ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

بڵێسە جەبار فەرمان: میللەت ناحەقی نییە باوەڕ بە كۆرۆنا نەكات


خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، مێژوو و پێشینەی تاڵی هاووڵاتیان لەگەڵ ناشەفافیەت و ناڕاستگۆیی حوكمڕانانی ئەم هەرێمە وای كردووە، كە تەنانەت بە ڕاستییەكانیش بڕوا نەكەن، دەشڵێت،”لەم مەملەكەتە تەنانەت نەخۆشیش بەسیاسی دەكرێت”.

بڵێسە جەبار فەرمان ، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوویەتی:”میللەت ناحەقی نیە، مێژوو و پێشینەی تاڵی هاووڵاتیان لەگەڵ ناشەفافیەت و ڕاست نەگۆیی حوكمرانانی ئەم هەرێمە وای كردووە، كە تەنانەت بە ڕاستییەكانیش بڕوا نەكەین لە بابەتێكی وەك كۆرۆنادا، لەم مەملەكەتە تەنانەت نەخۆشیش بەسیاسی دەكرێت”.

ڕاشیگەیاندووە:”ڕاستە كە زاكیرەمان زەعیفە، بەڵام هێشتا بیرمان نەچووە كە هەر دوێنێ بوو كە تەقەی خۆشی كرا بە ھۆی سەركەوتنمان بەسەر كۆرۆنادا كە بەداخەوە كوژاو و برینداریشی لێ كەوتەوە، ھەر پارێزگایە و سنگی دەردەپەراند و باسی بتوڵاتی خۆیی دەكرد لە پێشەنگی داو سەركەوتن و زاڵ بوون بەسەر ئەو پەتادا”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە:”معقول چییە ئێستا لە پڕ و لە ناكاو كۆرونا بە سەختی و قورسی هاتووەتەوە و تووشبووان مەفەریان نییە، بۆیە لەوانەیە ئەوەی كە ئەیڵێن ڕاست بێت، بەڵام ئەدائی هەڵەی حكومەی و هەڵپەی پێشبركێی پارێزگاكان و بە سیاسیكردنی نەخۆشیەكە و پێشینەیەكی مێژووی لە ناڕاستگۆیی وای لە هاووڵاتیان كردووە متمانەیان نەمێنێ”.

بڵێسە دەشڵێت ،”میللەت بڕوای بەو هەواڵانە نییە و پابەندی رێنماییەكان نابن و ئەمە بە ھەنگاوێكی سیاسی و چەواشەكاری تێدەگەن بۆ پەردەپۆشكردنی شكستی ئەم حكومەتە و نەدانی مووچە، بۆیە سەرباری ئەوەی ئایا ھەواڵی سەرھەڵدانەوەی كۆرونا ڕاستە یا نە ھیوادارم ھاووڵاتیان تێگەیشتبێتن، كە ئەم پەتایە لە ھەموو جیهان دا هێشتا ماوە و چارەسەری نەدۆزراوەتەوە، بۆیە تكام وایە لەبەر تەندروستی خۆیان پابەند بە ڕێنماییەكانی خۆپاراستن بن”.

کوردستان

لیژنە هاوبەشەکەی  یەکێتی و گۆڕان کۆدەبێتەوە


خەڵك – بەشی هەواڵ
بڕیارە ئەمڕۆ یەك شەممە، لیژنەی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی کۆبێتەوە.

ئەو لیژنە هاوبەشە کە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتی و شەماڵ عەبدولوەفا ئەندامی خانەی ڕاپەراندنی گۆڕان سەرۆکایەتی دەکەن، پرسی ئاڵوگۆڕی پۆستە ئیدارییەکان و پەیوەندییەکانی هەردوو حزب تاووتوێ دەکەن.

سەرۆکی ئیدارەی گەرمیان، جێگری پارێزگار و قایمقامی هەڵەبجە، جێگری سەرۆکی ئیدارەی راپەڕین لە نێو ئەو پۆستانەدان کە لە نێواین یەکێتی و گۆڕاندا یەکلایی نەکراونەتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

تووشبوویەکی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لە دەست دا


خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەمڕۆ یەک شەممە، تووشبوویەکی دیکەی کۆرۆنا کە نە خۆشی درێژخایەنی هەبووە، لە سلێمانی گیانی لە دەست دا.

د. ئازاد ھەورامی بەڕێوبەری نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ ڕایگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ پیاوێکی تەمەن 69 ساڵ کە نەخۆشی درێژخایەنیشی هەبووە، بە ھۆی كۆرۆنا گیانی لە دەست دا.

بە پێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی تا ئێستا 241 تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گیانیان لە دەست داوە کە 208یان لە سلێمانی بوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هێزە ئەمنییەكانی ئێران، ئاژەڵدارانی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دەكەنە ئامانج


خەڵك-بەشی هەواڵ

 

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت، خەڵكی ئەو ناوچانەی زۆربەیان ئاژەڵدارن و لەم وەرزەدا لە كوێستانەكان جێگیر بوون، بە چەكی نیوە قورسی هێزەكانی سوپای پاسداران دەكرێنە ئامانج.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێزەكانی سوپای پاسداران كە لە سنوورەكانی سەردەشت و پیرانشار جێگیر بوون، بە چەكی نیوە قورسی وەك “بی كەی سی و دۆشكە” تەقەیان لە ئاژەڵدارانی هەرێمی كوردستان كردووە و شوانێكیان بە سەختی بریندار كردووە.

ئاشكراشیكرد، ڕۆژی هەینی ڕابردوو، بەهۆی تەقەی هێزەكانی سوپای پاسداران لە سنووری پیرانشار لە ئاژەڵدارانی هەرێمی كوردستان، بووەتە هۆی برینداربوونی شوانێكی تەمەن ١٧ ساڵ و هاوكات هەر بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران 20 سەر مەڕ لەناوچوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان