ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

مەسعود بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵیادی شۆڕشی گوڵان جەخت لە پەیامی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازیی گەلی كوردستان دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، خەڵكی كوردستانیش لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە شۆڕش و خەبات و قوربانیدانیان بە فیڕۆ ناچێت.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵیادی شۆڕشی گوڵان پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، شۆڕشی گوڵان هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو یەكێكە لە قۆناغە گرنگەكانی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی كوردستان.
دەشڵێت ،” شۆڕش سەلماندی كە ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەلی كوردستان تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت ئەوە ئیرادەی تێكۆشانی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە گوڕوتینێكی تازە سەرهەڵدەداتەوە”.
لەیادی چل و چوارەمین ساڵی شۆڕشی گوڵاندا مەسعود بارزانی ڕاشیگەیاندووە، جەخت لە پەیامی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازیی گەلی كوردستان دەكەینەوە و خەڵكی كوردستانیش لەوە دڵنیا دەكەینەوە، كە شۆڕش و خەبات و قوربانیدانیان بە فیڕۆ ناچێت.

پەیامی سەرۆك بارزانی لە ساڵیادی شۆڕشی گوڵان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە یادی شۆڕشی گوڵاندا پێزانینم بۆ ڕۆڵ و ماندووبوون و ئاوارەیی و گیانفیدایی هەموو ئەو تێكۆشەر و پێشمەرگە قارەمانانە هەیە، كە بەشداری شۆڕشی گوڵان بوون و مێژوو و شانازییان بۆ گەلی كوردستان دروست كرد. هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و هەموو شەهیدانی كوردستان.
شۆڕشی گوڵان هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو و، یەكێكە لە قۆناغە گرنگەكانی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی كوردستان و سەلماندی كە ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەلی كوردستان تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت ئەوە ئیرادەی تێكۆشانی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە گوڕوتینێكی تازە سەرهەڵدەداتەوە.
پەیامی شۆڕشی گوڵان كە لە بیست و شەشی ئایاری 1976ـدا هەڵگیرسا، پەیامی بەردەوامی و كۆڵنەدان و پێداگری بوو لە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان و درێژكراوەی شۆڕشەكانی تری گەلی كوردستان بوو. بەرهەمی شۆڕشی گوڵان یەكڕیزیی هێز و لایەنەكانی گەلەكەمان بوو بۆ ڕاپەڕین و فیدڕاڵی و فرەلایەنی و هەڵبژاردن و بەرپابوونی دامودەزگەی هەرێمی كوردستان كە هەر هەمووی دەستكەوتی گرانبەهان و بە خوێن و فرمێسك و هاتوونەتە دی. لەیادی چل و چوارەمین ساڵی شۆڕشی گوڵاندا جەخت لە پەیامی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازیی گەلی كوردستان دەكەینەوە و خەڵكی كوردستانیش لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە شۆڕش و خەبات و قوربانیدانیان بە فیڕۆ ناچێت.
مسعود بارزانی
25ـی 5ـی 2020

کوردستان

تەندروستی سلێمانی: لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 15 تووشبووی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ تەندروستی‌ سلێمانی‌ ڕایدەگەیەنێت: لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 15 تووشبووی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە و 6 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

د.یاد نەقشبەندی‌ وتەبێژی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ تەندروستی‌ سلێمانی‌ لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد: لە 24 كاتژمێری‌ ڕابردوودا 41 نەخۆش داخڵی‌ نەخۆشخانەكانی‌ كۆرۆنا بوون و 15 تووشبووش نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ تەندروستی‌ سلێمانی ‌ئاماژەی بەوەشداوە: هاتووە 120 تووشبوو لە نەخۆشخانەكان ماونەتەوە و لەو ژمارەیە 28 تووشبوو لە چاودێری‌ چڕن و هاوكات لە 24 كاتژمێری‌ ڕابردوو 6 تووشبووی‌ كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

سەرۆكایەتی یەكێتی: هێزە سیاسییەكانی كوردستان بەشداربن لە بوژاندنەوەی شنگال

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شەشەمین ساڵیادی جینۆسایدی شنگالدا بە پێویستی دەزانێت هێزە سیاسییەكانی كوردستان، شانبەشانی حكومەتی عیراق و كۆمەڵی نێودەوڵەتی، بەشداری بكەن لە پڕۆسەی بوژاندنەوەی شنگال و گەڕاندنەوەی دانیشتووانە ڕەسەنەكەی بۆ زێدی باب و باپیرانیان.

سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند: لە شەشەمین ساڵیادی كارەساتی شنگال و جینۆسایدی ئێزدییان، بە خەمێكی قووڵەوە، یادی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانەی‌ دەرهەق بە گەلەكەمان كرا بەرز ڕادەگرین، پشوودرێژی و ورە و باوەڕ بە ئایندەیەكی گەشتر بۆ كەسوكاریان دەخوازین و داواكارین لایەنە پەیوەندارەكانی كۆمەڵی نێودەوڵەتی، حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان پەلە بكەن لە ناساندنی كارەساتی شەنگال وەك تاوانی جینۆساید و لەبەردەم دادگایەكی باڵادا، ڕێكخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی و تاوانبارەكانیان و ئەوانەش كە كەمتەرخەم و هۆكاربوون بۆ‌ ڕوودانی كارەساتەكە، بە سزا بگەیەنن.

سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەشیخستووەتەڕوو: سەرباری گەورەیی كارەساتەكە و دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر ڕۆژی ڕەشی ٣ی٨ی٢٠١٤، هێشتا برینی خوشك و برا ئێزدییەكانمان سارێژ نەبووە. دەیان هەزار خێزان داڕماون. هەزاران كچ و مناڵ و پیاوی ئێزدی بێ سەروشوێنن و دەیان هەزار پیر و بریندار لە ئاوارەیی كەمپەكاندا و دوور لە زێدی خۆیان، دوور لە ئازیزانیان، خراپترین ڕۆژگار دەگوزەرێنن. لە دۆخێكی وا تاڵدا، ئەركی هەموو لایەكمانە‌ دوور لە دروشمبازیی، سنوورێك بۆ ئەم دۆخە خراپەی ژیانی ئێزدییەكانی پاش جینۆساید دابنێین و پشتیوان بین لە ئاسایی كردنەوەی ژیانی خەڵك لە شنگال‌ و دوور لە ململانێ و بەرژەوەندیی تەسكی حزبی، ئێزدییان و ناسنامەی گەلی خۆمان و كولتوری پێكەوەژیان و فرەیی ئاینیی بپارێزێن.

سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕوونیشیدەكاتەوە، بە پێویستی دەزانین هێزە سیاسییەكانی كوردستان، شانبەشانی حكومەتی عیراق و كۆمەڵی نێودەوڵەتی، بەشداری بكەن لە پڕۆسەی بوژاندنەوەی شنگال و گەڕاندنەوەی دانیشتووانە ڕەسەنەكەی بۆ زێدی باب و باپیریان. ئەركی حكومەت و لایەنە پەیوەندارەكانە بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی، دۆزینەوەی خوشك و برا ئێزدییە بێسەروشوێنەكراوەكان بكاتە كاری لەپێشینەی خۆی. ئەركی هەمووشمانە كە ئەو ڕۆژانە و شەهیدانی ئێزدی و شەهیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لەیاد نەكەین و دڵنیاین كە قوربانیدانی هێزەكانی پێشمەرگە و یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان ڕێگەی نەدا پیلانی تری داعش لە قڕكردن و داگیركاریی بۆ سەر كوردستان سەربگرێت.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە، ئێمە لە سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كاتێكدا مەزڵومییەت و قوربانیدانی ئێزدییەكان بەوپەڕی بەرز دەنرخێنین، بەڵێنی هاوكاری و پشتیوانیی تەواویان بۆ دووپات دەكەینەوە و ڕایدەگەیەنین: خەباتی ئێمە لەپێناو پاراستن و بەدیهاتنی داوا ڕەواكانی ئەوان و ئامانجی تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

كازمی بۆ ئێزدییەكان: دەبێت دادپەروەری ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشوازی لە شاندێك كرد كە پێكهاتبوون لە كچ و ژنانی كوردی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش لە شنگال و گوندی كۆچۆ و ناوچەكانی دەرووبەری و ڕایگەیاند “دەبێت دادپەروەری ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت”.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاند:” مستەفا كازمی ئیدانەی ئەو تاوانە وەحشیگەریەی كرد كە دەرهەق بە كوردانی ئێزدی كراوە لەو ڕۆژە شومەدا لە 3ی ئابی 2014 لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش”.

نووسینگەی كازمی ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەوەی ئێزدییەكان ڕووبەڕووی بوونەتەوە، دووبارە نابێتەوە، “ئەو تاوانە قێزەونەش بووە جێگەی گرنگی و ڕاكێشانی سۆزی ڕای جیهانی. جیهان هەموو لەپاڵ دۆزەكەیان وەستان”.

سەرۆك وەزیرانی عیراق دووپاتیشی كردووەتەوە، كە كاردەكەن بۆئەوەی ئەو تاوانە بە زیندوویی بمێنێتەوە بۆ نەوەكانی داهاتووش، “بۆئەوەی وەحشیەتی داعش و قارەمانیەتیی هێزە ئەمنییەكان بزانن كە بەسەر تیرۆردا سەركەوتن و خاكیان ڕزگاركرد و یەكێتی و سەروەریی عیراقیان پاراست”.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەوەشیخستەڕوو، مستەفا كازمی بەڵێنیدا بە جددی بگەڕێت بەدوای ئێزدییە ڕفێندراوەكان و هەوڵی نێودەوڵەتی بدرێت بۆئەوەی جارێكی تر بگەڕێنەوە نێو كەسوكارەكانیان، وتیشی، “دەبێت دادپەروەری ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت، ئەزموونی ئێزدییەكان سەخت و دژواربووە، بەڵام دەبێتە فاكتەری هیوا بە داهتوویەكی باشتر بۆ وڵات، كە ڕێز لە هاووڵاتی و شكۆیان بگرێت بەبێ هیچ جیاكارییەك”.

جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ دووشەممە 3ی ئابی 2020، شەش ساڵ بەسەر پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری تێدەپەڕێت. سەرەڕای كوژرانی سەدان و دەربەدەربوونی هەزاران كوردی ئێزدی، هەزاران ئافرەت و منداڵی كوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە بێسەروشوێن كران.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان