مەترسییەك لەسەر پشكی مووچە و بودجەی هەرێم ئاشكرادەكرێت



 

سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، پێویستە داڕشتنەوەی ماددەیەكی پڕۆژە یاسای بودجە وەك ساڵی 2013ی لێ‌ بكرێتەوە، چونكە ئێستا هەرێم نەوت هەناردە ناكات وەك ئەو كاتە و دەشڵێت: “كات دڕەنگە و دەبێت پەلە بکرێت”.

د. ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە نووسینێكدا سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق دەڵێت: “بۆ ئەوەی ئەم بێنەوبەرەیە لە 3 ساڵی داهاتوو بەردەوام نەبێ و هەرێم شایستەی دارایی خۆی مانگانە بێ کێشە وەربگرێت، کە دەکاتە (یەک ترلیۆن و ٣٨٤ ملیار) دینار مانگانە، ئەگەر بەشی هەرێم لە خەرجیەکانی ناو سیادیش زیاد بکەین ئەوا دەکاتە (1 ترلیۆن و٥٢٦ ملیار) دینار مانگانە وەک لە خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣-٢٠٢٥ جێگیرکراوە، پێویستە داڕشتنی مادەی ١٢ ی پڕۆژە یاساکە هەمواربکرێت بەو شێوەیەی بەندە پێشنیاری کردووە و وەکو داڕشتنی هەمان ماددە لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠١٣ و ساڵانی پێش ٢٠١٣ ی لێ بکرێتەوە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق مامەڵە بکرێت نەک لەسەر بنەمای خەرجی ڕاستەقینە و پشك و بەشداری هەرێم لە داهاتی خەزێنەی عێراق لە نەوت و گومرگ”.

دەشڵێت: “بۆ ئەوەش دڕەنگە، دەبێت پەلە بکرێت پێش خوێندنەوەی دووەم و خستنەڕووی ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی و دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران”.

ڕاشیگەیاندووە، هەموارکردنەوەی داڕشتنی بڕگەی ١ و ٢ ی ماددەی ١٢ لە پڕۆژەکە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەرانە، چونکە ئاستی بودجە بەرزناکاتەوە، تەنها گرەنتی ئەوە دەکات، کە شایستەی هەرێم مانگانە وەک ژمارەی ناو خشتەكان بگاتە هەرێم.

ڕوونیشی كردۆتەوە، ئەوەتا هەرێم یەک قەترە نەوتی لەم دوو مانگە نە هەناردە کردووە و نەفرۆشتویەتی و داهاتەکەشی سفرە، ئەو بەهانەیەش نەماوە لای حکومەتی فیدڕاڵیی، کەچی دوای ئەو هەموو بێنە و بەرەیە ئەمڕۆ بە شێوازی قەرزی بازرگانیی لە لایەن بانکێکی بازرگانییەوە TBI تەنها ٢٠٠ ملیار دەنێرن ئەویش وەک قەرز نەک شایستەی دارایی.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پێویستە ئێستا خەمی یەکەمی یەکێتی و پارتی و ئەندامانی کوردستانیی ئەنجومەنی نوێنەران ئەم بابەتە بێت، ئەگینا لە 3 ساڵی داهاتوو ئەم دەستی دەستی پێکردنە بەردەوام دەبێت و وەزارەتی دارایی عێراقیش زیرەکانە ئەو ماددەیەیان وا داڕشتوە بەو شێوەیەی خۆیان ئەیانەوێت تا هەمیشە بڵێن هەرێم بە پێی یاسای بودجە شایانی ناردنی شایستەی مانگانەی نییە.

سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم هۆشداری ئەوە دەدات، “ئەمە مەترسی بەندەیە، کە لە توێژینەوە و چاوپێکەوتنەکانی ئەم دوایەم بە داتا و ژمارە و دەقیی یاسایی خستمەڕوو، بە پێچەوانەوە ئەو ژمارە گەورانەی دانراون بۆ هەرێم لە ناو خشتەکان بەو داڕشتنەی ئێستا بێ مانا دەمێننەوە، ئەبێت مانگانە چاوەڕێی (تی بی ئای) بین قەرز بدات بە هەرێم و کەڵەکە بێت لەسەر قەرزەکانی ئێستای هەرێم “.

ماددەكانی بەشەخۆراكی ئەم مانگە دیاریكران
پێت ماددەكانی بەشەخۆراكی ئەم مانگە دیاریكران
تەندروستی جیهانی: هەڵەبجە ناوەندی بڵاوبوونەوەی هەوكردنی پەردەی مێشكە
دوات تەندروستی جیهانی: هەڵەبجە ناوەندی بڵاوبوونەوەی هەوكردنی پەردەی مێشكە
پەیوەندیدار