ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

حكومەتی هەرێم چەند بڕیارێكی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان و مووچەخۆران دەركرد


خەڵك- بەشی هەواڵ
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆتایی هات و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمیش چەند بڕیارێك لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان و مووچەخۆران بڵاودەكاتەوە و جەختیشدەكاتەوە، كە سەرجەم وەزاررەتەكان پابەندن بەو بڕیارانەوە.

ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڕیاری ژمارە (٥١) لە ٥ ی ئایار ٢٠٢٠ ی حكومەتی هەرێمی تایبەت بە سووك كردنی باری سەرشانی هاوولاتیانی بڵاوكردەوە، كە تێیدا ئاماژە بە لێخۆشبوون لە كرێی موڵكەكانی دەوڵەت و لێخۆشبوون لە دواكەوتنی پێشینەكان و چەند بڕیارێكی دیكە دراوە.

دەقی بڕیارەكە:

پشتبەست بە ئەحكامـی ماددەی (هەشتەم) لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمـی كوردستان ژمارە (3)ی ساڵی 1992 هەمواركراو، و لە پێناوی سووككردنی بار و گوزەرانی ئەوانەی بە هۆی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا زیانمەند بوون، و لەبەر ڕۆشـــــنایی كۆنووسـی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (27) لە 5/5/2020، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا به:

1. لێخۆشبوون لە كرێی كرێچی موڵكەكانی حكومەتی هەرێم بۆ مەبەستی بازرگانی یان پیشەسازی یان كشتوكاڵی یان هەر مەبەستێكی دیكە، بۆ ئەو ماوەیەی كە نەیتوانیووە بە شێوەی ئاسایی بەكاری بهێنێت بەهۆی داخستن بەپێـی ڕێكارەكانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا یان قەدەغەی هاتووچۆ.
2. بەخشینی هاووڵاتییان لە دواكەوتنی پێبژاردن كە كەوتووەتە ئەستۆیان لە ئەنجامی پابەندنەبوونی یاساییان بەرامبەر بە دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم، ئەگەر وادەی پابەندبوونەكەیان كەوتبێتە ئەو ماوەیەی كە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی تێدا دراوە، وەك ڕێكاریی خۆپارێزیی.
3. دواخستنی وەرگرتنەوەی بڕی گوژمەی سەر هاووڵاتییان بۆ بەرژەوەندیی دامەزراوە حكومی و شارەوانییەكان لە ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ بە بێ ئەژماركردنی هیچ سوود و پێبژاردنێكی دواكەوتن بۆ ئەو ماوەیە.
4. لەسەر وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی پێویستە رێكاری یاسایی پێویست بگرێتە بەر بەرامبەر بە كرێچی موڵكەكانی ئەوقاف لەژێر رۆشنایی بڕگەكانی ئەم بڕیارەدا.
5. بڕی (١٥٪) لە سەدا پازدە دادەشكێندرێت لەو بڕە پارەیەی كە كرێچی دەیدات لە كرێی ئاو و كارەبا كە دەكەوێتە ئەستۆی قەرزدار پێش دەرچوونی ئەم بڕیارە، ئەم داشكاندنە بەردەوام دەبێت تاكو 15/6/2020.
6. پێویستە لەسەر فەرمانگەكانی باج ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ و ماوەكانی داخستنی شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و پیشە تایبەتەكان و هەروەها چالاكییەكانی دیكە كە دەكەونە ژێر باری باجی داهات، هەژمار نەكەن وەك ماوەی چالاكی بۆ بەدەستهێنانی داهات كە دەكەونە ژێرباری وەرگرتنی باج بە هەموو جۆرەكانییەوە.

7.داشكاندنی ڕێژەی 15% لە سەدا پازدە لەو پێشینانەی حكومەت كە لەلای هاووڵاتییانە وەك (پێشینەی خانووبەرە و پێشینەی هاوسەرگیـریی و قەرزی بچووك و پێشینەكانی بانكی كشتوكاڵی و پێشینەی پڕۆژەكانی پیشەسازی و گەشتیاری) بە مەرجێك هاووڵاتییان ئامادە بن تا ڕۆژی ١٥ی تەمموزی ٢٠٢٠ تەواوی بڕی پێشینەكان بۆ حكومەت بگەڕێننەوە، و ئەم بڕگەیە قەرزە بازرگانییەكان ناگرێتەوە كە بە كۆمپانیا و بەڵێندەر و وەبەرهێنەران دراون وەك ئاسانكاریی بانكی لەلایەن بانكە بازرگانییەكانەوە

8. وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن.

ئابوری

ئەمڕۆ و سبەی، ئەم شوێنانە مووچە وەردەگرن


خەڵك-بەشی هەواڵ

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان خشتەی نوێی دابەشكردنی مووچەی بڵاوكردەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەك شەممە و سبەی دوو شەممە مووچەی وەزارەتی شەهیدان و كەسوكاری شەهیدانی سەنگەر و ئەنجومەنی ئاسایش خەرج دەكرێت.

بەپێی زانیارییەكان، وەزارەتی دارایی و ئابوری لەسەر دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران بەردەوام دەبێت، هەرچەندە دەنگۆی دواكەوتنی زیاتری مووچە لە ئارادابوو، بەڵام جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابوری بەپێی خشتە ڕاگەیاندراوەكانی لەسەر دابەشكردنی مووچە بەردەوام دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان


خەڵك-بەشی هەواڵ

 

نرخی‌ نەوت لەبازاڕەكانی‌ جیهان بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو بە جێگیری ماوەتەوە.

ئاژانسەكانی جیهان بڵاویانكردەوە، نرخی نەوت بۆ ئەمڕۆ یەك شەممە، 5ی‌ تەمووزی 2020 بەرز بووەتەوە، بەشێوەیەك نرخی‌ نەوتی برێنت بە 42 دۆلار و 77 سەنت لە بازاڕەكانی جیهان مامەڵەی پێوەكراوە و هاوكات نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكیش بە 40 دۆلارو 28 سەنت مامەڵەی پێوەكراوە.

هەڵكشان و داكشانی نرخی نەوت لەكاتێكدایە، ژمارەیەك لەو وڵاتانەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرجەم كەرتە پیشەسازی و بازرگانییەكانیان وەستاندبوو، بەڵام لە ئێستادا و بەهۆی كەمبوونەوەی مەترسییەكانی كۆرۆنا، بەشێك لە چالاكییە ئابوورییەكانیان دەستپێكردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

“داهاتی دەروازە سنوورییەكانی عیراق زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە”


خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایدەكات:” داھاتی ساڵانەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق دەگاتە سەرووی 10 ملیار دۆلار”.

مازن عەبدولمونعیم فەیلی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند:”بەپێی ئامارەكان داھاتی ساڵانەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق دەگاتە سەرووی 10 ملیار دۆلار، بەڵام تەنھا ملیارێك دۆلار دەچێتەوە گەنجینەی دەوڵەت”.

مازن فەیلی داوا لە حكومەتی ناوەند دەكات، ھەرچی زووە چاكسازی لە گومرگ و دەروازە سنوورییەكان دەستپێبكات.

ئەو نوێنەرەی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەشكردووە:”پێویستە چارەسەرێك بدۆزرێتەوە و سامانی بەھەدەر دراو بگەڕێنرێتەوە بۆ حكومەت و لە بەرامبەر لە كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرھەمی ناوخۆیی تەرخان بكرێت”.

مازن عەبدولمونعیم فەیلی داواش دەكات:”بۆ شەفاكردنی داھات لەو دەروازە سنووریانە، سیستمی كاركردن بكرێنە ئەلكترۆنی و ئیدارەیەكی تۆكمە بۆ بەڕێوەبەردنیان دابمەزرێت”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان