ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

دوو سیناریۆ بۆ دەستكاری كردنی مووچەی فەرمانبەران ئاشكرادەكرێت


خەڵك- بەشی هەواڵ
ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق دوو سیناریۆ بۆ دەستكاری كردنی مووچەی فەرمانبەران لە حاڵەتی بەردەوام بوونی قەیرانی دارایی و بەرزنەبوونەوەی نرخی نەوت ئاشكرادەكات و سەرۆك وەزیرانی هەرێم-یش دەڵێت: “بەپێی داهات مووچە ڕێكدەخەینەوە”.

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی فەرمی عیراقیە (واع) ڕایگەیاندووە، ئەگەر بڕیار درا دەستكاری مووچەی فەرمانبەران بكرێت ئەوا هیچ كەسێكی لێ‌ بەدەر ناكرێت تەنها لە دوو حاڵەتدا نەبێت.

سەبارەت بە سیناریۆكانی دەستكاری مووچە ئاشكرای كردووە، بەهیچ شێوەیەك دەستكاری مووچەی بنەڕەتی ناكرێت و پارێزگاریش دەكرێت لە نزمترین ئاستی مووچە و ئەوانەی مووچەیان لەخوار 500 هەزار دینارەوەیە دەستكاری مووچەیان ناكرێت و كەم ناكرێتەوە.

ئاشكراشی كردووە، كە ئەگەر دەستكاری كردنی مووچە پەسەند كرا ئەوا تەنها دەستكاری بڕگەی دەڕماڵەكان دەكرێت بەتایبەتی ئەوانەی دەرماڵەیان زۆر بەرزە و بەو جۆرەش بۆ خوارەوە بەڕێژە دیاری دەكرێت و هیچ فەرمانبەرێكی كەرتی گشتی لێ‌ بەدەر ناكرێت جگە لەوانەی باسكراون.

ئەو ڕاوێژكارەی كازمی وتوشیەتی، “دەستكاری كردنی مووچە بەڕێژە و پلەبەندی دیاریكراو دەبێت لەگەڵ دیاری كردنی ئاستێك بۆ بەرزترین ئاستی مووچە بەپێی پلەی وەزیفی، نابێت لەوە زیاتربێت”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە بڕیارە لە هەرێمی كوردستانیش بۆ خۆڕزگار كردن لە قەیرانی دارایی حكومەت پەنا بباتە بەر دەستكاری كردنی دەرماڵەی فەرمانبەران و ئەزموونی ڕابردووی پاشەكەوتی مووچە دووبارە نەكاتەوە و ئەوەش بەڕوونی لە وتاری شەوی پێش جەژنی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم دیاربوو، كە ڕایگەیاند، “مووچە بەپێی داهاتەكان ڕێكدەخرێتەوە”.

پێشتریش چەند سەرچاوەیەكی بەرپرس لە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی ئاشكرایان كردووە، بەپێی یاسای چاكسازی ڕێكخستنەوە بۆ دەرماڵەكان دەكرێت و جۆرێك لە دادپەروەری لەنێوان وەزارەتەكان بەدی دەهێنرێت.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر ئەو پرسە و شێوازی كەمكردنەوەی مووچە لە هەرێم و دەنگی كەمكردنەوەی دەرماڵەی خوێندنی باڵا، (خەڵك) پەیوەندی كرد بە د. ئارام قادر، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم، بەڵام پەیوەندییەكەی بەردەست نەبوو.

ئابوری

گەشتی ئاسمانی نێوان سنە و سلێمانی دەستپێدەكاتەوە


خەڵك- بەشی هەواڵ

جێگری پارێزگاری سنە بۆ كاروباری ئابووری ئاشكرای دەكات، كه گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سنەوە دەستپێدەكاتەوە و یەكەم گەشتی بۆ سلێمانی دەبێت .

خالید جەعفەری، جێگری پارێزگاری سنە بۆ كاروباری ئابووری بە ئاژانسەكانی ئێرانی ڕاگەیاندووە، دوای ماوەیەكی زۆر لە وەستان، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سنە گەشتەكانی دەستپێدەكاتەوە و كاریگەری لەسەر ڕێڕەوی بازرگانی دەبێت.

ڕاشیگەیاندووە، سێ‌ ڕۆژی هەفتە (شەممە و دوو شەممە و پێنج شەممە) گەشتەكان بۆ سلێمانی ئەستەنبوڵ ئەنجام دەدرێن.

چەند مانگێكە بەهۆی سەرهەڵدان و تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سنە ڕاگیراوە و فڕۆكەخانەكانی هەرێم ڕاگیراون و تەنها گەشتی ناچاری لە فڕۆكەخانەكانی هەرێم ئەنجام دەدرێن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار و دینار دابەزی


خەڵك – بەشی هەواڵ
خاوەنی نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەهای تمەنی ئێرانی بەشێوەی حەواڵە زۆر ڕووی لە دابەزین كردووە، بەڵام دۆلار كەمێك هاوسەنگی وەرگرتووە.

ئیبراهیم غەفوور، خاوەنی نووسینگەی نەشوان لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەبەر زۆری خواست لەسەر تمەنی ئێرانی بە شێوەی دەستی (واتە بەكاش) نرخەكەی لەچاو حەواڵەكەی زۆرە و نزیكەی 300 هەزار تمەن جیاوازیان هەیە.

وتیشی، “بۆ سبەی بە حەواڵە 100 دۆلار بە دوو ملیۆن و 260 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەكرێت”.

ڕاشیگەیاند، تا كاتی داخستنی بازاڕ 100 دۆلار بە 123 هەزار دینار مامەڵەی پێوەكرا.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) لە ئێستادا بەهۆی دابەزینی بەهاكەیەوە هاووڵاتیان بەڕێژەیەكی زۆر تمەن دەكڕن بۆ ئەوەی لەكاتی بەرزبوونەوەی نرخەكەی لە فرۆشتنەوەیدا قازانج بكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

ئەم گەڕەكانەی سلێمانی هەفتەیەك بێ‌ ئاو دەبن


خەڵك- بەشی هەواڵ
بەهۆی شكانی بۆری سەرەكی ئاوی خواردنەوە لەناو پڕۆژەی ئاوی سەرچنار ماوەی هەفتەیەك گەڕەكەكانی ناو سەنتەری شاری سلێمانی بێ‌ ئاو دەبن.

ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەهۆی شكانی بۆری سەرەكی ئاو لەناو پڕۆژەی ئاوی سەرچنار بۆ ماوەی یەك هەفتە ئاوی خواردنەوە لە سەنتەری شاری سلێمانی نابێت.

ڕاشیگەیاند، بەڵام لە گەڕەكەكانی ناوچەی قڕگە و كوردسات و هەواری شار و شارۆچكە و شارەدێیەكانی چەمچەماڵ و شۆڕش و بازیان و تەكیە و گۆپاڵە دابەشكردنی ئاو بەردەوام دەبێت.

جەختیشی كردەوە، كارمەندەكانمان سەرقاڵی كاركردنن بۆ ئەوەی بەزووترین كات دابەشكردنی ئاو بۆ هاووڵاتیان دەستپێبكاتەوە .

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لەڕێگەی پڕۆژەی ئاوی سەرچنار و پڕۆژەی ئاوی دوكان- سلێمانی (هەردوو هێڵی یەكەم و دووەم) ئاوی پاكی خواردنەوە بۆ هاوولاتیانی سلێمانی و دەورووبەری دابین دەكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان