ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان وەڵامی هیومان ڕایتس وۆچ دەداتەوە


خەڵك – بەشی هەواڵ

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە ڕاگەیەنراوێكدا وەڵامی هیومان ڕایتس وۆچ دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت: ئەو ڕێكخراوە لە دوایین ڕاپۆرتیدا پشت بە لێدوان و وتەی چەند سەرچاوەی باوەڕ پێنەكراو بەستووە.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان: هیومان رایتس وۆچ له دوایین راپۆرتیدا پشت بە لێدوان و وتەی چەند سەرچاوەی باوەڕ پێنەكراو بەستووە

رۆژی 19/5/2020 رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێكی بە ناوی (دەسەڵاتی كوردی پەنا بۆ داپڵۆسینی خۆپیشاندانەكان دەبات) تێیدا باس لەو خۆپیشاندانە دەكات كە رۆژی 16/5/2020 لە شاری دهۆك ئەنجامدرا.

لەم بارەوە د.دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم رایگەیاند: سەبارەت بە دوایین راپۆرتیان ئاشكرایە كە بە شێوەیەكی گشتگیر و بە ئەنقەست نووسراوە و ئەمەش لە شێوەی نووسینی راپۆرتەكە و مانشێتەكەیدا بە ئاشكرا دیارە.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستە روو كە هیومان رایتس وۆچ داوای هیچ وردەكارییەكی نەكردووه له حكومەتی هەرێم دەربارەی خۆپیشاندانەكه، هەروەها لە راپۆرتەكەدا پشتی بە لێدوان و وتەی چەند سەرچاوەی باوەڕ پێنەكراو بەستووە، بۆیە ناكرێ حكومەتێك تۆمەتبار بكرێت بە پشت بەستن بە سەرچاوەی نادیار.

سەبارەت بە هەماهەنگییان لەگەڵ رێكخراوی ناوبراو، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتی: ستراتیژیەتی حكومەتی هەرێم بریتییە لە هەماهەنگی و هاوكاری كردن لە بابەتی پێدان و ئاڵۆگۆڕی زانیاری، لەم رووەوە لە ماوەی رابردودا ئاسانكاری تەواو بۆ رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ كراوە لە هەرێمی كوردستان، هەمیشەش وەڵامی تێبیینی و سەرنجەكانمان داوەتەوە.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان زیاتر وتی: راپۆرتەكانی رێكخراوی ناوبراو بێلایەن نین، سیاسین و لە رێگای راپۆرتەكانیان نیازی ئەوەیان هەیە راستیەكان بشێوێنێن و هەوڵی ناوزڕاندن بدەن. لەم راپۆرتەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چەند شوێنێك بەراورد دەكات كە بە هیچ شێوەیەك هاوكارییان ناكەن و تەنانەت رێگای كاركردنیشیان پێ نادەن.

رێكخەری راسپاردە نێودەڵەتییەكان سەبارەت بە راپۆرتەكە زیاتر وتی: هیومان رایتس وۆچ ئاماژە بەوە دەكات كە رێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا لە كوردستان سووككراون، بەڵام ئاماژەی بەوە نەكردووە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند رێنماییەكی داناوە و پێویستە هاووڵاتیان پێوەی پابەند بن، بەڵام ئەو كەسانەی كە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا پابەند نەبوون بە رێنماییە تەندروستییەكان و بە تەحەداوە سووربوون لەسەر ئەنجامدانی گردبوونەوەكە لە كاتێكدا هێشتا مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ماوە. لە چەند رۆژی رابردوودا لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەیان حاڵەتی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیەنراوە. هەروەها لە ماوەی دوو مانگی رابردوو لە ئەنجامی رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین كەس دەستگیر كراون كە كۆبوونەوە و گردبوونەوەی پێچەوانەی رێنماییەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجامدابوو و بەپێی یاسا سزا دراون.

سەبارەت بە داوا رەواكانی خۆپیشاندەران رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتی: ئامانجی حكومەتی هەرێمی دابینكردنی خزمەتگۆزاری بۆ هاووڵاتیان و موچەخۆران، بەڵام ئەو بارودۆخەی لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا هاتۆتە ئاراوە، قەیرانێكی نێودەوڵەتیی درووستكردووە كە ئێستا هەموو جیهان بەدەستییەوە دەناڵێنێت و تایبەت نییە بە شوێنێكی دیاریكراو.

کوردستان

گەنجێك لەڕووباری سیروان خنكا


خەڵك – بەشی هەواڵ

لێپرسراوی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت: گەنجێك لە كاتی مەلەكردندا لە ڕووباری سیروان خنكا.

مقەدەم عەلی جەمال قدووری لێپرسراوی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ یەك شەممە لە شارەدێی (باوەنوور)ی سەر بە شارۆچكەی كەلار گەنجێك بەناوی (كەیوان عەلی عەبدولقادر ) لەدایكبووی 1993 دانیشتووی شارەدێی باوەنوور لەكاتی مەلەكردندا خنكا.

لێپرسراوی ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ئەوەشیسختەڕوو: بەوتەی كەسوكاری ناوبراو بەمەبەستی مەلەكردن لەگەڵ هاوڕێكانی ڕوویان لە ڕووباری سیروان كردووە لەكاتی مەلەكردندا خنكاوە.

مقەدەم عەلی جەمال قدووری ئاماژەی بەوشدا: لەئێستادا تیمەكانی بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و دەستیان بەگەڕان كردووە و تائێستا تەرمی ناوبراویان نەدۆزیوەتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

كفری.. پۆلیسێك ڕفێندرا


خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەمشەو لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە لەسەر پڕۆژەیەكی ئاو لەنێوان جەبارە- كفری، هاووڵاتییەكی دانیشتووی كفری كە پیشەی پۆلیسە ڕفێندرا.

ئامانج عەبدولڕەزاق، لێپرسراوی كۆمیتەی جەبارەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ماڵپەڕی فەڕمی حزبەكەی ڕاگەیاند: هاووڵاتییەك كە پیشەی پۆلیسە و ناوی (ك. ف) و دانیشتووی كفریە لەنێوان شارۆچكەی كفری – جەبارە ڕفێندراوە.

لێپرسراوی كۆمیتەی جەبارەی یەكێتی وتیشی: بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان ئەو كارە لەلایەن گروپی تیرۆریستی داعشەوە ئەنجامدراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

بەوێنە؛ سەنتەرێكی ڕاوێژكاری بۆ تووشبوانی كۆرۆنا لە شارەزوور كرایەوە


خەڵك – یەحیا حبیب

لە نێو مەڵبەندی تەندروستی شەهید دكتۆر چیا، لە ناحیەی وارماوای سەر بە قەزای شارەزوور سەنتەرێكی ڕاوێژكاری بۆ تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا كرایە و لە هەفتەیەكدا 5 ڕۆژ تیمێكی خۆبەخش پێشوازی لە توشبوانی ئەو ڤایرۆسە دەكەن.

ئاگرین عومەر، بەڕێوبەری مەڵبەندی تەندرستی شەهید دكتۆر چیا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، “پاش پێشنیارمان بە مەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی، بە سەرپەرشتی قائیمقامی قەزای شارەزوور لەبەر ھەستیاری بارودۆخەكە بڕیار درا بە كردنەوەی سەنتەری ڕاوێژكاری بۆ نەخۆشانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە مەڵبەندی تەندروستی شەھید دكتۆر چیا بۆ چارەسەر و پێدانی ڕێنمایی بە توشبوانی ئەو ڤایرۆسە “.

وتیشی، “ئەم سەنتەرە لە لایەن كارمەندانی مەڵبەندی تەندروستی شەھید دكتۆر چیا و نەخۆشخانەی گشتی شەھید ڕەئوف بەگ و چەند كارمەندێكی خۆبەخشی تر بەڕێوە ئەبرێت “.

جەختیكردەوە، “بە سەرپەرشتی چەند پزیشكێكی پسپۆر و شارەزا لە بوارەكەدا خۆبەخشانە بەم ئەركە پیرۆزە ھەڵدەستن و سەرپەرشتی دەكەن “.

ئاگرین عومەر ڕاشیگەیاند، “سوپاسی بەڕێزان م. موحسین محمود، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی سەڵاحەدین و م. عەزیز عارف، پێشنوێژ و وتار خوێنی مزگەوتی دەروازە لە ناحیەی وارماوا دەكەین، كە هەستان بە دابینكردنی پێداویستییە خۆپارێزییەكان و چەند كەرەستەیەكی پزیشكی بۆ ئەم سەنتەرە “.

هەر لە چوارچێوەی ئامادەكاری بۆ كردنەوەی سەنتەری ڕاوێژكاری بۆ نەخۆشانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە مەڵبەندی تەندروستی شەھید دكتۆر چیا لەسەر داوای م. نەبیل حەمە ساڵح، نوێنەری دەزگای مرۆیی مام لە ناحیەی وارماوا بۆ دابینكردنی پێداویستی تەندروستی 350 كێت و كەل و پەلی تایبەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا پێشكەشی سەنتەری ڕاوێژكاری بۆ نەخۆشانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە مەڵبەندی تەندروستی شەھید دكتۆر چیا كرا.

ئاگرین عومەر، بەڕێوبەری مەڵبەندی تەندروستی شەهید دكتۆر چیا لە بارەی كاركردنیان، ئاگاداری ھاووڵاتیان دەكەنەوە، كە یٔەم سەنتەرە لە ڕۆژی (یەك شەممە تا پێنج شەممە) لە كاتژمێر 8:30ی سەر لە بەیانی تا كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ كراوە دەبێت و تەنها تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێشوازی لێدەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان