ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

ئەمینداری یەكگرتوو: لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەت دۆخەكە لەخۆیان ئاڵۆزتر نەكەن

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان پەیامێكی پیرۆزبایی بلاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، دەبێ دەسەڵات و لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەت دۆخەكە لەخۆیان ئاڵۆزتر نەكەن.

سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، قەیرانی دارایی و بژێوی و موچەی هاووڵاتیان چارەسەرێكی ڕیشەیی نەكراوە و بێ متمانەیی لە نێوان خەڵك و دەسەڵاتدا و لە نێوان هێزە سیاسیەكاندا و لە نێوخۆی لایەنەكانی دەسەڵاتدا لە ئاستێكی خراپدایە.

دەشڵێت: “بە خۆ زیزكردن و لەیەكتر بە بیانو بوون و بێ متمانەیی و یەكتر نەخوێندنەوە ناگەینە هیچ ئەنجامێك و كێشە و قەیرانەكانیش زیاتر تەشەنە ئەكەن”.

بسم الله الرحمن الرحیم

قال تعالی: (ؤمَن يُعَظِّمۡ شَعَٰٓائِرَ ٱللَّهِ فَإِنَّهَا مِن تَقۡؤي ٱلۡقُلُوبِ) الحج 32

هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی رەمەزان لە جەماوەری موسڵمانی كوردستان و سەرجەم ئوممەتی ئیسلامی پیرۆز ئەكەم .. لە خودای میهرەبان داواكارم نوێژ و رۆژو و بەخشین و عیبادەتەكانمان لێ قبوڵ بكاو ئەم جەژنە بكاتە جەژنی ئاشتەوایی و سەركەوتن بەسەر قەیران و ئاریشەكانی ژیانماندا ..

بەداخەوە جەژنەكەمان لە كاتێكدایە كە مەترسی ڤایرۆسی كۆڕۆنا و دەرهاویشتە كۆمەڵایەتی و تەندروستیەكانی بەردەوامە و قەیرانی دارایی و بژێوی و موچەی هاووڵاتیان چارەسەرێكی ریشەیی نەكراوە و بێ متمانەیی لە نێوان خەڵك و دەسەڵاتدا و لە نێوان هێزە سیاسیەكاندا و لە نێوخۆی لایەنەكانی دەسەڵاتدا لە ئاستێكی خراپدایە.. جگە لەو سەرقاڵكردنەی پەرلەمانی كوردستان بە شتی لاوەكی و شەڕی حزبی و دوورخستنەوەی لە ئەركی سەرەكی خۆی .

ئەمە لە كاتێكدایە كە هەرەشە دەرەكیەكان و كێشە و قەیرانەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و هەڵواسراوی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا هێشتا بەردەوامە.

بۆیە لەم بۆنە پیرۆزەدا دەخوازین هەموولایەكمان بە هەستی بەرپرسیاریەتی و گیانی لە خۆبوردنەوە مامەڵە لەگەڵ جیاوازیەكان بكەین و یەكڕیزبین لەبەرانبەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا، هەروەك دەبێ دەسەڵات و لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەت دۆخەكە لەخۆیان ئاڵۆزتر نەكەن و نەریتی مامەڵەی گومان و تۆمەتبەخشینەوە و توندوتیژی پەیرەو نەكەن و نارەزاییەكانی هاوڵاتیان و داوا رەواكانیان بە سنگێكی فراوان و سەلیقەیەكی حەكیمانەوە وەربگرن و بۆ چارەسەری بكۆشن .

بەرپرسیاریەتی گشتی دەخوازێ حكومەت بڕیاری بە جورئەت بدات و پرۆسەی چاكسازی و دژایەتی گەندەڵی نەوەستێنێ وكەشی پێكەوەیی و هاوكاری لایەنە جیاوازەكان برەخسێنێت بۆ گەیشتن بە چارەسەر و كەمكردنەوەی دەرهاویشتەی گرفتەكان.

بە خۆ زیزكردن و لەیەكتر بە بیانو بوون و بێ متمانەیی و یەكتر نەخوێندنەوە ناگەینە هیچ ئەنجامێك و كێشە و قەیرانەكانیش زیاتر تەشەنە ئەكەن و هەمووان لە بەردەم خودا ئینجا لای گەل و نیشتمان و ئایندەی نەوەكانماندا بەرپرسیارین . ( كُلُّكُمْ رَاعٍ ، وكُلُّكُمْ مَسْئُولٌ عَنْ رَعِيَّتِهِ ) ئەمەش فەرمانی پێغەمبەری سەروەرمانە .

جارێكی تر جەژنتان پیرۆز و رەمەزانتان قبوڵ بێت .

براتان

صلاح الدین محمد بها‌ءالدین

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

کوردستان

مەسعود بارزانی بەشێوەیەكی جیاواز یادی ریفراندۆم دەكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سێیەم ساڵیادی ریفراندۆمدا ڕایگەیاند “خۆناچەمێنین”.

ئەمڕۆ هەینی 25ی ئەیلولی 2020، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەڕێی توێتێكەوە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) و لە یادی سێ ساڵەی ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە.

پەیامەكەی بارزانی لە مساڵدا بەبۆنەی تێپەڕینی سێ‌ ساڵ بەسەر پرۆسەكەدا جیاوازبوو، چونكە تەنیا بو وشەی “خۆناچەمێنین” یادەكەی كردەوە.

سێ ساڵ لەمەوبەر لە هەرێمی كوردستان، بە پشتیوانی زۆربەی هەرە زۆری هێزە كوردستانییەكان پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدرا و ڕێژەی 92.7%ی بەشداربوانیش بە “بەڵێ‌” دەنگیاندا بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئەمڕۆ ساڵیادی ریفراندۆمە

خەڵك- بەشی هەواڵ
سێ‌ ساڵ لەمەوبەر پرۆسەی ڕاپرسی یان ریفراندۆم لەسەر جیابوونەوەی هەرێمی كوردستان لە عیراق و دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان ئەنجامدرا كە بووە خاڵێكی وەرچەرخان لە مێژووی كورد،  بە بۆچوونی زۆرێكیش پرۆسەكە لە ئایندەی میللەتی كورددا وەك هەنگاوێكی ئەرێنی دەمێنێتەوە.

ریفراندۆم لە 25ی ئەیلولی 2017 ئەنجامدرا و زۆربەی هێزە سیاسییەكانی كوردستان پاڵپشت و پشتیوانی پرۆسەكە بوون، گەلی كوردیش لە دەنگدانەكەدا بە ڕێژی زیاتر 90% دەنگی بە “بەڵێ”دا بۆ سەربەخۆیی كوردستان و دروستكردنی دەوڵەتی كوردی.

هەرچەندە پرۆسەكە ئامانجی خوازراوی خۆی نەهێنایەدی و دواتر هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدراڵ و وڵاتانی دراوسێوە گوشارێكی زۆری خرایەسەر، بەڵام بەپێی لێكدانەوەی زۆرێك لە شرۆڤەكاران، هەنگاوەكە قۆناغێكی مێژوويی تری بۆ گەلی كورد هێنایەپێش و كورد جارێكی تر خواستی خۆی بۆ سەربەخۆی و دەوڵەتی سەربەخۆ، بەگوێی جیهاندادا.

ریفراندۆم دەنگی گەلی كورد بوو بۆ سەربەخۆی و ناكرێت بەرگی حزبایەتی و كەسێتییە دیاركراوەكانی بەبەردا بكرێت، جوڵە و بزاوتنێكی تری كوردانەش بوو بەرەو ئەو ئامانجەی كە دەبێت ڕۆژێك لەڕۆژان بێتەدی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

وێنە.. لە هەولێر كەسێك بە تۆمەتی بەكارهێنانی ماددەی كریستاڵ دەستگیركرا

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، كەسێكیان بە تۆمەتی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركردووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە لاپەڕەی فەڕمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە، هێزەكانیان ئاگاداركرانەوە لەوەی ئۆتۆمبێلێكی جۆری (مارسیدس) بۆ ماوەیەكی زۆر لە شەقامی كۆیە وەستاوە، دوای گەیشتنی پۆلیس دەركەوت كە شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە بە هۆی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە بێ هۆش بووە.

پۆلیسی هەولێر ڕوونیشیكردووەتەوە، تۆمەتبارەكە ناوی (هـ.ن.ر)ە، بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەری لە جۆری (كریستاڵ) و حەب و كەلوپەلی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر و چەقۆ پێبووە.

پۆلیسی هەولێر ئەوەشیخستووەتەڕوو، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتبار كراوەتەوە و بەپێی ماددەی (١٤)ی ماددە هۆشبەرەكان ڕاگیراوە.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان