ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

سەركردەیەكی یەكێتی: لە هەڵوێستی پارتی تێناگەین

خەڵك-بەشی هەواڵ

ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ڕایدەگەیەنێتت، بەهیچ شێوەیەك لەهەڵوێستی پارتی بەرامبەر یەكێتی تێناگەین.

ئارێز عەبدوڵلا ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕایگەیاند، بڕوامان بە ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن و خۆپیشاندان و گردبوونەوە هەیە لەچوارچێوەی یاسادا و خۆشمان خەباتمان لەپێناویدا كردووە، كاتی خۆی مام جەلال لەناو پاركی ئازادی، سەكۆی ئازادی بۆ ڕەخنەگرتن و خۆپیشاندان و تەنانەت جینێودانیش كردەوە بە دەسەڵاتداران و بێ دەسەڵات.
وتیشی”پێمانوایە خۆپیشاندان كارێكی زۆر شارستانیە، كارێكی زۆر گونجاوە، بەپێچەوانەوە ڕێگەگرتن لەخۆپیشاندان و گردبوونەوەی ئاشتیانە، دەسەڵات و حكومەت و لایەنەكان دەخاتەژێر پرسیارەوە”.

ئاشكراشیكرد، یەكێتی وەك حیزب هاندەر و بەشداری خۆپیشاندانەكانی دهۆك-ی نەكردووە، بەڵام ڕەنگە لایەنگر و هەڤاڵانی ئێمەش تێدا بەشدار بن، چونكە ئێمە لە سلێمانی ڕێگری لە هەڤاڵەكانی خۆمان ناكەین تا لە دهۆك ڕێگرییان لێبكەین بەشدار بن لە خۆپیشاندانێكی لەوجۆرە و پێشمان سەیرە ئەو تۆمەتە بۆ یەكێتی دروست دەكرێت.

ڕوونیشیكردەوە، ئەگەر لەهەر شوێنێك خۆپیشاندان نەبێت، گردبوونەوە قەدەغە بێت واتە دیكتاتۆریەت هەیە، واتە دەسەڵاتێكی خۆسەپێنەر هەیە، ئەو برادەرانە بەشێوەیەكی سەیر تووشی هیستریا بوون كە تۆمەت بۆ یەكێتی دروست دەكەن، ئەگەر ئێمە بڕیار بدەین خۆپیشاندان بكەین، ئەوا بە بڕیارێك لە حكومەت دەكشێینەوە و لە پایتەختی هەولێر خۆپیشاندان دەست پێدەكەین نەك لە دهۆك، واتە هەر ڕۆژێك كە یەكێتی بەرنامەی هەبێت بۆ خۆپیشاندان بكرێت بەدڵنیاییەوە تەخت و تاراجی ئەو حكومەتە دەڕوخێنێت لەهەولێرەوە، بەڵام ئەگەر هەڤاڵێكی ئێمە یان كادیرێكی ئێمە بەشداری لەو خۆپیشاندانانەی دهۆك كردبێت، وەكو خۆم دەڵێم دەستی خۆش بێت لەبەرئەوەی پێویستە خەڵك داوای مافە ڕەواكانی خۆی بكات و بە هەرشێوەیەك كە بۆی بگونجێت.

سەبارەت بەناوهێنانی حیزبەكەی لەلایەن پارێزگاری دهۆكەوە وەك یەكێك لەو حیزبانەی دەستیان لە خۆپیشاندانەكە هەبووە، ئارێز عەبدوڵڵا ڕایگەیاند، پارێزگار كەم نیە سەرۆكی حكومەتە لە ناوچەكەی خۆی، بێگومان پارتییە، بێگومان ئێمەش قسەی پارێزگار بە قسەی پارتی و دەسەڵاتی وەردەگرین، ئێمە خۆمان لە دەسەڵاتیین، ئەگەر خۆپیشاندان لە دهۆك لە دژی سیاسەتی حكومەت بكرێت، خۆ یەكێتی-ش بەشێكە لەو حكومەتە نازانم ئەو تۆمەتانە بۆ دەبێت ئاڕاستەی یەكێتی بكرێت، ئەوە خۆدزینەوەیە لەجێبەجێكردنی ئەركەكانی سەرشانیان و پێداچوونەوە بەو سیاستە هەڵەیەی كە چەند ساڵە گیراوەتەبەر.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كاك لاهور سەركردەیەكی گەنجی یەكێتییە و هەڵكەوتووە، ئەو هەڵكەوتنەی كاك لاهور چ لەناو یەكێتی و چ لەناو خەڵكی كوردستان دیارە لەلایەن هەندێك لایەن قبوڵ ناكرێت، ئەوە خۆی لەخۆیدا نیشانەی ئەوەیە ئەوە بكەنە پاساوێك بۆ زیاتر گرژكردنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لەلایەك و دروستكردنەوەی دوو ئیدارەیی-ش. ئەوانە هەموو ئاماژەن بۆ دروستكردنەوەی دوو ئیدارەیی بۆ ئەوەی بتوانن ئەو ناوچەیەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان باشتر كۆنتڕۆڵ بكەن.

ئارێز عەبدوڵا ئاشكراشیكرد، بەهیچ شێوەیەك لەهەڵوێستی پارتی بەرامبەر یەكێتی تێناگەین، یەعنی بێسەروبەرییەكی زۆر لە بۆچوونی سەركردەكانیان هەیە، جیاوازییەكی زۆر لەنێوان هەر دوو ئاڕاستەی ناو پارتی دیموكرات هەستی پێدەكرێت، هەر ئاڕاستەیەك بۆچوونی خۆی دەردەبڕێت و ڕەنگی داوەتەوە، ئەوە وایكردووە سەر لە كادیرەكانیشیان بشێوێت.

جەختی لەوەش كردەوە، نازانیین لەگەڵ كامیان كۆببینەوە، یەكیان زۆر توندە و یەكیان خاوە، یەكێكیان خاوی دەكاتەوە، ئەوی تریان توندی دەكاتەوە، ئەو باڵباڵێنە و سیاسەتە نەك هەر بۆ یەكێتی بۆ عیراقیش هەمان بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بۆ ڕۆژئاوا و باكوریش.

ڕوونیشیكردەوە، باڵەكانی پارتی دیارن، باڵەكانی هەردوو “جەنابی سەرۆك-هەردوو سەرۆكی حكومەت و هەرێم” ئێمە كێشەمان نیە كە كێ نەرمە و كێ نەرم نیە، بەڵام كە باڵێكیان نەرم دەبێت لایەنەكەی تری توندی دەكاتەوە، ئێمە ئەوە دەبینیین.

ئاشكراشیكرد، پارتی دوو باڵە و هیچ گومانی تێیدانیە كە دوو باڵ و دوو ئاراستەی زۆر زۆر جیاوازە، بەڵام ئێمە پارتی وەكو پارتی دەبینین، بەڕاستی ئێستاش خۆمان نازانیین چۆن مامەڵە بكەین، نازانین كامەیان زیاتر تەمسیلی پارتی دەكات، بەلای ئێمەوە پارتی، پارتییە، سەرۆكی پارتی لای ئێمە سەرۆكی پارتییە، بەڵام دروستبوونی ئەو جیاوازییە ئێمە ناتوانیین بڵێین ئەوە لە ئێمە نزیكە، هەموو پارتی بۆ ئێمە یەك ئەندازەیە دوور و نزیكییان، ئێمە حەز دەكەین بەیەك مەسافە مامەڵە بكەین.
ڕوونیشیكردەوە، یەكێتی سیاسەتی خۆی دادەڕێژێ، سەركردایەتی خۆی هەڵدەبژێرێت، یەكێتی پەیوەندییەكانی خۆی دیاری دەكات، قبوڵمان نیە هیچ حیزبێك شتێك بسەپێنێت بەسەر یەكێتیدا، ئێمە مامەڵە لەگەڵ فڵان كەس دەكەین و لەگەڵ فڵان كەس نایكەین، ئەو سەركردایەتیە نوێیە هەڵبژێردراوی كۆنگرەی یەكێتین، هەر كەسێك بیەوێت مامەڵە لەگەڵ یەكێتی بكات دەبێت لەڕێگەی ئەو سەركردایەتیەو هاوسەرۆكەكانی یەكێتییەوە بێت، كەسێكیش بیەوێت پەیوەندی نەكات، دەبێت بزانێت، یەكێتی یەك دەنگە، یەك هەڵوێستە، یەك سەركردایەتیە، هەر یەكێك لە هەڤاڵانمان، لە هاوسەرۆكەكان كاتێك قسە دەكات یان بۆچوون دەردەبڕێت، بەدڵنیاییەوە گوزارشت لە هەموو سیاسەتی یەكێتی دەكات.

سەبارەت بە كاریگەری قسەكانی پارێزگاری دهۆك لەسەر پەیوەندییەكانیان ئارێز عەبدوڵا وتی”ئێستا هیچ كۆبوونەوە لە گۆڕێ نییە. پەیوەندیمان هەیە لەگەڵیان، بەڵام كۆبوونەوە تا دوای جەژن ناكرێت ئیتر ئەوكاتە قسە لەسەر لێدوانەكانی پارێزگاری دهۆكیش دەكەین.

کوردستان

تووشبوویەكی كۆرۆنا لە ڕاپەڕین گیانی لە دەست دا

خەڵك – بەشی هەواڵ
تووشبوویەكی كۆرۆنا لە دەڤەری ڕاپەڕین گیانی لە دەست دا كە پیاوێكی تەمەن 63 ساڵە.

بە پێی زانیارییەكان ئەو هاووڵاتییە ماوەی 10 لە نەخۆشخانە مابووەوە بۆ چارەسەركردن، بەڵام بە كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لە دەست دا.

بەوەش ژمارەی حاڵەتەكانی مردن بە كۆرۆنا لە ڕاپەڕین گەیشتە 10 كەس كە پێنج ژن و پێنج پیاون.

تا ئێستا 287 حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لە ئیدارەی ڕاپەڕین تۆمار كراوە کە 176یان پیاوە و 104 کەسی دیکەیان ژنن و حەوتیشیان منداڵن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

حزبێكی توركمان دروشمی “كەركوك توركە و هەر بە توركیش دەمێنێتەوە” لەسەر دیواری بارەگاكەی دەنووسێت

خەڵك – بەشی هەواڵ
هێزێكی لیوای 61ی سەر بە سەرۆك وەززیرانی عیراق چوونە سەر بارەگای بارەگایەکی تورکمانەکان و داوای سڕینەوەی دروشمێکی سەر دیواری بارەگاكەیان لێدەكەن كە نووسویانە “كەركوك توركە و هەر توركیش دەمێنێتەوە”.
درەنگانێكی شەوی ڕابردوو هێزێكی سەر بە لیوای 61 كە ئەركی پاراستنی ئاسایشی كەركوكی لەسەرشانە، چوونە سەر بارەگای پارتێكی توركمانەكان داوایان لێكردن ئەو دروشمە بسڕنەوە كە لەسەر دیواری بارەگاكەیان نووسیویانە.
لە دروشمەكەدا نووسراوە “كەركوك توركە و هەر بە توركیش دەمێنێتەوە”.
بە پێی زانیارییەكان، بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی گرژی ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی دەستوەردانی كردووە و هێزە عیراقییەكە كشاونەتەوە، بەڵام سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت دروشمەكە بسڕنەوە.

بارەگاکە شوێنی گروپێکی توندڕەوی تورکمانەکانە و لە ئاڵاکەیاندا وێنەی گورگەبۆرەکانی تێدایە کە تورکە ڕەگەزپەرستەکان وەك دروشمی خۆیان بەرزی دەکەنەوە، لە نێویشیاندا بزووتنەوەی ڕەگەزپەرستی “مەهەپە” لە تورکیا، کە بەردەوام نکوڵی لە بوونی کورد دەکات و لە ڕابردووشدا داوای کردبوو ئاڵای تورك لەسەر قەندیل هەڵبکرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

فرسەت سۆفی: بەرهەمهێنانی چارەسەری كۆرۆنا لە هەولێر دەستكەوتێكی مەزنە بۆ مرۆڤایەتی

خەڵك – بەشی هەواڵ
فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە كۆمپانیایەكی دەرمان دەكات لە هەولێر كە دەرمانی چارسەركردنی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنای بەرهەمهێناوە و ئەو هەنگاوەش بە دەستكەوتێكی مەزن بۆ مرۆڤایەتی وەسف دەكات.

نووسینگەی د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر سوپاسنامەیەکی بە ناوی پارێزگای هەولێرەوە ئاڕاستەی كۆمپانیای ئاوامێدیكا كرد كە دەرمانی فابیڤیر”Favipiravir”ی بەرهەمهێناوە و ئەمەش دەقەكەیەتی:

بەناوی پارێزگای هەولێر، سوپاسی کۆمپانیای ئاوامێدیکا بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان لەهەولێر دەکەین کە توانییان بە هاوکاری سەنتەرە پسپۆڕییە جیهانییەکان بەسەرکەوتوویی دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر”Favipiravir”ی بۆ چارەسەری توشبووانی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-١٩) بەرهەمبهێنن.

سەربەرز و خۆشحاڵین كە کۆمپانیایەکی گەورە لەهەولێر، دەستکەوتێکی گەورەی بۆ شارەکەمان دەستەبەر کردووە، لەم کات و ساتەدا بەهەمهێنانی ئەمجۆرە دژە ڤایرۆسە دەستکەوتێکی مەزنە بۆ شارەکەمان و تەواوی مرۆڤایەتی، بۆیە بەناوی پارێزگای هەولێر، پیرۆزباییەکی گەرم لە خەڵکی شاری هەولێر دەکەین و سوپاس و دەستخۆشیەکی زۆریش بۆ بەڕێوەبەران و تەواوی ستاف و کارمەندانی کۆمپانیای ئاوامێدیکا بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان، دووپاتی دەکەینەوە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکاریانین.

دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر “Favipiravir”ی بۆ چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا، لە ڕوسیا و یابان و زۆر وڵاتی دیکە تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتنی باشی بەدەستهێناوە، ئێستاش لە پرۆتۆکۆڵی وەزارەتی تەندروستی عێراق دانی پێدانراوە و بۆ چارەسەری حاڵەتی مام ناوەند و تووندی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاردهێنرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان