ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

“پارەی بەغدا بۆ مووچەیە”
لەسەر مووچەی فەرمانبەران هۆشداری بە حكومەتی هەرێم دەدرێت


خەڵك- بەشی هەواڵ
دوای ئەوەی میدیاكانی پارتی لە زاری سەرچاوەیەكی حكومەتی هەرێمەوە بڵاویانكردەوە، كە ئەو 400 ملیارەی لە بەغداوە هاتووە دەدرێتەوە بە قەرزی مووچەی مانگی پێشوو، پەڕلەمانتارێكی كورد لە بەغدا هۆشداری دەدات و دەڵێت: “هەر دەستكاریكردنێكی ئەو پارەیەی لەبەغداوە دێت، یاریكردنە بە ئاگر”.

د. ڕێبوار كەریم مەحمود، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەر دەستكاریكردنێكی ئەو پارەیەی لەبەغداوە دێت، یاریكردنە بە ئاگر، چونكە ئەو پارەیە بۆ مووچەی فەرمانبەرانە.

ڕاشیگەیاندووە، ئەمە ناو دەنێن چی؟ هەرێم نیازی وایە (٤٠٠) ملیار دینارەكەی بەغدا بداتەوە بە قەرزی (۱۱) سەرمایەدار لەجیاتی ئەوەی قەرزی زیاتر لە یەك ملیۆن و 250 هەزار مووچەخۆر بداتەوە.

دەشڵێت: “وادیارە لەگەڵ حكومەتی هەرێم هیچ سوودی نییە، بۆیە داوا لەو (۱۱) سەرمایەدارە دەكەم، كە گوایە ئەم مانگە قەرزیان داوە بە حكومەت، قبوڵی نەكەن لە پارەی مووچەی خەڵك قەرزەكانیان پێبدرێتەوە”.

لای خۆشیەوە، سەركەوت شەمسەدین، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “ئەگەر حكومەت ئەم گاڵتەجاڕییە ڕانەگرن، ناچارین لەگەڵ پەڕلەمانتارانی عیراق كاربكەین بۆ ڕاگرتنی ئەو پارەیە لە بەغداوە تا میكانیزمێكی تر دەدۆزرێتەوە بۆ گەیاندنی مووچە بە فەرمانبەران”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە حكومەتی عیراق بڕی 400 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی نیسان-ی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ هەرێم نارد و میدیاكانی پارتی-ش ڕایانگەیاند، كە ئەو پارەیە دەدرێتەوە بە قەرزی سەرمایەداران و كۆمپانیاكانی نەوت و بانكە بازرگانیەكان.

پارەی بەغدا بۆ موچەیە_ هەر دەستکاریکردنێکی ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت، یاریکردنە بە ئاگر. ئەو پارەیە بۆ موچەی فەرمانبەرانە. _ ئەمە ناو دەنێن چی هەرێم نیازی وایە (٤٠٠) ملیار دینارەکەی بەغدا بداتەوە بە قەرزی (۱۱) سەرمایەدار لەجیاتی ئەوەی قەرزی زیاتر لە (۱.۲٥٠.٠٠٠) یەک ملیۆن و دوسەدو پەنجا هەزار موچەخۆر بداتەوە. _ وادیارە لەگەڵ حکومەتی هەرێم هیچ سودی نیە، هەربۆیە داوا لەو (۱۱) سەرمایەدارە دەکەم کە گوایە ئەم مانگە قەرزیان داوە بە حکومەت، قبوڵی نەکەن لە پارەی موچەی خەڵك قەرزەکانیان پێبدرێتەوە. د.رێبوار کریم محمودپەرلەمانتاری عیراق

Posted by Dr-Rebwar Karim Mahmood on Sunday, May 31, 2020

ئابوری

گەشتی ئاسمانی نێوان سنە و سلێمانی دەستپێدەكاتەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ

جێگری پارێزگاری سنە بۆ كاروباری ئابووری ئاشكرای دەكات، كه گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سنەوە دەستپێدەكاتەوە و یەكەم گەشتی بۆ سلێمانی دەبێت .

خالید جەعفەری، جێگری پارێزگاری سنە بۆ كاروباری ئابووری بە ئاژانسەكانی ئێرانی ڕاگەیاندووە، دوای ماوەیەكی زۆر لە وەستان، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سنە گەشتەكانی دەستپێدەكاتەوە و كاریگەری لەسەر ڕێڕەوی بازرگانی دەبێت.

ڕاشیگەیاندووە، سێ‌ ڕۆژی هەفتە (شەممە و دوو شەممە و پێنج شەممە) گەشتەكان بۆ سلێمانی ئەستەنبوڵ ئەنجام دەدرێن.

چەند مانگێكە بەهۆی سەرهەڵدان و تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سنە ڕاگیراوە و فڕۆكەخانەكانی هەرێم ڕاگیراون و تەنها گەشتی ناچاری لە فڕۆكەخانەكانی هەرێم ئەنجام دەدرێن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار و دینار دابەزی


خەڵك – بەشی هەواڵ
خاوەنی نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەهای تمەنی ئێرانی بەشێوەی حەواڵە زۆر ڕووی لە دابەزین كردووە، بەڵام دۆلار كەمێك هاوسەنگی وەرگرتووە.

ئیبراهیم غەفوور، خاوەنی نووسینگەی نەشوان لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەبەر زۆری خواست لەسەر تمەنی ئێرانی بە شێوەی دەستی (واتە بەكاش) نرخەكەی لەچاو حەواڵەكەی زۆرە و نزیكەی 300 هەزار تمەن جیاوازیان هەیە.

وتیشی، “بۆ سبەی بە حەواڵە 100 دۆلار بە دوو ملیۆن و 260 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەكرێت”.

ڕاشیگەیاند، تا كاتی داخستنی بازاڕ 100 دۆلار بە 123 هەزار دینار مامەڵەی پێوەكرا.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) لە ئێستادا بەهۆی دابەزینی بەهاكەیەوە هاووڵاتیان بەڕێژەیەكی زۆر تمەن دەكڕن بۆ ئەوەی لەكاتی بەرزبوونەوەی نرخەكەی لە فرۆشتنەوەیدا قازانج بكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

ئەم گەڕەكانەی سلێمانی هەفتەیەك بێ‌ ئاو دەبن


خەڵك- بەشی هەواڵ
بەهۆی شكانی بۆری سەرەكی ئاوی خواردنەوە لەناو پڕۆژەی ئاوی سەرچنار ماوەی هەفتەیەك گەڕەكەكانی ناو سەنتەری شاری سلێمانی بێ‌ ئاو دەبن.

ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەهۆی شكانی بۆری سەرەكی ئاو لەناو پڕۆژەی ئاوی سەرچنار بۆ ماوەی یەك هەفتە ئاوی خواردنەوە لە سەنتەری شاری سلێمانی نابێت.

ڕاشیگەیاند، بەڵام لە گەڕەكەكانی ناوچەی قڕگە و كوردسات و هەواری شار و شارۆچكە و شارەدێیەكانی چەمچەماڵ و شۆڕش و بازیان و تەكیە و گۆپاڵە دابەشكردنی ئاو بەردەوام دەبێت.

جەختیشی كردەوە، كارمەندەكانمان سەرقاڵی كاركردنن بۆ ئەوەی بەزووترین كات دابەشكردنی ئاو بۆ هاووڵاتیان دەستپێبكاتەوە .

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لەڕێگەی پڕۆژەی ئاوی سەرچنار و پڕۆژەی ئاوی دوكان- سلێمانی (هەردوو هێڵی یەكەم و دووەم) ئاوی پاكی خواردنەوە بۆ هاوولاتیانی سلێمانی و دەورووبەری دابین دەكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان