ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

سۆران عومەر بەڵگەكانی لەسەر داهاتی هەرێم بڵاوكردەوە
“حكومەت نەك قەرزار نیە بەڵكو خاوەنی ٧ ملیار دۆلاریشە”


خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان لەسەر “قەرزداری حكومەتی هەرێم” چەند بەڵگەیەكی فەرمی خودی حكومەتی هەرێم بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، حكومەت 20 ملیار دۆلار قەرزار نیە بەڵكو خاوەنی 7 ملیار دۆلاریشە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم وتارێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، كە كاری حكومەت تەنها دابەشكردنی مووچە نییە و بەپێی داهات مووچە ڕێكدەخرێتەوە و وتیشی، “حكومەتی هەرێم 27 ملیار دۆلار قەرزدارە”.

سۆران عومەر، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “لە ساڵی 2014 كە یەكەم ساڵی قەیرانی داراییەو 12 موچەی داوە بەموچەخۆران لەكۆتایی ساڵدا لە 31/12/2014 بەنوسراوی فەرمی سەرۆكی حكومەت بەژمارە 3539 ی 30/4/2015 كەئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە، سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بەنوسراوی ژمارە (ك 1587 لە24/5/2015) ئاراستەی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی كردووە، لەو نوسراوەدا كە بەیاننامەی دارایی بۆ ساڵی 2014 یە، حكومەتی هەرێم نەك قەرزدار نەبووە بەڵكو خاوەنی 8 ترلیۆن و 811 ملیارو 89 ملیۆن دیناری نەقدی بووە!”.

دەشڵێت: “حكومەتی هەرێم لەئێستادا بەبێ پارەی نەوتی كەركوك و داهاتی ناوخۆی سوتەمەنی، خاوەنی 8 ترلیۆن و 811 ملیار دینارە ئەگەر قەرزەكەی توركیاشی دابێتەوە ئەوە خاوەنی 7 ترلیۆن و 600 ملیار دینارە، ئەگەر وانیە تەحەدای سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی دەكەم”.

دەقی نووسینەكەی سۆران عومەر:

لە 11 /3 /2016 ئەم ڕاستیانەم لەسەر ئەوە ئاشكرا كرد كە حكومەت دەڵێ قەرزارم

“حكومەت 20 ملیار دۆلار قەرزار نیە بەڵكو خاوەنی 7 ملیار دۆلاریشە”
وردەكاری درۆی 20 ملیار دۆلار قەرزاریی حكومەت و ئاشكراكردنی ڕەسیدی نەقدی زیاتر لە 7 ملیار دۆلاری حكومەتی هەرێم …

بۆ سەلماندنی ڕاستی ئەم 7 ملیار دۆلارەش تەحەدای سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی دەكەم.

حكومەتی هەرێم ماوەیەكی زۆرە دەیڵێتەوە گوایە 20 ملیار دۆلار قەرزارە، ئەم ژمارە تاكو ئێستە وتراوەتەوە و هیچ بەڵگەیەك نەخراوەتە ڕوو لەسەر ئەو قەرزە، بۆیە پاش بەدواداچونێكی زۆر گەشتمە ئەو ئەنجامەی كە حكومەتی هەرێم نەك قەرزار نییە، بەڵكو لە ساڵی 2014 كە یەكەم ساڵی قەیرانی داراییەو 12 موچەی داوە بەموچەخۆران لەكۆتایی ساڵدا لە 31/12/2014 بەنوسراوی فەرمی سەرۆكی حكومەت بەژمارە 3539 ی 30/4/2015 كەئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە، سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بەنوسراوی ژمارە (ك 1587 لە24/5/2015) ئاراستەی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی كردووە، لەو نوسراوەدا كە بەیاننامەی دارایی بۆ ساڵی 2014 یە، حكومەتی هەرێم نەك قەرزدار نەبووە بەڵكو خاوەنی 8 ترلیۆن و 811 ملیارو 89 ملیۆن دیناری نەقدی بووە!
ئەمەش وردەكاری ئەو خەرجی و داهات و پارە نەقدییانەیە :
حكومەتی هەرێم لەساڵی 2014 دا بەكۆی گشتی بڕی 14 ترلیۆن و 809 ملیارو 592 ملیۆن دیناری سەرف كردووە وەك لەخشتەی ژمارە 2 ڕونكراوەتەوە، بەم جۆرە:
بڕی 12 ترلیۆن و 728 ملیارو 193 ملیۆن دیناری بۆ موچەو خەرجی بەكارخستن سەرف كردووە.
بڕی 2 ترلیۆن و 81 ملیارو 399 ملیۆن دیناری بۆ بواری وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكان خەرج كردووە.
لەخشتەی ژمارە 6 دا وردەكاری خەرجیەكان بەپێی سەرۆكایەتی و وەزارەت و دەستەو دەزگاكان ڕونكراوەتەوە.
بزانین ئەو پارانەیان لەكوێ بووە واتە 14 ترلیۆنەكە لەكوێوە هاتووە :
حكومەتی هەرێم بۆخۆی لەساڵی 2014 داهاتەكانی 9 ترلیۆن و 109 ملیارو 589 ملیۆن دینارە وەك لەخشتەی ژمارە 4 دا ڕونكراوەتەوە بەمجۆرە بووە:
داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی بڕی 4 ترلیۆن و 884 ملیارو 786 ملیۆن دینار بووە.
ئەو پارانەی حكومەتی عێراق لەساڵی 2014 و مانگی 1 و 2 لەگەڵ مانگی 11 و 12 دا ناردویەتی بۆ هەرێم بڕی 2 ترلیۆن و 280 ملیار دینارە.
داهاتی ناوخۆش 1 ترلیۆن و 944 ملیارو 803 ملیۆن دینارە.
حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2014 دا دەستیدا لە سیولەی نەقدی بانكەكان، بەبانكی بازرگانی و ئەهلی و حكومی واتە بڕی 12 ترلیۆن و 761 ملیارو 897 ملیۆن دیناری لەو بانكانە بەنەقدی دەرهێناوە، وەك لەخشتەی ژمارە 9 دا بەم جۆرە ڕونكراوەتەوە:
سیولەی بانكە ئەهلیەكان لای بانكی ناوەندی / لقی هەولێر، بڕی 4 ترلیۆن و 307 ملیارو 447 ملیۆن دیناری دەرهێناوە.
سیولەی بانكە ئەهلیەكان لای بانكی ناوەندی / لقی سلێمانی، بڕی 2 ترلیۆن و 469 ملیارو 450 ملیۆن دیناری دەرهێناوە.
سیولەی بانكە بازرگانیەكان كەبەكارهێنراوە بڕی 3 ترلیۆن و 890 ملیار دیناری دەرهێناوە.
پارەی هاوڵاتیان لەبانكەكان كەبە توفیرو ودائع و جاری دانرابوو لەبانكە حكومیەكان بڕی 2 ترلیۆن و 95 ملیار دیناری دەرهێناوە.
1- حكومەت 14 ترلیۆن و 809 ملیارو 593 ملیۆن دیناری سەرفكردووە.
2- حكومەت 9 ترلیۆن و 79 ملیارو 620 ملیۆن داهاتی هەبووە.
3- بڕی 12 ترلیۆن و 761 ملیارو 897 ملیۆن دیناریشی لەبانكەكان دەرهێناوە.
كەواتە وەك لە خشتەی ژمارە 11 دا ڕونكراوەتەوە حكومەت 8 ترلیۆن و 811 ملیارو 89 ملیۆن دینار ڕەسیدی نەقدی هەبووە لە 31/12/2014 دا .
هەر لە 2014 دا بڕی 84 ملیار دینار بۆ پێشمەرگە و 43 ملیارو 800 ملیۆنیش بۆ ئاوارەكانی دهۆك لەلایەن حكومەتەوە سەرفكراوە.
واتە حكومەت كە پێ دەنێتە ساڵی نوێی 2015 بڕی 8 ترلیۆن و 811 ملیارو 89 ملیۆن دینار ڕەسیدی نەقدی هەبووە.
ئەمە جگە لەوەی بڕی 500 ملیۆن دۆلاریشی لەبەغدا وەرگرتووە.
حكومەت لەكۆتایی ساڵی 2014 دا بڕی 8 ترلیۆن و 811 ملیار دیناری خۆیی هەبووەو 500 ملیۆن دۆلاریشی لەتوركیا وەرگرتووە.

لەساڵی 2015 لەمانگی 1 تاكو مانگی 6 بەغدا ئەم بڕە پارانەی بۆ هەرێم ناردووە:
مانگی 1 بڕی 250 ملیار دینار
مانگی 2 بڕی 490 ملیار دینار.
مانگی 3 بڕی 523 ملیار دینار.
مانگی 4 بڕی 543 ملیار دینار.
مانگی 5 بڕی 508 ملیار دینار.
مانگی 6 بڕی 166 ملیار دینار .
لەگەڵ 44 ملیار دینار بۆ پەرەپێدانی پارێزگاكان.
بەكۆی گشتی بەغدا لەساڵی 2015 دا بڕی 2 ترلیۆن و 524 ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردووە.
لە 24/6/2015 هەرێم بۆخۆی ڕۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، ئەمەش بەڵگەی داتای فرۆشی نەوتی هەرێم لەمانگی 6 تاكو مانگی 12ی ساڵی 2015 .
بەپێی نوسراوی جێگری سەرۆكی حكومەت بەژمارە 9425 لە 16/12/2015 كە بۆ گشت وەزارەتەكانی ناردووە، دەڵێ 78 ملیۆن بەرمیل نەوتمان بەبڕی 3 ملیارو 200 ملیۆن دۆلار فرۆشتووە كەبەدنیار دەكاتە 3 ترلیۆن و 500 ملیار دینار.
داهاتی ناوخۆش لەساڵی 2015 دا دەكاتە ترلیۆنێك و 800 ملیار دینار.
لەساڵی 2015 دا وڵاتی توركیا وەك قەرز بڕی 500 ملیۆن دۆلاری دابە هەرێمی كوردستان.
كۆی گشتی داهات و پارەی هاتووی بەغداو قەزری توركیا بۆ ساڵی 2015 دەكاتە :
بڕی 8 ترلیۆن و 424 ملیار دینار بووە.
لەم ساڵەدا حكومەت تەنها موچەی 8 مانگی هەموو موچەخۆران و موچەی پێشمەرگەو ئاسایش و نیو موچەی مامۆستایانی داوە، واتە لەكۆی گشتی ئەو داهاتە بڕی 7 ترلیۆن و 170 ملیار دیناری سەرفكردووە بۆ موچە، ئەو بڕەی دیكەش كە ماوەتەوە لەو پارە دەكاتە 1 ترلیۆن و 254 ملیار دینار لەخەرجی بەكارخستنی وەزارەتەكاندا سەرفكردووە.
كەواتە حكومەتی هەرێم لەئێستادا بەبێ پارەی نەوتی كەركوك و داهاتی ناوخۆی سوتەمەنی، خاوەنی 8 ترلیۆن و 811 ملیار دینارە ئەگەر قەرزەكەی توركیاشی دابێتەوە ئەوە خاوەنی 7 ترلیۆن و 600 ملیار دینارە.
ئەگەر وانیە تەحەدای سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی دەكەم.

سۆران عومەر / ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی كوردستان

ئابوری

گەشتی ئاسمانی نێوان سنە و سلێمانی دەستپێدەكاتەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ

جێگری پارێزگاری سنە بۆ كاروباری ئابووری ئاشكرای دەكات، كه گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سنەوە دەستپێدەكاتەوە و یەكەم گەشتی بۆ سلێمانی دەبێت .

خالید جەعفەری، جێگری پارێزگاری سنە بۆ كاروباری ئابووری بە ئاژانسەكانی ئێرانی ڕاگەیاندووە، دوای ماوەیەكی زۆر لە وەستان، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سنە گەشتەكانی دەستپێدەكاتەوە و كاریگەری لەسەر ڕێڕەوی بازرگانی دەبێت.

ڕاشیگەیاندووە، سێ‌ ڕۆژی هەفتە (شەممە و دوو شەممە و پێنج شەممە) گەشتەكان بۆ سلێمانی ئەستەنبوڵ ئەنجام دەدرێن.

چەند مانگێكە بەهۆی سەرهەڵدان و تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سنە ڕاگیراوە و فڕۆكەخانەكانی هەرێم ڕاگیراون و تەنها گەشتی ناچاری لە فڕۆكەخانەكانی هەرێم ئەنجام دەدرێن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار و دینار دابەزی


خەڵك – بەشی هەواڵ
خاوەنی نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەهای تمەنی ئێرانی بەشێوەی حەواڵە زۆر ڕووی لە دابەزین كردووە، بەڵام دۆلار كەمێك هاوسەنگی وەرگرتووە.

ئیبراهیم غەفوور، خاوەنی نووسینگەی نەشوان لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەبەر زۆری خواست لەسەر تمەنی ئێرانی بە شێوەی دەستی (واتە بەكاش) نرخەكەی لەچاو حەواڵەكەی زۆرە و نزیكەی 300 هەزار تمەن جیاوازیان هەیە.

وتیشی، “بۆ سبەی بە حەواڵە 100 دۆلار بە دوو ملیۆن و 260 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەكرێت”.

ڕاشیگەیاند، تا كاتی داخستنی بازاڕ 100 دۆلار بە 123 هەزار دینار مامەڵەی پێوەكرا.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) لە ئێستادا بەهۆی دابەزینی بەهاكەیەوە هاووڵاتیان بەڕێژەیەكی زۆر تمەن دەكڕن بۆ ئەوەی لەكاتی بەرزبوونەوەی نرخەكەی لە فرۆشتنەوەیدا قازانج بكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

ئەم گەڕەكانەی سلێمانی هەفتەیەك بێ‌ ئاو دەبن


خەڵك- بەشی هەواڵ
بەهۆی شكانی بۆری سەرەكی ئاوی خواردنەوە لەناو پڕۆژەی ئاوی سەرچنار ماوەی هەفتەیەك گەڕەكەكانی ناو سەنتەری شاری سلێمانی بێ‌ ئاو دەبن.

ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەهۆی شكانی بۆری سەرەكی ئاو لەناو پڕۆژەی ئاوی سەرچنار بۆ ماوەی یەك هەفتە ئاوی خواردنەوە لە سەنتەری شاری سلێمانی نابێت.

ڕاشیگەیاند، بەڵام لە گەڕەكەكانی ناوچەی قڕگە و كوردسات و هەواری شار و شارۆچكە و شارەدێیەكانی چەمچەماڵ و شۆڕش و بازیان و تەكیە و گۆپاڵە دابەشكردنی ئاو بەردەوام دەبێت.

جەختیشی كردەوە، كارمەندەكانمان سەرقاڵی كاركردنن بۆ ئەوەی بەزووترین كات دابەشكردنی ئاو بۆ هاووڵاتیان دەستپێبكاتەوە .

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لەڕێگەی پڕۆژەی ئاوی سەرچنار و پڕۆژەی ئاوی دوكان- سلێمانی (هەردوو هێڵی یەكەم و دووەم) ئاوی پاكی خواردنەوە بۆ هاوولاتیانی سلێمانی و دەورووبەری دابین دەكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان