ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

سەرۆكی هەرێم: لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە تەبایی، كاری هاوبەش و یەكڕیزی هەیە

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندن لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكی پیرۆزباییدا بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت:”یەكێتی، بەشێكی گرنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستانە، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنەكانی دیكەدا، هاوبەشی سەرەكی بوونە لە دەسكەوتەكان و پرۆسەی سیاسی و بنیاتنانی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و لە چەسپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری عیراقدا”.

نێچیرڤان بارزانی ڕاشیدەگەیەنێت:”ئێستاش لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان وەك عیراق و ناوچەكە، ڕووبەڕووی دۆخێكی هەستیار و تەحەدیاتی گەورە بووەتەوە، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە تەبایی، كاری هاوبەش و یەكڕیزی هەیە كە تاكە ڕێگەی سەركەوتن و بنەمای هەموو دەسكەوتەكانە‌. لە ڕابردوودا هاوكاری و هەماهەنگیی سەرۆك مام جەلال كە ئەمڕۆ بە‌ڕێزەوە یادی دەكەینەوە، لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن”. ‌

سەرۆكی هەرێم دەشڵێت:”بۆ سەقامگیریی سیاسی و یەكهەڵوێستی لەسەر پرسە سەرەكییەكانی گەلی كوردستان، تێپەڕاندنی سەركەوتووانەی دۆخەكە، پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەموو لایەن و پێكهاتەكان لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت، چاوەڕێی هەڵوێستی كوردستانیانەش لە هەمووان دەكەین”.

دەقی پەیامەكە:

پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ یادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بەڕێزان هاوسەرۆكان و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی و مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

لە (45)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و سەركردایەتی و تەواوی ئەندامان و جەماوەری یەكێتی دەكەم، هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەشێكی گرنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستانە، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنەكانی دیكەدا، هاوبەشی سەرەكی بوونە لە دەسكەوتەكان و پرۆسەی سیاسی و بنیاتنانی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و لە چەسپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری عێراقدا.

ئێستاش لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان وەك عێراق و ناوچەكە، ڕووبەڕووی دۆخێكی هەستیار و تەحەدیاتی گەوره بووەتەوە، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بە تەبایی، كاری هاوبەش و یەكڕیزی هەیە كە تاكە ڕێگەی سەركەوتن و بنەمای هەموو دەسكەوتەكانە‌. لە ڕابردوودا هاوكاری و هەماهەنگیی سەرۆك مام جەلال كە ئەمڕۆ به ‌ڕێزەوە یادی دەكەینەوە، لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن. ‌

بۆ سەقامگیریی سیاسی و یەكهەڵوێستی لەسەر پرسە سەرەكییەكانی گەلی كوردستان، تێپەڕاندنی سەركەوتووانەی دۆخەكە، پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەموو لایەن و پێكهاتەكان لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت، چاوەڕێی هەڵوێستی كوردستانیانەش لە هەمووان دەكەین.

لەم یادەدا دروود بۆ گیانی شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و تەواوی شەهیدانی كوردستان كە گیانیان لەپێناو ئازادیی گەلەكەیاندا بەخشی، سەری ڕێز و نەوازش لە بەردەمیاندا دادەنوێنین و سڵاو و ڕێز بۆ خانەوادە سەربەرزەكانیان دەنێرین.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
31/5/2020

کوردستان

وەزارەتی تەندروستی وەڵامی پەرلەمانتار ڕێزان شێخ دلێر دەداتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی دەربارەی لێدوانێكی ڕێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری یەكێتی لە بەغدا بڵاوكردەوە كە ڕایگەیاندبوو هەولێر پشكی سلێمانی لە دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكانی حكومەتی عێراق نانێرێت.

ئەمەش دەقی ڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی تەندروستییە:

ڕوونکردنەوەیەك لەسەر قسەکانی (ڕێزان شێخ دلێر) بۆ ڕای گشتی

دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانێکی پەرلەمانتاری عێراقی (ڕێزان شێخ دلێر) لە سۆشیاڵ میدیا گوایە هاوکاریەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق نەگەیشتووە بە پارێزگای سلێمانی، بۆ ئەم مەبەستە بە پێویستی دەزانین ڕای گشتی ئاگادار بکەینەوە کە هاوکاریەکان لە وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ بێت یان هەر لایەنێکی نێودەوڵەتی بۆ هەموو شوێنەکان لەسەر هەمان فەرمانی وەزاری بە فەرمی و شەفافیەتەوە دابەشکراوە.

سەبارەت بە دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ لەلایەن دەزگای (کیمادیا) بە سیستەمێکی ڕاستەوخۆ بۆ کۆگاکانی پارێزگاکان ڕەوانە دەکرێت ئەگەر هاوکاری یان بەشە دەرمانی هەرێمی کوردستان بێت بەهیچ شێوەیەك نایەتەوە هەولێر.

سەبارەت بە هاوکاریە ماددیەکانی تەندروستی عێراق کە بڕی (٥,٣) سێ ملیار و پێنچ سەد ملیۆن دینار بوو بۆ هەر پارێزگایەك (١) یەك ملیار دینار دانرابوو لەگەڵ (٥٠٠) ملیۆن دینار بۆ دیوانی وەزارەت بەڵام لەسەر فەرمانی بەڕێز جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێم تەنانەت ئەو بودجەیەش بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی تەرخانکرا بۆ پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی ڕاپەڕین. لەگەڵ ئەوەی چەندین جاری تر بوددجەکانی حکەمەتی هەرێمی کوردستان بە بەرزترین ڕێژە بۆ پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین خەرجکراوە سەرەڕای دابینکردنی بوددجەکانی دیکەی زیادەکی تایبەت بۆ سلێمانی کە دواهەمین جاریان دوو هەفتە بەر لە ئێستا بوو بە بڕی (٢) دوو ملیار دینار لە لایەن بەڕێز جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕەوشی کۆڕۆنا لەم سنوورە دابینکرا، وە بودجەی تایبەت بۆ قەزای دەربەندیخان و قەزای پێنجوێن دابینکراوە لە کاتێکدا هێچ بودجەیەکی تری تایبەت بۆ هیچ پارێزگا و قەزایەکی تر دابین نەکراوە، هەموو ئەو بڕە پارانەش بە نوسراوی وەزارەتی دارایی تەرخان کراوە و دابەشکراوە.

لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێم هاوکاری دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانی لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستی بڕیاری دا تەرخان بکرێت بۆ شاری سلێمانی، ئەمە جگە لەوەی هاوکاری و پاڵپشتیکردنی نێوان پارێزگاکان بەردەوام هەیە لە (مناقلە) کردنی هەر پێداویستیەك لە نێوان پارێزگاکان لە پێناو ڕانەوەستانی خزمەتگوزاریەکان وەکو تێستی تاقیگە و پێداویستیە پزیشکیەکان ئەمەش ئەم راستیە دەردەخات کە بۆ خزمەتگوزاری مرۆیی هیچ جیاکاریەك ناکرێت لە نێوان هیچ شوێنێك چونکە بۆ نەخۆش و ‌هاوڵاتیە لە هەر شوێنێك بێت، بەڵام بەداخەوە ئەم پەڕلەمانتارە بەڕێزە بۆ چەواشەکردنی ڕاستیەکان و شێواندنی ئەو خزمەتە گەورەیەی حکومەتی هەرێم لە پێناو دروستکردنی جیاکاری بۆ ڕاکێشانی هەست و سۆزی شەقام بۆ بەرژەوەندی کەسی خۆی هەوڵێکی نەزۆك دەدات بوختان و فیتنە بخاوتە ناو ئەم کارە مرۆییە پیرۆزە لە کاتیكدا دەیتوانی پرسیاری لە بەڕێز وەزیری دارایی بکردایە یان بەرپرسی کۆگای ناوەندی دەرمانی هەرێم کە هەر خۆی سەربەلایەنی فڕاکسیۆنەکەی خۆیەتی کە ئایا هاوکاری و پێداویستیەکان چۆن دابەشکراوە و یان ئاماژەی بە لێدوانەکانی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بکردایە کە لە چاوپێکەوتنەکان چۆن سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بەهاناوەهاتنی شاری سلێمانی، وە دوای ئەو لێدوانە لە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێز وەزیری تەندروستی هەرێم بەڕێز (د. حسن التمیمی) نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو قسانەی بە ناوی بەڕێزیان کراوە.

لە کۆتاییدا ئومێدەواربووین کە ئەم بەڕێزە لە کاتی سەردانی بۆ لای بەرپرسانی عێراق هەوڵی دابینکردن و هاوکاری کردبا نەوەك داوای جیاکاری و شێواندنی ڕاستیەکانی کردبا ئێمەش وەك وەزارەتی تەندروستی بە ئەرك و کاری خۆمانی دەزانین خزمەتگوزاری و پێداوستی بۆ هەموو هەوڵاتیەك لە هەرێمی کوردستان دابین بکەین لە هەمان کاتیشدا گرنگە هاوڵاتی بەرچاوی ڕوون بێت و ڕاستیەکان وەك خۆی بزانێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٩ تەمووز ٢٠٢٠

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی گۆڕدرا

خەڵك – بەشی هەواڵ
بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زیاد جەبار كرایە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان.

لەبارەی بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە زیاد جەبار پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاند: ئەمڕۆپێنج شەممە بەشێوەیەكی ڕەسمی پێمڕاگەیەندرا كە لەلایەن مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بڕیاردراوە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمان وەربگرم.

وتیشی: بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی لەكۆبوونەوەی 1ی ئەم مانگەدا دراوەو نوسراوەكەیان رەوانەی فراكسیۆنی یەكێتی كردووە لەپەرلەمان، بۆیە دەبێت فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمان كۆبوونەوەیەك ئەنجامدات و دواتر دەستبەكار دەبم.

زیاد جەبار لەبارەی سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان كە لەئێستادا سەرۆكییەتی وتی: لەكۆبوونەوەی فراكسیۆنی یەكێتیدا بڕیار لەوە دەدرێت لەو شوێنە دەمێنمەوە یان پەرلەمانتارێكی ترمان ئەو پۆستە وەردەگرێت.

لە دەستپێكی ئەم خوولەی پەرلەمانەوە تا ئێستا، جەمال حەوێز سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

نزیكەی 50 كەس لە گرتووخانەی گەرمیان تووشی كۆرۆنا بوون

خەڵك – بەشی هەواڵ
نزیكەی 50 كەس لە گرتووخانەی گەرمیان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و باری تەندروستییان جێگیرە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە د.سیروان محه‌مه‌د به‌رێوەبه‌ری گشتی ته‌ندروستی گه‌رمیان ڕایگەیاند، ‌48 کەس لە گرتووخانەی گەرمیاندا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.

لە نێو گرتووخانەکەدا جێگایەك بۆ تووشبووەكان جیاكراوەنەوە كە تەندروستییان جێگیرە و تیمی تەندروستیش چاودێریان دەكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان