نێچیرڤان بارزانی: عێراق دەبێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت



سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەغدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵە دەکات، کە لە بەشی زۆری حیزبەکان پێکهاتووە و دەشڵێت: “عێراق عومقی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە و کێشەکانی ئێمەش لە بەغدایە و لە هیچ شوێنێکی دیکە نییە”.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیداری عێراق لە بەغدا بەشداری لە پانێڵی “هەرێمی کوردستان لایەنێکی کارا لە گۆڕەپانی نیشتمانیدا” کرد و ڕایگەیاند، عێراق بەوە سەرکەوتوو دەبێت، کە هەموو پێکهاتەکان لە وڵاتەکە خۆیان بە خاوەنی بڕیار بزانن و هەموو پێکهاتەکان دەبێ ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵگرن، چونکە دوای چەندین ساڵ؛ گەلی عێراق چاوەڕێی ئەوەیە خۆشگوزەرانی ببینێت.

دەربارەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا وتی، “گەشبینین بەوەی ئەو ڕێککەوتنە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت” و جەختیشی كردەوە، “عێراق عومقی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە و کێشەکانی ئێمەش لە بەغدایە و لە هیچ شوێنێکی دیکە نییە”.

لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش بۆ تورکیا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی، “تیمێکی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا لەسەر هێڵن و گەشبینە، کە بەمزووانە هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، ئەوەش دوای چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان”.

نێچیرڤان بارزانی ئاشكراشی كرد، هیچ بڕیارێکی سیاسی نییە بۆ ڕێگری لە هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵكو هەندێک بابەتی تەکنیکی ماوە و چاوەڕێن ئەو بابەتانە یەکلاببنەوە، بۆیە گەشبینە کە پێش دوو هەفتەی داهاتوو ئەو پرۆسەیە دەستپێبکاتەوە.

جەختیشی كردەوە، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت تەنیا پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە هەموو عێراقەوە هەیە و وتی، “دەبێت ئەو کێشەیە بەزوویی چارەسەر بکرێت، چونکە مانگێکە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە نەکراوە، ئەوەش کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروست دەکات و بارگرانییەکی زیاتر دەخاتە سەر ئەستۆی حکومەتی عێراق، چونکە عێراق دەبێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت”.

سودانی: ئەو متمانەیەی بەدەستمان هێناوە بەرئەنجامی ڕاستگۆییمان بووە لەگەڵ خەڵك
پێت سودانی: ئەو متمانەیەی بەدەستمان هێناوە بەرئەنجامی ڕاستگۆییمان بووە لەگەڵ خەڵك
كچێك بە چەقۆ هێرشی كردە سەر كوڕێك و كوشتی
دوات كچێك بە چەقۆ هێرشی كردە سەر كوڕێك و كوشتی
پەیوەندیدار