ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هۆشداریی دەدات



بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، دۆخی دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆکراین کە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادایە، بووەتە  مایەیی دڵەراوکێ و هیچ دۆخێکی بۆ پیشبینی ناکرێت.

 

ڕافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات، هەمووان هەنگاو بنێن بۆ دڵنیابوون لە کارکردنی سەلامەتی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیای ئۆکراین .

 

ئەم داوایەی ڕافایل گرۆسی لە کاتێکدایە، کە بە فەرمانی پارێزگاری دانراوی رووسیا لە ناوچەکە،هەنگاوەکان بۆ چۆڵکردنی دەوروبەری وێستگەکە بەردەوامە.

 

گرۆسی لە ماڵپەڕی ئاژانسەکەیدا دەڵێت: دۆخی گشتی ناوچەی نزیک وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا زۆر پێشبینی نەکراو بووە و ئەگەری گەورەی مەترسیدار لەپێشە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ” زۆر نیگەرانم لەو مەترسیانەی کە ڕووبەڕووی وێستگەکە دەبنەوە لەڕووی سەلامەتی و ئاسایشی ئەتۆمی، دەبێت لە ئێستاوە هەنگاوبنێین بۆ ڕێگریکردن لە هەر ڕووداوێکی ئەتۆمی کە کاردانەوەی لەسەر دانیشتوان و ژینگە دەبێت”.

 

هێزەکانی ڕووسیا دوای چەند ڕۆژێک لە هێرش بۆ سەر ئۆکراین لە شوباتی ٢٠٢٢، دەستیان بەسەر وێستگەی زاپۆریژیادا گرت، لە ئێستاشدا پێکدادانەکان و کەوتنە دەستی وێستگەکە بە لایەنی ڕووسی بووەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ و هەر یەکە لە کیێڤ و مۆسکۆ، یەکدی تۆمەتباردەکەن بە گوێ نەدان بە پاراستنی ئاسایشی وێستگەکە.

 

گرۆسی لە مانگی ئازاردا سەردانی ئەو کارگەیەی کرد کە گەورەترین کارگەی ئەوروپایە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی گفتوگۆکردن لەگەڵ هەردوولا بۆ ڕێککەوتنێک بۆ بەڕێوەبردنی کارگەکە بە سەلامەتی. چەندین جار هۆشداری دا لە مەترسییەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە نزیک وێستگەکە.

بوومەلەرزە بووەتە دێوەزمەی تورکەکان
پێشت بوومەلەرزە بووەتە دێوەزمەی تورکەکان
١٢ کەس لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستدا
دواتر ١٢ کەس لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستدا
ەیوەندیدار