بانگەشەکانی هەڵبژاردن لە تورکیا توندتر و گەرمتر دەبن



چاوەکان لەسەر هەڵبژاردنەکانی تورکیان، کێبڕکێی نێوان کاندیدەکان و لایەنگرانیان گەرمتر دەبێت، پەلاماردان بە بەرد بۆ سەر بانگەشەکاران دەستپێکی تین و تاوی هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمجارەی تورکیایە.

 

ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ لە ویلایەتی “ئەرز ڕووم” لە میانی وتارێکدا بۆ لایەنگرانی بەردباران کرا، هاوکات لە هێرشێکی دیکەشدا وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆجیا، مستەفا ڤارانک، لە شاری بورسا، بەردبارانکرا.

 

ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، لە نێو ئەو پاسەی کە قسەی تێدا دەکرد، بەردباران کرا، بۆیە بەناچاری وازی لە تەواوکردنی وتارەکەی هێنا و داوای لە لایەنگرانی کرد ئارام بگرن و وەڵامی ئەو کارە ناشرینانەی دەسەڵات نەدەنەوە.

 

لەمبارەیەوە، میدیاکانی ئۆپۆزسیۆن ڕایانگەیاندووە، لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا، ٧ کەس بە سوکی بریندار بوون.

 

لای خۆیەوە کەمال کلیچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری، ڕایگەیاند، ئەنجامدەرانی هێرش بۆ سەر کۆبوونەوەی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ رەوانەکراوی ئەوانەن کە بازرگانی بە چەک و مادەی هۆشبەر دەکەن.

 

ئیمام ئۆغڵو لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ئەستەنبوڵ، جەختی کردەوە بۆ لایەنگرانی کە ئەنجامدەرانی هێرشەکە ژمارەیان لە نێوان ١٠٠ بۆ ٢٠٠ کەس بووە، و بە هاندانی حکومەت هێرشیان کردووەتە سەری.

 

لە لایەکی دیکەوە شارەوانی ئەرز ڕووم بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئیمام ئۆغڵو دەسەڵاتە خۆجێیەکانی ناوچەکەی ئاگادار نەکردۆتەوە کە دەیەوێت گردبوونەوەیەکی تایبەت هەڵبژاردن ئەنجام بدات، تەنها داوایکردووە کە گەشتێک بەناو بازاڕەکاندا بکات.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەرچەندە دەسەڵاتداران لە گردبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ ئاگادارنەکراونەتەوە، بەڵام هەزار پۆلیسیان ناردووە بۆ پاسەوانیکردنی ئەو شوێنەی کە بۆ گردبوونەوەکانی هەڵبژاردن دیاریکردوە.

 

هاوکات وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیلۆ، لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەری بۆ کێشە دەخورێت، ئەو بۆ هەر شوێنێک بچێت ئاڵۆزی بەدوای خۆیدا دێنێت، هەروەها ئەو شوێنەی ڕەتکردووەتەوە کە لەلایەن دەسەڵاتە خۆجێییەکانەوە بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەی بانگەشەکانی هەڵبژاردن بۆی دیاریکراوە.

 

لە ڕووداوێکی دیکەی هاوشێوەدا لە شاری بورسا، لایەنگرانی پارتی دیموکراتی گەلان، هێرشیان کردە سەر کاروانی وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆجیا، مستەفا ڤارانک و گروپە لایەنگرەکانی حکومەت و هاوپەیمانی دەسەڵاتدار.

 

وەزیری پیشەسازی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئیدانەی هێرشەکەی سەر ئیمام ئۆغلوی کرد و ڕایگەیاند، لایەنگرانی پارتی دیموکراتی گەلانیش هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلەکەی لە شاری بورسا، کە ئەو لە گەشتێکی بانگەشەی هەڵبژاردندا بووە.

 

لە لایەکی دیکەوە لایەنگرانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە ڕێگری لە گردبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەردۆغان دەکات.

 

لایەنگرانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایانگەیاند، شارەوانی بە ئەنقەست گەشتەکانی تۆڕی میترۆی ڕاگرتووە کە دەگەنە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک، کە ئەردۆغان گردبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی تێدا ئەنجامدا، هەروەها پلیکانە کارەباییەکانی ناو فڕۆکەخانەکەی وەستاند، بۆ ئەوەی ڕێگری لە چوونە ژوورەوە بکەن بۆ گۆڕەپانی کۆبوونەوە لە یەکێک لە گۆڕەپانە زەبەلاحەکانی ناو فڕۆکە خانە.

 

ڕاپرسییەکان سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیادا کە بڕیارە ١٤ی ئایار ئەنجام بدرێت، ئەوە دەخەنەڕوو، کە کیلیچدارئۆغڵو دەتوانێت شکست بە ئەردۆغان بێنێت، کە ماوەیەکی زۆرە لە هەڕەمی دەسەڵاتی تورکیادا چەسپاوە.

هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە سەرۆکی ئێستا لە هەموو کات زیاتر نزیکە لە شکست، سەرەڕای کاریگەریی بەهێزی و بەدەستەوەبوونی میدیا و دادگاو خەرجییە داراییە پێوانەییەکانی حکومەتەکەی بەر لە هەڵبژاردنەکان.

“یەکێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن”
پێشت “یەکێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن”
ئێران، لەبری هاوکاری مرۆیی، پیداویستی سەربازی رەوانەی سووریا کردووە
دواتر ئێران، لەبری هاوکاری مرۆیی، پیداویستی سەربازی رەوانەی سووریا کردووە
ەیوەندیدار