ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

وتار

راکردن خێراترین رێگا بۆ دابەزاندنی کێش


چێنەر عەبدولقادر

چۆن کێش دادەبەزێنین؟

وەڵام: ئەو بڕە خواردن و خواردنەوەیەی کە رۆژانە وەریدەگرین، دەبێت لەوە زیاتر چالاکی وەرزشی بکەین بۆ ئەوەی کێشمان دابەزێت.

بۆنمونە: لەرۆژێکدا مرۆڤی ئاسایی (پیاو ٢٥٠٠) و (ژن ٢٠٠٠) کالۆری دەسوتێنن بەبێ چالاکی وەرزشی، ئەگەر بێت و لەو بڕە کەمترکالۆری وەرگریت بە خواردن و خواردنەوە ئەوە کێشت دادەبەزێت، ئەگەر چالاکی وەرزشی بکەیت ئەوە خێراتریش کێشت دادەبەزێت.

کام وەرزشە بۆ کێش دابەزاندن باشە؟

وەڵام: ئەو وەرزشانەی کە لێدانی دڵ خێرادەکەن (کاردیۆ) باشترینن بۆ سوتاندنی کالۆری کە دەبنە هۆی دابەزاندنی کێش.

راکردن وەکو باشترین نمونە زۆر بەخێرایی کێش دادەبەزێنێت، جگە لەوە چەندین سودی تری هەیە کە ئەمانەن:

١.سودی هەیە بۆ مێشک و باری دەرونی باش دەکات و لە خەمۆکی دورتدەخاتەوە.
٢.خەو رێک دەخات.
٣.دڵ بەهێزدەکات.
٤.سیەکان بەهێزدەکات.
٥.سیستەمی هەرسکردن رێکدەخات.
٦.بۆهەر کیلۆمەترێک نزیکەی ١٠٠ کالۆری دەسوتێنیت، کێش دادەبەزێنێت.
٧.بەچالاک و گەنج دەمێنیتەوە.
٨.لایەنی سێکسی مرۆڤ بەهێزدەکات.
٩.ئێسک بەهێزدەکات و چڕی زیاد دەبێت.
١٠.ماسولکەکانی قاچ و جومگەکان بەهێزدەکات.

ریکلام

وتار

هونه‌ری ته‌ماشاكردنی وه‌رزش و نه‌زانین له‌تێگه‌یشتن


هه‌رێز جه‌مال

كاتی خۆی له‌سه‌ر یاریگه‌ی (مه‌لعه‌ب ته‌ربیه‌)ـی جاران و شه‌هید حه‌مه‌ حسێنی ئێستا له‌ گه‌ڕه‌كی چوارباحی شاری سلێمانی ، ده‌یان دروشمی جیاواز به‌سه‌ر دیواره‌كانیه‌وه‌ بوو كه‌ به‌شی زۆریان بۆ هاندان بۆ وه‌رزشكردن و ئاكاره‌كانی بوو ، یه‌كێك له‌و دروشمانه‌ی هه‌ڵه‌ نه‌بم تا چه‌ند ساڵێك پێش ئێسته‌ مابوو نوسرابوو ، وه‌رزش – هونه‌رو چێژو ئه‌خلاقه‌ كه‌ هه‌مان ئاراسته‌و بیركردنه‌وه‌ی لێخۆرینی ئۆتۆمبیلی هه‌یه‌.

زۆر له‌سه‌ر ئه‌و باسه‌و شه‌ن و كه‌و كردنی ناوه‌ستم و ناوه‌ڕۆكی قسه‌كردنم له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ تێگه‌شتن و لێكدانه‌وه‌یه‌ بۆ هونه‌ری ته‌ماشاكردنی وه‌رزش و نه‌زانین بۆ لێكدانه‌وه‌و تێنه‌گه‌یشتنی ، چونكه‌ وه‌رزش هونه‌رێكه‌ هه‌رگیز نابێت وه‌ك كتێبێكی پۆڵی پێنجی سه‌ره‌تایی و مه‌لزه‌مه‌یه‌كی پۆشی شه‌شی ئابووری ده‌رخی بكه‌یت و له‌به‌ری بكه‌یت .

ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ به‌ هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیاو كرانه‌وه‌ی ده‌رگای میدیاكان به‌ روویه‌كی كه‌می وه‌رزش ، لێره‌و له‌وێ ده‌یان كه‌س به‌ ناوی شرۆڤه‌كارو جه‌ریده‌چی و پسپۆڕ خۆیان هه‌ڵداوه‌ته‌ بواره‌كه‌و زۆر كات به‌ راست و چه‌پ تێ ده‌كه‌ون و ته‌نانه‌ت جاری وا دۆخێكی بازاری بێسه‌ره‌و به‌ره‌و مه‌یدانێكی جنێو فرۆشی گه‌وره‌شیان ئاواڵا كردووه‌ .

به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و په‌نده‌ی كه‌ ده‌ڵێت (سبع صنایع والبخت چایع) بۆ زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ یه‌كاو یه‌كه‌ ، له‌م هه‌رێمه‌ بێ مووچه‌ی ئێمه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌موو شتێك قسه‌ بكات بێ ئه‌وه‌ی له‌ هیچیش بزانێت ، باوه‌ڕ بكه‌ن سه‌دان كه‌ڕه‌ت ته‌نیا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی شاشه‌ ده‌یان كه‌س هێنراونه‌ ئه‌و شاشانه‌وه‌ قسه‌یان له‌سه‌ر وه‌رزش و شیكاریان كردووه‌ به‌ ساڵ بووه‌ یه‌ك تایمی تۆپی پێ ته‌ماشای یارییان نه‌كردووه‌، بروا بكه‌ن ناوبژیوانی تۆپی باله‌و تێنس هێنراوه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر خولی ئیسپانی و ئیتاڵی كردووه‌ ، به‌شی زۆری ئه‌و كاره‌ساته‌ش نه‌شاره‌زایی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شی وه‌رزش ده‌به‌ن به‌رێوه‌، یاخود بێ ئاگای خه‌وتوویانه‌ له‌سه‌ر دۆخه‌كان .

ئێسته‌ مۆدێلێكی نوێ هاتۆته‌ كایه‌وه‌ پاش كۆرۆنا ، قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر خوله‌ ناوازه‌كانی ئه‌وروپا كه‌ به‌ ته‌حه‌داوه‌ هه‌رچی شیكه‌ره‌وه‌یه‌ له‌ كوردستان بگه‌ڕێی به‌ په‌نجه‌ی یه‌ك ده‌ست تێپه‌ر ناكات به‌ هه‌موو وه‌رزه‌كه‌ ٢٠ یاری خولی ئه‌ڵمانیان ته‌ماشا كردبێت دێن قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن ، تانه‌و توانجی لێ ده‌ده‌ن ، ئه‌رێ به‌راستی كه‌ی ئه‌م خۆ هه‌زه‌لی كردنه‌ .

ئێمه‌ كه‌ نیوه‌ی به‌ ناو قسه‌كه‌ره‌كانمان وه‌رگیَِرو شاشه‌ پڕكه‌ره‌وه‌و ده‌ستبه‌تاڵه‌ن تا كه‌ی سوكانه‌كه‌ ناده‌نه‌ ده‌س ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یان ساڵه‌ په‌راوێز خراون به‌ بێ ده‌نگی كاری خۆیان ده‌كه‌ن ، كه‌ی ده‌بێت تۆ به‌س له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ ٢٧٣ لایكی زیایه‌و ٤ كۆمێنتی نه‌شاره‌زاو لاكۆڵانێك ده‌بێت خۆت به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌یا ساخ بكه‌یته‌وه‌ ، هیوادارم ئیتر بینه‌ری كوردیش به‌ رواله‌ت نه‌خه‌ڵه‌تێ ، ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ مشتێك بوو له‌ خروارێ بڕوا بكه‌ن وه‌رزش هه‌ر سه‌یركردنێكی ئاسایی نییه‌ ، بیرمان نه‌چێت سه‌یر كردن، چێژو زیره‌كی و ده‌رخسته‌ دنیا نه‌بینراوه‌كه‌ی شاشه‌و مه‌یدانه‌ .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

چی ڕوویدا … گۆڵێک بۆ مێژوو


دانەر ئەسڵان

ساڵی ١٩٨٠ کاتێک سیزار لویس مینۆتی ناچار کرا دیێگۆی لاو بانگهێشتی ڕیزی تانگۆی ئەرجەنتین بکات ئیدی ژیانی دیێگۆ لەگەڵ هەڵبژاردە نەهامەتبارەکەی دونیای تۆپی پێ دەستی پێ کرد ئەرجەنتینی پاڵەوانی جیهان خۆی ئامادە دەکردەوە بۆ کێبڕکێ کیشوەرییەکەی کۆپا ئەمریکا و پاشانیش بۆ مۆندیالی ١٩٨٢ لە ئیسپانیا.

لە یەکێک لە یارییە دۆستانەکانی ئالبیسیلێستی دا بەرامبەر هەڵبژاردەی سێ شێرەکەی ئینگلتەرا لە مانگی ٣ ی ١٩٨٠ دا مارادۆنا لە نێوەندی یاریگاوە تۆپێک بە تەنها دەبات و لە زیاتر لە ٦ یاریزانی ئینگلتەرای دەستێنێت تا دەگاتە بەردەم گۆڵ لەوێدا شێوازی لێدانەکەی دەگۆڕێت و تۆپەکە بۆ ستونی ئەولای گۆڵەکە لێ دەدات، بەڵام تۆپەکە ناچێتە ناو گۆڵەکەوە و دەڕواتە دەرەوە …. کاتێک دیێگۆ و هاوڕێکانی دەچنە دەرەوە تۆرکۆی برای ڕووە و دیێگۆ دەچێت پێی دەڵێت: بێ مێشک قاچت بۆ گۆڕی گاڵەیەکت بە گۆڵچی بکردایە گۆڵێکی مێژوویت تۆمار دەکرد.

مارادۆنا لە پەرتووکی یادەوەرییەکانیدا باسی ئەو گفتوگۆیەی کردووە دەڵێت پێکەنیم سەیریم کرد وتم: ئەوە تۆ بە ڕاستتە من لەو هەموو یاریزانە شەق وەشێنە خۆم قوتار کردووە لەوێدا ئەوە بکەم کە تۆ ئەیڵێیت ههههه بە خوای بێ مێشکیت.

بەڵێ دیێگۆ پاش ٦ ساڵ و ٣ مانگ و ٩ ڕۆژ لەو گفتوگۆیەی لە وێمبڵێ کۆن لەگەڵ تۆرکۆی برای ئەنجامیدا ئەوەی کرد کە تۆرکۆ پێی وت و گۆڵێکی تۆمار کرد لە مێژووی وەرزشی فۆتبۆڵێن لە وێنەی نەبوو بوو جارێکی تریش بە گۆڵەکەی میسیشەوە بەرامبەر بە خیتافی لە جامی پادشای ئیسپانیادا هەر وێنەی نابێتەوە.

خوایە گیان چیم بیرهاتەوە
ئەمە وتەی بیبێ دیۆری خۆیەتی دەڵێت کاتێک لە یارییەکەمان بەرامبەر ئینگلتەرا لە چارەکی کۆتایی مۆندیال گۆڵی یەکەمم تۆمار کرد بە دەستی ڕەحمی خوا بۆ تۆڵەی شەهیدانی دورگەی فۆکلاند جارێکی تر هەلێکم بۆ ڕەخسا لە نێوەندی یاریگاوە تۆپێکم برد ئەو هەموو یاریزانە ئینگلیزییە توندانەی بە قەساب ناسرا بوون لە بەردەمم وەک مەڕی گێژ دەکەوتن یەکم بڕی و دوانم بڕی و سیانم بڕی و چوار و پێنج و شەش و حەوت لە بەردەمی شیڵتۆنی گۆڵچیدا قسەکەی تۆرکۆی برامم بیرکەوتەوە لە ناخی خۆمدا وتم: «خوایە گیان چیم بیر هاتەوە» دیێگۆ قاچت مەگۆڕە گاڵەیەک بە گۆڵچی بکە و گۆڵێک بۆ مێژوو و بۆ تۆڵەی کوشتارەکەی سوپای بەریتانیا بەرامبەر خەڵکی سڤیلی دورگەی فۆکلاند تۆمار بکە … لەو چرکە ساتەدا هەموو شتێک لە لام ڕوون بۆوە و گاڵەیەکم بە شیڵتۆن کرد و کەوت لە بەردەمم گۆڵەکە بە تەواوی لە بەردەمم کرایەوە و بە ئاسانی تۆپەکەم خستە گۆڵەکەوە و ئەو تابلۆیەی لێ دەرچوو کە تاکو ئەمڕۆش خۆشم تەماشای دەکەمەوە باوەڕ ناکەم چۆن شتێکی ئاوهام کرد لەو کاتەدا.

بەڵێ ئەوە چیرۆکی گۆڵە مەزنەکەی سەدەی ٢٠ ی جیهانی تۆپی پێ بوو کە دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنای مەزن لە مۆندیالی مەکسیکی ساڵی ١٩٨٦ بەرامبەر بە ئینگلتەرا تۆماری کرد و تا ئەمڕۆش و تا ئەم ساتەش کە تۆ ئەم نووسینەی تیادا دەخوێنیتەوە حەز بەوە دەکەیت پاش خوێندنەوەی نووسینەکە بچیت تەماشایەکی بکەیتەوە، بەڵام ئایا تۆی ئازیز چیرۆکەکەت بیستووە کە لە کوێوە سەرچاوەی گرت و چۆن پاش ٦ ساڵ و ٣ مانگ و ٩ ڕۆژ بووە ئیلهام بەخش بۆ بیبی دیۆرێ تا مەزنترین گۆڵی پێ تۆمار بکات ئەگەر نەتبیستووە ئەوا تۆش وەکو مارادۆنا و هەموو ئەرجەنتینییەکان سوپاسێکی تۆرکۆی برای بکە کە لەو کاتەدا چ بیرۆکەیەکی بە خەیاڵدا هاتووە و بە دیێگۆی وتووە.

سەبارەت بەو گۆڵە مەزنە یەک دوو لێدوانتان بۆ دەنووسم کە لە بارەیەوە وتراوە دەرهەق بە مارادۆنا.
١ – بۆبی ڕۆبسۆنی ڕاهێنەر کۆچ کردووی ئینگلیزەکان و راهێنەری ئەو کاتی هەڵبژاردەکە دەڵێت: گۆڵی دووەمی مارادۆنا گریمان و تووڕە بوونی گۆڵی یەکەمی لا ڕەواندمەوە کە بە دەست تۆماری کرد ئەو ئێمەشی بە خۆیەوە کرد بە بەشێک لە مێژوو ئەگەر چی بۆ خۆی سەروەری و بۆ ئێمەش دۆڕان بوو … ئەو گۆڵە تەنانەت کۆمەڵە منداڵێک کە لە پارکێکیشدا بە بێ هیچ فشارێک یاری دەکەن ناتوانن تۆماری بکەن لە کاتێکدا مارادۆنا لە چارەکی کۆتایی مۆندیالدا بەرامبەر بە ئێمە تۆماری کرد.
٢ – گاری لینیکەر گۆڵکاری ئینگلیز و گۆڵکاری ئەو مۆندیالە دەڵێت: بۆ یەکەم جار بوو لە ژیانمدا حەزم دەکرد چەپڵە بۆ گۆڵێک لێ بدەم کە لە سەر هەڵبژاردەی وڵاتەکەشم تۆمار کرا بوو.
٣ – هۆگۆ مۆرالێسی کۆمێنتاری ئۆرەگوایی ئەو یارییە کە تا ئەمڕۆشمان ئەو ڤیدیۆیە ببینیت دەنگی ئەویش دەبیستیت لەگەڵ دیێگۆ کە هەنگاو بە هەنگاو دەڕوات و مۆرالێس بە گریانەوە هاوار دەکات و دەڵێت: ئەفرێنەرە گچکەکە تۆپەکەی برد و ئینگلیزەکان یەک بە دوای یەکدا دەبڕێت وەک ئەوەی چەقۆیەک بێت و بە ناو پارچەیەک کەرەدا بڕوات …. بمبوورن من دەگریم ئای لەو گۆڵە بژیت تۆپی پێ هەمیشە و هەمیشە مارادۆنا … جوانترین دیمەنی گۆڵ تۆمار کردن لە مێژوودا … ئەی قەڵەوی گچکە ئەوە تۆ لە چ هەسارەیەکەوە هاتوویت.
٤ – خۆرخی ڤاڵدانۆی هێرشبەری ئەرجەنتین و هاوڕێی مارادۆنا دەڵێت: ئەو کوڕی قەحبەیە بینیمی و هەر هاوارم بۆ دەکرد دەمگوت تۆپەکەم بدەرێ دیێگۆ یاریگام لە بەردەم کراوەتەوە هەر نەیدامێ و خۆی کردی بە گۆڵەکەدا منیش تەنها ڕاکردنەکە و سەرقاڵ کردنی یەک دوو یاریزانم بۆ مایەوە ئەویش گۆڵێکی بۆ مێژوو تۆمار کرد بۆ خۆی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

وتار

كورد و عەدنان دڕجال!!!.


زاگرۆس نانەكەلی

منیش یەكێك بوومە لەوانەی سەیری یارییەكانی ئەو یاریزانەم كردووە و وێنەشم لەگەڵدا هەیە، وابزانم تائێرە ئاساییە ئەگەر بەگیانێكی وەرزشی لێم وەربگرن و….، بەڵام …..، وەرزشوانێكی تۆپی پێ كە بە (بەنداوی دۆكان) ناسرابوو، ئێستا پۆستی وەزارەتی لاوان و وەرزشی وەرگرتووە، ئەمە دەكرێ بەهەواڵێكی وەرزشی و سیاسی و تەواو، هەندێك هاوڕێ و دۆستانی وهەوادارانی پیرۆزبایی لێدەكەن و هەندێك چەپكە گوڵی بۆ دێت و میوانەكانیش چا و قاوە و شیرینی دەخۆن و دەخۆنەوە و وەزیریش دەستبەكار دەبێت لەوەرزارەتەكەی، ئەو فلیمە لەساڵی 1992ەوە تائێستا بەردەوامە، هەروەها ئەمجارەش بەڵام…..!. ئەو كاتی خۆی یاریزان بوو، بەڵام ئێستا سیاسەت و ئیدارەی وەزارەتێكی دەوڵەتێك بەڕێوە دەبات، ئەوكات یاریزان بوو بەرگری دەكرد و گۆڵیشی تۆماردەكرد، بەڵام ئێستا سیاسەت دەكات و بڕیار دەردەكات، ئەوكات هەموو ئاواتی ئەوەبوو هەڵبژاردە و یانەكەی ئەنجام بەدەستبهێنێ، ئێستا كار بۆ ئەوە دەكات هەمووان بە قەڵەمەكەی بوەستێنێ!، كە یاریزان بوو هاندەرانی بۆ رێزو خۆشەویستی وێنەیان لەگەڵ دەگرت، ئێستا هەندێك دەزگا و سایت و پەیج و میدیاكارانی وەرزشی و وەرزشوانان و پاڵەوانانی سۆشیاڵ میدیا وێنەی ناسین و هاوسەنگەری لەگەڵ دەگرن، یەكێ نەزانێ ئەو گۆڵەی لەكۆریای باشووری كرد ئەوان پاسیان پێداوە!، ئەوەندە بەرقیەی تەبریكات و تەعزیزاتی بۆ رەفع كرایەوە لەهەرێمەكەی خۆمان زیاتربوو لەناوەڕاست و باشووری عێراق، بگرە كەنداوی عەرەبیش!.

 

ئێمە لەساڵی 2020 داین، بەڵام بەعەقڵی ساڵی 1991 بیردەكەینەوە، لەوانەشە قڵس بن، بەس راستییە، نموونەش زۆرن، لەم رۆژانەی دوایی پارێزگاری (ناشفیڵ) لەئەمریكا دەمامكی بەئاڵای كوردستان لەدەمكردبوو، ئینجا خودا دای بۆ بێ هەواڵەكان، وات دەزانی تەواو بووین بەوڵاتێكی سەربەخۆ، ئەو یاریزانەش بوو بەوەرزیر ئیتر چی بۆ نەكرا، گەر تۆ بەبێ ئەوەی پیشەی یاریزان و پۆستی وەزیرێك لەڕووی سیاسەت و ئیدارەدان لێك جیاواز نەكەیەوە، بڵێم چی، بەیانی وادەزانی وەزیر هێندە بێ ئیش وكارە، هەر بۆ پیاسە سەرێك لەبەغدا ئەدەین، چاێكی شیرینی (شاكر فەتاح)ی گەورە نووسەری كۆچكردووی لەلا دەخۆینەوە!، ئاخر چۆن بێ تاقەت نەبین، جارێك كوردایەتیت پێدەفرۆشێ تۆ گۆمان لەخۆت دەكەی كە كورد بیت، جارێك عێراقچیاتیت پێ دەفرۆشێ تۆ گومان دەكەی بەنگلادیشی بیت!.

 

بۆچی پێش رووداوەكان بكەوین، پێتان وایە عەدنان درجال، دارعەسای موسای پێیە بەیەك چاو تروكان وەرزشی عێراقت بۆ دەكاتە 50% كورد!،گەر ئەو بە ئینساف كاربكات بەبێ جیاوازی،تەنها بەشی كورد كە 17% یە لەعێراق بە كورد ڕەوا ببینێ بەسە،مەبەست پۆستی ئیداری وكارگێڕییە،ئەوانی تر دەكەوێتە سەر ئاست و ئەنجام و توانای یاریزان و تیپ، با بزانین ئەو وەزیرەی ئێستا و ئەو یاریزانەی دوێنێ لەوەزارەتەكەی چەند خەبیر و مەبیری كورد لەگەڵ خۆی بەگڕدێخی؟ با سەیركەین و چاوەڕێ بین ئەو فەقیرەی دوێنێ و ئەو وەزیرەی ئەمڕۆ چ بۆ ژێرخانی داتەپیوی وەرزشی كوردستان دەكات، پەلە مەكەن با لەشاروشارۆچكەكانی كوردستان ببینین چەندین فێرگەی تایبەت بەوەرزشەكان دەكرێنەوە، چاوەڕێ بن با بڕوانین شاندەكانی وەزارەتەكەی بەبۆنەی فەڕمی و نافەڕمی، چەند كەسانی وەرزشوان وئیدارەی وەرزشی كوردی لەگەڵ دەبێت گەر هەمان بێت!، كێ ناڵێ موچەی وەرزشوانە دێرینەكان بەكوردستانیشەوە وەك یەكی لێدەكات، ناكرێت وەرزشوانانی دێرین نەخۆش وپەككەوتە و بێ دەرامەت رەوانەی دەرەوەی وڵاتیان بكات بۆ چارەسەری، بۆیە نابێت تفەنگ بەتاریكی بنێیت، گەر لەپۆستەكەی سەركەوتوو بوو هەروەها لەشوێنی خۆی بوو، ئەوا پۆستەكانتان زیاتر بكەن، گەر پێچەوانەش بوو، بە ئەسپایی و بە نەرمی پۆستەكانتان دیلێت بكەن، بۆیە ناكرێت پێش رووداوەكان بكەوین، چونكە ئەو گۆڵەی لەكۆریای باشووری كرد لەنێوەندی یاریگاوە، لەوانەیە سیناریۆكەی دووبارە بكاتەوە و ئەمجارەیان لەئایندەدا نزیك یان دوور بەسیاسەت لەكوردی بكاتەوە!!!.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان