فەرمانبەران و مامۆستایان داواى “ڕێز و سوپاس”ەكەی عێراق لە حكومەتی هەرێم دەكەن



فەرمانبەران و مامۆستایانی چاودێری سەر سندوقی هەڵبژاردنەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان ڕێز و سوپاسیان پێدرا، بەڵام تا ئێستا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم گشتاندنی بۆ ئەو ڕێز و سوپاسەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی پێشوو نەكردووە.

لە 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2021دا هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق ئەنجام درا و ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەران و مامۆستایان و دەرچووانی دانەمەزراو وەك چاودێر لەسەر سندوقی هەڵبژاردنەكان دانران و بڕیار درا بڕی 150 هەزار دینار پاداشت بە مامۆستایان و فەرمانبەران بدرێت و بۆ دەرچووانی دانەمەزراو بڕی 250 هەزار دینار، بەڵام لەبەرامبەر كەمی پاداشتەكە (ڕێز و سوپاس)ێكیش بدرێت بە مامۆستایان و فەرمانبەران.

ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەماوەی ڕابردوودا و دوای دابەشكردنی پاداشتی كارمەندانی سەر سندوقی هەڵبژاردنەكان، حكومەتی عێراق ڕێز و سوپاسی ئاڕاستەی سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایانی چاودێری سەر سندوقی هەڵبژاردنەكان كرد، بە فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمیشەوە.

ڕاشیگەیاند، نووسراوی ڕێز و سوپاسەكەی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق گەیشتۆتە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و پێویستە سەرۆك وەزیرانی هەرێم بڕیاری لێ‌ بدات و گشتاندنی پێ بكات بۆ وەزارەتەكان تاوەكو لە هەرێم كاری پێ‌ بكرێت.

جەختیشی كردەوە، تاوەكو ئێستا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كاری بە ڕێز و سوپاسەكە نەكردووە، بۆیە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق نووسراوێكی دیكەی داوەتە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا و جەختی لە پێدانی ئەو ڕێز و سوپاسە بە فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێم كردۆتەوە.

لە ئێستادا فەرمانبەران و مامۆستایان چاوەڕێی فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ پێدانی ئەو ڕێز و سوپاسە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە داوا لە سەرۆكی حكومەت دەكەن ئەو ڕێز و سوپاسەیان پێ‌ بدرێت، كە مافێكی یاساییە و لەپای هیلاكییانە لەسەر سندوقی هەڵبژاردنەكان.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكرێت، كە دووبارە پێویستیان بە فەرمانبەران و مامۆستایانە بۆ سەر سندوقی هەڵبژاردن.

بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت، پێدانی ڕێز و سوپاسی سەرۆك وەزیران بۆ فەرمانبەران 6 مانگ سەرمووچەی فەرمانبەران پێشدەخات و لە نووسراوەكەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ئاماژە بەوەكراوە، كە “لەپای هەوڵ و ماندوبوونی فەرمانبەران و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی ڕێكوپێك ئەو ڕێز و سوپاسەیان پێ‌ دەدرێت و 6 مانگ سەرمووچەیان پێشدەخرێت”.

چەرەسێكی زۆر دەستی بەسەرداگیرا
پێت چەرەسێكی زۆر دەستی بەسەرداگیرا
وەزیری دارایی: كێشەی گەورە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست بووە
دوات وەزیری دارایی: كێشەی گەورە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست بووە
پەیوەندیدار