حكومەتی هەرێم پارەی مووچەی فەرمانبەران لە بودجەدا ئاشكرادەكات



سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم وردەكاری پشكی هەرێم لە بودجە و مووچەی فەرمانبەران لە ناو بودجەی فیدڕاڵی عێراق ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، نزیکەی ٣ ترلیۆن دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێم تەرخانکراوە.

د. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕی پارەی تەرخانکراوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لە بودجەی عێراق مانگانە، کە پێویستە بدرێت 887 ملیار دینارە.

دەشڵێت: “ئەویش بۆ تەواوی مانگەکانی 3 ساڵی 2023 تاوەکو 2025 کە نزیکە لە تێچووی مانگانەی مووچە لە ئێستادا، کە بۆ مانگی ئادار 910 ملیار دینار تەمویلی مووچە کراوە”.

ڕوونیشی كردۆتەوە، “چەندین دەق و دەستەواژە لە نێو پڕۆژە یاساکەیە، کە دەتوانێت بەربەست دروست بکات و کاریگەریی گەورەیان لەسەر بەشە بودجەی هەرێم هەبێت”.

ئامانج ڕەحیم دەشڵێت: “دوای خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژە یاساکە لە ڕۆژی 6ی 4ی 2023 ئەم ڕۆژانە لە پەرلەمانی عێراق لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 تاوەکو 2025 مشتومڕی جیدی دەکرێت، زۆر ئاشکرایە کە پشکی هەرێم و ئەو پارەیەی، کە دواجار ئەگەری هەیە لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێم بکرێت، ئەگەر بودجەکە پەسندکرا، گرنگترین بابەتە کە پەیوەندی بە ئابوریی هەرێمی کوردستان لە 3 ساڵی داهاتوو، ژیان و گوزەرانی خەڵک هەیە، بەتایبەتی کە تا ساڵی 2026 هیچ یاسایەکی دیکەی بودجە لە عێراقدا دەرناچێت”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە نێو پڕۆژە یاسای بودجەی پێشنیازکراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق، کە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانە، چەندین دەق و دەستەواژە لە نێو پڕۆژە یاساکەیە کە دەتوانێت بەربەست دروست بکات و کاریگەریی گەورە لەسەر بەشە بودجەی هەرێم لە چوارچێوەی بودجەی عێراق دابنێت ئەگەر چارەسەر نەکرێن، وەک لە پێشنیازەکانی هاتو، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەوە بەدواوە حکومەتی عێراق بەرپرسە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم و چیدیکە بە میکانیزمی ساڵانی پێشو مامەڵە لەگەڵ داهاتی نەوتیی هەرێم ناکرێت و بەغدا دەبێتە تاکە سەرچاوەی داهاتی پێویست بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

بە وتەی ئامانج ڕەحیم، “لە پڕۆژە یاساکەدا پێشبینی کراوە لە رێگەی فرۆشتنی سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، کە ئەمە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کورستانیش لەخۆدەگرێت، حکومەتی عێراق بە نرخی خەمڵێندراوی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک داهاتی 117 ترلیۆن و 253 ملیار دیناری هەبێت”.

لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان بۆ پڕۆژەکان لە پڕۆژە یاسای بودجەدا، ئامانج رەحیم ئاشكرای كردووە، “بەپێی مادەکانی (2/ یەکەم-4) و (11/ دوەم-ه)، بڕی 2 ترلیۆن و 873 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، بەپێی مادەکانی (2/ یەکەم-4) و مادەی (11/ دوەم-ه)، بڕی 276 ملیار و 550 ملیۆن دینار وەک پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخانکراوە”.

لەبارەی داهاتی دەروازە سنورەییەکان، دەڵێت: “داهاتی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بە بڕی یەک ترلیۆن و 560 ملیار بۆ ساڵیک خەمڵێندراوە لەلایەن عێراقەوە و بەپێی مادەکانی (19/ دوەم) و (11/ دوەم-ه)، بڕی 780 ملیار دینار وەک 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە”.

جەختیشی كردۆتەوە، پێترۆ دۆلار، بەپێی مادەی (2/یەکەم-٥ڕ)، بڕی 664 ملیار و 300 ملیۆن دینار وەک پشکی هەرێمی کورستان لە داهاتی فرۆشی نەوتی خاو، (5% ی داهاتی نەوت)، لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.

هێنانی ئۆتۆمبێلی ئەمریكی بۆ عێراق بەڕێژەی 1000% زیادی كردووە
پێت هێنانی ئۆتۆمبێلی ئەمریكی بۆ عێراق بەڕێژەی 1000% زیادی كردووە
لە عێراقەوە كاتی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیەنرا
دوات لە عێراقەوە كاتی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیەنرا
پەیوەندیدار