ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

“سیاسەتی ئێستای هەرێم، دروستكردنی وڵاتێكی ئەمنیی و پۆلیسیی و بێبایەخكردنی وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵایە”

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی چەرموو ڕایدەگەیەنن، با بە كۆدەنگی نەهێڵین بە ناوی چاكسازییەوە زوڵممان لێبكرێت.

مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، پێمانوابوو، بڕیاری چاكسازییكردن لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و دەرچوواندنی یاسای چاكسازیی لە پەڕلەمانی كوردستان، جیاكردنەوەی مووچەخۆری ڕاستەقینە و ماندووە لە مووچەخۆری بندیوار و حیزبی و خزمەتكاری بەرپرسە گەندەڵەكان، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لەم بارودۆخە دەخوێنرێتەوە و هەندێك زانیاریی كە بڵاودەكرێتەوە پێچەوانەی ئەم ئومێدەی ئێمەی مامۆستایان و مووچەخۆرانە و حكومەت دەیەوێت.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە…

بۆ بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی؛ د.ئارام محەمەد قادر

ب/ دڵنیاییدان بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتەكەتان لە بارەی مووچە و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییەوە.

سڵاوی زانست…

بەڕێز؛ جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا، لە ڕێگەی ئەم نامە كراوەیەوە، داواتان لێدەكەین، كە سەبارەت بەو هەواڵ و زانیاریی و دوودڵییەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتەكەتان، بەدواداچوون و ڕوونكردنەوە و دڵنیایی بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بدەن.

بەڕێز، د.ئارام، بەپێی ئەو زانیارییانەی، كە بە ئێمە گەیشتووە و لێرەو لەوێ قسەی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دانیشتنە تایبەتییەكانە، ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییەوە، دەیەوێت بەڕێژەیەكی زۆر دەستكاریی مووچەی مووچەخۆرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بكات، ئەویش بەوەی، كە بە نیازن سەرجەم دەرماڵە ناجێگیرەكان، جگە لە (مووچەی بنەڕەتیی و دەرماڵەی بڕوانامە و ژن و مناڵ)، بیبڕن، كە ئەمە ڕاستەخۆ پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و مووچەخۆرانی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە.

بەڕێز جەنابی وەزیر؛ ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، پێمانوابوو، بڕیاری چاكسازییكردن لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و دەرچوواندنی یاسای چاكسازیی لە پەڕلەمانی كوردستان، جیاكردنەوەی مووچەخۆری ڕاستەقینە و ماندووە لە مووچەخۆری بندیوار و حیزبی و خزمەتكاری بەرپرسە گەندەڵەكان، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لەم بارودۆخە دەخوێنرێتەوە و هەندێك زانیاریی كە بڵاودەكرێتەوە پێچەوانەی ئەم ئومێدەی ئێمەی مامۆستایان و مووچەخۆرانە و حكومەت دەیەوێت، ئەمجارەیان بەیاسا قوت و ژیانی مووچەخۆریی فیعلی و ڕاستەقینە ببڕێت و گیرفانی مووچەخۆریی بندیوارو حیزبیی زیاتر پێ پڕبكات، كە ئەمە ئەوپەڕی نادادیی و ستەمە، بۆیە ئێمە وەك مامۆستایانی زانكۆ، هەروەك چۆن لەسەرەتاوە ئومێدێكی زۆرمان بە كارو پرۆژەكانی بەڕێزتان لە بواری خوێندنی باڵا و هەنگاوەكانی سەرەتاتان بە ئاڕاستەی خزمەتكردن و چاكسازیی لە كارەكانی خوێندنی باڵادا هەبوو، هەر بەو ڕۆحییەتەوە چاوەڕێی ئەوە لە جەنابتان دەكەین، كە خەمخۆرانە و دڵسۆزانە و بەرپرسانە ڕێگر بن لەوەی، كە حكومەت بیەوێت بە ناوی چاكسازییەوە قووت و ژیانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتەكەتان بكاتە قوربانیی پیلانەكانی.

بەڕێز جەنابی وەزیر؛ ئێمە لەگەڵ چاكسازییدان، بەڵام چاكسازییەك خزمەت بە ڕەوشی ئابوریی و ئیداریی و دارایی حكومەت بكات، چاكسازییەك لانی كەمی عەدالەت و دادی كۆمەڵایەتی بێنێتەدی، نەك لەسەر حیسابی قوت و ژیانی ئێمە خەڵكانی تر لە یاساكە ڕیزپەڕ بن، چاكسازییەك بتوانێت جۆرێك لە عەدالەتی دارایی بۆ هەموو مووچەخۆران لە وەزیرێكەوە تا كارمەندێكی ئاسایی بێنێتەكایەوە، ئەویش لەسەر بنەمای شایستەبوونی خزمەت و بڕوانامە و پێگەی زانستیی و لێهاتوویی و جۆری كارەكەی، نەك لەسەر بنەمای خزمەتكاریی بۆ حیزب و پەیوەستیی بە كەس و لایەن و گروپی دیاریكراوەوە.

بەڕێز جەنابی وەزیر، بەپێی زانیارییەكانی ئێمە، بڕی ئەو پارەیەی، كە مانگانە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا پێویستە بریتییە لە (١٦) شازدە ملیارد دینار، كە ئەمە چارەكێكی ئەو پارەیە نییە، كە بۆ وەزارەتە ئەمنییەكان یاخود بندیوارە حیزبییەكان خەرجدەكرێت، ئێوە خۆتان باشدەزانن، كە كۆڵەكەی دروستبوونی ژیانێكی مەدەنیی و وڵاتێكی فراژوبوو و گەشەسەندو، هاوكات دروستكردنی نەوەیەكی هۆشیار پەیوەستە بە وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە، بەڵام بە داخەوە ئەوەی لە سیاسەتی ئێستای هەرێم دەخوێنرێتەوە، دروستكردنی وڵاتێكی ئەمنیی و پۆلیسیی و بێبایەخكردنی ئاشكرای ڕۆڵی وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵایە.

بۆیە لە كۆتاییدا، ئەمە دەبێتە مێژوو بۆ ژیانی وزاریی ئێوە لە داهاتوودا، كە ئەگەر بتوانن بە كرداریی لە پاڵ مامۆستایانی وەزارەتەكەی خۆتاندا بن و ببنە پارێزەرێكی سەرسەختی مافەڕەواكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتەكەتان، كە ئەمە ئەركێكی ئیداریی و زانستیی و مۆراڵییە، بۆ جەنابتان، هەربۆیە ئەوەتان لێ چاوەڕواندەكرێت، كە وەڵامگۆی ئەم نامەیەمان، كە داخوازیینامەی زیاد لە ١٠٠ مامۆستا زانكۆی چەرمووە، هەروەها دەتوانین بڵێین داخوازیینامەی سەدان مامۆستای هاوپیشەمانە لە زانكۆكانی تر، بە جدیی و كرداریی بێنە سەرخەت و دڵنیایی بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتەكەتان بدەن و ببنە قەڵغانێكی بەهێز بۆ پاراستنی ماف و شایستە جیاوازەكانی مامۆستایان فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا.

مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا
٢٢ / ٥ / ٢٠٢٠

کوردستان

پزیشكێكی دەرمانساز؛ ڤاكسینێكی دیكەی دژە كۆڕۆنا لە بەریتانیا دەچێتە قۆناغی كۆتایی تاقیكردنەوەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

پزیشكێكی دەرمانساز لە دامەزراوەی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێم ڕایدەگەیەنێت ، مانگی داهاتوو ڤاكسینێكی دیكەی دژەكۆڕۆنا لە بەریتانیا، بە بەشداری دە هەزار خۆبەخش، دەچێتە قۆناغی كۆتایی تاقیكردنەوە.

د. عیسا ئال عیسا، پزیشكی دەرمانساز لە دامەزراوەی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێم لە هەژماری تایبەتی خۆی ڕایگەیاندووە، لە ماوەی چوار بۆ شەش هەفتەی داهاتوو، ڤاكسینێكی دیكەی دژەكۆڕۆنا لە بەریتانیا، بەناوی ڤاكسینی نۆڤاڤاكس، بە بەشداری دە هەزار خۆبەخش، دەچێتە قۆناغی كۆتایی تاقیكردنەوە وە .

ڕاشیگەیاندووە، بەمەش ئەم جۆرە ڤاكسینە دەبێتە دووەمین ڤاكسین لە بەریتانیا و دەیەمین ڤاكسین لەسەر ئاستی جیهان لە قۆناغی كۆتایی تاقیكردنەوە كلینیكییەكان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هەڵەبجە ؛قاوشەكانی نەخۆشخانەی وەفا و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی پڕ بوون لە نەخۆش

خەڵك – بەشی هەواڵ

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت ، بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا قاوشەكانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی وەفا و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی پڕ بوون لەنەخۆش.

د. شاناز نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاندووە، بە هۆی پڕبوونی قاوشەكانی كۆرۆنا لە ھەردوو نەخۆشخانەی وەفا و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی، بە داوای لێبووردنەوە لە ئێستادا ئەو نەخۆشانەی لە دەرەوەی سنوری ئیدارەی پارێزگای ھەڵەبجەن لەوەرناگیرێن.

ڕاشیگەیاندووە، تەنها ئەو نەخۆشانەی دەرەوەی سنوری هەڵەبجە وەردەگیرێن، كە لە ڕێگەی فۆڕمی ڕەوانەكردنی نەخۆش و بە ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندرووستی سنوورەكەیان وەردەگیرێن لە سەنتەرەكانی كۆرۆنا لە پارێزگای ھەڵەبجە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

وەزارەتی خوێندنی باڵا؛ خولەكانی تەواوكاری و فێركاری زمانی ئینگلیزی بە شێوەی ئۆنلاین دەست پێدەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت ، خولەكانی تەواوكاری و فێركاری زمانی ئینگلیزی بە شێوەی ئۆنلاین لەڕۆژی یەكشەممە (٢٠٢٠/١٠/١٨) بە شێوەی ئۆنلاین دەست پێدەكات.

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر راسپاردەی ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، لیژنەی پێداچونەوە بە مەرج و رێنماییەكانی سەنتەرەكانی زمان، خولەكانی تەواوكاری و فێركاری زمانی ئینگلیزی بە شێوەی ئۆنلاین دەستپێدەكاتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، پاش ئەنجامدانی چەندین كۆبونەوە بەسەرپەرشتی سەرۆكی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و سەرۆكی لیژنەی پێداچونەوە بە مەرج و رێنماییەكانی سەنتەرەكانی زمان، بەمەبەستی دانانی ڕێكاری پێویست بۆ دەستپێكردنەوەی خولەكان بە پاراستنی كوالێتی و رێوشوێنی گونجاو و رەچاوكردنی رێكارە تەندروستیەكان، بڕیاردرا بەدەستپێكردنەوەی خولەكانی تەواوكاری و فێركاری بەشێوەی ئۆنڵاین.

لە ڕاگەیەنراوەكە داهاتووە، رۆژی یەكشەممە 27ی ئەیلولی 2020 ناونوسین لە گشت سەنتەرەكانی فێربونی زمانی ئینگلیزی زانكۆكانی كوردستان بۆ هەردوو خولەكە دەستپێدەكات، تا رۆژی دوو شەممە 5 -10 – 2020 بەردەوام دەبێت، هەروەها دوای پەسەندكردنی ناوەكان لەلایەن وەزارەتەوە لەڕۆژی یەكشەممە 18-10-2020 بە شێوەی ئۆنلاین دەستپێدەكات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان