەوەستێت.
– *ئابوریناس

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

کۆرۆنا و سیاسەت


عەبدوڵا تۆفیق

لە یەکێ لە لێکۆڵینەوەکانی ئەم دوایەدا، کە کۆمەڵێ پڕۆفیسۆری بوارەکە تێیدا بەشداربوون، وا دەرکەوتووە کە زۆرینەی مرۆڤەکان بەرگریەکی زۆر باشتریان ھەیە بەرامبەر بە کۆرۆنا، لەوەی کە لە پشکنینەکانیاندا دەرکەوتووە. بۆیە من لەو بڕوایەدام کە جیھان وەک خۆی، واتە پێش کۆرۆنای لێبکرێتەوە بەم نزیکانە.

ئەم بۆچونەی من بە سەرنجدان لەم وڵاتەی تیایدا دەژیم (سوید)ە کە دەبینم ڕێنمای زۆر گیراوەتە بەر، ئەگەر چی ژیان تا ڕادەیەکی زۆر زۆر ئاسایی پیادە دەکرێت.

لەو بڕوادام زۆربەی وڵاتان دەیانەوێ وەک سوید ژیان ئاسایی ببێتەوە لە وڵاتەکانیاندا، ئەگینا بەردەوامبوون بەم شێوە ژیان فەوتانە. بەڵام مرۆڤ دەبێ بەردەوام بێت لە خۆپارێزی و گۆڕانکاری لە زۆرێک ڕۆتیناتی ژیان، ھەتا دەرمانێک کە ھەر دەبێ بدۆزرێتەوە وەک ڤاکسین.

ئەوەی دەمێنێتەوە ژیانی خەڵک و گوزەرانیانە بەتایبەت ئەگەر زوممان لەسەر کوردستان و عێراق بێت، کە بەداخەوە بە بودجەی باش ڤاکسین بۆ ڤیرۆس دەدۆزنەوە بەڵام ھیچ ڤاکسینێک نادۆزرێتەوە بۆ عاقڵکردنی خەڵکانی گەندەڵ. بۆیە کۆرۆنا لە سیاسەتی برسیکردن و دروستکردنی دڵەڕاوکێ کوشندەتر نیە، لەبەر ئەوەی ھەموو کەس بەرگری جەستەی بەھێز نییە بەرامبەر هەر کەسێک کە خەمی هاووڵاتیانی خۆی نەبێ، جا لە ھەر شوێنێکی دونیابێت!

 

ڕاھێنەری دەروونی نێودەوڵەتی ـ سوید*

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ؟


بەختیار محمود

لاوازبوونی پێگەی هەرێمی کوردستا پەیوەندی بە سیاسەتی حزبەکانی دەسەڵاتەوە هەیە لە ناوخۆی کوردستان بەرامبەر خەڵک ، چونکە سەرمایەی ئەم هەرێمەیان لە سێ دەیەی ڕابردوودا لە نێوان حزب و بنەماڵە و خێزانە سیاسییەکان و شەخسە سیاسیەکاندا تەخشان و پەخشان کرد تا کار گەیشتە ئەمڕۆ کە شەخسی سیاسی و کۆمپانیا هەیە لە حکومەت دەوڵەمەندترە ، ئەمە دەر ئەنجامی بەڕێوەبردنی سیاسەتێکی شکستخواردووە ، کە مەحاڵە بە هیچ ڕێگەیەک ڕاستبکرێتەوە.

بەغدا چی دەوێت؟

سازدانی کۆبوونەوە و دیداری حزبەکانی کوردستان بە تایبەت هی چەند ڕۆژی ڕابردوو ، دوای پەیامی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق هات لە بەغدا ، کە بە نیازە دەسەڵاتی دەستوری خۆی وەک دەوڵەتی عێراق بەسەر دەروازە سنورییەکاندا بچەسپێنێت ، ئەمە هەر پەیام نەبوو بۆ دەروازەکانی پارێزگاکانی تری عێراق ، بەڵکو ، هۆشدارییەکی توند بوو بۆ حزبەکانی دەسەڵات لە هەرێم کە ئێستا باڵا دەستن لە دەروازە سنورییەکان و ، بە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان لە لایەن بەغداوە هەنگاوی دواتریشی بە دوادا دێت کە ئەویش دەست بەسەرا گرتنی داهاتی فرۆکەخانەکان و ناوخۆیە ، ئەوەی بە دەست حزبەکانی هەرێمەوە دەمێنێتەوە تەنها بەڕێوەبردنی ئیش و کاری ڕۆژانە و ئەمنێتی شار و قەزا و ناحیەکانە لە ڕێگەی پۆلیسی محەلییەوە ، درک پێکردنی ئەم مەترسیە هۆکاری سەرەکییە بۆ وەلا نانی ناکۆکی نێوان حزبەکان و دروستکردنی مانۆڕێکی خێرا لە نێوان خۆیاندا ، چونکە بەو شێوەیە بەغدا دەیەوێت ڕۆڵی هەرێمی کوردستان بە تەواوی بەرتەسک بکاتەوە ، لە ناوخۆی هەرێم-یش حزبەکان بەگشتی و حزبەکانی دەسەڵات بەتایبەتی وەزعی جەماوەرییان خراپە و زۆرینەی خەڵک پشتی لەو حزبانە کردووە و بە دوای بەدیلیاندا دەگەڕێت.

قەوارەی هەرێمی کوردستان لە بەردەم مەترسیدایە؟

کیانی هەرێمی کوردستان دوای مێژوویەک لە قوربانیدان هاتە بوون ، بەڵام لە پاڵ ئەم قەوارەیەدا سەودا و مامەڵەی بازرگانی و شەخسی ملیارلەر دروست بوو ، نەتەوەی کورد لە باشوری کوردستان ڕۆژگارێک ئاواتی دەخواست کە سەربەخۆ و ئازاد بێت ، ئەمڕۆ دوای٢٩ ساڵ خاوەنی کیانی سەربەخۆ و ئابوری سەربەخۆ ئێستا خەڵک برسێتی ، ئێستا خەڵک دەچەوسێتەوە ، ئێستا خەڵک زوڵمی لێدەکرێ لە ژێر ساباتی کیانی هەرێمی کوردستاندا ، ئەوە خەڵک نیە داوای هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات ، بەڵکو ئەوە ئەوانەن کە بوونە مەترسی بەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان-ەوە و ماڵی خۆیان لە خەڵک جیاکردەوە و دەستکەوتەکانی شۆڕش و کوردایەتییان لە نێوان خۆیان و بنەماڵەکانیان بەش بەش کرد.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان