ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

خۆپیشاندان مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی هاووڵاتی

قوته‌یبه‌ فازڵ

 

به‌شێكی به‌رچاوی دونیا ئه‌مڕۆ به‌ بارودۆخێكی دژوار و هه‌ستیاردا گوزه‌ر ده‌كات و زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان به‌ ده‌ست په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ گیرۆده‌ن و ئابووریان تووشی داڕمان و هه‌ره‌س بوه‌ته‌وه‌ و هاوڵاتیانیش له‌ بارێكی ده‌روونی نا جێگیردا ژیان ده‌گوزه‌رێنن .

هه‌رێمی كوردستانیش سه‌ره‌ڕای بوونی ترس له‌ تارمایی كۆرۆنا هاوڵاتیان به‌ ده‌ست ده‌یان كێشه‌ی كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌ وه‌ ده‌نالێنن له‌ سه‌رووی هه‌موو كێشه‌كانیشه‌وه‌ كێشه‌ی ئابووری پشتی هاوڵاتیانی چه‌ماندوه‌ته‌وه‌ .

نه‌بوونی ڕێگه‌ چاره‌یه‌كی گونجاو له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ وای كردووه‌ كه‌ ته‌واوی خه‌ڵكی شه‌پۆلی ناڕه‌زایی ده‌رببڕن ولێره‌ و له‌وێش ده‌نگۆی گردبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه‌ به‌رز بوه‌ته‌وه‌ .

خۆپیشاندان كه‌ سه‌ره‌تاییترین مافی هاوڵاتیه‌ به‌شێكه‌ له‌ مافی ( ئازادی ڕاده‌ربڕین ) و به‌شداری سیاسی، وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ مافه‌ سروشتیه‌كانی مرۆڤ كه‌ جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ساڵی (1948) جه‌ختی لێكردوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام مه‌خابن له‌ هه‌ندێك وڵاتاندا ئه‌م مافه‌ به‌ ته‌واوی قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ و له‌ هه‌ندێك وڵاتیش ڕێگری له‌ ئه‌نجامدانی ده‌كرێت .

پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ خۆپیشاندان جیاوازه‌ له‌ بایكۆت و شۆڕش و ڕاپه‌ڕین، خۆپیشاندان داواكردنی سه‌ره‌تاییترین مافی هاوڵاتیانه‌ و پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتداران به‌و چاوه‌وه‌ بۆ خۆپیشانده‌ر بڕوانن .

زۆربه‌ی كات كه‌ هاوڵاتی هیچ ده‌رفه‌تێكی نامێنێت و هیچ ڕێگه‌ چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌كانی نادۆزێته‌وه‌، كه‌س گوێی پێنادات ده‌یان گرفتیش یه‌خه‌ی ده‌گرێت ده‌سه‌ڵات بێباك ده‌بێت له‌ داواكانی ناچار ده‌بێت په‌نا بباته‌ به‌ر خۆپیشاندان و هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌ مه‌به‌ستی ناچار كردنی ده‌سه‌ڵات بۆ گوێگرتن و وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كان.

له‌ ئێستای كوردستاندا ئه‌و كێشانه‌ی تاكی كورد پێوه‌ی گیرۆده‌یه‌ گرنگترینیان له‌ چه‌ند خاڵێكی سه‌ره‌كیدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ :

  • نه‌بوونی مووچه‌
  • گرانی بازاڕ و شتوومه‌ك
  • نه‌بوونی داد په‌روه‌ری
  • نه‌بوونی هه‌لی كار

وه‌ چه‌ندین كێشه‌ی تریش، به‌ڵام ئه‌م چه‌ند خاڵه سه‌ره‌كیترین خاڵی داواكاری تاكی كورده‌ به‌ گشتی و خۆپیشانده‌ره‌ به‌ تایبه‌تی .

من لێره‌دا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌م خاڵانه‌ داواكاری سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستانه‌ داواكاری چین و توێژێكی دیاریكراو نیه‌، داواكاری ئۆپۆزسیۆن نیه‌ دژ به‌ ده‌سه‌ڵات داواكاری تابووری پێنجه‌م  و خه‌ڵكانی پیلان گێری ده‌ره‌وه‌ نیه‌، خۆپیشانده‌رانیش داوای سه‌روه‌ری یاسا ده‌كه‌ن داوا ده‌كه‌ن یاسا بۆ هه‌مووان وه‌ك یه‌ك بێت، داوا ده‌كه‌ن سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م وڵاته‌ بۆ خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ و به‌ش مه‌ینه‌تی ئه‌م هه‌رێمه‌ بێت، داوا كردنی مووچه‌ مافی مووچه‌ خۆرانه‌، دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار و دامه‌زراندنی ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگاكان ئه‌ركی حكومه‌ته‌، ڕێكخستنی بازاڕو ڕێگریكردن له‌ گرانی نرخ له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تدایه‌ .

داواكردنی ئه‌م مافانه‌ ئه‌ركی هاوڵاتیانه‌ و جێبه‌جێكردنیش له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداراندایه‌، به‌ داواكردنی ئه‌م مافانه‌ هیچ كه‌س نابێته‌ خائین و وڵات فرۆش به‌ داواكردنی ئه‌م مافانه‌ هیچ كه‌س نابێته‌ ڕێگر و له‌ ڕێ لاده‌ر .

هیچ مه‌نتیق نیه‌ كه‌سانێك كه‌ داوای ئه‌م مافانه‌ ده‌كه‌ن ( ته‌خوین ) بكرێن وه‌ك گێره‌ شێوێن و ئاژاوه‌ گێر سه‌یر بكرێن، پێویسته‌ له‌ بری ته‌خوین كردن بیر له‌ ڕێگه‌چاره‌ی گونجاو بكرێته‌وه‌ بۆ داواكاریه‌كانیان كه‌ داواكاری سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی شه‌قامی كوردیه‌ .

به‌ دڵنیاییه‌وه‌ گوێنه‌گرتن بۆ ئه‌و داواكاریانه‌ و ڕێگری كردن له‌ خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه‌ له‌وانه‌یه‌ ئاكامی خراپ و ده‌ره‌نجامی نه‌خوازراو به‌ دوای خۆیدا بهێنێت كه‌ هه‌م ده‌سه‌ڵات و هه‌م هاوڵاتیش تیایدا زه‌ره‌رمه‌ند ببن .

 

 

ریکلام

وتار

کەرتی پیشەسازی لە عێراق

ئاشنا هەڤاڵ

سەڕەڕای ئەوەی عێراق سنوری لەگەڵ ئێران داخست بەهۆی کۆڕۆناوە بەمەش ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵیدا وەستێنرا بەم هۆیەوە ڕێژەی هەناردەکردن لە ئێران بۆ عێراق بە ڕێژەی %30 کەم بوەوە بۆ 9 ملیار دۆلار بەبەراود لەگەڵ ساڵی 2019 سەرەڕای ئەوەی ئێران لەهەوڵی ئەوە دابوو کەبڕی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بگەیەنێتە 20 ملیار دۆلار.
و لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵ 5 ملیۆن تەن لەکاڵا هاوردەکراوە لەئێران کە بەهاکەی 1.45 ملیار دۆلارە

و سەبارەت بەئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا کە وڵاتی پلە دووە کە عێراق هاوردەی کاڵای لێدەکات، ئەوا هەناردەکردنی تورکیا بۆ عێراق لەساڵی ڕابردوو 2019 بە ڕێژەی %7.8 زیادی کردووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2018 و گەشتۆتە 9 ملیار دۆلار
وهەروەها بڕی ئاڵوگۆڕکردنی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵات لە 13 ملیار دۆلار لە 2018 بەرز بوەوە بۆ 15 ملیار دۆلار لە 2019
هەروەها لە 2020 بڕی ئاڵگۆڕکردن لەنێوان هەردوو وڵات گەشتۆتە 15 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار.

هەروەها سەبارەت بە بەرهەمی چینی کە بازاڕی پڕکردووە،ئەوا قەبارەی بازرگانی کردن لەنێوان ئەم دوو وڵاتە بەپێی ووتەکانی باڵیۆزی چینی ساڵانە دەگاتە زیاتر لە 30 ملیار دۆلار ، تەنها لە 2018 گەیشتۆتە زیاتر لە 21 ملیار دۆلار، هەروەها ڕێژەی وەبەرهێنانی چینی لەعێراق 20 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

لێرە تەنها بەم نموونانە دەتوانرێ درک بکرێ کە تەنها لەڕێی هاوردەکردنەوە برێکی چەند گەورەی سامانی عێراق بۆ وڵاتان دەڕوات بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ کە تەنها لەڕێی هەناردەکردنی کاڵاو بەرهەمەکانیان بڕێکی گەورەی داهات بەدەست دەهێنن لەعێراق و وڵاتانی دراوسێ دژبەعێراقن تەنها لەڕێی هاوردەکردنی ئەم بەرهەمانە چەندین خەڵک توشی نەخۆشی هەمەجۆر بونە کە دیارترینیش نەخۆشی شێرپەنجەیە ، ئەمەش هەڵبەتە بەشێکی زۆری بازرگانان ڕۆڵی تیادەگێڕن بەهێنانە ناوەوەی کاڵا و بەرهەمی کوالێتی نزم

حکومەتی کوردستان و عێراق دەتوانن ڕێ لەمە بگرن ئەمیش بەچەند ڕێگایەک کە لەخوارەوا ئاماژەی پێدەکەم لەنێوانیشیاندا دووبارە بەگەرخستنەوەی ئەو کارگە پیشەسازیانەی کە لەدوای 2003 داخران و دانانی پلانی تۆکمە بۆ پێشخستنی ئەم کەرتە ئەویش بە هێنانی کەسانی پسۆر و شارەزا لەم بوارە لەناوەوە و دەرەوەی وڵات و سەبارەت بە کارگەکانی بەرهەمهێنانی بەروبومی سەوزە و میوە و بەروبومی ئاژەڵی پێویستە گرنگی بەکەرتی کشتوکاڵی بدرێ و پشتگیری تەواوی جوتیاران بکرێ بەهەموو ئەو پێداویستیانەیکە بەکاری دەهێنن ، بەلایەنی کەم بۆ ئەم چەن ساڵەی داهاتوو گەر هەناردە نەکات بەلایەنی کەم ڕێژەی هاوردەکردن کەم بکرێتەوە و پێداویستی ناوخۆ تێربکرێ، هەروەها بەرزکردنەوەی باج لەسەر کاڵای هاوردەکراو و دانانی چاودێری تۆکمە لەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکان و دانانی ڕێکار و کۆت و بەندی زۆر چڕ لەسەری.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

دەستەڵاتی چوارەم و درز بردنی پایەکانی

د.شوان ئادەم ئەیڤەس

سنورداریی مافی دەستگەیشتن بە سەرچاوەكانی زانیاری؛ هۆكارێكی لەمێژینەی سەوزنەبوونی ژینگەی كاركردنی رۆژنامەگەریی بنكۆڵكاریی و لاوازیی رۆڵی چاودێریی میدیای كوردییە. ئەوەش دەرئەنجامی «سیستمێكی سیاسی»یە كە بەدرێژایی سێ دەیەی رابردوو؛ ئەزموونی فەرمانڕەوایی كوردیی بەرگریی لێکردووەو بەبەرنامە نەیویستووە قۆناغەكانی دیكتاتۆرییەتی خۆرهەڵاتیی بۆ دیموكراسییەتی خۆرئاوایی تێپەڕێنێت!

لەزۆرینەی وڵاتە دیموكراتییەكاندا؛ دەستەڵاتە دەستورییەکان بەسەر یاسادانان (legislature)، راپەڕاندن (executive) و دادوەریی (judiciary)دا بەشکراون. دەستەڵاتی گریمانەیی میدیا وەك بەشێكی گرنگی كۆمەڵگە رۆڵێكی ناڕاستەوخۆ، بەڵام سەرەكیی لە کاریگەریی دانان لەسەر سیستمی سیاسيی هەیە.

دەستەڵاتی چوارەم وەک چەمک، بۆ یەکەمجار لەساڵی 1787داو لەوتووێژێكی پەرلەمانییدا لەبارەی ئاوەڵاكردنی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی ئەنجومەنی گشتیی بەریتانیای مەزن؛ لەلایەن ئیدمۆند بێرک بەكارھێنرا. ئامانج لێی؛ رۆڵی چاودێریی میدیایە کە بەیەکێک لەئەرکە گرنگەکانی دیموکراسیی دادەنرێت. لەرۆژگاری ئەمڕۆدا، ئەم چەمكە زۆرتر وەك ناوێكی کۆکراوە بۆ هەموو رۆژنامەوانان بەكاردێت، ھەروەک ئۆسكار وایڵد دەڵێت؛ رۆژنامەگەریی بوەتە دەستەڵاتی یەكەم و سێ دەستەڵاتەكەی دیكەی قووتداوە. دەستەڵاتی چوارەم؛ ئێستاش وەك ئامرازێكی هەواڵیی پەسەندكراو سەیردەكرێت كە لەهەناویدا كۆمەڵە رۆژنامەوانێكی پەروەردەكراوی پیشەگەر لەخۆدەگرێت. ئەمەش هەندێجار وەك دەستەڵاتی پێنجەم دەبینرێت كە بە رۆژنامەگەریی هاووڵاتی (Citizen Journalism) دەناسرێت و هەموو كەسێك دەتوانێت بیرۆكەكانی یاخود تێڕوانینەکانی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت و لە رێگەی بلۆگەكەی یاخود ماڵپەرەكانی وەك یوتیوب دابەزێنێت (Cooke, 2019).

ئامرازەكانی بەكۆگەیاندن (mass media) زۆرتر وەها دەبینرێن كە رۆڵێكی زیندووی گرنگ لەپیادەکردنی دەستەڵاتی چوارەم، پاسەوانییكردنی دیموكراسیی و بەرگریكردنی بەرژەوەندی گشتییدا دەگێڕن. بەبڕوای تیۆرییزەکارانی لیبراڵی، هەبوونی رۆژنامەگەریی ئازاد و سەربەخۆ لەهەر دەوڵەتێك یاخود سیستمێكی سیاسییدا؛ پێشمەرجێكی بنچینەییە لەپرۆسەی وەرچەرخان بەرەو دیموكراسییبوون و بەشدارییكردن لەبەدەستهێنانی مافی ئازادیی دەربڕین و بیر و ویژدان، پتەوكردنی وەڵامدانەوەی حكومەتەكان و بەرپرسیاركردنییان لەبەرامبەر هەموو هاووڵاتیان و سەرپێخستنی فەرمانڕەواییەكی پێگەیشتوو و گەشەپێدانی مرۆییدا. ئامانجیش لەسەپاندنی دەستەڵاتی چوارەم؛ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی نمونەیی ئازاد و تەندروست و گونجاوە بۆ بەهێزكردنی دیموكراسییەتێكی راستەقینە کە گرنگترین ئەركەكانی بریتیین لەمانەی خوارەوە (Amodu, Usaini, Ige., 2014):

1. زانیاری: لەبارەی ئەو شتانەی كە لەرووی ئابوری، سیاسی، كۆمەڵایەتیی و نێودەوڵەتییەوە روودەدەن؛ دەبێت میدیا زانیاریی ورد بەهاووڵاتیان بدات کە ئەوەش رەگەزێكی گرنگیی دیموكراسییەو وا لەهاووڵاتیان دەكات بڕیاری دروست بدەن.

2. كۆمەڵایەتییبوون: میدیا دەبێت یارمەتی گروپە ئیتنیكییە جیاوازەکانی كۆمەڵگە بدات و هەماهەنگیی نێوانیان پەرەپێبدات. بەتایبەت لەپرسە نیشتمانییەكاندا كە ئەمەش گرەنتی بەیەكگرتوویی مانەوەی وڵات دەكات.

3. هاندان: میدیا رۆڵێکی سەرەکیی دەبینێت؛ ئەگەرھاتوو لەبارەی رۆژەڤێكی سنورداری دیاریكراوەوە زانیاریی بۆ هاندان و ورەبەخشینی جەماوەر بڵاوبکاتەوە. بۆنموونە، بڵاوکردنەوەی زانیاریی لەبارەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

4. وتووێژ و گفتوگۆكان: لەئاڵوگۆڕكردنی بیروبۆچوونی ئەندامانی كۆمەڵگەدا لەرێی پرۆگرامە شۆئامێزە تەلەڤزیۆنییەكان و دۆكیومێنتاری و ئەوانیدیکەوە؛ میدیا هەلی دەربڕینی بۆچوونەکانی ھاووڵاتیان لەبارەی دۆخی دیموكراسیی و سیاسیی وڵات دەڕەخسێنێت. ئەمانەش یارمەتی سیاسییەكان دەدەن؛ دیدوبۆچوونی هاووڵاتیان بزانن و ئەوەندەی لەتوانایاندا بێت دۆخەكە باشتربكەن.

5. پەروەردە: باشترین سەرمایە لەمڕۆدا؛ پەروەردەیە. بەتایبەت كە زانین (knowledge) بووەتە دراوێكی نوێ و میدیا دەتوانێت یارمەتی گەشەپێدانی هزریی هاووڵاتیان بدات و دواتر ئەوانیش رۆڵێكی ئەرێنیی لەكۆمەڵگەدا بگێڕن.

6. برەودانی كولتوری: لەرێگەی ئەو پرۆگرامانەی كولتوری نەوەكانی پێشوو دەگێڕنەوە؛ میدیا یارمەتی برەودان بەكەلەپوری كولتوریی كۆمەڵگە دەدات.

7. خۆشباری: گەنجان زیاتر گوێ لەمیوزیك دەگرن وەك لەهەواڵەكان، ھەربۆیە پێویستە بڕگەو بابەتەکانی خۆشباری (entertainment) لە لیستی سەرەكیی گرنگییپێدانی میدیاكاندا بێت، چونكە وەك يارى تۆپێن هاووڵاتیان لەدەوری یەكتری كۆدەكاتەوە. گۆرانییوتن و سەیركردنی فلم؛ ھەستی پێكەوەبوون بەهاووڵاتیان دەبەخشێت و وایان لێدەکات كاراتر بەشداریی بكەن.

ئەگەرچی لەراییکردنی ئەو ئەرکانەدا، میدیا وەك دەستەڵاتی چوارەم زیاتر گرنگیی و گەورەیی خۆی و پەیامەکانی دەردەکەوێت، بەڵام ئەوەش بەبێ لەبەرچاوگرتنی تیۆری بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی؛ بەدیھاتنی ئەستەم دەبێت. ھەربۆیە پێویستە میدیا هەوڵی راگرتنی هاوسەنگیی بدات لەنێوان ئازادیی کارکردنی خۆی و ئازادیی هاووڵاتیان لەدەستگەیشتنیان بەزانیارییەکان و مافی دەوڵەت لەئاسایشی نیشتمانییدا (Moemeka, 2000, p.15).

بەکورتیی و بە کوردی؛ میدیا لەھەرێمی کوردستاندا ھێشتا نەیتوانیوە ببێتە دەستەڵاتی چوارەم. ئەویش لەلایەک بەھۆی سنورداریی رۆڵی چاودێریی میدیا بەسەر سێ دەستەڵاتەکەی دیکە و نەبوونی سەربەخۆیی پیشەیی و نیشتمانیی ھەریەکێکیان. لەلایەکی دیکەشەوە، بەھۆی دەڵەمەیی سیستمی سیاسیی و درزبردنی پایەکانی دیموکراسیی لەوانە؛ ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و مافی زانین!

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

فرۆشتنی دۆلار لەبازاڕی کراوەدا

سەرکۆ یونس*

یەکێک لەبڕیارە باشەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم فرۆشتنی دۆلارە لەبازاڕی کراوەدا بەشێوەی ئاشکرا، ئەم بڕیارە هەرچەندە دەبووایە زووتر دەربکرایە بەڵام ئێستاش درەنگ نەبووە.

بازاڕی کراوە یەكێکە لەئامڕازەکانی دارایی و نەختینەیی بانکی ناوەندی لەزۆرێک وڵاتاندا کاری پێ دەکرێت و حکومەت لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت ئامانجە دارایی و نەختینەییەکانی بەدی بهێنێت بەمەرجێک شەفافیەتی تێدا بێت و خستنەڕووی دراوەکان و چۆنیەتی فرۆشتن و ژمارە و ناوونیشانی هەموو ئەو بانک و کۆمپانیاو دەستانەی کە لەبازاڕەکەدا مامەڵە دەکەن بەیاسایی تۆمارکرا بن و مۆڵەتی فەرمیان هەبێت.

بڕیاری فرۆشتنی دۆلاری وەزارەتی دارایی پێویستە دۆلاری نەوتیش بگرێتەوە چونکە لەلایەک بڕەکەی گەورەترە و لەلایەکی ترەوە هەنگاوێکە بۆ شەفاف بوونی ئەم بوارە و پێمان وایە سەرکەوتنێکە بەسەر تۆڕی گەندەڵکاران و قۆرخکاراندا کەچەندین ساڵە لەم بوارەدا قازانجی باشیان کردوە و زەرەریان لە دارایی گشتی داوە کە بەدەیان ملیار دینار دەخەمڵێنرێت.

گریمان وەزارەتی دارایی مانگانە بری (300- 350)ملیۆن دۆلار بفرۆشێت ئەوا بەنرخی ڕۆژی دۆلار بەشێوازی ئاشکرا و کێبڕکێ ی لایەنەکان نزیکەی (10)ملیار دینار مانگانە بۆ داهاتی گشتی دەگەڕێتەوە.

ئەم بڕیارە لەپێناو نەهێشتنی قۆرخکاری و دەست بەسەردانەگرتن و ڕەخساندنی کێبڕکێ ی کۆمپانیاو بانکەبازرگانییەکان و سەرئەنجام زیادکردنی داهاتی گشتی گرنگە و جێگای ئومێدە لەکاتێکدا دارایی هەرێم بەدەست نەبوونی داهاتەوە دەناڵێنێت و لەئێستادا تەنانەت پارەی بەردەست نی یە بۆ مووچەی مانگی چواری مووچەخۆران و بەپێ ی ڕاگەیەندراوێک تەنها (100)ملیار دینار بەردەستە لەکاتێکدا کۆی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران بە لێبڕینی (21%)وە نزیکەی (700) ملیار دینارە.

یەکێکی تر لە باشیەکانی ئەم شێوازی فرۆشتنە جێگیربوون وسەقامگیربوونی نرخی دۆلارە لەبازارەکاندا و ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر مامەڵەی بازرگانی ڕۆژانە.

هەروەها خستنەڕووی دۆلار جێگیر دەبێت و نرخی ئاڵوگۆر جێگیر دەبێت و تاڕادەیەک کاریگەری هەیە لەسەرهەڵاوسانی بازاڕ. گرنگە گۆڕینەوەی دۆلارەکانی حکومەت بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدرێت بۆئەوەی لەمەترسی دیارنەمان بپارێزرێت جێگای وەبیرهێنانەوەیە لەماوەی پێشوودا بڕی (2) ملیار دینار بەنایاسایی مامەڵەی گۆڕینەوەی پێ کرا.

بەو هیوایەیی ئەم پرۆسەیە ئاستەنگ و بەربەستی بۆ دروست نەکرێت و پاشان وەزارەتی دارایی مانگانە ڕاپۆرتی تایبەت بڵاوبکاتەوە تا خەڵک و لایەنەکان ئاگادار بن.

*ئابوریناس

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان